ڕوونكردنەوەیەك لە پێشمەرگەی دێرینی كوردستان، (عومەر ناسر)ەوە بۆ ڕای گشتیی كوردستان
Sunday, 08/01/2012, 12:00
وەك گەنجێكی كورد، لە تەمەنی 19 ساڵی و لە كۆتایی ساڵی 1982 دا، بۆ بەرگری لە كورد و كوردستان، چەكی پێشمەرگەم كردە شان. بە ئازایەتیی خۆم لە پلەی ئامر مەفرەزەوە تا دەگاتە پلەی كارگێڕی فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەم بڕیوە و دواجاریش بە پلەی لیوا خانەنشین كراوم. جگە لەوەش برایەكم لە داستانێكی ناو شاری هەولێر لە سەردەمی ڕژێمی بەعس شەهید بووە. چەندین خزم و كەسی تریشم لە پێناوی كوردایەتیدا شەهید بوون.
لە شەڕی كوردكوژەی نێوان پارتی و یەكێتیشدا، لە ساڵی 1996دا، ماڵەكەم لە هەولێر جێهێشت و بە خانووەوە داگیر كرا. ئەو لیژنەیەی كە بۆ گەڕاندنەوەی موڵك و ماڵی داگیركراوی نێوان هەردوو لایەنی شەڕكەر دامەزرا بوو نەیانتوانی خانووەكەم لە هەولێر بۆ بگەڕێننەوە، كە دەكەوێتە سەر ڕێگای بازرگانیی سەرەكی هەولێر عەنكاوە، بەرامبەر كۆمەڵگای كۆنی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە پارەیەكی خەیاڵی دەكات.
دوای ئەوەی لە مانگی تەممووزی 2010دا، لەسەر داوای پارتی دیموكراتی كوردستان گەڕامەوە هەولێر، كە سۆزیان دابوو یان خانووەكەم بدەنەوە، یان بەرامبەر بە نرخی خانووەكە موڵكی ترم پێ بدەن. بەڵام بەداخەوە، هیچیان بۆ نەكردم و سۆزەكەی خۆیان بەجێ نەگەیاند. من تا ئێستا لە دینارێكەوە، فیشەكێكەوە، تا ئۆتۆمبێل و شتی ترم وەرنەگرتووە. هەتا مووچەیەكیشم بۆ نەبڕاوەتەوە لەسەر حیسابی پارتی. ئەگەر هەرچییەك لەو بارەوە بڵێن ڕاست نییە و پەنجە لەناو چاوی هەر كەسێك دەنێم كە بڵێت ئێمە ئەوەمان بۆ كردووە. سەبارەت بە خانووەكەشم هەر بە خۆم و دوای ئەوەی لە كەناڵی كەی ئێن ئێن قسەم كرد، توانیم لە ڕێگەی ئەو كەسەی خانووەكەیان پێ فرۆشتبوو، (12) دەفتەر دۆلار وەربگرمەوە، بەبێ ئەوەی هیچ بەرپرسێكی پارتی ڕۆڵی لەوە هەبووبێت. هەر بۆ زانیاریش، تا ئێستا مووچەی خانەنشینی خۆم لە كۆیە و لەسەر ئیدارەی یەكیەتی وەردەگرم و لێیان نەبڕیوم و لەوەش زیاتر هیچی تر وەرناگرم لە هیچ لایەنێك.
ماوەیەك بەر لە ئێستا، لە ڕێگەی هەڤاڵ فاتح مەلا قەرە، كە بەرپرسی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی هەولێرە، داواكارییەكم ئاراستە كرد بۆ وەرگرتنی ئەو (15) ملیۆن دینارەی كە دەدرێتە پێشمەرگە دێرینەكان. هەر بۆ زانیاریش، كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان، جگە لە پارتی، پێشمەرگە دێرینەكانی هەموو لایەنەكان دەگرێتەوە. دوای ئەوەی لە ڕێگەی فاتح مەلا قەرەوە، جەمیل هەورامی، سەرۆكی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستان، ئاگادار دەكرێت، ناوبراو دەڵێت عومەر ناێر بۆتە پارتی و ئەگەر دەیەوێت ئەو پارەیە وەربگرێت، پێویستە لە ڕێگەی كەناڵەكانی یەكیەتییەوە لێدوان بدات و ڕابگەیەنێت كە پارتی نییە.
باشە من بە هەموو خەڵكی دەڵێم من بۆ بەرگری لە كورد و كوردستان چەكی پێشمەرگەم كردە شان، نەك بۆ چاوی جوانی فلانە بەرپرس و فلانە حیزب. ئەوانەی جەمیل هەورامی ئەو بڕە پارەی بۆ خەرج كردوون، زۆریان یەكێتیش نەبوون و نین. بۆچی بۆ ئەوان ڕەوایە، بۆچی بۆ من ڕەوا نییە. پاشان ئەوەندەی پارتی زوڵم و ستەمی لە من كردووە، هیچ لایەنێك لێی نەكردووم. جا لە جەمیل هەورامی دەپرسم، ئایا ئەو دوای ئەوەی من لە ماڵەوە و لە هەولێر دانیشتووم، هیچ فیشەكێكی بە ڕووی هیچ دوژمنێكی كورد تەقاندووە؟ تا ئەوە بە من ڕەوا نەبینێت؟
من دوای ئەوەی گەڕاومەتەوە هەولێر، وەك كوردێك خەریكی كاری خۆم و ماڵەوەم و سەر بە هیچ حیزب و لایەنێك نیم و نابم. ئەو (15) ملیۆن دینارەش مافی خۆمە وەك پێشمەرگەیەكی دێرین و منەتی كەسی ناوێت و لە گیرفانی هیچ كەسەوە بۆ من نایەت. لەسەر جەمیل هەورامیش پێویستە بە خۆیدا بچێتەوە وداواكارییەكەم بەبێ كێشە و گرفت بڕوێنێت.
پێشمەرگەی دێرین
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست