کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


داخستنی زانكۆ و بایكۆتی خوێندن له‌ دیدی ڕاگه‌یاندندا

Tuesday, 26/04/2011, 12:00


له‌ دوای بڵاو كردنه‌وه‌ی به‌یاننامه‌كه‌ی گۆڕانه‌وه‌،چاوه‌ڕوانكردنی بارودۆخه‌كه‌ به‌ ته‌واوی دیاری كراو و جێگه‌ی پێشبینی بوو. به‌ تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی له‌ میسر و تونس ڕوویدا،زۆرێك له‌ لایه‌نگرانی ئۆپۆزسیۆن خوازیاری شۆڕشێكی گه‌وره‌ی وه‌ك ئه‌و شۆڕشانه‌ بوون. به‌ پشت به‌ستن به‌ شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تی و نا دادگه‌ری و بێ دادی و گه‌نده‌ڵی و تا ڕاده‌یه‌كی زۆریش دیكتاتۆریه‌ت له‌ كوردستان، هه‌موو ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ بوون كه‌ به‌ڵێ زه‌مینه‌ی وه‌ها شۆڕشێك له‌ ئارادایه‌ و به‌ تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ دوای دوو ده‌یه‌ هێشتا باس له‌ ساوابوونی ئه‌زموونه‌كه‌ی ده‌كرد و ده‌كات و خۆپیشانده‌رانیش هه‌رزوو وه‌ڵامیان دایه‌ و به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانیان وت ئه‌گه‌ر ئه‌زمونێك له‌ دوای بیست ساڵ باڵغ نه‌بوبێت ئیدی ئه‌وه‌ ساوایه‌كی شیره‌ خۆره‌ نییه‌ به‌ڵكو كه‌سێكی په‌ككه‌وتووه‌ كه‌ ئه‌بێت ببرێت بۆ خانه‌ی ساڵمه‌ندان و له‌وێ له‌گه‌ڵ كه‌سانی وه‌ك بین عه‌لی و موباره‌ك فه‌رشی سوور بۆ قه‌زافی و عه‌لی عه‌بدوڵا ساڵح ڕابخه‌ن.


به‌ڵام ڕوداوه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌یان بۆ داڕێژرابوو ڕوویان نه‌دا،دوای ئه‌وه‌ ئه‌وه‌ی ڕوویدا ڕوویدا،مه‌به‌ستی ئه‌م وتاره‌ش باسی ئه‌و ڕووداوانه‌ نییه‌ چونكه‌ بێ ئه‌ندازه‌ باسیان لێوه‌ كراوه‌. ئه‌وه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م باسه‌دایه‌ بریتییه‌ له‌ لێكدانه‌وه‌ و كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌هو دژ یه‌كانه‌ی كه‌ كه‌م جار پێكه‌وه‌ له‌ ته‌نیشت یه‌كدا ڕووپه‌ڕی بابه‌تێك له‌ ئامێز ده‌گرن.

حه‌ڤده‌ی شوبات ڕوویدا و به‌ شوێنیدا خۆپیشاندان له‌ پارێزگای سلێمانی به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان ده‌ستی پێكرد و تا ده‌چوو شه‌هید و بریندار ڕووی له‌ زیاد بوون ده‌كرد. زۆری نه‌مابوو شاری قه‌ڵاو مناره‌ش ببێته‌ مه‌ڵبه‌ندی خۆپیشاندا ن و له‌وێوه‌ به‌ره‌ و ناوچه‌انی تر بگوازرێته‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی قوتابانی سه‌ر به‌ پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كی یه‌ك لایه‌نه‌ و به‌ بێ ئاگاداری سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا هه‌ستا به‌ داخستنی ده‌رگای زانكۆكانی پایته‌ختی كوردستان،ئه‌مه‌ش دوور له‌ پره‌نسیپه‌ مه‌ده‌نییه‌كان و نا ته‌با به‌ یاسای هه‌رێم و ته‌نانه‌ت نه‌گونجا و له‌ گه‌ڵ په‌یڕه‌وی ناوخۆی خودی ئه‌و ڕێكخراوه‌دا‌. له‌ ڕویه‌كه‌وه‌ ئه‌مه‌ سه‌ركه‌وتنێكی مه‌زن بوو كه‌ ده‌سه‌ڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ك تاكه‌ هێزی‌ ئه‌و پارێزگایه‌ به‌ ده‌ستی هێنا و توانی هه‌موو ده‌نگه‌ ناڕازییه‌كان ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی كاتیش بێت كپ بكاته‌وه‌. ئیدی له‌ دوای ئه‌و ڕووداوه‌وه‌،ئه‌م بابه‌ته‌ له‌سه‌ر زاری هه‌موو خۆپیشانده‌را ن و ڕۆشنبیران و به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر دیاریش باس و خواسی گه‌رمی كه‌نأڵه‌كانی ئۆپۆزۆسیۆن بوو. ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنج بوو هیچ كام له‌ كه‌ناڵه‌كانی ده‌سه‌ڵات گرنگیان به‌و بابه‌ته‌ نه‌دا،به‌ڵكو چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین كرد و ڕای گه‌یاند كه‌ ده‌وام به‌رده‌وام و ئاساییه‌ له‌ زانكۆكه‌یان. به‌ مانایه‌كی تر،ئه‌وان،واته‌ ڕاگه‌یاندنی ده‌سه‌ڵات، تیشكیان نه‌خسته‌ سه‌ر بابه‌تێك كه‌ خودی حیزبه‌كانیان خوڵقاندویانه‌ و له‌ سودی ئه‌وان نه‌بوو ئاشكرای بكه‌ن كه‌ ڕێكخراوێكی خوێندكاری زۆر له‌ وه‌زیری خوێندنی باڵا باڵاده‌ست تره‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ هه‌ردوو ڕێكخراوی خوێندكاران و یه‌كێتی قوتابیان،هه‌میشه‌ پێشه‌نگ بوون له‌ ده‌ست وه‌ردانه‌ كاروباره‌كانی خوێندن و به‌ تایبه‌تی خوێندنی باڵا به‌ شێوه‌یه‌كی به‌ر بڵاو. له‌ زانكۆیه‌كی وه‌ك زانكۆی دهۆك،ته‌نها وه‌ك نمه‌نه‌یه‌ك بۆ ته‌واوی زانكۆكانی تر، پێشێلكارییه‌كه‌ زۆر له‌وه‌ مه‌زنتر بووه‌ و هه‌یه‌،بۆ نمو‌نه‌ له‌كاتی ئاماده‌كاری بۆ كۆنگره‌ی سیانزه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ماوه‌ی ڕۆۆژێك ده‌وامی زانكۆكه‌ بێ هیچ پاساوێك ڕاگیرا و زۆربه‌ی خوێندكار و مامۆستان به‌شداری ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ بوون،به‌ڵكو له‌وه‌ش زیاتر ڕۆشتن و هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یان له‌ ناو حه‌ره‌می زانكۆدا ئه‌نجام دا كه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ پێشێلكارییه‌كی ڕوون و ئاشكرای ئه‌و حیزبه‌ و رێكخراو و ئۆرگانه‌كانیه‌تی له‌ دژی حه‌ره‌می زانكۆ و ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ی كه‌ دكتۆر به‌رهه‌م به‌ باج و ناسمانه‌ی كابینه‌ی شه‌شه‌می دده‌زانێت. ئه‌مه‌ش ڕویدا و هیچ كام له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كان،ته‌نانه‌ت ئۆپۆزسیۆنیش باسی لێوه‌ نه‌كرد و به‌ ڕای ئه‌وان نه‌ك زیانی له‌ خوێندن نه‌داوه‌ به‌ڵكو به‌ره‌و پێشیشی بردووه‌!


تا ئێستا ئه‌وه‌ی باسی لێوه‌ كرا باس باسی ده‌سه‌ڵاتی حیزبی دوو پارتی ده‌سه‌ڵاتدار بوو كه‌ به‌ هێچ شێوه‌یه‌ك له‌ به‌رامبه‌ر سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌كانیان له‌ لایه‌ن ڕاگه‌یاندنه‌كانیانه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه‌ نه‌بوونه‌ته‌وه‌ كه‌ جێگه‌ی سه‌رسوڕمان نییه‌! ته‌نانه‌ت هه‌ندێك جار ڕاگه‌یاندنی ئۆپۆزسیۆنیش بێ هه‌ڵوێست بووه‌ له‌ باره‌یه‌وه‌.

ڕۆژگار هاتوو ڕۆژگار چوو و دوو مانگ به‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كاندا تێ په‌ری و حكومه‌ت جگه‌ له‌ ڕاوه‌دو نان و ده‌ستگیر كردن و به‌ند و زیندانی شتێكی تری به‌ خۆپیشانده‌ران له‌ لایه‌ك و سوتاندن و بڕینی بودجه و تۆمه‌تبار كردن به‌ حیزبه‌ ئۆپۆزۆسیۆنه‌كان له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ نه‌به‌خشی،تا كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی هێزی سه‌ربازی وه‌ك دوا كارتی فشار له‌ دژی خۆپیشانده‌ران و ئۆپۆزسیۆن به‌كار هێنا و ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی كاتیش بێت كۆتایی به‌ خۆپیشاندان و گردبوونه‌وه‌كان هێنا له‌و فۆرمه‌ی ده‌ركردك كه‌ بۆ ماوه‌ی دوو مانگ به‌رده‌وامی هه‌بوو،له‌ ئه‌نجامدا به‌رده‌ركی سه‌رای ده‌سه‌ڵات و سه‌رای ئازادی خۆپیشانده‌رانیش خاڵی خاڵی كرا له‌ خۆپیشانده‌ر و پڕپڕ كرا له‌ هێزی چه‌كدار. ئه‌م جاره‌یان سه‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن بوو كه‌ كارتێكی تری فشار به‌كار بهێنێت ئه‌ویش ته‌نها و ته‌نها ناوه‌نده‌كانی خوێندن بوو. ئه‌گه‌ر گروپی زانكۆ به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان توانیبێتی خۆی وه‌ك گروپێكی خۆڕسك ده‌ربخات و به‌ده‌ر له‌ ئۆپۆزسیۆن كار بكات و بایكۆت و نه‌چوونه‌ هۆڵی خوێندن و ته‌نانه‌ت خۆپیشاندانیش وه‌ك مافێكی سروشتی خوێندكاران له‌ ئاست به‌ سه‌ربازگه‌ كردنی شاری سلێمانی له‌ قه‌ڵه‌م بدات،ئه‌وا بایكۆتی خوێندنگاكان له‌ لایه‌ن مامۆستایان و هه‌ندێك له‌ خوێندكاران نه‌یتوانیوه‌ خۆی وه‌ك كامپینێكی خۆڕسك ده‌ربخات و زیاتر له‌ ژێر ده‌ست و به‌ خواست وویستی ئۆپۆزسیۆن بووه‌. به‌و پێیه‌ش،ڕاگه‌یاندنه‌كانی ئۆپۆزسیۆن به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك پێیان وا نییه‌ كه‌ ئه‌م كاره‌ی ئه‌مانیش ده‌ست تێ وه‌ردانهی حیزبییه‌ له‌ كاروباری خوێندن،چونكه‌ دواجار ئه‌وه‌ ئه‌ندام و لایه‌نگره‌كانی ئه‌وانن پرۆسه‌ی خوێندن ڕاده‌وه‌ستێنن نه‌ك كه‌سانێكی سه‌ربه‌خۆی خۆڕسك! له‌ ئێستادا ئه‌وه‌ میدیای ده‌سه‌ڵاته‌ فرمێسك بۆ ڕۆڵه‌كانی ئه‌م گه‌له‌ ده‌ڕێژێت و پێی وایه‌ ناكرێت سیاسه‌ت تێكه‌ڵ به‌ خوێندن بكرێت چونكه‌ خوێندكار و مامۆستا،هه‌ڵبه‌ت به‌ ڕای ئه‌وان و ته‌نها له‌م دۆخه‌دا،خاوه‌نی پیشه‌یه‌كی بێ لایه‌نن كه‌ دووره‌ به‌ ته‌واوی دووری له‌ دوبه‌ره‌كییه‌ سیاسییه‌كاندا.

پرسیاره‌كه‌ لێره‌دایه‌،ئایا كاتێك خوێندنی زانكۆیه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنی حیزبێك ڕاده‌وه‌ستێت وه‌ یاخود به‌ بڕیارێكی حیزبی ده‌رگای زانكۆ به‌ ڕووی خوێندكاراندا داده‌خرێت میدیای ده‌سه‌ڵات له‌ كوێ بوو؟ بۆ ئه‌و كات زیان به‌ پرۆسه‌ی خوێندن نه‌گه‌یشت؟ ئه‌ی ئێستا كه‌ پرۆسه‌ی خوێندن له‌ لایه‌ن ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ بایكۆت كراوه‌ بۆچی میدیای ئۆپۆزسیۆن باس له‌ زیانه‌كانی ناكات له‌ كاتێكدا پێشتر باسیان له‌ زانكۆكانی هه‌ولێر ده‌كرد؟ ئایا ئه‌مه‌ به‌ چاویلكه‌ سه‌یركردنی هه‌مان بابه‌ت نه‌بووه‌ و نییه‌؟

بۆیه‌ كاتی هاتووه‌ كه‌ بینه‌ر و بیسه‌ر و خوێنه‌ری كورد له‌وه‌ بگات كه‌ هه‌ر لایه‌نێك،جا چ ده‌سه‌ڵات بێت یاخود ئۆپۆزسیۆن،به‌ پێی خواست و ویست و پێویستییه‌كانی ئارایشتی ڕووداوه‌كان ده‌كات و ئه‌گه‌ر بێت و سبه‌ینێ له‌سه‌ر بڕیارێك یان حكومه‌تێكی هاوبه‌ش ڕێك بكه‌ون،به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌بنه‌وه‌ هه‌مان برای دێرین و هه‌روه‌ك بڵێی به‌ردێك له‌ جێی خۆی نه‌جوڵاوه‌،جا پیشتر كێ ده‌رگای زانكۆی داخست و كێ كردییه‌وه‌ به‌ لایانه‌وه‌ گرنگ نییه‌،چونكه‌ هه‌رچۆنێك بێت ده‌بێت ده‌ستكه‌وته‌كان بپارێزرێت و دووبه‌ره‌كییه‌كان وه‌لا بنرێن! ئه‌مه‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌یه‌ كه‌ نه‌ دایكی هه‌یه‌ و نه‌ باوك به‌ڵام دایك و باوكی هه‌موو شته‌كانی تره‌! ئه‌وه‌ هه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌یه‌ كه‌ بارزانی و سه‌دامی كرده‌ دوژمنی یه‌ك و دواتر دۆست و ئه‌حبابی 31 ئاب. هه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌شه‌ كه‌ پارتی و یه‌كێتی تینووی خوێنی یه‌كتری كرد و ئێستاش هاوڕێ و هاوكار و پارێزه‌ری ئه‌زمونی كوردستان!ئه‌مه‌ ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌یه‌ كه‌ ڕووی هه‌وری به‌هاری سپی كردووه‌،چونكه‌ گوناهه‌ به‌ هه‌وری به‌هاریش ناوزه‌د بكرێن،چونكه‌ خوا هه‌ڵناگرێت هه‌ر ده‌مه‌ و به‌ سازێك ده‌ڕه‌قسن. شاو شیوه‌نیشیان وه‌خت و ناوه‌ختی نییه‌،پاره‌ و سه‌روه‌ت و سامان ڕووی له‌ هه‌ر كوێ بێت ئه‌وانیش له‌وێ شه‌نی خۆیان ده‌كه‌ن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە