کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


ڕەمەزانت لێ پیرۆز نەبێ

Sunday, 19/08/2012, 12:00






بۆ ئەو پێش نوێژ و مەلایەی کە لەدەرگای دواوەی لقی ٤ و مەڵبەندەوە موچەی مفت وەرئەگرن و ڕێنمایی لە حزب وەرئەگرن بۆ ئەوەی لەڕۆژانی هەینی بیکەنە دەستکەلای ووتەکانیان. ئەم جۆرە پیاوە ئایینیە مشەخۆر و ساختەچیانە کە زۆربەیان نەك هەر بەڕۆژ نەبوون و زۆربەی کات بەلەشی پیسەوە پێش نوێژی ئەکەن و لەئاست ئەو هەموو نایەکسانی و گەندەڵیانەی ئەم دوو پارتەدا (سوم و بوکم)یان هەڵبژاردوەو بۆ عەرەبێکی فەلەستینی خۆیان شین و مۆر ئەکەنەوەو بە(ئیخوە فی دین)ناوزەندیان ئەکەن و بۆ کوردانی ژێر دەستی تورك و فارسەکان هیچ ناڵێن و وەك ئەوەی ئەم کوردانە موسڵمان نین و هیچ فەرزێك بۆ یەزدانی خۆیان ناکەن.

بۆ سەرۆکی فەخری عێراقی عروبەی فیدڕاڵ، ئەو سەرۆکەی کە هەر خەریکی درۆ و نیفاقە و لەژیانیدا نەنوێژێك ،نەفەرزێك ، وە نە سەدەقەیەکی کردوە.. کەچی دێت خۆیمان لێ ئەکا بەسێبەری خواو پیرۆزبایی لەم و لەو ئەکاو ئەم مانگە بەپیرۆزترین ناودێنێ و کەچی هەر لەم مانگەدا زۆرترین ساختەو فرت و فێڵ لە کورد ئەکا تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆی و بنەماڵەکەی.. ئەم بەناو سەرۆکەی کە بەگیان زیندوو بەجەستەو قەباغ مردوو، ئەوەندە ڕوو قایمە پیرۆزبایی لە ئۆپۆزیسیۆن و ئەو کەسانە ئەکا کەخۆی نانبڕاوی کردون و ئازاریانی داون.

بۆ سەرۆکی بەناو هەرێم، کە ئەو ١٠٠٠ نەفەرەی هەیەتی هەر خەریکی پێدانی پلەو پۆستە پێیان و هیچ باکێکی بە خەڵکانی تر نیەو بەدرۆوە لەم ئاخرەدا جامانەیەکی ڕەشی کردە ملی و چوە ژێر دارەمەیتێکی ئەنفالێك، ئەو بەناو سەرۆکەی کەهەر خەریکی زیندانی کردن،ئازاردان، کوشتن و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان و خەڵکانی بەئەمەك و دڵسۆز بۆ گەل و نیشتمان.. ئەم بەناو سەرۆکەی کەبۆ مردنی جەندرمەیەکی تورك فرمێسك ئەڕێژێ و لەم لاشەوە خەریکی داڕشتنی شەڕی ناوخۆیە بۆ کوردانی ڕۆژئاوا

بۆ سەرۆکی پەرلەمان و حکومەت لە هەر خەریکی شتی لاوەکین و فڕکان فڕکانی دزینی سەروەت و سامانی ئەم گەلەن و جگە لەوەی سفەرە ڕەخەرێکی باشن و بۆ دوژمنان، کەچی بەوەشەوە نەوەستاون و پەرلەمانیان کردوە بە شوێنی تێپەڕاندنی ئەو بڕیارانەی تەنها لەخزمەتی هەردوو بنەماڵە دزەکەی کوردستانە.. بۆ ئەو سەرۆکی حکومەتەی کە نەیتوانی دوو هەرێمی بکاتەوە بەیەك و دوو حکومەتی زەردو سەوز بنەبڕ بکا..

بۆ ئەو بەناو ڕۆشنبیرو ڕووناکبیرانەی کە بەپارەی دزراوی ئەم گەلە تینوێتی و برسێتی حەزە نەخۆشەکانیان تێر ئەکەن و خەریکی دەهۆڵ و زۆڕنا ژەنینن بۆ دەسەڵاتی خۆسەپێن. ئەم بەناو خوێنەوارانە کە مەسعود و جەلالمان لێ ئەکەنە ماندێلاو گاندی و پێیان وایە شایەنی خەڵاتی نۆبڵ و شتی لەو جۆرەن، ئەم بەناو نوسەرانەی کەتەنها لەخەمی ئەوەدان پەرتوکەکانیان زوو زوو بەچاپ بگەینن و پارەی درۆنامە و فاڵەکانیان وەرگرن.بۆ ئەو سوخرەچیانەی دەسەڵات کە لەکاتی پێوستدا ئەبنە داکۆکیکەراو مافناس و حەقبێژی مافیاکان،کاتی کە زانیان بینەقاقای دەسەڵات لەلایەن جەماوەرەوە پەستێوراوەو تەنگی پێهەڵچێنراوە.

بۆ هەموو ئەو کەسانەی بەناو ئایین و مانگی ڕەمەزان ئازادی تاك تەسك ئەکەنەوەو داوا ئەکەن نادیەکان دابخرێ، کچان وژنان لەماڵەوە قەتیس بکرێن ، پەرتوکێك بەدڵی ئەوان نەبێ سانسۆری بکەن و قەدەغەی کەن، وەیان نەهێڵن چێشتخانەکان بکرێنەوە تەنها چەند دانەیەکیان کەمۆڵەتیان پێدراوە،وەیان ئەوانەی بەبیانوو پاساوی ڕۆژووەوە ئەوەی ئەیانەوێ ئەیکەن و لەسەرەدا ناوەستن، حەوسەڵەیان لێهەڵئەگیری و لەگەڵ تڕی خۆیان بەشەڕ دێن.. بۆ ئەمانەی سەرەوە ئەڵێم هیچ کات ئێوە بۆتان نیە باس لەشتێك بکەن کە نەك هەر باوەڕتان پێی نیە، بەڵکە بازرگانی پێوە ئەکەن و خۆتانی پێوە با ئەدەن. پێتان ئەڵێن ڕەمەزان و هیچ شتێکی ترتان لێ پیرۆز نەبێ و خوا بەخراپی خۆتان لەگەڵدا بکات و بتان باتەوە بۆ خەزێنەکەی خۆی ولە کۆڵ ئەم میلەتە قوڕبەسەرو نەگبەتە ببنەوەو خوا نەتان هێنێتەوە و کرمە ڕێزبن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە