دووسەركردەى كورد لە دووڕیانێكى مەترسیداردا!
Wednesday, 19/10/2011, 12:00
لە دنیادا سەركردەكانى هەر نەتەوەیەك دەستكەوتى گەورەیان لەڕووى سیاسىو بەڕێوەبردنەوە بۆ ووڵاتەكانیان بەدەستهێناوە و هەرقۆناغێك سەركردەیەك هەڵكەوتووە سەروەرییەكى گەورەى بۆ گەلەكەى تۆماركردووە. هەر بۆنمونە كەس ناتوانێت ئەمانە بە سمبولى گەلو نەتەوەكانیان نەزانێـت: (جۆرج واشنتۆن لە ئەمەریكا، مەهاتما گاندى لە هیندستان، نێڵسۆن ماندێلا لە خوارووى ئەفەریقا ، عەلى عیززەت بیگۆڤیچ لە بۆسنە).
سەركردەكانى كورد لە دایكبووى كۆمەڵگاى خێڵ و عەشیرەتن، لەناو ململانێیە ناوخۆییەكاندا گەورەبوون و لە پێگەیشتنیشیاندا ئەو هەلانەیان لەدەستداوە كە بۆ گەلەكەمان هەڵكەوتوون . ڕوونتر بڵێم: لە قۆناغى دوواى ڕاپەڕینەوە دوو سەركردە لەناو شكست و ململانێ سەختە تەقلیدییەكانى ناوخۆدا لە ساڵانى شەست و حەفتا و هەشتاكاندا پێگەیشتن و لە فرسەتێكى نێودەوڵەتیدا بوونە حكومڕانى كوردستان.
ئەم دوو سەركردەیەكەلەرابردودا كێشە و ململانێى سەخت لەنێوانیاندا هەبوو , ئستا لەسایەى بەرژەوەندى ستراتیجى هاوبەشدا بوونەتە دوو دیوى یەك دراو بەهەندێك جیاوازى كۆمەڵایەتىو ڕۆشنبیرییەوە، بالێرەدابپرسین ئەم دوو بەڕێزە لەماوەى زیاتر لە 20 ساڵى حكومڕانیان چ نمونەیەكیان لە ژیانى سیاسىو بەڕێوەبردن لە كوردستاندا پێشكەشكردین؟!
دەتوانین بڵین: ئەمانە بێ سڵەمینەوە 10ساڵى یەكەم شەڕى ناوخۆیان بەرپاكرد و 10ساڵى دووەمیش ئەزموونێكى حكومڕانى پڕ لە گەندەڵى.
ئەوان وەك كەسى یەكەم بەپرسیارى سەرەكین لە هەموو ڕووداوەكانى هەرێمى كوردستان، هەتا هەن سكرتێر و سەرۆكن لەناو دوو حیزبە فەرمانڕەواكەدادەسەڵاتى ڕەهانو كەس ناتوانێت ڕەخنەیان لێبگرێت و قسە لە قسەیان دا بكات، ئەگەر كردیشیان سەرەنجامیان دیارە كە كردنە دەرەوەیەلە بازنەكەدا.
ئەم دوو سەركردەیە بزاننو نەزانن تاكڕەن و باوەڕیان بە دەستاودەستكردنى ئاشتیانەى دەسەڵاتەكانیان نییە و كار بۆ ئایندە و دواڕۆژى نەوە و بنەماڵەكانیان دەكەن.
ئەوان هەرچەندە لە بەرزترین پۆستى بەڕێوەبردندان لە عێراق و هەرێمى كوردستان، بەڵام نەیانتوانیوە لەئاستی ئەو بەرپرسیارێتییە گەورەیەدا بن و لە قۆزاخەى عەقڵى داخراوى حیزب و بازنەكانى خۆیان دەربچن، ئەوەندەى وەك سكرتێرى گشتىو سەرۆكى حیزب دەركەوتوون، نیو ئەوەندە وەك سەركردەى هەمووان ڕەفتاریان نەكردووە.
دیارترین بەڵگەش ڕووداوەكانى 17ــى شووبات و 19ــى نیسانى2011 بوو , لەگەڵ خرۆشانى جەماوەرى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستو كەوتنى دیكتاتۆرەكانى ناوچەكەدا ترسیان لێنیشتو تووشى فۆبیا بوون. ئەوان بەرپرسیارى سەرەتا و كۆتایین لە بەناحەقڕشتنى خوێنى هاووڵاتیان و هەموو ئەو توندوتیژییانەى كە لەلایەن دەسەڵاتەوە دژ بەجەماوەرى خۆپیشاندەرى كوردستان رویاندا.
بە بیروڕاى هاوڵاتیانى ناڕازى ئەوان لە زۆر ئاوى ئاوایان داوە و لێى دەربازبوون، لە ڕابوردووداكاتێك لەپێناو بەرژەوەندیەكانى خۆیاندا هێڵە نیشتیمانىو نەتەوەییەكانیان بەزاندووە و دوواتر وەك بەرزەكى بانان بۆى دەرچوونو خۆیان بە فریشتەى ئاشتى داوەتە قەڵەم. لەئاستى عیراقیشدا لە ململانێ سیاسیە ناوخۆیی و هەرێمایەتیەكاندا هەردەم لایەنى لاواز وسازش كاربوون و بەرژەوەندى تایبەتیان خستۆتە پێش بەرژەوەندى نەتەوەییەوەولە (شیعەوتوركومان)ەكان زیاتر ملكەچى دەوڵەتى ئێران و توركیابوون و بەرژەوەندیكانى ئەوانیان پاراستووە لەناوچەكەدا .
لە قۆناغى ئاشتىو دانوستانى ئێستاشدا ئەگەر بەهەمان عەقڵییەتى جارانەوە مامەڵە بكەن، ئەوا ڕیفۆرم و گۆڕانكارى كارێكى ئەستەم و مەحاڵ دەبێت لە بەردەمیان.بەڵام ئەگەر بەڕاستى ڕووبەڕووى گەندەڵیو تاكڕەوىو تەزویر و ستەمكارى ببنەوە , ئەوا بەدڵنیاییەوە گۆڕانێكى گەورە لەسیستمى حوكومرانى هەرێمى كوردستاندا دروست دەێت وڕێڕەوێكى راست لە نیشتمانەكەماندا دەكێشن , كەبەڕاستى دەستاودەستكردنى ئاشتیانەى دەسەڵات بەرهەم بهێنێت و كەس نەتوانێت لێى لابدات .
ئەوە حاڵى ڕابوردوو ئەوەش بارى ئێستایان، هەرچى داهاتوویانە نادیارە، ئەوەى نادیارە ئەوەیە تەمەن چەند مەودایان دەدات؟!.
بەڵام ئەوەى ڕۆشنو دیارە لێمانەوە جێهێشتنى ئەزموونێكى پشتاوپشتو نەوە لەدوواى نەوەیە كە مەرگەسات و قوڕبەسەرى زیاتر هیچى ترى لێناخوێنرێتەوە.
ئەوان لەم ساتەمێژووییەدا لەبەردەم دووڕیانێكى مەترسیداردان,یان ئەوەتا لەمەوداكەى خۆیاندا دەمێننەوەوهەرێمەكەمان بەرەوهەڵدێردەبەن ,یاخودئەوەتا گۆڕانكاریی دروستدەكەن. ئەگەر دەیانەوێت لە بازنە داخراوەكەى خۆیان دەربچن و بە دڵى جەماوەر و میللەتەكەیان بكەن، ئەوەندەیان پێدەكرێت كە بە خۆیاندا بچنەوە و ئەزموونێكى جیا لەوەى پێشوویان پێشكەش بكەن كە سەرەتاكەى بە بۆچوونى من ئەم هەنگاوەكردەییانەى دەوێت:
1. دەستاودەستكردنى دەسەڵاتو وازهێنان لە پۆِستى حیزبایەتییان كە وایلێكردوون بۆخۆیان بن و بچووك ببنەوە، ئەمەش بەوە دەبێت واز لەو قسە بێمانایانە بهێنن كە دەڵێن: ((ئێمە دەسەڵاتمان ناوێت و ئەگەر پێویست بكات و داوامان لێبكەن وازدەهێنین)) كە ئەمە بە كردەوە وانەبووە و شەیداى ئەوە بوون بە چەپڵەڕێزان كورسییەكانیان وەربگرنەوە.
2. ڕێككەوتنى ستراتیژى نێوان ئەو دوو سەركردەیە و حیزبەكانیان دەبێت كۆتایی پێبێت , چونكە لە بەڵایەكى شووم بەولاوە و فۆڕمێك بۆ كوشتنى دیموكراسىو ململانێ تەندروست هیچى تر نەبووە. رێككەوتنێك بووە بۆ دابەشكردنى دەسەڵاتو بەهەدەردانى سەروەتو سامانى هەرێمى كوردستان، بۆ چەواشەكردنى ڕایگشتیش هەردەم شەڕى ناوخۆیان بە جێگرەوە زانیوە.
3. ڕیفۆرمى ڕیشەیى دەبێت خۆیان دەستى پێبكەن و خۆیان نەخشە ڕێگاى قۆناغێكى نوێ بۆ ژیانى سیاسىو ئیدارىو كلتوریى هەرێمى كوردستان بكێشنو لانى كەم وەك (میخائیل گۆربات شۆڤ) پڕۆسەى كردەوەیى (بیریستروكیا) واتە- سەرلەنوێ بونیادنانەوە -ئەنجامبدەنو هەروەها هەوڵى پاراستنو مانەوەشى بدەن.
ئەمە بیروڕاى ئێمەیە و پێشمانوایە بۆچوونى زۆربەى خەڵكى ناڕازى هەرێمى كوردستان بێت، كە واقیع وەك ئەوەى هەیە دەبینن.
بەڵام پرسیارى گرنگ ئەوەیە: ئایا سەركردەكانى كورد ئەم قسانە وەردەگرن؟! ئایا ئەمە خەونى شاعیرانە نییە؟! ئاخۆ هێشتا زووەو و جارێ ماویەتى بۆ ئەو جۆرە بیركردنەوانە؟!
بەهەرحاڵ توێژە هۆشیارەكەى كوردستان ڕوویان لە ئایندەیە و ئەو دواڕۆژەشیان دەوێت كە خۆیان نەخشەى بۆ دەكێشن ، نەك بەزۆر و ستەمكارانە بەسەریاندا بسەپێنن.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست