کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


جاشایه‌تیی و خیانه‌ت کردن پاساوێکی ناشرینه‌، چه‌کداره‌کانی ئه‌مڕۆ به‌ چ شه‌رمێکه‌وه‌ وه‌ڵامی ئه‌و خه‌ڵکه‌ ئه‌ده‌نه‌وه‌؟

Sunday, 01/05/2011, 12:00


چه‌کداره‌کان کێن ؟ ئه‌وانه‌ی به‌شه‌قامه‌کاندا وه‌ربوون، ئه‌وانه‌ی خۆیان له‌به‌رگی په‌ڵه‌ په‌ڵاویادا حه‌شار دابوو، ئایا چه‌کداره‌کان ڕۆڵه‌ی هه‌مان میلله‌تن ؟ که‌واته‌ بۆچی وا ئاسودانه‌ و خه‌نیی له‌و به‌ر خۆره‌دا وه‌ستابوون و له ‌خه‌ڵکی سه‌ر شه‌قام و ڕێبواره‌کان مۆڕه‌یان ده‌کرد؟‌
چه‌کداره‌کان ئه‌وانه‌ن، که‌ مامۆستاکانیان و به‌شێک له‌ خۆشیان له‌ هه‌مان قوتابخانه‌ی به‌عسه‌وه‌ به‌عسی کوردییه‌وه‌ گۆشکراون و هاتون، به‌ هه‌مان میتۆد و هه‌مان بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌وان ره‌فتار ده‌که‌ن، ئه‌وان به‌عه‌ره‌بی قسه‌ده‌که‌ن، وه‌ک جفره‌ بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵکه‌ راپه‌ڕیوه‌که‌ تێنه‌گات له‌و ‌زمانه‌ نامۆیه‌ ، به‌ڵێ چه‌کداره‌کان چۆن ده‌چنه‌ به‌ره‌ی خه‌ڵکه‌وه‌ له‌کاتێکدا ئه‌وان کۆیله‌ بوونیان لاپه‌سه‌نده‌، ئه‌وان ده‌زانن له‌ ژماره‌ی ئه‌و هه‌موو جاش و ئه‌من و ئیستخبارات و فایلدارانه‌ی سه‌رانی شۆڕش و 31ئاب و ئاشبه‌تاڵ و 17شوبات ، هیچ نه‌کرا ته‌نها له ‌سه‌کۆکه‌ی سلێمانی و به‌رده‌رکی سه‌رادا شاعیره‌کان ده‌سته‌ی نه‌زاهه ‌و نووسه‌ره‌کان چه‌ند دێڕ شیعرو چه‌ند وتارێکی گه‌رمو گوڕیان خوێنده‌وه‌، بکوژه‌کانیش خه‌ڵات کران، ئه‌وانه‌ جاشه‌کانی خه‌فیفه‌ بوون ئه‌وانه‌ی ئه‌نفالیان کرد، ئه‌وانه‌ی موسته‌شار بوون، هه‌موویان ئیستا خاوه‌نی ته‌کێ و دیوه‌خان و موچه ‌و به‌راتن، ئه‌وان هیچیان به‌رامبه‌ر نه‌کرا، بۆیه‌ له‌ رێگای خزمه‌تکردن و چه‌ک هه‌ڵگرتن و بوونه‌ پیاوی ده‌سه‌لات به‌مه‌رامه‌کانت ده‌گه‌یت، له‌سه‌رده‌می دوای راپه‌ڕیندا ، پێش ئه‌وه‌ی جاش و موسته‌شاره‌کان ده‌ستیان بگاته‌ مه‌سعود و جه‌لال و روویان جوان بکه‌ن، موسته‌شارێکی جاشم دوان ئه‌و ووتی من توانیم عه‌شره‌ته‌که‌م بپارێزم و دوونامه‌ی تاڵه‌بانی و بارزانی پیشان دام که‌ ئاگاداریان کردۆته‌وه ‌و گڵۆپی سه‌وزیان بۆ هه‌ڵکردوه‌ ببێته‌ جاش . کاتێک ووتم عه‌شره‌ته‌که‌ی تۆ چه‌ند که‌س ده‌بێت؟ ووتی 300 پیاوه‌ ووتم خاڵۆ 300 پیاو گرنگه‌ یان 40ملیۆن مرۆڤ؟ ئه‌و جاشه‌ گیانی نیشته‌ سه‌ر عه‌ره‌ق ووتی: من به‌م ته‌مه‌نه‌وه‌ بیرم له‌وه‌ نه‌کردۆته‌وه‌ ، که‌ خیانه‌ت کردن پاساوێکی ناشرینه‌ ، به‌ڵام من راسته‌و خۆ له‌ئه‌نفالدا به‌شدار نه‌بووم به‌ڵام ئاگام له‌ ورده‌کاری ئه‌نفال هه‌یه‌ ، من ده‌مه‌وێت بیره‌وه‌ری خۆم بنووسمه‌وه‌، ووتم تۆ خاوه‌نی بیره‌وه‌ریه‌کی هێنده‌ ناشرینی چاکتره‌ بیبه‌یته‌ ژێر گڵ، وای کرد له‌ماوه‌یه‌کی که‌مدا پێ ده‌چوو ئه‌و شه‌وه‌ قسه‌کانی من کاری له‌ویژدانی ئه‌و سه‌ره‌ جاشه‌ کردبێت، وه‌ک بیستمه‌وه‌ توشی نه‌خۆشیه‌ک بوو له‌ماوه‌یه‌کی کورتدا گیانی پوکایه‌وه‌ ئیتر فریا نه‌که‌وت بۆیاخ له‌ سه‌رو سمێڵی بدات و ڕۆی تێکه‌ڵ به‌ گۆڕستانه‌ پڕشه‌هید و مردۆکان کرد، دراوسێکه‌مان که‌ سه‌رۆک جاش بوو خه‌ڵکی گونده‌که‌شییان کار ئاسانیان بۆ نه‌کرد که‌ ناپاکێک بگه‌ڕێته‌وه‌ زێدی خۆی .
ئه‌م چه‌کدارانه‌ی ئیستا له‌ناویاندا خه‌ڵکانی گه‌نج ده‌بینی ڕه‌نگه‌ ئه‌مانه‌ نه ‌له‌دور نه‌له‌نزیک به‌عسیان نه‌دیبێت، به‌ڵام ئه‌مانه‌ هه‌مان به‌رگ، هه‌مان تفه‌نگ، هه‌مان دار و هه‌مان میتۆد به‌کار ده‌هێنن بۆ سه‌رکوتکردنی خه‌ڵکی راپه‌ڕیو له ‌سته‌می ده‌سه‌ڵاتی به‌عسی کوردی . پرسیاری ئێمه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ بۆچی ئه‌م چه‌کدارانه‌ نه‌چوونه‌ به‌ره‌ی خه‌ڵکه‌وه‌ ؟
ئه‌گه‌ر گه‌لێک خوێنده‌وه‌ی نه‌بێت بۆ خودی خیانه‌ت و له مانی جاشبوون و ‌ئه‌ده‌بیاتی به‌جاشبوون قوڵ نه‌بووبێته‌وه‌، که‌ خیانه‌تکردن چییه‌ ؟ جاش بوون چییه‌ ؟ نیشتمان فرۆشتن چییه‌ ؟ خودی خائین چییه‌؟ هه‌رچییه‌ککی لێبوه‌شێته‌وه‌ و بۆنی جاشایه‌تیی لێبێت، ئه‌م گه‌له‌ چه‌ک بۆ حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ هه‌ڵده‌گرێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانێت، ئه‌مه‌ کارێکی جاشایه‌تییه‌. بۆیه‌ مێژووی تاکی کورد هه‌مان مێژووه‌ به‌ دووباره‌ بوونه‌وه‌ .
ڕۆژێکیان له‌گوندی قزله‌ر بووین، ژنێک کوڕه‌که‌ی جاش بوو گیرابوو له‌شه‌ڕدا، هات و بردیه‌وه‌، ئه‌و ژنه‌ کوڕه‌که‌ی به‌ 3000 دینار و که‌فاله‌ت به‌ر دابوو، من که ‌سه‌یری ئه‌و دایکه‌م ده‌کرد هێنده‌ ڕه‌زاگران بوو، ره‌نگه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ش لای من وا ده‌ینواند، که‌ کوڕه‌که‌ی جاش بووه‌، که‌چی دایکێکی بزێو بوو هیچ پلانی نه‌بوو، که‌ کوڕه‌که‌ی ده‌ست له‌ جاشێتی هه‌ڵگرێ ، هێنده‌ سه‌یربوو ئه‌ی ووت فه‌رقی چییه ؟‌ ئێوه‌ چه‌کداری ئێرانن و کوڕه‌که‌ی منیش هی عێراق.
ئیستا من له‌ حیکمه‌تی قسه‌که‌ی ئه‌و ژنه‌ گه‌یشتووم، که‌ به‌ڵێ راستی فه‌رموو، له ‌ووته‌ی ئه‌م دایکی ئه‌و جاشه‌وه‌ ئێمه‌ ده‌ستمان بکردایه‌ به‌خوێندنه‌وه‌ی خیانه‌ت و جیاوازی پێشمه‌رگه‌ و جاشمان بزانیبایه‌، هه‌رگیز ئێمه‌ رۆژێک رێگامان نه‌ده‌دا، تاله‌بانیی بۆ ئه‌مڕۆ سواری سه‌ری ئه‌و میلله‌ته‌ ببێت. به‌ درێژایی مێژووی ئه‌م گه‌له‌ی ئێمه‌ پڕکراوه‌ له‌ ڕووداوی خۆفرۆشی و له‌شکرکێشی و خیانه‌ت، که‌چی له‌پڕ مێژوونوسێکی وه‌ک که‌مال مه‌زهه‌ر دروست ده‌بێ و مه‌لامسته‌فامان لێ ده‌کات به ‌پاڵه‌وان و قاره‌مان، پێمان ده‌ڵێ راسته‌ میلله‌تی به‌جی هێشتوه‌ بۆ سێ ساڵ ژیان، به‌ڵام خیانه‌تی نه‌کردوه‌، که‌چی تا ئه‌و کاته‌ی مردیش مه‌لا مسته‌فا له‌سه‌ر ئه‌و خیانه‌ته‌ی که‌ میلله‌تی کوردی فرۆشت، نه‌هات داوای لێبوردنی له‌میلله‌ته‌که‌ی بکات. که‌ ڕاپه‌ڕین بوو مه‌سعود بارزانی گاڵته‌ی به‌ به‌راپه‌ڕین ده‌هات ، کاتێک نه‌وشیروان ده‌یویست له‌ قاسمه‌ڕه‌شه‌وه‌ بێته‌وه‌ به‌ره‌و نۆکان و له‌وێوه‌ بۆ قه‌لادزێ و رانیه‌ ئیتلاعات نه‌یهیشت ووتی ده‌بێ مه‌سعود له‌گه‌ڵ خۆتدا به‌ری، دوای چوونی چه‌ند جار بۆ ڕاژان و مه‌سعودیان رازی کرد بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ کوردستان ، به‌ڵێ له ‌یه‌که‌م چالاکی مه‌سعودا له‌ماڵه‌ سه‌رۆک جاشێکدا ڕۆژی کرده‌وه‌ . نه‌وشیروان مسته‌فاش له‌ کردنی جاش به‌ پێشمه‌گه‌دا هه‌مان تاوانی هه‌یه‌، چونکه‌ ووتی ئه‌مانه‌ هه‌موو پێشمه‌رگه‌ن (واته‌ جاشه‌کان)، له‌چاو تروکاندنێکدا هه‌موو ئه‌و جاشانه‌ی له‌ به‌ر چاوی مه‌سعود کرد به‌ پێشمه‌رگه‌.
بۆیه‌ ده‌ڵێم، ئه‌مه‌ ئه‌و هاوکێشه‌یه‌یه‌ ده‌بێ ئێمه‌ وه‌ک نه‌ته‌وه‌، خوێندنه‌وه‌مان بۆ پێناسه‌ی پێشمه‌رگه‌ و جاش هه‌بێت، نابێت هه‌ر که‌سه‌ هات و پێشمه‌رگه‌ی کرد به‌ جاش، جاشی کرد به‌ پێشمه‌رگه‌ لێی وه‌ربگرین و قبوڵی بکه‌ین، ده‌بێت بیخوێنینه‌وه‌ و خوێنده‌وه‌مان بۆی هه‌بێت ،ئه‌گه‌ر چی زۆر دره‌نگه‌، به‌ڵام ده‌بێ هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر بکه‌ین و جارێکی تر و سه‌د جاری تر خوێندنه‌وه‌مان بۆی هه‌بێت، له‌ دوای شه‌ڕی جیهانی دووه‌م، ئه‌و خائینانه‌ی که‌ له ‌دوور و نزیک له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانه‌کاندا بوون له‌ وولاتی نه‌رویج بۆ ناسینیان و ڕیسوابونییان، باجی خیانه‌ته‌کانیان لێوه‌رگرتن، هاتن و سه‌ریان سفر ده‌کردن ، خوێنه‌ر ده‌توانێ له‌ڕۆمانی (نهێنی یاری کاغه‌زدا به‌ڕوونی ئه‌مه‌ بخوێنێته‌وه‌) ئیستاشی له‌گه‌ڵ بێت ئه‌ڵمانییه‌کان ناتوانن بازاڕێک له ‌وولاتی نه‌رویج بکه‌نه‌وه‌، کردیشیانه‌وه‌ سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون، میلله‌تی نه‌رویجی به‌هه‌موو مانایه‌ک میلله‌تێکی زیندوون و مێژوو فه‌رامۆش ناکه‌ن ، وه‌کو ئێمه‌ی کورد نیین، به‌ڵام چاو بنوقێنن و بزانن سه‌رانی به ‌زۆر سه‌پێنراوی کورد، چۆن داڵده‌ی به‌عسیی و جاش و خۆفرۆشه‌کان ده‌ده‌ن و میلله‌تی کوردیش هیچ خوێندنه‌وه‌ی بۆ نییه‌، ئاسایی وه‌ریگرتووه‌ و بێده‌نگی هه‌ڵبژاردوه‌. کۆمێدیا له‌وه‌دا نییه،‌ له‌وه‌دایه‌ جاشه‌کان خۆیان به‌ شه‌ریفتر ده‌زانن و پاساوی ئازایه‌تی و خزمه‌ت کردنمان بۆ ده‌هێننه‌وه‌، به‌وه‌شه‌وه‌ ناوه‌ستن رۆژنامه‌کان چاوپێکه‌وتنیان له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن و قسه‌کانیان به‌هه‌ند وه‌رده‌گرن، که‌ ده‌بوو رۆژنامه‌نووسه‌کان بیان خستنایه‌ ژێر پرسیاریی قورسه‌وه‌، که‌ روویان نه‌هاتایه‌ جارێکی تر چاوپێکه‌وتن بکه‌ن، که‌چی پرسیاره‌کانیان بۆ روو سپیکردنه‌وه‌ و خاوێنکردنه‌وه‌ی ته‌وێڵیان لێده‌که‌ن، جاشایه‌تییان بۆ جوان ده‌که‌ن. بۆیه‌ مێژووی جاشایه‌تیی دووباره‌ ده‌بێته‌، ئه‌و چه‌کدارانه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ هه‌ن، خۆشیان بێت و ناخۆشیان بێت، جگه‌ له‌ جاش هیچی دیکه‌ نیین، با شانازی به‌ خۆیانه‌وه‌ نه‌که‌ن.
بکوژانی 17ی شوبات و سه‌رسه‌رییه‌کانی لقی چوار و ئه‌وانه‌ی یه‌کێتیی که‌ گه‌نجه‌کانیان کوشت و بریندار کرد، وا پاداشت ده‌کرێن و تاوانه‌کانیان ده‌سڕنه‌وه‌،‌ سه‌مه‌ره‌ له‌وه‌دایه‌ ته‌نها حیزب و سه‌رکرده‌کان تاوان بارنین ، به‌ڵکو هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ به‌شێک له ‌تاوانه‌کانیان به‌ر ده‌که‌وێت که‌ داڵده‌ی ئه‌م که‌سانه‌ ده‌ده‌ن و لایان وایه‌ ژیانی ئه‌م میلله‌ته‌ ده‌بێ وابێ .
گه‌لان که ‌ڕاده‌په‌ڕن راسته‌و خۆ هێزه‌ چه‌کداره‌کانیان ده‌چنه‌ به‌ره‌ی خه‌ڵکه، ئه‌وان چه‌کدارن بۆ به‌رگری له‌ خه‌ڵک نه‌ک له‌ به‌رپرس و له‌ ده‌سه‌ڵاتی چه‌وسێنه‌ر، سه‌یرم لێ دێ که‌سی نه‌خوێنده‌وار بکرێته‌ چه‌کدار! چه‌ک وه‌ک خه‌نجه‌ری دووسه‌ره‌ی تیژ وایه‌ چۆن ده‌بێ له‌شوێنی پارێزراو هه‌ڵبگیرێ و دوربێ له‌ ده‌ستی منداڵ و گێژ، چونکه‌ زه‌ره‌ر ده‌گه‌یه‌نێت ، ئه‌م چه‌کداره‌ تڕۆیانه‌ی له ‌سه‌ر شه‌قامه‌کانن هه‌مان منداڵن هه‌مان خه‌نجه‌ره‌ که‌ له‌ نائاگییدا وه‌کو منداڵ تیژی ده‌که‌ن، ده‌به‌نگانه‌ له‌کالان ده‌رهاتووه‌، لام سه‌یر نه‌بوو ئه‌م که‌سانه‌ی ک ه‌به‌شه‌قامه‌کاندا وه‌ربوون له‌ فه‌رمانبه‌ره‌کانی ئاسایش و دژه‌تیرۆر ئه‌شکه‌نجه‌ی خه‌ڵک ده‌ده‌ن ، چونکه‌ هه‌مان ئه‌و عه‌قڵێته‌یه‌، که‌ داگیرکه‌ران هێناوێتی بۆ نیششتمانی ئێمه‌، کاتێک چه‌کدارێک له‌ عه‌قڵ و مه‌عریفه‌ به‌تاڵ ده‌بێت، ئیتر چۆن ده‌توانێت بچێته‌ به‌ره‌ی خه‌ڵکه‌وه‌، بتوانێ به‌ حیزب و حاکمان بڵێ نا؟ من نامه‌وێ له‌ شه‌قامه‌کان بوه‌ستم، تف ده‌که‌م له‌و ئازادییه‌ی، که‌ ئاوا ناشرینی ده‌که‌ن، که‌ دوای بیست ساڵ له‌ شکرێک نه‌خوێنده‌وارو تڕۆی دروست کردووه‌ .
کرداره‌کانی پارتی و یه‌کێتی و قه‌ڵه‌مه‌ هه‌راجه‌کان کارێکی وایان کردووه‌ ئێمه‌ به‌عسمان بیر چۆته‌وه‌، ئه‌مڕۆ به‌عسی بوون شه‌ریف تره‌ له‌ و چه‌کدارانه‌ی، که‌ ئه‌مرۆ له‌به‌ر ده‌رکی سه‌رادان، چونکه‌ ئه‌وانه‌ به‌عسی و عه‌ره‌ب بوون، ئیستا ئه‌مانه‌ کوردن و به‌عسییه‌کی کوردی ناشڕینن، به‌ڵام خۆش به‌ختانه‌، ئه‌مانه‌ وا په‌روه‌رده‌ کراون،‌ له‌سێبه‌ری خۆشیان ده‌ترسن و هێنده‌ سوکن خه‌ڵک وه‌ک ته‌نه‌که‌ی خۆڵ لێیان ده‌ڕوانن، بۆیه‌ ئێمه‌ نامانه‌وێت ته‌نه‌که‌ی زبڵدانه‌ بۆگه‌نه‌کان بێته‌ ناومانه‌وه‌، کێ هه‌یه‌ ئاوده‌ست له‌ناو ژووری دانیشتندا دروست بکات؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە