ئەگەر حەمەی حاجی مەحمودیش، کوڕی بارزانی بوایە..!
Tuesday, 02/12/2014, 12:00
کە حەمایلی دایکی مەسعود بارزانیی کۆچی دوایی کرد، نەوشیروان مستەفا لە پرسەیدا بەشداری کرد، ئەمە یەکەمجار بوو، نەوشیروان مستەفا ببینرێت، بچێتە پرسەی کەسێکەوە، کاتێک حەمە جەزای برای قادری حاجی عەلی کۆچی دوایی کرد، لە دوو سەرەوە دەبوو نەوشیروان بیری لێبکاتەوە و هاوبەشی پرسەکەی بکات، یەکەمیان حەمە جەزا وەکو پێشمەرگە و هونەرمەندێک، دووەمیان حەمە جەزا وەکو برای قادری حاجی عەلی سەرکردەیەکی ئەو بزووتنەوەیە و هاوڕێی نزیکی نەوشیروان مستەفا، بۆ ئەمەش نەچوو، وتیان گوایە بە تەلەفون سەرخۆشی لێکردوون. جاسم كۆچهر، کە باژێڕوانی بادینانی بزوتنهوهی گۆڕان بوو، (
کلیکی ئێرە بکە)، ئەویش کۆچی دوایی کرد، بە تەنها نامەیەک سەرخۆشی لە خانەوادەکەی کرد. ئەمە لە کاتێکدا سەرکردە و رابەڕی حیزبێک نابێت بەم شێوەیە لەگەڵ کادیر و ئەندامانی خۆیدا رەفتار بکات، هێندە خەمسارد بێت، لە عادەت و عورفی کۆمەڵایەتیی و هەڵسوکەوتی سیاسیی و دیبلۆماسی دوور بکەوێتەوە، پێی وابێت کە دەبێت بەم شێوەیە، لە رووداوەکاندا پلەی بەرزیی و نزمی هەبێت! کاتێک لە وڵاتێکدا رووداوێک روودەدات، راگەیاندنەکان سەرقاڵی دەبن و هاوڵاتیان قسەی لێوەدەکەن، سەرکردەکان و بەرپرسەکان، بۆ خۆیان دەچنە ئەو شوێنە و دەبنە بەشێک لەو رووداوە، هەڵبەت ئەمەی نەوشیروان مستەفا تەنها رەفتاری ئەو نییە، زۆربەی بەرپرس و سەرکردەکان بەو شێوەیە رەفتار لەگەڵ پرسەی شەهیداندا دەکەن، بەڵام نەوشیروان لەگەڵ کەسە نزیکەکانی خۆشیدا ئاوایە.
وا ئەمجارەش نەوشیروان مستەفا لە پرسەی شەهیدبوونی عەتای کوڕە گەورەی حەمەی حاجی مەحمودی گوڵەخانێ، تەنها نامەیەکی سەرەخۆشی بۆ کاكە حەمە نووسیوی نەچوە پرسەکەیەوە. ئەمە لە کاتێکدا پرسەکەی لە مزگەوتی تۆفیقە سوور لە سلێمانی بوو، کەمتر لە دە دەقیقە لە گردەکە و لە ماڵی نەوشیروانەوە دوور بوو، ئەگەر ئەمە بەراورد بکەین لەگەڵ مردنی دایکی مەسعود بارزانی دەتوانین بپرسین ئاخۆ بەشداری کردن لەپرسەی کەسێك بەمردنی ئاسایی پێوسترە، یان پرسەی کەسێك کە شەهید بووبێت لە مەسەلەیەکی پیرۆزدا شەهید بوبێت، هەڵبەت ئەمەش جۆرێکە لە دوو ڕوویی و بەنزم تەماشا کردنی کەس و پرسەکانیان. کاتی خۆی، ڕەخنە لە نەوشیروان گیرا کە نەچوە پرسەی حەمە جەزای پێشمەرگە کە ئەوسا قادری برای یەکەمین دەستە ڕاستی نەوشیروان بوو لەبزووتنەوەی گۆڕان. ئێمە وامان ئەزانی کە چی تر جیاوازی ناکا لەنیوان پرسەکاندا، بەڵام وا دیارە نەوشیروان بڕیاری خۆی داوە و ئامادە نیە بچێتە پرسە و ناوخۆشی کەسە نزیك و هاوڕێکانی خۆشی.
نەوشیروان بیری چۆتەوە کەئەو کاتەی لە زیندانی حسکدا بوو کاتێك (قالە چاوشین) یارمەتی دا بۆ ڕزگاربوون و هەڵاتن، کەچی ئەوەی لەبەر چاو نەبوو کاتێ (قالە چاوشین) گەڕایەوە ناو یەکێتی و یەکێک بوو لەو فەرماندانەی لەگەڵ جەبار فرماندا پەلاماری ئیسلامییەکانیان داو لەو شەڕەدا شەهید بوو کەچی ئەم نەچووە پرسەکەیەوە، قالە چاوشین یەکێک بوو، لەو کەسانەی گیانی نەوشیروانی لە مردن رزگارکرد، کەواتە نەوشیروان ئەبوایە نەچوایەتە پرسەی کەسەوە بەڵام بچوایەتە پرسەکەی کاکە حەمەوە کە بەو تەمەنەوە خۆی کوڕە گەورەکەی بەشداری شەڕی چەتەکانی داعشیان کرد. من دڵنیام ئەگەر حەمەی حاجی مەحمود لە بنەماڵەی بارزانی بوایە، نەوشیروان یەك و دووی لێ نەئەکرد لە بەر دڵی مەسعود بارزانی تا کۆتایی پرسەکە دەمایەوە! دوای پرسەکەش، لەگەڵ جامانە سوورەکاندا وەک ئەوەی ئەدهەم بەرزانی دوای پرسەکە دەچوونە بۆ ماڵی نەوشیروان پرسەکەیان لەوێ تەواو کرد.
بەسیاسی کردنی پرسەی مردوو بۆ مەبەستی بەرژەوەندی تاك، کارێکی گەلێک قێزەوەن و دوورە لە ڕەوشتی بەرزی کوردەواری. کورد هیچ کات جیاوازی نەکردوە لەبەشداری کردنی پرسە وناخۆشیەکان، جا کاتێك شتی لەو جۆرە ئەبینرێ مرۆڤ پێویستە هەڵوەستەیەك بکات و چەندین پرسیار بوورێژێنێ لەئاست ئەم ڕەفتارەی بەناو هەندێ لە سیاسی و سەرکردە و کەسانی تر. بە بڕوای ئێمە بەشداری نەکردنی نەوشیروان بۆ پرسەکەی کاکە عەتا پەیوەندیی نەبوە بە نەبوونی کاتەوە، یان لەبەر زۆری کێشەکانی حیزبی گۆڕان و کۆڕو کۆبونەوەکانیان، نەخێر، بەشداری نەکردن لەپرسەی شەهیدێك، نەك هەر پێویستە بەڵکو ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانیشە. بەشداری کردن لەم جۆرە پرسانەدا مایەی سەربەرزی و بەوەفایی و نیشاندانی مۆڕاڵێکی بەرزە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست