كۆنگرەی سێی یەكێتی باڵی كۆسرەت رەسوڵ تێكدەشكێنێت
Saturday, 22/05/2010, 12:00
*كۆسرەت رەسوڵ كوڕی سەردەمی قەیرانەكانە و ئەو بۆشاییانە دەقۆزێتەوە كە لە سەركردایەتی یەكێتیدا دروست دەبن *دەتوانین كۆسرەت رەسوڵ بەیەكێك لەو سەركردانە بناسێنین لەسەر پرنسیپەكانی مەكیاڤیللیەت هەنگاو هەڵدەگرێت *شكستی یەكێتی لە هەولێر بۆ باڵی كۆسرەت كە قورساییەكەی لەناو ئەو شارەدا بوو چەند قات زیاتر بوو *پێشبینی دەكرێت خەتی گشتیی بڕیاری تێكشكاندنی خەتی كۆسرەت و تواندنەوەیان بخاتە ئەولەویەتی كارەوە یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، ساڵی 1975 وەك حزبێكی بەرەیی لە شام راگەیاندرا، یەكێتی ئەوكاتە لە سێ باڵی سەرەكیی پێكهاتبوو "خەتی گشتیی، كۆمەڵەی رەنجدەران، بزووتنەوەی سۆشیالیستی". هەریەك لەم سێ پێكهاتە سیاسییە جیاوازە خاوەنی گووتار و روانگەی جیا جیا بوون، ئەگەرچی هەموویان بەوە رازی بوون لە یەك حزبدا بەناوی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و لەژێر رابەرایەتی جەلال تاڵەبانی كۆببنەوە، بەڵام بەدرێژایی شانزە ساڵی پێش راپەڕین باڵەكانی ناو یەكێتی شەڕی گەرم و ساردی یەكتریان كردووە و زۆرجاریش ئینشقاق و جیابوونەوەی لێكەوتۆتەوە وەك جیابوونەوەی بزووتنەوەی سۆشیالیستی لە دەیەی هەفتاكانی سەدەی رابردوو و جیابوونەوەی ئاڵای شۆڕش بەسەركردایەتی مەلا بەختیار لە دەیەی هەشتاكاندا.
ئەگەرچی لەدوای راپەڕینەوە بە رووكەش وا دەبینرا هەموو باڵەكان لەناو بۆتەی یەكێتیدا تواونەتەوە، بەڵام لە واقیعدا ئەو دیمەنە سەرەكییەی نیشانی خەڵك و هێزە سیاسییەكانی تر دەدرا وێنای راستەقینەی ناوخۆی حزبی یەكێتی نەبوو، چوونكە شەڕ و ململانێی سیاسیی باڵەكانی ناو ئەو حزبە بەجۆر و شێوەی تر لە ناو واقیعی دوای راپەڕیندا بوونیان هەبوو و درێَژەیان بەو رابردووە پڕ لە ململانێیە دەدا كە یەكێتی لە قۆناغی خەباتی شاخدا دەرگیریی ببوو، وەلێ كۆمەڵە و بزووتنەوەی سۆشیالیستی و شۆڕشگێڕان وەك رێكخراوی سەربەخۆ بوونیان نەمابوو، بەڵام ئەمەش یەكێتی نەكردە حزبێكی یەكگرتوو، بەپێچەوانەوە ئەمجارە باڵباڵێن و دەستەگەراییەكی نوێ سەریهەڵدا كە لەسەر بنەمای وەلای شەخسی بوون بۆ ئەقتابەكانی ناو یەكێتی. كە كۆسرەت رەسوڵ لەدوای راپەڕینەوە بەهۆی ئەو بنكە جەماوەرییەی لە شاری هەولێر و دەوروبەری و لەناو هێزی پێشمەرگەدا هەیبوو لەماوەیەكی زەمەنی زۆر كورتدا توانی وەك جەمسەرێكی بەهێز خۆی نمایش بكات. ئەمەش رۆڵی كۆسرەت رەسوڵی هەرچی زیاتر هەڵشكاند و لەوە بەدوا هیچ بڕیارێكی یەكێتی بەتایبەت لە سەروەختی شەڕی ناوخۆدا تێنەپەڕیوە بەبێ ئەوەی راوێژ و پرس و را بەو سەركردە سەربازییەی ناو یەكێتی نەكرێت.
سیڤی كۆسرەت رەسوڵ
عەبدوڵڵا رەسوڵ عەلی ناسراو بە" كۆسرەت" لە ساڵی 1952 لەگوندی شیواشۆك سەر بەقەزای كۆیە لەپارێزگای هەولێر لەدایكبووە، لەساڵی 1974 بەشداریی كردووە لە شۆڕشی ئەیلوولدا و ساڵی دواتر پەیوەندیی كردووە بەكۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە. دەرچووی پەیمانگای كشتوكاڵە. ساڵی 1977 لەلایەن رژێمی بەعسەوە زیندانی كراوە. ساڵی 1981 بووەتە ئەندامی سەركردایەتی رێكخستنە نهێنییەكانی ناوخۆی كۆمەڵە. قۆناغەكانی پێشمەرگایەتی وەك سەركردەیەكی سەربازیی بەتوانا بڕیوە و لەماوەیەكی كەمدا و بەپشتگیریی نەوشیروان مستەفا لەساڵی 1983 بەرزكراوەتەوە بۆ ئاستی سەركردایەتی كۆمەڵە. لەساڵی 1984 بەرپرسی مەڵبەندی چواری یەكێتی بووە و پاشان كە هەردوو مەڵبەندی سێ و چوار دەكرێنە یەك، ئەو دەبێتە بەرپرسی مەڵبەندە نوێیەكە. لە كۆنگرەی یەكەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سەرەتای ساڵی 1992 بە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی هەڵبژێردراوە، پاشان لە كابینەی دووەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا لەساڵی 1993 بووەتە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، لە سەروەختی شەڕی ناوخۆدا رۆڵێكی كاریگەریی هەبووە و سەركردایەتی زۆرێك لە جەنگ و رووبەڕووبوونەوەكانی لەگەڵ هێزەكانی پارتی كردووە. پاشان لەساڵی 2004 یەكێك بووە لەو سێ ئەندام مەكتەب سیاسییەی یەكێتی لەپاڵ نەوشیروان مستەفا و عومەری سەید عەلی نامەیەكی گرنگیان ئاڕاستەی مام جەلال سكرتێری گشتیی حزبەكەیان كرد بەمەبەستی ئەنجامدانی چاكسازیی لەریزەكانی یەكێتیدا. لە كۆنگرەی دووەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەولاوە "ساڵی 2001" بۆتە لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی و پاشان بووەتە جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتی.
كۆسرەت رەسوڵ پێشمەرگەیەكی دیار و سەركردەیەكی سەربازیی و تاراددەیەكی كاریزمیی ناو یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بووە، بەو هۆیەوە توانیوویەتی وەك یەكێك لە جەمسەرە دیارەكانی ناو حزبەكەی رۆڵ لە داڕشتنی بڕیار و ئاڕاستەكردنی سیاسەتی یەكێتیدا بگێڕێت. كۆسرەت رەسوڵ لە خەباتی پێشمەرگایەتیدا چەند جارێك بریندار كراوەو لەگەلێك رووبەڕووبوونەوەی قورس بەشداریی كردووە، زۆرترین ئەو چالاكییانەشی لە رۆژانی پێشمەرگایەتیدا ئەنجامیداون لە دەشتی هەولێر و بالیسان و دۆڵی ئاكۆیان و شەقڵاوە و ناوچەكانی دەوروبەری شاری هەولێر بووە، بۆیە نفوسی راستەقینەی ئەو دەكەوێتە ناوچەكانی دەوروبەر و ناو شاری هەولێر.
باڵی كۆسرەت رەسوڵ چۆن بەهێزبوو؟
لەقۆناغی پێش راپەڕینی ساڵی 1991دا ئەگەرچی ناوبانگی كۆسرەت رەسوڵ وەك پێشمەرگە و فەرماندەیەكی مەیدانی و سەربازیی بڵاوببووەوە، بەڵام سەنگ و قورسایی ئەو لەناو رێكخستنەكان و هێزی پێَشمەرگەدا نەگەیشتبووە ئەو راددەیەی وەك یەكێك لە جەمسەرە بەهێزەكانی ناو یەكێتی حیسابی لەسەر بكرێت. هەربۆیە ناوبانگی كۆسرەت رەسوڵ نەیدەتوانی لە ناوبانگی مامەریشە تێپەڕێت، چجای ئەوەی ئەو ناوبانگە بیكاتە ركەبەرێكی سەرەكیی باڵەكانی تری ناو حزبەكەی، بەڵام وەختێك راپەڕین روودەدات هاوكێشەكە سەرلەبەر هەڵدەگەڕێتەوە و دەبینین كۆسرەت رەسوڵ وەك قارەمانێكی ئەفسووناویی لەناو هەولێردا دەردەكەوێت و خەڵكێكی زۆر بەتامەزرۆییەوە تەنانەت هەوڵی بینینی ئەو هەڵۆیە دەدەن كە زۆریان لەبارەوە بیستووە و هێشتا نەیاندیوە، ئەو لە زۆربەی بەرپرسە هەولێرییەكانی یەكێتی بەناوبانگترە و خۆشەویستریشە، پاشان بە زیرەكی و وریایی خۆی ئەو خۆشەویستیی و ناوبانگەی بەكاردەهێنێت لە بەهێزكردنی پێگەی خۆیدا، بۆیەكا یەكێتی دەستنیشانی دەكەن بۆ سەرۆكایەتی دووەمین كابینەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
بەبڕوای من بەدەستەوەگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی حكوومەت هەلێكی زێڕین بوو بۆ كۆسرەت رەسوڵ لەراستای بەهێزكردنی زیاتری پێگەی خۆی و دروستكردن و قووتكردنەوەی جەمسەرێكی بەهێز و تایبەت بەخۆی لەناو یەكێتیدا، لەم رۆژگارانەشدا نەوشیروان مستەفا كە هەمیشە كەسی دووەمی ناو یەكێتی بووە، بەنیگەرانییەوە سەری خۆی بۆ لەندەن هەڵگرت، ئەمەش یارمەتی زیاتر خەونەكانی "كۆسرەت"ی دا، تا لەو بۆشاییەی بەهۆی نیگەرانی و تۆرانی نەوشیروانەوە لەناو یەكێتی دروستببوو، خۆی بەهێز بكات و ببێتە جێگرەوەی نەوشیروان.
كات و بارودۆخەكە، فەزای خێڵەكییانەی ناو شاری هەولێر و هەستی شارچێتی و عەشیرەتی لەلایان، هەموو پێكەوە یارمەتی ئەو سەرۆك حكوومەتەیان دەدا كە بەخێراییەكی راددە بەدەر هەوڵی جێ قایمكردنی كوتلەكەی دەدا، بۆیە سەرۆكایەتیكردنی حكوومەت و بەكارهێنانی دارایی و تەنانەت وەزیفەی حكومی بۆ قەرەباڵغكردنی دەستەكەی و فراوانكردنی بنكەكەی و پەلهاویشتنی بۆ ناو شارەكانی تری كوردستان، یەكێك بوو لەشانسە بەهێزەكانی كۆسرەت رەسوڵ، پاشان لەقۆناغی كابینەی سێیەم و دوولەتبوونی ئیدارە لەكوردستان ئەم حاڵەتە زۆر بەزەقی هەست پێدەكەین و دەبینین باڵی كۆسرەت رەسوڵ دەبنە نوێنەری حزب و حكوومەت و سایە دەكەن بەسەر هەموو پۆستە هەستیارەكانی ناو یەكێتی و حكوومەتدا.
یەكێك تر لە هۆكارە سەرەكییەكانی گەشەكردن و بەهێزبوونی پتری باڵی كاك كۆسرەت بۆ بەرپابوونی شەڕی ناوخۆی كوردستان دەگەڕێتەوە، بەهۆی ئەو شەڕەوە كۆسرەت رەسوڵ وەك سەركردەی سەربازیی یەكەمی یەكێتی و تاكە رابەری مەیدانی ناو هێزەكانی پێشمەرگە دەردەكەوێت، ئەگەرچی "جەبار فەرمان" لەرووی پۆستی حزبییەوە وەك كۆسرەت رەسوڵ بوو، لەرووی سەربازیشەوە شانی لەشانی ئەو دەدا، بەڵام بەو هۆیەی جەبار فەرمان لایەنگرێكی جەماوەریی و عەشایەریی نەبوو، پاشان بەهۆی ئەوەی وەك كۆسرەت رەسوڵ پارە و دارایی حزب و حكوومەتی لەبن دەست نەبوو، هەلی ئەوەی بۆ نەڕەخسا وەك كۆسرەت رەسوڵ ببێتە سەركردە و رابەرێكی جەماوەریی و خاوەن فراكسیۆنی تایبەت بەخۆی. بەكورتیی شەڕی ناوخۆی كوردستان، زەمینەی ئەوەی سازدا كۆسرەت رەسوڵ زیاتر بەناوبانگ و خاوەن نفوس بێت، لەمەشیاندا نەوشیروان مستەفا دیار نەبوو دەنا ئەو مەلی بەختە لەسەر شانی كۆسرەت رەسوڵ نەدەنیشتەوە یان هەر هیچ نەبێت نەیدەهێشت بەو خێراییە ببێتە خاوەنی نیوە و بگرە زیاتری یەكێتی نیشتمانیی كوردستان.
فۆبیای كۆسرەت رەسوڵ
خەتی گشتیی و لەسەرووی هەموویانەوە خودی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتیی یەكێتی، بەردەوام ترسیان لەگەشەی زۆرتری باڵی كۆسرەت هەبوو، تا ئەو راددەیەی دەترسان لە ئەنجامدا دۆخەكە بگاتە راددەی زاڵبوونی تەواوەتی ئەو سەركردەیە بەسەر یەكێتیدا، بۆیە هەمیشە خەتی گشتیی و مام جەلال كۆمەڵێك پلانی ژێراو ژێر و جیا جیایان هەبووە بۆ سنوورداركردنی چالاكیی و گەشەی ئەو باڵە، ئەو هەنگاوە لە كۆنگرەی دووەمی یەكێتی نیشتمانیی كوردستاندا بەزەقی بەدەركەوت، ئەوەبوو بینیمان لەسەرەتای هەنگاودا سەرۆكایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆسرەت رەسوڵ سەندرایەوە و د.بەرهەم ساڵح لەئەمەریكاوە هێنرایەوە بۆ كوردستان بەمەبەستی جێگرتنەوەی وەك سەرۆكی حكوومەت، "د.بەرهەم"یش كەسایەتییەكی پارێزگار و بێلایەن بوو، بە فەرمی تائێستاش لەسەر هیچكام لە باڵەكان خۆی ساغ نەكردۆتەوە. دوا بەدوای لێسەندنەوەی سەرۆكایەتی حكوومەت، پرۆسەیەكی تر بۆ كێوماڵكردن و پاكتاوكردنی لایەنگرانی كۆسرەت رەسوڵ لە پۆستە حكومیی و حزبییە هەستیارەكاندا دەستیپێكرد، ئەمەش سەرەتای یەكەمین پاشەكشەپێكردن بوو بە باڵی كاك كۆسرەت لەماوەی دە ساڵی دوای راپەڕیندا.
وەك دەزانین هاتنەوەی نەوشیروان مستەفا لەو سەروەختەدا لەسەر داخوازیی مام جەلال و بۆ سنوورداركردنی كوتلەی كاك كۆسرەت بوو، لەو دەمانەدا نەوشیروان رۆڵێكی گرنگ و بایەخداری بینی لە یارمەتیدانی مام بۆ بەرەو رووبوونەوە لەگەڵ ئەو مەترسییانەی كۆسرەت لەسەر كورسییەكەی مام دروستیكردبوو، بەو هۆیەوەی كاك نەوشیروان خاوەنی بنكەی جەماوەریی و هەودارانێكی زۆربوو لەناو رێكخستن و هێزەكانی پێشمەرگەدا پلانەكەی خەتی گشتیی و خودی مام جەلال بە ئاسانیی بەدەستەوە هات. لەدوا ئاكامدا خەتی كاك كۆسرەت خرایەوە قاوغەكەی خۆی و رێگریی ئەوەی لێكرا ببێتە هەڕەشەیەكی جیددی لەسەر پۆستی سكرتێری گشتیی. ئەمەش نیگەرانیی زۆری لەلای كۆسرەت رەسوڵ و خەتەكەی دروستكردبوو، بۆیەكا كاتێك نەوشیروان مستەفا و باڵی ریفۆرم دەیانەوێت سنوورێك بۆ دەسەڵاتی بنەماڵەگەریی تاڵەبانی و خەتی گشتیی دابنێن، كاك كۆسرەت بەوپەڕی لەخۆبردووییەوە بەشداریی هەوڵەكان دەكات و یەكێكیش دەبێت لە واژۆكارانی ئەو نامەیەی بەسێ قۆڵی لەگەڵ كاك نەوشیروان و عومەری سەید عەلی بۆ "مام جەلال"ی دەنێرن لەپێناوی ئەنجامدانی كردەوەی ریفۆرم لەریزەكان و ئەدا و شێوازی مامەڵەكردنی یەكێتی نیشتمانیی كوردستاندا.
بەم هەنگاوە كۆسرەت رەسوڵ جارێكی دیكە وەك قوتبێكی بەهێز دێتەوە مەیدان، بێگوومان لەگەڵیدا فۆبیای خەتی گشتیی زیاد دەكات، تەنانەت بەشێك لە چاودێران و سیاسەتوانان پێیانوایە پێدانەوەی دوو ساڵی ماوەی سەرۆكایەتیكردنی كابینەی پێنجەم لەلایەن یەكێتییەوە بە نێچیرڤان بارزانی لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدا بووە كە مام بۆ لاوازكردنی كۆسرەت لە شاری هەولێر ناوێتی. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا دەبینین دوای هاتنە دەرەوەی نەوشیروان مستەفا و بەشێك لە هاوڕێكانی لە ریزەكانی یەكێتی و دامەزراندنی كۆمپانیای وشە، جارێكی دیكە خەتی كۆسرەت رەسوڵ رۆڵ پەیدا دەكەنەوە و وەك جەمسەرێكی بەهێزی یەكێتی لەناو گۆڕەپانەكەدا دێنەوە مەیدان، بۆیەكا ئەم بۆشاییەش دیسان بە سوودی شەخسیی كۆسرەت و باڵەكەی تەواو بوو، هەر بۆیە دەتوانین بڵێین كۆسرەت رەسوڵ كوڕی سەردەمی قەیرانەكانە و بەردەوام ئەو بۆشاییانە دەقۆزێتەوە كە لە سەركردایەتی یەكێتیدا دروست دەبن. ئەم بەهێزبوونەوەی باڵی كۆسرەت لەدوای دەرچوونی تەواوەتی باڵی ریفۆرم لە یەكێتی و دروستكردنی بزووتنەوەی گۆڕان هەرچی زیاتر كێرڤی بەرزتر بووەوە، بۆیەكا باڵی گشتیی و خودی مام لە سەرەتای هەوڵێكی تردان بۆ نووچدان بەو خەتە، بۆ راپەڕاندنی ئەو كارەش تازەترین و نزیكترین رێگا ئێستا لەبەردەستیاندا بێت كۆنگرەی سێیەمە كە وا بڕیارە لەرۆژی یەكی حوزەیرانی داهاتوو بگیرێت.
كۆسرەت رەسوڵ و سیاسەتی ماكیاڤیللیانە
كۆسرەت رەسوڵ لەمامەڵەی سیاسیی و بەرەو رووبوونەوەی ئەو پێشهاتانەی لەناو بۆتەی یەكێتیدا روودەدەن، لەزۆربەی جارەكاندا رەچاوی پرنسیپەكانی مەكیاڤیللیەتی كردووە و لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندیی شەخسیی و كوتلەگەرایی رەفتاری كردووە. لە ساڵی 2004 لەو نامە هاوبەشەی لەگەڵ نەوشیروان و عومەری سەید عەلی بۆ "مام جەلال"یان ناردبوو، بەخێرایی پەشیمان دەبێتەوە و سەد و هەشتا پلە بەپێچەوانەوە، پشتگیریی هەڵوێست و روانگەكانی مام دەكات. دیارە ئەم پشتكردنە هاوڕێكانی و پەشیمانبوونەوەیە لە ناوەڕۆكی نامەیەكی وەها مێژوویی، لە دوا شیكردنەوەدا مەكیاڤیللیەتی، كۆسرەت رەسوڵ نیشاندەدا كە بۆ مەیسەركردنی خەونەكانی خۆی و بەهێزكردنی پێگەی خۆی لە ناسكترین كاتدا پشتدەكاتە ئەو هاوڕێیانەی بەدرێژایی ساڵانێك لە پەنا یەكتردا بۆ یەك ئامانجی سیاسیی و حزبی كار و خەباتیان كردووە. ئەوەبوو بینیمان دوای ئەو پەشیمانبوونەوەیە رۆڵی پەیدا كردەوە و تەنانەت لەو رێگایەوە توانی بۆ ماوەی چوار ساڵ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم دەستبخات.
لەهەنگاوی دووەمدا و لەسەرەتای ساڵی 2009 كۆسرەت رەسوڵ لەتەك چوار ئەندام مەكتەب سیاسییەكەی باڵی ریفۆرم "عوسمانی حاجی مەحموود، عومەری سەید عەلی، مستەفای سەید قادر، جەلال جەوهەر"، وازنامەی پێشكەش بە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی كرد و رایگەیاند ئیدی ئەو لەدەرەوەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كار دەكات، بەڵام لەماوەیەكی كورتدا و بەهۆی هەندێك بەڵێن و وەك دەوترێت پارە و دارایی كە لەلایەن "مام جەلال"ەوە پێیدرا لە وازنامەكەی ژیوان بووەوە. دەبینین ئەم كردەیە و هەڵوێستی چوار هاوڕێكەی بەكارهێنا بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی و قایمكردنی هەرچی زیاتری پێی خۆی لەناو مەركەزی بڕیاری یەكێتیدا. بەم بۆنەوە دەتوانین كۆسرەت رەسوڵ بەیەكێك لەو سەركردە سیاسییانە بناسێنین كە لەسەر شێوە و پرنسیپەكانی مەكیاڤیللیەت هەنگاو هەڵدەگرێت و بەرژەوەندیی و خواستە سیاسییەكانی هەر لەو رێگەوە دەهێنێتە دی.
بەپێی بۆچوونی زۆربەی چاودێرانی سیاسیی و سیاسەتوانانی كورد ئەم هەڵوێست و هەنگاوانەی كۆسرەت رەسوڵ ئەگەر بۆ ماوەیەكی كورت و راگوزەر، توانیبیان سوودی پێبگەیەنن، ئەوە بەپێچەوانەوە لەدرێژ ماوە و لەپێش چاوی جەماوەری كوردستان زیانی زۆر گەورەی لێداوە، چوونكە لە راددەی متمانەی هێناوەتە خوارەوە و وایكردووە لە هەندێك پرسی چارەنووسسازدا پشتی پێنبەسترێت. بەكورتییەكەی سیاسەتی مەكیاڤیللیەت نەك نەیتوانیوە كێرڤی كۆسرەت رەسوڵ و گروپەكەی بەرز بكاتەوە یان بیگێڕێتەوە بۆ دۆخی سەردەمی شەڕی ناوخۆ، بەڵكوو رۆژ بە رۆژ بەرەو خوارەوەی دەباتەوە كە دوور نییە لەئاكامدا هەرەسیشی پێبهێنێت، كە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی رۆژی حەوتی ئازاری رابردوو یەكێكە لەو بەڵگە زەقانەی راستێتی ئەو بۆچوونەی ئێمە لەهەموو روویەكەوە دەسەلمێنن. لەپوختەترین دەربڕیندا كۆسرەت رەسوڵ لە پیادەكردنی سیاسەتی مەكیاڤیللیانەدا نەك ناتوانێت شان بدات لە شانی مام جەلال و بەچۆكیدا بهێنێت، بەڵكو بەهەموو شێوەیەك وای لێكردووە لە بەرانبەر مام جەلال و خەتەكەیدا رۆژ لەدوای رۆژ لە لاوازیی بدات.
هەڵبژاردنی حەوتی سێ باڵی كۆسرەت رەسوڵی لاواز كرد
هەڵبژاردنی رۆژی حەوتی ئازاری رابردوو بۆ سەرجەم یەكێتی جۆرێك لە شكست و پاشەكشەی نیشاندا، دوو هۆكاری سەرەكیی رۆڵیان هەبوو لە قووڵكردنەوەی ئەو شكستە ئەوانیش شەڕ و ململانێی باڵەكانی ناو یەكێتی و ناشارەزایی و خراپ بەكارهێنانی تەكنیكەكانی هەڵبژاردن بوون. بەشێوەی گشتیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەرباری هەوڵێكی زۆر و تەخشان و پەخشانكردنی پارە و داراییەكی خەیاڵی نەیتوانی نیوەی پارتی كورسی بەدەستبهێنێت، بە بێگوومانیش شكستی یەكێتی لە شاری هەولێردا لەهەموو جێگەیەكی تر قووڵتر و بەرچاوتر بوو، چوونكە سەرباری بەدەستهێنانی نزیكەی 120 هەزار دەنگ، تەنیا یەك كورسی ئەو شارەی بەدەستهێنا كە ئەویش بەكۆتای ئافرەت بوو. ئەم داتایە ئەگەر بەراووردی بكەین بە كورسی پارتی لە سلێمانی ئەوە قەبارەی شكستەكەمان زۆر بەروونتر بۆ دەردەكەوێت، چوونكە پارتی لە پارێزگای سلێمانی توانی بە 83 هەزار دەنگەوە سێ كورسی لە كۆی هەشت كورسییەكەی لیستی هاوپەیمانی ببات، كەچی یەكێتی نەیتوانی بە120 هەزار دەنگەوە لە كورسییەك زیاتر لە 10 كورسیی هاوپەیمانی كوردستان لە پارێزگای هەولێر بباتەوە، ئەم شكستەی یەكێتی لە هەولێر بۆ باڵی كۆسرەت رەسوڵ كە قورساییەكەی لەناو ئەو شارەدا بوو چەند قات زیاتر بوو.
ئەگەر ئێمە كۆیە لە هاوكێشەكە بكەینە دەرەوە و دەنگەكانی تر بە یەكسانی دابەشی هەردوو باڵە سەرەكییەكەی ئێستای یەكێتی بكەین، وەك هاوكێشەیەكی ماتماتیكی ئەوە روون دەبێتەوە لانی زۆری دەنگەكانی باڵی كۆسرەت رەسوڵ ناگاتە 50 هەزار دەنگ، ئەمەش هەم بۆ یەكێتی جۆرێك لە شۆك بوو، هەم بۆ خودی كۆسرەت رەسوڵ، هەر بەو هۆیەوە كۆسرەت رەسوڵ لەگەڵ ئاشكرابوونی دەرئەنجامە سەرەتاییەكانی هەڵبژاردنەكە باری دەروونی و تەندروستی تێكچوو، بەپەلە سەردانی یەكێك لە كلینكە پزیشكەكانی ئەوروپای كرد بەمەبەستی چارەسەری پزیشكیی. ئەم شكستەی یەكێتی بەگشتیی و باڵی كۆسرەت رەسوڵ بەتایبەتی لە شاری هەولێر سەرەتای قۆناغێكی تازە دەبێت و هەموو ئاماژەكانیش بۆ ئەوە دەچن باڵی گشتیی و خودی جەلال تاڵەبانی دەیانەوێت ئەو خەتە بەتەواوەتی كەنارگیر و گۆشەگیر بكەن و قورسایی لەسەر بڕیار و ئەجیندای یەكێتی كەم بكەنەوە تا سنووری سڕینەوە.
مافی ئەوەمان هەیە بڵێین ئەو ئەنجامە خراپ و پێشبینی نەكراوەی یەكێتی و باڵی كۆسرەت رەسوڵ لە پارێزگای هەولێر، ئەنجامی خراپتر و نێگەتیڤی دەبێت لەسەر چارەنووس و پاشەڕۆژەی ئەو باڵە، هیچ نەبێت كۆدەنگیی و بڕیاری سڕكردنیان دەچێتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە، ئەمەش وا دەكات كۆسرەت رەسوڵ و دەستەكەی تووشی سەرگەردانییەكی سیاسیی گەورە بن و نەتوانن بەرگەی ئەو دۆخە بگرن. ئەگەرەكانیش دوای ئەوە زۆرن، هەر لەجیابوونەوە و درێژەدان بە ململانێ تا دەگاتە دووبارەكردنەوەی ئەزموونی نەوشیروان مستەفا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حكومدان لەوبارەوە كارێكی زووە و لۆجیكی سیاسیی پشتگیریی لە رمڵلێدان لەو بوارەدا ناكات.
كۆنگرەی سێ باڵی كۆسرەت رەسوڵ تێكدەشكێنێت
بۆچوونێك هەیە و ئێستا لەسەر زاری سیاسیی و رەشۆك و هەموو چین و توێژەكانەوە دەوترێتەوە، ئەویش ئەوەیە، پارتی و یەكێتی و گۆڕان لەسەر هیچ شتێك كۆك و تەبا نەبن لەسەر بێهێزكردنی كۆسرەت رەسوڵ و باڵەكەی هاودەنگ و یەك هەڵوێستن. بۆیەكا پێشبینی ئەوە دەكرێت خەتی گشتیی لەرێی كۆنگرەی سێیەمی یەكێتییەوە بڕیاری تێكشكاندنی تەواوەتیی خەتی كۆسرەت و تواندنەوەیان بخاتە ئەولەویەتی كارەوە. چوونكە هەست بەوە دەكرێت هەتا ئەو خەتە بمێنێت نەخۆشی دەستەگەریی لەناو یەكێتیدا نەك بە پەیمانێكی ئاكار بە دە كۆنگرەی تریش كۆتایی پێ نایەت، پاشانیش ئەو خەتە لە ئێستادا زۆر لەوە لاوازتر و بێ ئیرادەترە كە یەكێتی متمانەی بكاتە سەر یان لەپەرچەكردارەكانی بترسێت، لەبەرئەم ئەم فاكتۆرە دوو رێگەی زۆر ترسناك لەبەردەم كۆسرەت رەسوڵ دا ماوەتەوە كە هەردووكیان بەمانای مەرگی خەونەكانی ئەو دێن. رێگەی یەكەم، گەڕانەوەیە بۆ ژێر چەتری تاڵەبانی و هەڵوەشاندنەوەی كوتلەكەی لەناو بۆتەی خەتی گشتیدا، كە ئەمەیان ئەگەرچی كارێكی ئاسان نییە بەڵام رێگەیەكی موستەحیلیش نییە. رێگەی دووەمیش بریتییە لە چوونە دەرەوە لە یەكێتی بەو چەشنەی نەوشیروان، لەگەڵ زانینی ئەو راستییەی هیچ زەمینەیەك بۆ كۆسرەت گونجاو نییە لەدەرەوە وەك ئەوەی بۆ نەوشیروان و بزووتنەوەكەی رەخسا.
كۆنگرەی سێیەم بەشێوەیەكی گشتیی بۆ یەكێتی زۆر هەستیار و چارەنووسسازە، هەموو خەونەكانی داهاتووی ئەو حزبە بەم كۆنگرەیەوە بەستراوە، وەلێ پێشبینی دەكرێت كۆنگرەكە بەفۆرمێكی ئاسایی و بێ تەنگژە تێنەپەڕێت، ئەگەری ترسناكتریش هەیە كە ئەم كۆنگرەیە بەتەواوەتی شیرازەی یەكێتی بپچڕێنێت و كۆمەڵێك جیابوونەوە روو بدات، یان هیچ لەدۆخی ئەمێستای یەكێتی نەگۆڕێت، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هەر لە هەنووكەوە دیارە كۆسرەت رەسوڵ و باڵەكەی نەك هیچ ئومێدێكیان بە كۆنگرە نییە و هیچیش لەبارەیەوە نادوێن بەڵكوو ئەوەندەی هەستی پێدەكرێت كۆنگرە بەیەكێك لە بۆمبە ترسناكەكانی بەردەمیان سەیر دەكەن، چوونكە وەك لەپێشەوە وتم خەتی گشتیی نایەوێ چیتر ئەو باڵە بەمشێوەیەی ئێستا و بەو هێز و داراییەی هەیەتی بمێنێتەوە، ئەمەش لەدوا شیكردنەوەدا جۆرێكە لە كوشتن و سڕینەوەی لەسەر شانۆی سیاسیی.
لەسەرێكی تریشەوە بەحوكمی ئەوەی كۆسرەت رەسوڵ دەرگیری نەخۆشییەكی درێژخایەن و سامناكە و ئەو وزە و توانایەی جارانی نەماوە و باڵەكەشی وەك جاران ناتوانن رووبەڕووی تەحەدییاتەكانی بەردەمیان ببنەوە، ئەگەری ئەوە هەیە گەمەكە بە ئاسانیی بدۆڕێنن، ئەگەری ئەوە هەیە بوونیان وەك جەمسەرێكی قسە رۆیشتوو و كاریگەر و بەشدار لەدروستكردنی بڕیاردا بۆ هەمیشە كۆتایی پێبێت. ئەگەرچی ئێمە هەموو ئەوانەی دەیڵێین و نووسیوومانە لەچوارچێوەی ئەگەردان و بۆچوونی تایبەتی و شیكردنەوەی شەخسین، بەڵام روودانیان شتێكی دوور نییە و لەوانەیە لەكۆنگرەی سێیەمی یەكێتیدا باڵی كۆسرەت رەسوڵ بەشێوەیەك هەرەس بهێنن هەنووكە نەتوانین پێشبینی بكەین، چوونكە وەك وتم ئیرادەیەكی بەهێز هەیە بۆ سڕینەوەیان و تەنانەت دەرپەڕاندنیان لەناو یەكێتیدا.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست