کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


له‌و جێیانه‌ی گیانی داهێنان ده‌مرێت

Saturday, 21/02/2015, 12:00




داهێنان، جیاوازبوون، نوێبوونه‌وه‌، حه‌زی گۆڕانکاریی... زاره‌وه‌گه‌لێکی جوانن و پێداویستی رۆژانه‌ی بواره‌ جیاوازه‌کانی ژیانن، ئه‌م ته‌قه‌للاو ئه‌رکه‌ش به‌ هه‌موو که‌سێك ئه‌نجام نادرێت، چونکه‌ گرانه‌و به‌رپرسیاریه‌تی و به‌ره‌نجامی لێده‌که‌وێته‌وه‌، هه‌میشه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ ناو بازنه‌ی کۆمه‌ڵدا جێیان نابێته‌وه، باوی دۆگما جاڕسیان ده‌کات، هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌و بازنه‌ داخراوانه‌ ده‌رچن که‌ وه‌ك به‌ندیخانه‌یه‌ك بۆ گیانی سه‌رفرازو هزری باڵایان ته‌ماشای ده‌که‌ن و ده‌ست و پێیان کۆت و زنجیر ده‌کات. ئه‌وانه‌ی وا ده‌بینن داهێنان پرۆسه‌یه‌کی تاکه‌ که‌سییه‌و هه‌رگیز له‌ خولگه‌ی کۆمه‌ڵه‌و ڕێکخراو و ده‌سته‌و حیزبدا به‌ ئاکام ناگه‌یه‌نرێت، کۆمه‌ڵێك فیکری ته‌مبه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییان هه‌یه‌ و به‌ و بێ ئیستیحقاق پله‌و پایه‌یه‌کی ماددییان ده‌سخست هه‌رگیز ناهێڵن له‌ ده‌ستییان ده‌رچێت و ڕێگاش به‌ که‌سی تر ناده‌ن هه‌وڵ بدات له‌ خۆیان جیاوازتر بێت، جیاواز له‌ بیرکردنه‌وه‌و شێوازی هه‌وڵ و داهێنان و ته‌نانه‌ت شێوازی ژیانیشدا، به‌ درێژایی مێژووش ئه‌م زۆرانبازییه‌ هه‌ر به‌رده‌وامییه‌تی بووه‌و هه‌ر وابووه‌. به‌ تایبه‌تی تر له‌ ناو ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ی ڕژێمی تۆلیتاریی هزرو بوون زاڵ ده‌بێت به‌سه‌ر شێوازی بیرکردنه‌وه‌ی تاکه‌کانداو هه‌ر ئه‌و هێزه‌ هاوشێوه‌ قوچه‌کیه‌شه‌ که‌ ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ی ره‌خساندووه‌ بۆ ئه‌و جۆره‌ که‌سانه‌ له‌و زه‌مینه‌ له‌باره‌دا به‌رده‌وامی بده‌ن به‌مه‌له‌وانی خۆیان، به‌ڵام ده‌روونی ئازاد زۆر سه‌رکه‌شه‌ هه‌رگیز ناتوانرێت له‌ قاڵب بدرێت، مه‌گه‌ر به‌ ته‌سلیم بوون نه‌بێت له‌و په‌ڕی بێ توانایی خاوه‌نه‌که‌یه‌وه‌، وه‌ك گالیلۆ که‌ له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتی دادگای نه‌فامی به‌رژه‌وه‌ندیخوازدا وتی هه‌رچه‌نده‌ ده‌زانم زه‌ویش ده‌سوڕێته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌وا دانی پیا ده‌نێم که‌ جێگیره‌و چه‌سپاوه‌ و ناسوڕێته‌وه‌.
گه‌ر زیاتر وردتر له‌ مه‌یدانی وێژه‌و هونه‌ری کوردی ڕابمێنین، هه‌ر هه‌مان دۆخ تیایدا زاڵه‌، ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌ کۆمه‌ڵه‌ ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌کانن ڕێگا به‌ جگه‌ له‌ خۆیان ناده‌ن ئه‌سپی داهێنان و خزمه‌تکردن تاوبده‌ن، هه‌موو سه‌رچاوه‌یه‌کیان نه‌ك لێ وشك ده‌که‌ن، به‌ڵکو ده‌بنه‌ چقڵ له‌سه‌ر ڕێیان و هه‌زار کۆسپییان بۆ دروست ده‌که‌ن، ئه‌وانه‌ی له‌ ژێر ناوی ده‌زگای ئه‌ده‌بی و هونه‌ریشدا خۆیان پێ وایه‌ به‌ره‌نده‌ی گۆڕه‌پانی خزمه‌تکردنن و له‌ ژێره‌وه‌ بۆ لایه‌نێك و به‌ وتاری وان ده‌نووسن و بیر ده‌که‌نه‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌ ناو ئه‌و حیزبه‌شدا ئه‌وانه‌ی بواری نووسین و ئیمتیازاتیان ده‌بێت، ده‌بێت سه‌ر به‌و باڵه‌ی حیزب بن که‌ فڵان مه‌سئول ئه‌و ده‌زگایه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌بات. هه‌رواش ئه‌و بڵاوکراوه‌و ده‌زگای چاپه‌مه‌نیانه‌ی هه‌مان دۆگمابوون له‌ ناخه‌وه‌ کۆتی کردوون، جگه‌ له‌ بازنه‌ی خۆیان ده‌رفه‌ت به‌ ده‌نگێکی جودا ناده‌ن وشه‌یه‌ك له‌ چاپه‌مه‌نیه‌کانیاندا بڵاوبکاته‌وه‌، ته‌نانه‌ت گه‌ر خانمێکی جوان به‌رهه‌مێکی ناکامڵیشی هه‌بێت زۆر له‌ پێشتر لاپه‌ڕه‌ گرنگه‌کانی بۆ ته‌رخان بکرێت وه‌ك له‌و که‌سه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی په‌یوه‌ندیه‌کانی خۆیاندایه‌و هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ك نابیننه‌وه‌ له‌ زیادکردنی ئه‌و ناوه‌ ته‌نانه‌ت له‌ ژماره‌یه‌کی فه‌رهه‌نگی گۆڤاره‌که‌یاندا... له‌ ژینگه‌ی وا ناته‌ندروستدا خوێنه‌ران و نووسه‌رانی جددی بزر ده‌بن و دووره‌په‌رێز و گۆشه‌گیر ده‌بن چونکه‌ هزرو بوون و گیانێکی سه‌رفرازو مه‌زنییان هه‌یه‌ و هه‌رگیز له‌ناو ئه‌و قاڵبه‌ ته‌سکانه‌دا جێیان نابێته‌وه‌و وا هه‌ست ناکه‌ن بوونی سروشتی خۆیان وه‌رده‌گرن و ده‌توانن له‌گه‌ڵیدا ب‌ژین.
ئه‌وه‌ی گرنگه‌و سه‌راحه‌ت ده‌به‌خشێت به‌م نووسینه‌ ئه‌وه‌یه‌، گه‌ر پێمان خۆش بێت یان نا، ئه‌وا با دڵنیابین ئه‌مه‌یه‌ واقیعی چینی رۆشنبیران و ئه‌دیبان و نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندانی ئێستای کوردی و هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وای کردووه‌ ئه‌وان هیچ بوون و رۆڵێکیان له‌ مه‌یدانی واقیعدا نه‌بێت و به‌هیچ جۆرێك جێ په‌نجه‌یان دیارنه‌بێت له‌سه‌ر بواره‌ جۆراوجۆره‌کانی ژیان وهیچ کاردانه‌وه‌ هه‌ڵوێستێکی راستگۆییانه‌یان لێ ره‌چاونه‌کرێت، وته‌ی ئه‌و بیرمه‌نده‌ زوو زوو رامانده‌چڵه‌کێنێت که‌ گوتوویه‌تی چۆن کۆیله‌ ده‌توانێ ئازادی فێر بکات؟ به‌ڵێ ئه‌مه‌ راسته‌، ته‌نیا کۆیلایه‌تی حاڵه‌تێکی به‌رجه‌سته‌ نییه‌، به‌ڵکو کۆیلایه‌تی گیان و ده‌روون و هزریش هه‌یه‌، ئه‌وانه‌ن هه‌رگیز ناتوانن وه‌ك خۆیان بیربکه‌نه‌وه‌و بنووسن و دابهێنن، به‌ڵام له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ حه‌نای توانجی ده‌زگا و کۆمه‌ڵه‌و به‌رپرس و چاپه‌مه‌نییه‌کان و پشی پشییان بێ منه‌تن و خۆیان و بوون و داهێنانیان و ژیانیان زۆر له‌وه‌ مه‌زنتر ده‌بیننه‌وه‌ که‌ خودو که‌سایه‌تی خۆیان بگۆڕنه‌وه‌ بۆ هه‌ر شتێکی تر. هه‌ر ئه‌مانه‌شن ده‌توانن به‌و ئه‌رکه‌ مه‌زنه‌ی شۆڕشی گۆرانکاری هه‌ستن له‌ بواره‌کانی خۆیاندا. ‌


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە