كێ خاوەنى ناڕەزایەتى شەقامى كوردییە (گۆڕان)یان(چوار حیزبەكە)؟
Friday, 21/08/2009, 12:00
ماوەى هەژدە ساڵە یەكێتىو پارتى حاكم و دەستەڵاتدارن لە هەر سێ پارێزگاى سلێمانى و هەولێرو دهۆك,هەركاتێك قسە دێتە سەر مەسەلەى دەستەڵات و حوكمى هەژدە ساڵى دەستەڵاتى یەكێتىو پارتى ونەبوونى ئۆپزسیۆنى لە هەرێمى كوردستان گوێمان لە چەند ئاوازێك دەبێت بۆ مەسەلەى نەبوونى ئۆپسیۆن.یەكێتى و پارتى كە دوو حیزبى دەستەڵاتدارى هەرێمن پێیان وایە پێویستمان بە ئۆپۆسیۆن نییە چونكە ئەوەى پێى بڵێت هەڵەو كەم و كوڕى نیمانە لە نێو خۆدا, وەزع ئیقلیمیش لەبار نییەو پێویستە یەك ڕیزى بپارێزین .لەدەرەوەى دەستەڵات تەواوى هێزو گروپ و حیزبە سیاسیەكانى كوردستان كە چوار حیزبەكە (یەكگرتووى ئیسلامى و كۆمەڵى ئیسلامى و زەحمەتكێشان و سۆشیالیست)گەورەترین قەوارەیانن هیچیان ئامادە نەبوون ساتێك وەك ئۆپۆسیۆن كار بكەن,بەڵام لیستى گۆڕان ئەو هێزەیە كە هەر لەسەرەتاوە وەك هێزێك دەركەوت كە باوەڕى بە ئۆپۆسییۆن هەیە. ئێستا بۆ تاوتوێكردنى مەسەلەى نەبوونى ئۆپۆسیۆن سەرەتاكانى دەركەوتنى ئۆپۆسیۆن هەوڵدەدەین تیشكێك بخەیەنە سەر ئەو مەسەلە گرنگ و هەستیارە لە نێوان ئەو سێ جۆرە هێزەدا.
18 ساڵ بێ ئۆپۆسیۆنى كێ لێى بەرپرسیارە؟
من نامەوێت باسى لە گرنگى ئۆپۆسیۆن بكەم لەبەر ئەوەى یەكەم:باسكردن لە گرنگى ئۆپۆسیۆن بۆ خۆى مەسەلەیەكى دوورو درێژە دووەم:باسەكەى من لەسەر گرنگى ئۆپۆسیۆن نییە بەڵكو لەسەر هۆكارى نەبوونى ئۆپۆسیۆنە.لەبەرئەوەى هەتا ئێستا بەهۆى نەبوونى هێزێكى ئۆپۆسیۆنەوە هەرێمى كوردستان تاموچێژى بەرهەمى بوونى ئۆپۆسیۆنى نەچەشتووە ,بۆیە تا ئێستا خەڵكى كوردستان نازانێت بوونى ئۆپۆسێۆن چەندە گرنگە بۆیە خەڵكى كوردستان و لایەنگرى ئەو حیزبانە تا ئێستا بوونى ئۆپۆسیۆنى حیزبەكەیان نەكردووتە مەرج بۆ ئەوەى دەنگى پێبدەن ,ئۆپۆسیۆن نەك بۆ هێزە ئۆپۆسیۆنەكان و میللەت بەتەنها بەڵكو بۆ بەرپرسان و حیزبى حاكم و دەستەڵاتداریش گرنگە,بۆیە من نامەوێت باس لە ماهیەت و گرنگى ئۆپۆسێۆن بكەم,ئەوەى من دەمەوێت باسى لێوە بكەم بەرپرسیاریەتى نەبوونى ئۆپۆسێۆن دەكەوێتە ئەستۆى كێ ؟ ئایا نەبوونى ئۆپۆسێون لەماوەى ئەم چەند ساڵەدا بۆ؟كێ بەرپرسیارە لە نەبوون و دەرنەكەوتنى هێزى ئۆپۆسیۆن؟ئایا یەكێتىو پارتى بەرپرسیارن بەتەنها یان حیزبەكانى دەرەوەى یەكیتَـى و پارتیش بەرپرس لە نەبوونى ئۆپۆسێنە؟
دیدى یەكێتى و پارتى بۆ ئۆپۆسیۆن
یەكێتى و پارتى وەك دوو هێزى میلیشیاى لە مێژووى تەمەنیاندا زۆربەى ناكۆكیەكانى نێوانیان بە توندوتژى چارەسەر كردووە,دوو هێزبوون هەر لەسەرەتاوە چەك و توندوتیژى ئەو كەرەستە حازر بەدەستە بووە كە پێش هەمووشتێك دەستیان بۆ بردووە,پێویست ناكات بگەڕێنەوە بۆ مێژووى ململانیەى نێوان ئەم دوو حیزبە بەرامبەر بەیەكتر یان بەرامبەر هەموو ئەو هێزو تەیارانەى كە لەسەر دەمێكدا هاتوونەتە پێشەو ڕوبەڕویان بوونەتەوە ,چونكە شەڕى ناوخۆى نێوان هێزە كوردیەكان چ لە سەردەمى شاخ و چ لەسەردەمى شار بەڵگەیە لەسەر ئەوەى كە یەكێتى و پارتى وەك دوو هێزى میلیشیاى باوەڕیان بە بوونى هێزى موعارەزە نەبووە هەمیشە بەدەستێكى پۆڵاین وەڵامى هەموو تاقم و حیزبێكیان داوەتەوە لەدەرەوەى خۆیان,ئەمە بۆ چەند ساڵێك لەمەوبەر ڕاستە بەڵام بۆ ئەم چەند ساڵەى دوایى بەتایبەتى پاش كابینەى چوارەم و سەرەتاى كابینەى پێنجەم,كە خۆى لە هێز و حیزبى دەستەڵات بەتایبەتى یەكێتى و پارتى دەبینێتەوە, دەڵێن كۆمەڵگاى كوردى و دەستەڵاتى ئێمەى كورد پێویستى بە ئۆپۆسیۆن نییە جارێك بەو مانایەى كە ئێمە هەڵەو كەموكورتیمان ئەوەندە نییە بۆ ئەوەى پێویستمان بە هێزى موعارەزە هەبێت هۆشیارمانبكاتەوە لەو هەڵەو كەموكورتیانە جارێكیتریش بەماناى ئەوەى, ئێمەى دەستەڵات واتە یەكێتى و پارتى پێیستمان بە یەكڕیزى و تەبایى هەیەو نابێت لەم كاتەدا باس لە كێشەو گرفت و ناكۆكیە ناخۆیەكان بكەینەوە و پێویستە ئەم مەسەلانە دوابخرێت بۆ سەردەمێكیتر".
هێزەكانى دەرەوە یەكێتى و پارتى باوەڕنەبوونیان بە ئۆپۆسۆن
,لەدەرەوەى دەستەڵات كە خۆى لە یەكێتى و پارتیدا دەبینێتەوە كۆمەڵك هێزی تر هەبوون كە خۆى لە تەواوى حیزب و گروپەكانى دەرەوە یەكێـتى و پارتیدا دەبینێـەوە,كە لەماوەى 18 ساڵ دەستەڵات و حومكڕانى یەكێتى و پارتىدا هیچ لەو حیزبانە ئامادەنەبوون لەبەرامبەر یەكێتى و پارتیدا ببنە ئیپۆسیۆن ,نەبوونیان بە هێزى ئۆپۆسیۆن بۆ بیانووى سەروەر نەبوونى یاسا دەگێڕنەوە بەتایبەتى نەبوونى یاسایەك بۆ پارێزگارى لێكردنیان لەو هێرشانەى دەكرێتە سەریان لەلایەن حیزبە دەستەڵاتدارەكانەوە,بۆیە ئەم هێزانە یان ئەوەیە باوەڕیان بە ئۆپۆسیۆن بوون نییە یان ئەوەتانێ نەبونى یاسایەك تایبەت بە ئۆپۆسیۆن وایان لێدەكات كە نەبنە ئۆپۆسیۆن"
خەونى دەستەڵات و باوەڕ نەبوون بە ئۆپۆسیۆن چوار حیزبەكە وەك نموونە
زۆر جار پرسیارى ئەوە ڕووبەڕووى بەرپرسانى یەكگرتووى ئیسلامى و كۆمەڵ و زەحمەت كێشان و سۆسیالیست كراوەتەوە كە بۆچى نایانەێت ببنە هێزێكى ئۆپۆسێن و لەدەرەوەى حكومەت بمێننەوە و چاودێرى كارەكانى حكومەت بكەن ,لەزۆربەى وەڵامەكانى بەرپرسانى پایە بڵندى ئەم حیزبانە ئەوەیە كە هەتا ئێستا یاسایەك نییە بۆ ئۆپۆسێۆن لەبەر ئەوە ناتوانین ببینە ئۆپیسێۆن؟بیانووى نەبوونى یاسا بۆ ئۆپۆسێون ئەو موبەڕیڕە لاوازەبووە بەدەست بەرپرسانى ئەم حیزبەوە بۆ خۆدزینەوە لە گەورەترین بەرپرسیاریەتى مێژووى,من دەپرسم ئەگەر باوەڕتان بە ئۆپۆسێۆن بوون هەیە خۆ زیاتر لە 15 ئەندام پەرلەمان سەر بەو حیزبەى ئێوەیە بۆ لەماوەى 4 ساڵدا پڕۆژە یاسایەكتان سەبارەت بە ئۆپۆسێۆن ئامادە نەكرد بۆ ئەوەى بیخەنە بەردەستى پەرلەمان و ئەو یاسا گرنگە دەربچێت؟خۆ تەنها 10 پەرلەمانتار ئەیتوانى پرۆژە یاسایەك پێشكەش بكات ؟ئەى بۆ لەماوەى ئەو 4 ساڵەدا هەر لەسەرەتاوە پرۆژە یاساى بووجەى حیزبەكانتان ئامادەكرد؟ئایا ئەگەر مەسەلە ئیمتیازات و پارە نییە؟بۆ حكومەت و دەستەڵاـى كوردى بووونى پرۆژە یاساى ئۆپۆسیۆن گرنكە یان پرۆژە یاساى بووجەى حیزبەكان؟
ئەمیندارى گشتى یەكگرتووى ئیسلامى لە چاوپێكەوتنێكیدا بەڕاشكاوى دەڵێت"ئێمە ئێستا هیچ بڕیارێك نادەین بۆ دواى هەڵبژاردنەكان كە دەبینە ئۆپۆسێۆن یان بەشدارى دەستەڵات دەكەین,ئەوە بە جێدێڵین بۆ دواى هەڵبژاردنەكان"ئەمەش بەڵگەیەكى روون و ئاشكرایە كە ئەم هێزە ستراتیژى كاركردنى هەمیشە بە ناڕووونى دەمێنێتەوە ,هەرگیز بیر لە بەرژەوەندى میللەت ناكاتەوە و بیرتەسكى بەرژەوەندى حیزبى واى لێدەكات كە خۆى لە شتێك بووێرێت كە وەك ئۆكسجین بۆ پێشكەوتنى میللەت پێویستە.
جارێكیتر ئەمیندارى یەكگرتووى ئیسلامىى دەڵێت ئێمە ئەزموونى پارتى دادو گەشەپێدانى توركیامان بەدڵە,بەڵام نازانێت پارتى ئاكەپە چۆن چۆنى گەشتووەتە سەر كورسى دەستەڵات؟ئایا ئاكەپە لەباوەشى دەستەڵاتەوە هاتەوە سەر دەستەڵات یان لە دەرەوەى دەستەڵاتەوە كە ئۆپۆسیۆن بوون لەو ڕێگەیەوە توانى بێتە سەر دەستەڵات,ئەمە ئەو راستیەكە كە یەكگرتووى ئیسلامى نایەوێت بیبینێت.
بەڵام پاش ئاشكرابوونى ئەنجامەكانى هەڵبژاردن و ئەو شكستە گەورەیەى كە لیستى چوار حیزبەكە توشى بوو ,سەرانى ئەو چوار حیزبەى توشى شۆك كردووە و جەماوەرەكەشیان تا ئێستا لە هۆكار ئەو شكستە تێنەگەشتوون,كە بەڕواى ئێمە نەتوانینى ئەداى باشى ئۆپۆسیۆن بوونى ئەم چوار حیزبە و بەشداریان لەماوەى چەندین ساڵى حوكمڕانى و بێدەنگیان و بێ پرۆژەییان هۆكارە ڕاستەقینەكەى دۆرشانیان بوو لە هەڵبژاردنەكاندا ,بەڵام سەرەڕاى ئەو شكستە گەورەیە هێشتا چوار حیزبەكە نایانەوێت دان بەهەڵەكەى خۆیاندا بنێن و چارەسەرى بكەن و ببنە ئۆپۆسۆنێكى ڕاستەقینە.لە تازەترین هەوڵدا لە ڕێگەى سەرۆكى ڕابیتەى ئیسلامى كورد (على قەرەداخى)لیستى چوار حیزبەكە دەیانەوێت جارێكیتر ببنەوە بەبەشێك لە دەستەڵات و چونكە تێگەشتن لەوەى كە پۆپۆسۆن بوون بە ئەوان ناكرێت و ناتوانن ببنە ئۆپۆسیۆن , نزیك بوونەوەشیان لە لیستى گۆڕان لە باوەڕبوونیان لە ئۆپۆسیۆنەوە سەرچاوەى نەگرتووە بەڵكو تەنها بۆ ئەوەیە كە یەكێتى و پارتى بە نرخێكى گرانتر و گەورەتر وەریان بگرنەوە و بەشداریان پێ بكەنەوە لە حكومەت و دەستەڵاتدا.
چوار حیزبەكە خەونیان بە كرمۆڵبوونى دەستەڵاتەوە بینیوە نەك بە ئۆپۆسیۆن بوونى دەستەڵاتەوە
هەركاتیك قسە دێتە سەر بەشداربوونى ئەم چوار حیزبە لەدەستەلاـَدا ئەیانەوێت كورتى بكەنەوە لە ماوەى 4 ساڵى ڕٍابردوو ,بەڵام لەڕاستیدا بەشداربوونى ئەم چوا حیزبە لە دەستەڵاتدا بۆ مێژوویەكى درێژتر دەگەڕێتەوە ,یەكگرتووى ئیسلامى كە ساڵى 1994 خۆى ئیعلان كردووە كەچى ساڵى 1996 دواى كارەساتى 31ى ئاب لەگەڵ پارتى دیموكراتى كوردستان بەشدارى پێك هێنانى حكومەت دەكات ,واتە یەكگرتووى ئیسلامى لەماوەى 15 ساڵ تەمەنیدا تەنها دوو ساڵى سەرەتاى تەمەنى لە دەستەڵاتدا نەبووە,ئەوەش لەبەر ئەوەى یەكگرتووى ئیسلامى دووساڵ دواى پێكهاتنى یەكەم كابینەى حكومەتى هەرێم خۆى ئیعلان كرد وەك حیزب.هەریەك لە حیزبى سۆشیالیست و زەحمەتكێشان و لە حكومەتەكەی یەكێتى(ئیدارەى سلێمانى)بەدرێژاى تەمەنى ئەو حكومەتە بەشداریان كردووە و وەزارەتیان پێدراوە,كۆمەڵى ئیسلامى كە لە بزووتنەوەى یەكبوونى ئیسلام جیابوویەوە لە حكومەتەكانى هەولێرو سلێمانى وەزیریان هەبووە لە زەمەنە جیاجیاكاندا سەرەتا لە ئیدارەى هەولێرو پاشان لە ئیدارەى سلێمانیدا بەشداریان كردووە پۆستی وەزیرو وەزارەتیان پێدراوە,لێرەدا پێویست ناكات باس لە و پۆست پلەو پایانە بكەین كە ئەم 4 حیزبە وەریانگرتووە لەماوەى چەندین ساڵ لەمەوبەر تاوەكو ئێستا.
ئەگەر واز لەو مێژووە درێژەى بەشدارى یەكگرتووى ئیسلامى و كۆمەڵ و زەحمەتكێشان و سۆشیالیست بهێنین لە حكومەتدا و لەبەر خاترى خاتران ,ئەوەش لەبەر ئەوەى ئەو سەردەمە سەردەمى دوو ئیدارەى و شەڕى ناوخۆو مانەوەى حیزبى بەعس لە دەستەڵات ئەمانە و چەند هۆكارێكیتر بیانووبن بۆ ئەم هێزو قەوارە سیاسیانە ئەوا ئێمە لە 4 ساڵى ڕابردوودا كورتى دەكەینەوە چونكە لەماوەى كابینەى پێنجەمى حكومەتدا هەموو ئەو مووبەڕیڕو بیانووانەى كە لە سەرەوە باسمانكرد هیچى بوونیان نەبوو,بەڵكو پێویست بوو بە باشترین شێوە ئەداى خۆیان بكەن وەك هێزێكى ئۆپۆسیۆن. ماوەى ئەم چوار ساڵە و بێدەنگیەكانى ئەم حیزبە لە ئاست كێشەو گرفتە گەورەو چارەنووسازەكانى ئەم میللەتەو كەمتەر خەمیەكانى لە بەرامبەر وەرگرتنى چەند وەزارەتێك و چەند پۆستێكدا دەمانگەیەنێتە ئەو قەناعەتەى كە ئەم هێزانە ئەوەندەى خەونى دەستەڵات و پلەو پایەیان هەیە ئەوەندە خەونى بەرەوپێشبردن و چاككردنى ژیان گوزەرانى خەڵكى كوردستانان نییە.ڕۆژێك نەماندى ئەندام پەرلەمانەكانى ئەم حیزبانە لەسەر ئەو هەموو ناحەقى و ناعەدالەتى و بەتاڵان بردنى سەروەت و سامانى ئەم میللەتە دەنگ هەڵبڕن و بایكۆتى دانیشتنێكى پەرلەمان بكەن,ڕۆژێك نەمان دى ئەم هێزانە لە پەرلەماندا لەسەر گرتن و كوشتن و هەڕشەو چاوسوردنەوەى دەستەڵات لە خەڵك و خۆپیشاندەرانى كوردستان هەڵوێستێك وەربگرن,بەڵام لەبەرامبەر كوژرانى خەڵكى عەرەبى غەزە گەورەترین و پڕۆجۆش و خرۆشترین نمایش پێشكەش دەكات.من ئێستان چەند جارێك دەپرسم بۆ لەبەر كوژانى كورد ئەحمەد و دەیانى وەك ئەو كەلەسەر شەقامەكانى كوردستان خوێنیان ڕژا دەنگتان لێوە نەهات.
بزووتنەوەى ئیسلامى هەڵەى چوار حیزبەكە دوبارە دەكاتەوە
لە هەڵبژاردنەكانى 25ى تەموز دا بزوتنەوەى ئیسلامى وەك لیستێكى ئیسلامى بە سەربەخۆ بەشدارى هەڵبژاردنەكانى كرد و توانى 2 كورسى پەرلەمان بەست بهێنێت ئەم ئەنجامەش سەركەوتنێكى گەورەبوو لەم كاتەدا و پاش ئەو چەند ساڵەى كە ئەم حیزبە بەهۆى ئەو ئینشیقاق و كۆچى ڕابەرەكانیەوە توشى حاڵەتى متبووندا بوو,لە تازەترین لێدوانى بەرپرسێكى ئەو حیزبە سەبارەت بە بەشداربوونیان لە حكومەتدا بە پێى ئەو ئاماژانەى لێرەو لەوێ بەر گوێ دەكەوێت كە لیستى بزووتنەوەى ئیسلامى ئامادەیە بەشدارى لە پێكهێنانى حكومەتدا بكات,ئەم بەشداریكردنەیان هەمان ئەو هەڵەیە دووبارە دەكەنەوە كە چوار حیزبەكە چەندین ساڵە دەیكەن و لەم هەڵبژاردنەشدا باجى ئەو بەشداریەیان لە حكومەتدا وەگرتەوە,مانەوەى لیستى بزووتنەى ئیسلامى لەبەرەى ئۆپۆسیۆن بووندا وێستگەیەكیتر لە بەرەو هەڵكشانى ئاستى جەماوەرى ئەو لیستە,چونكە هەندێك لەو دەنگانەى كە لیستى بزووتنەوەى ئیسلامى بەدەستى هێناون دەنگى ئەو خەڵكە مسوڵمانە ناحیزبیانەن كە لە یەكگرتوو كۆمەڵى ئیسلامى نائومێد بەهۆى بەشداربوونیان لە حكومەتدا نەك لەبەر هۆكارى ئیمان و عەقیدەیی,بۆیە بە پێى ئەم هەلومەرجەى ئێستا هەیەو ئەو بیركردنەوانەى كە خەڵك ڕادەكێشنە سەر سندوقەكانى دەنگدان كەمترین نزیكبوونەوەى بزوتنەوەى ئیسلامى لە حكومەتى یەكێتى و پارتى گەورەترین زەربە دەدات لە ئاستى جەماوەرى ئەو لیستەو هەمان ئەو هەڵیەش دووبارە دەكاتەوە كە چوار حیزبەكە كردیان.
لیستى گۆڕان بە ئۆپۆسیۆن ى لە دایك بوو
لەم نێوەندەشدا هێزێكى تازە لەهەناوى كۆمەڵگاوە هاتووەتە دەرەوە كە لە كۆبوونەوەى گشت چین و توێژە ناڕازیەكانى هەناوى كۆمەڵگاى كوردیدا خۆى دەبینێتەوە ئەم هێزە بە پێچەوانەى ئەو دوو هێزەكەى پێشووترەوە بیر دەكاتەو زیاتر هەنگاو دەنێت و پێى وایە نەك ئێستا كە پێوسیتیەكى ئێجگار گرنگە و زەمینەكەشى سازو ئامادەیە بە پێچەوانەى ڕاى دوومەوە بەڵكو دەبوو لەماوەى چەند ساڵى پێشوتردا ئۆپۆسیۆن هەبووایە ئەم هێزەش كە خۆى لە لیستى گۆڕاندا دەبینێتەوە هەر لەسەرتاوە بە مەیلێكى ئۆپۆسیۆن خوازییەوە خۆى دەرخست و ئێستاش لە گوتارەكانیدا ئۆپۆسیۆن بوون بەدى دەكرێت و لە دواین لێدوانیاندا بە بێ پەردەو بەڕاشكاوى ئەوەیان بەیان كردووە كە ئەگەر نەتوانن دەنگ زۆرینە بەدەست بهێنن و حكومەت تەشكیل بكەن ئەوا لەدەرەوەى دەستەڵات و حكومەت دەمێننەوە وەك هێزێكى ئۆپۆسیۆن ".
شەپۆلى ناڕەزایەتى خەڵك كامیان دەگەیەنێتە دەستەڵات
(لیستى گۆڕان)یان(لیستى چوار حیزبەكە)
سروشتى هەموو كۆمەڵگایەك وایە كە لەدەرەوەى حیزب و لایەنە سیاسیەكاندا كۆمەڵێك خەڵك بمێنێـەوە كە زۆر بەزەحمەت دەتوانرێت ببیتە جێگەى متمانەیان خەڵكى كوردستانیش لەماوەى ئەم چەند ساڵەى دوایدا ڕۆژلەدواى ڕۆژ ژمارەى ئەم خەڵكانە زۆرتر دەبێتەوە,ئەوەى وادەكات كە ڕۆژ لەدواى ڕۆژ ئەم ژمارەیە زیاتربێت ئەوەیە كە ئەو هێزانەى لە ململانیەدا ئەگەر چى بەرووخسار لە یەكتر جیاوازن بەڵام لە جەوهەردا زۆر بەزەحمەت دەتوانرێت جیاوازیان لە نێواندا ببینیتەوە,هەتا ئەو ڕادەیەى لە زۆربەى مەسەلەكانى ڕۆژانەى تایبەت بە ژیانى خەڵكدا هەموویان بە یەك ئازاو قسە دەكەن ,هەموویان بەیەكەوە لەسەر یەك سفرەى دەستەڵاتن و هەموویان بەیەك ڕێگادا هەنگاو دەنێن.
ئەم هاوبەشیەى حیزب و لایەنەكان و ئەو بەشدارییە پێكەوەیەى حیزبەكان لەیەك بەرەو لەیەك دەستەڵات و ئەو بێدەنگیەى كە سەرلەبەرى حیزبەكانى گرتبووە بووە هۆى ئەوەى كە دەنگێكى ناڕەزاى زۆر بەرز بێتەوە لەبەرامبەر خراپى ئەداى حیزب و حكومەت.
چوار حیزبەكە نابنەجێگەى متمانەى ناڕەزایەتیەكانى شەقامى كوردى
پاش سێ ساڵ بێدەنگى و بەشدارى دەستەڵات ئەم چوار حیزبە هەستان بە پێشكەشكردنى ڕاپۆرتێكى نهێنى بۆ سەرۆكایەتى هەرێك و حكومەت و پەرلەمان ,ئەم ڕاپۆرتە كە دوور لە چاوى ڕاگەیاندنەكان پێشكەشى دەستەڵات كرا هیچ كاریگەریەكى نەبوو هەتا ئەو ڕادەیەى كە دەستەڵاـى یەكێتى و پارتى ئامادەش نەبوون وەڵامى ئەو ڕاپۆرتە بدەنەوە,ئەتوانم بڵێم لەماوەى 3ساڵى بەشدارى ئەو چوار حیزبە لە دەستەڵاتدا تەنها ئەو بەرهەمەیان هەبوو كەچى نەك گوێیان لێنەگیرا بەڵكو بەشێوەیەك ئیهمالكرا كە بوویە جێگەى ناڕىزایی و بێزارى سەركردەى چوار حیزبەكە.
دواى ئەوەى لەلایەن یەكێـى پارتییەوە ئیهمالكران ئەم جارەى پاش ساڵێك جارێكیتر لە پێناوى بەدەستهێنانى دەنگى ناڕەزایی شەقامى كوردى هەمان ڕاپۆرتیان ڕووبەڕووى ڕاى گشتى و ڕاگەیاندنەكان كردەوە ,لەبەرامبەر ئەمەشدا یەكێتى وپارتى لە بەغێكدا زۆر بەتوندى وەڵامى ڕاپۆرتى چوار حیزبەكەیان دایەوە.
بێدەنگى یەكێتى وپارتى لە پێشكەش كردنى ڕاپۆرتەكە لە جارى یەكەمدا و وەڵامى توندیان بۆ جارى دووە دەمانگەیەنێتە ئەو ڕاستیەى كە یەكێتى وپارتى ترسیان لەوە هەبووە كە ئەم چوار حیزبە بەم ڕاپۆرتە و بە پێكهێنانى لیستێكى هاوبەش بۆ هەڵبژاردن بتوانن دەنگى ناڕەزاى شەقامى كوردى بۆ خۆیان دەستەبەر بكەن,تەنها ترسى یەكێتى و پارتى ئەوەبوو,نەوەك بەرنامەى دێڕو نوسینەكانى نێو ڕاپۆرتەكە,چونكە ئەگەر نوسراو و بەنامەى نێو ڕاپۆرتەكە بەدڵ نەبووایە ئەوا هەر لەیەكەمجار پێشكەش كردنیدا وەڵامیان دەدانەوە,بۆیە یەكێتى و پارتى خۆیان ئامادەكردبوو بۆ ڕووبەروو بوونەوەى چوار حیزبەكە بەڵام هاتنە كایەى لیستى گۆڕان چوار حیزبەكەى لەبیر یەكێتى وپارتى بردەوە.
یەكێتى و پارتى لەترسى لیستى گۆڕان چوار حیزبەكەیان بیرچووتەوە
ئەتوانم بڵێم هەتا ئێستا هیچ هێزو گروپ و لایەنێكى سیاسى لە دەرەوەى یەكێتى و پارتى نەیتوانیەوە ببێتە خاوەنى شەقام و شەقامى كوردى ئاراستە بكات ,یەكێتى و پارتى بەهۆى ئەو گەندەڵییە زۆرەى كە كردبوویان ترسى ئەوەیان هەبوو كە ئەو چوار حیزبە ببنە خاوەنى ناڕەزایەتیەكانى نێو شەقامى كوردى,بەڵام دەركەوتنى لیستى گۆڕان و ئەو جۆش و خرۆشەى خەڵك بۆ لیستى گۆڕان و ئەو ئەنجامە باشەى كە بەدەستى هێنا تەواوى بەرنامەو كارى یەكێتى و پارتى تێكدا و ئەو بەرنامەیەى دایاننابوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى چوار حیزبەكە ئێستا دەبێت لەبەرامبەر لیستى گۆڕان و كۆمپانیاى ووشەدا بەكارى بهێنن ,چونكە ئەوە لیستى گۆڕان بوو توانى ببێتە خاوەنى دەنگى ناڕەزاى شەقامى كوردى نەك چوار حیزبەكە.
لیستى گۆڕان دەبێتە خاوەنى ناڕەزایەتیەكانى شەقامى كوردى
وەك لەپێشەوە باسمان كرد لیستى گۆڕان بە بێ پەردە ڕایانگەیاندووە(یان دەستەڵاتە یان ئۆپۆسیۆنە)خۆئەگەر دەستەڵات بباتەوە ئەوا لە توانیدا هەیە ئەو بەرنامەیەى هەیەتى بەسەركەتووى بەئەنجامى بگەیەنێت,خۆ ئەگەر نەتوانێت زۆرینە بەدەست بهێنێت ئەوا بڕیارى داوە ببێتە هێزێكى ئۆپۆسیۆن لەدەرەوەى دەستەڵات. ئەو كەمپین و هەڵمەتەى كە بەسەركردایەتى لیستى گۆڕان دەستى پێكرد دژ بەدەستورى سەپێنراو یەكێتى و پارتى تێگەیاند كە ئەوە لیستى گۆڕانە بووتە خاوەنى دەنگەناڕەزایەكانى نێو شەقامى كوردى ئەوە لیستى گۆڕانە دەیەوێت تەواوى چین و توێژە ناڕەزایەكانى نێو كۆمەڵگاى كوردى لەبەرامبەر دەستورى سەپێنراودا بهێنێتە دەنگ و گەورەترین كەمپینى دژ بەدەستور بەڕێوە بەرێت كە دواجار لە ژێر فشارى ناوخۆ و دەرەوەدا ڕاپرسى لەسەر دەستور بۆ كاتێكى نادیار دواخرا.بۆیە دەبینین ئێستا یەكێـى وپارتى زیاتر ترسیان لە لیستى گۆڕانە نەك لیستى چوار حیزبەكە ئەو ڕێگری و جموجوڵانەى كە یەكێتى و پارتى دەیكەن زیاتر لە دژى لیستى گۆڕانە نەك لیستى چوار حیزبەكە .
-هەڵەبجەى شەهید
[email protected] تێبینى:
ئەم ڕاپۆرتە لە ژمارە 5 ى گۆڤارى(پرێس) بڵاو بووتەوە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست