هیچ سەیر نەبو، دەبوایە هەر وابوایە !
Sunday, 10/08/2014, 12:00
1969 بینراوە
داگیرکەرانی کوردستان، لە پێشی پێشەوەیان عەرەب، هێشتا بڕوای تەواویان بە توندوتیژی هەیە وەک شێوازێکی کاریگەر لە سیاسەتدا!
ئێمە لە سوریا و عێراق بەزۆر ناچارکراوین لە گەڵ عەرەبدا بژین. لە دوای ڕوخانی سەدامەوە بۆ چرکەیەک عێراق ئارامیی بەخۆیەوە نەبینیوە، ئەو عەرەبانەی هەڵوێستی مرۆڤدۆستیان بەرامبەر بە کورد هەیە کەمن و هیچ دەسەڵاتێکیان نیە، زۆرینەی ئەو سیاسیە عەرەبانەی ئێستا دەسەڵاتیان هەیە یا دەشێ لە ئایندەدا دەسەڵاتیان هەبێت، بەرامبەر بە کورد یا نادۆست و ناهاوڕێ و بەدگومانن یا ناحەزن یا ڕقیان لێمانە یا بە ڕون و ئاشکرا دوژمنمانن و کورد ، بە تایبەتی کوردی عێراق تاوانباردەکەن کە نیازی دروستکردنی ئیسرائیلی دوهەمی هەبێت. ئەگەری پەلاماردانی کورد لە لایەن عەرەب و ئێران و تورکیاوە هەمیشە ئەگەرێکی بەهێز و ئامادەبووە ، کەواتە پارتی و یەکێتی لە ١٩٩١ وە حوکمدەکەن دەبوایە کوردیان بۆ ئەگەری بەهێزی شەڕی بەرگری ئامادە بکردایە. شەڕ بەم هۆکارانە دەکرێت: بە بیروباوەڕ ، بە چەکی مۆدێرن و کارا ، بە نەخشەی زیرەکانە و پسپۆڕانە ، بە گەنجی پڕوزە و توانا و ڕاهێنراو لە سەر چۆنێتی شەڕکردن و هەروەها بە پشتگیریی تەواوی گەل لە پشتی بەرەکانی شەڕەوە. پارتی و یەکێتی، بەتایبەتی دوای ڕوخانی سەدام و کردنەوەی سنورەکان و دروستکردنی دوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دەیانتوانی لە بازاڕی قانونی و ناقانونی (قاچاخ) چەک جگە لە چەکی ئەتۆمی هەمو چەکێکی تر بکڕن، بەڵام چەک بە پارە دەکڕدرێ و پارەش درا بە کۆشک و تەلار لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان، پارە لە بانکەکانی ئەمریاکا و ئەوروپا و تورکیا خەوێنراوە، لە ئۆردوگای زەڕایەن پارتی داوای لە لایەنگرانی خۆی کردوە بە چەکی ژەنگاوی خۆیان بچن بۆ شەڕ! ئەو بڕە چەکەیشی کە کڕیان بۆ بەرەنگاربونەوەی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخوازی کوردبوو، فەرهاد ئوتروشی پارێزگاری دهۆک بە پۆزە وە هەڕەشەی لە گەنجانی بێوەی و ناتوندوتیژی ناڕازی دهۆک کرد کە دەستیان دەبڕێت! مرۆڤ کاتێک بە بیروباوەڕەوە شەڕدەکات کە لە سیستمێکی ڕەوا و دیموکراتدا بژی، پارتی و یەکێتی ئینسانی کوردیان برسی و نانبڕاو و بێئیش و بێئایندە و زەلیلکرد، کۆمەڵی کوردیان دابەشکرد بە سەر زۆرینەیەکی نەدار و هەژار و توێژێکی چەند هەزارکەسی کە مشەخۆری بێبەرهەمی خاوەن چەند ملیۆن و چەند ملیارد دۆلار کە هەمویان یا لە بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانن یا بە شێوازی جۆراوجۆرلە سەر خوانی ئەوان دەژین و پڕۆژەکانی ئەوان بەڕێوەدەبەن. بە پێوەری خێڵەکی و حیزبایەتی و دڵسۆزی بۆ بنەماڵە پلە و پایەی سەربازی بە سەر کەسانێکدا دابەشکرا کە هیچیان لە هونەریی شەڕ نەدەزانی. لە بەر ئەو هۆیانەی سەرەوە بینیمان ئەوەی سەرۆکی هەرێم ڕایگەیاند لە بەرگریەوە دەچینە هەڵمەت و پەلاماردان بۆ سەر داعش نەک هەر ڕووی نەدا بەڵکو ڕێک بەپێچەوانەوە داعشی دڕندە و تاوانبار بەنداوی موسڵیان کۆنترۆل کرد و چونە ناو شاری مەخموریشەوە.