کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئاگاداریی و وشیارییه‌ک له‌ کوردستانپۆسته‌وه‌ بۆ خاوه‌نی هێڵی ئینته‌رنێت و ته‌له‌فون و موبایله‌کان

Saturday, 29/01/2011, 12:00


رووداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی تونس و میسر، که‌ جه‌ماوه‌ری تووڕه‌ و چه‌وساوه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ رژانه‌ سه‌ر شه‌قام و راپه‌ڕینیان دژی ده‌سه‌ڵاتداره‌ دیکتاتۆره‌کانی خۆیان ئه‌نجام دا، به‌شێکی سه‌رکه‌وتنه‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شۆڕشی ته‌کنه‌لۆژیا و ئینته‌رنێت، که‌ زۆربه‌ی په‌یوه‌ندیی و رێکخستنه‌کانی پێکه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کتر گرێ دا و خه‌ڵکی به‌یه‌کتره‌وه‌ به‌سته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاتانه‌ بۆ به‌ربه‌ستکردن و که‌مکردنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسییه‌ له‌سه‌ر خۆیان، یه‌که‌م هه‌نگاویان بڕینی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ بوو، تا ده‌نگه‌ ناڕازییه‌کان له‌ یه‌کتر بترازێنێت، ئه‌ویش به‌ بڕینی هێڵی ئینته‌رنێت، به‌تایبه‌تیی فه‌یس بووک و یوتوب و فلته‌رکردنی ئه‌و سایتانه‌ی که‌ وه‌ک ئۆپۆزیسیۆن ده‌نگی ناڕه‌زاییان تێدا بڵاوده‌کرایه‌وه‌.
هه‌ر دوێنێ سوریا، ئه‌رده‌ن و جه‌زائیر و چه‌ند وڵاتێکی تر که‌ مه‌ترسی ته‌وژمی راپه‌ڕین رووی تێکردوون، ئه‌وانیش به‌ هه‌مان شێوه‌ هێڵی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌یان بڕی.
له‌ کوردستانی خۆشماندا ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی که‌ مۆنۆپۆلی زۆربه‌ی هێڵی ئینته‌رنێت و که‌ناڵی ئاسمانی و راگه‌یاندنه‌کانیان کردووه‌، جیاوازتر له‌و وڵاتانه‌ش‌ خۆیان وه‌کو بازرگانێک بوونه‌ته‌ موڵکداری ئه‌و شوێنانه‌، به‌نیازن هه‌مان هه‌نگاو بنێن و تا ئیستاش به‌شێک له‌و کارانه‌یان ئه‌نجامداوه‌، بۆ نمونه‌:
1) ده‌نگ و گوێبیستیی په‌یوه‌ندییه‌کانی ته‌له‌فونیان خراپ کردووه‌ و له‌ کاتی قسه‌کردندا له‌ پڕ ده‌بڕێت.
2) وایان کردووه‌ زوو وه‌حده‌ی موبایله‌کان به‌تاڵ بێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌ زۆرتر وه‌ربگرن و خه‌ڵکیش توانی کڕین و پڕکردنه‌وه‌یان‌ که‌متر بکه‌نه‌وه.
3) ره‌قابه‌ خستنه‌ سه‌ر موبایل و ته‌له‌فونه‌کان، به‌تایبه‌تیی ئه‌وانه‌ی که‌ په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی کوردستاندا هه‌یه‌.

دیسان له‌ کوردستانه‌وه‌ ئه‌م به‌یانییه‌ هه‌واڵمان به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌، که‌ ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ ده‌یه‌وێت به‌ ته‌واویی هێڵی په‌یوه‌ندییه‌کان نه‌هێڵێت و به‌ یه‌کجاری خزمه‌تگوزاری ئینته‌رنێتیش ببڕێت، ئیستا له‌ زۆر شوێن کۆمپانیاکان، فلته‌ریان له‌سه‌ر کوردستانپۆست داناوه‌ته‌وه‌.

ئێمه‌ لێره‌وه‌ به‌ پێویستمانزانی ئه‌م هه‌واڵه‌ وه‌کو ئاگادارییه‌ک بڵاوبکه‌ینه‌وه‌ له‌هه‌مان کاتدا وشیاریی به‌و بازرگان و که‌سانه‌ بده‌ین له‌ نمونه‌ی حاجی موحه‌مه‌دی بامۆکی و فاروقی مه‌لا مسته‌فا، که‌ بیر له‌ کارێکی وا نه‌که‌نه‌وه‌ و هێنده‌ی دیکه‌ رقی جه‌ماوه‌ری کوردستان هه‌ڵنه‌ستێنن،. ئێمه‌ وه‌کو زانیارییمان وه‌رگرتووه‌، که‌ فاروقی مه‌لا مسته‌فا بە نیازە هێڵی مۆبایلى ئاسیا سیل دابخات له‌گه‌ڵ هێڵی ئنتیرنیتى (گۆران نییت) كە ئەویش بەشى هەر ە زۆرى ئینته‌رنێتی شاری سلێمانی دابین كردووە. ئه‌م کۆمپانیایانه‌ هی فاروقی مه‌لا مسته‌فایه‌، که‌ به‌شێکی لە گەل یەكیتى نیشتیمانی شەریكە.

ئێمه‌ دیسان وشیاری به‌ فاروقی مه‌لا مسته‌فا ده‌ده‌ین، که‌ به‌ زووترین کات ئه‌و فلته‌ره‌ش لابه‌رێت، که‌ خستوویه‌تییه‌ سه‌ر کوردستانپۆست، هه‌روه‌ها بیر له‌وه‌ نه‌کاته‌وه‌ به‌ته‌واویی هێڵی ئینته‌رنێت و موبایلیش ببڕێت، هه‌ر کارێکی وا بکات به‌ خراپترین تۆڵه‌ و رقی ئه‌و خه‌ڵکه‌ به‌ سه‌ریدا ده‌شکێته‌وه‌. دڵنیاشی ده‌که‌ینه‌وه‌، که‌ کۆتایی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ هاتووه‌، چاکتره‌ له‌وه‌ زیاتر خۆی لای جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان ناشرینتر نه‌که‌ن.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە