یەکێتی و یەکگرتوو، دوو رووی هەمان دراو
Friday, 03/01/2014, 12:00
1917 بینراوە
"یەکگرتوو دەبێت بزانێت، خۆپیشاندانی چەند رۆژ لەمەو پێشی سیروان و ئەم دوو رۆژەى سەیدسادق، شکست و کورسی دۆستی ئەو لایەنە دەسەلمێنێت، بۆیە نامەى ئەعمالی پێموانەبێت هێندە سوک بێت پردی چەمی چەقان و سیراتیان بۆ هاسان بکات، یەکەمیان گەر جزمە نەیگوازێتەوە، قوڕبەسەر ئەو کاتەى پێپەتین لەدووەمیان!"
رەنگە هیچ بەردێک، یان بەردەقانەیەک هێندەى خواستێکی نەخۆش یان قسەیەکی بێزراو سەری هاوڵاتیان نەشکێنێت و لە پەل و پۆیان نەخات. ئەو مێشکەى خولیای بۆتە بازنەى چەند خولی بەردەقانەیەک، رەنگە مەستی گێژەڵوکەى دەستێک بێت لە پشتەوە خەنجەری لەجەرگی گیر کردبێت. نێچیری دار و بەرد، ئاگر و ئاسن ئەمڕۆ ئاسان خۆی لەبەردەم کامێراکاندا نماییش دەکات، زومی کامێراش ئاسان بەسەر و چاویاندا دەخلیسکێت. ئەوەی نابینرێت و کامێراش دەردی بەراز ناتوانێت ئاوڕی لێ بداتەوە، لەمێژە خۆی مەڵاسداوە و لەگەڵ هەر بەردێکدا گرەوی دەنگێک دەکات و باخەڵێک پارە دەباتەوە، هەڵبەت بە خەیاڵی خۆی!
ساویلکەیە ئەو کەسەی وابزانێت یەکێتی بێ هیچ مەبەستێک کۆنە تەزویرچییەکى کۆمیتەى هەڵەبجەى ناردووە بۆ سەید سادق، لەوەش ساویلکەتر ئەو کەسەیە هەڵەبجە دەکاتە خاوەنی ئەو کۆنە تەزویرچییە، جا خەڵکی هەڵەبجە بێت یان سەیدسادق. خەڵکی سەیدسادق، زۆرینەى زۆری، بەڵام هەمووی نا، گلەیی لە کۆمەڵێک بەرپرسی کارگێڕی پێش ٢٠٠٧-ی هەڵەبجە هەیە، کە تەنانەت خەڵکی هەڵەبجەش لێیان بێزاربوون و لەساڵی ٢٠٠٦ بە رووی رەشی ئەواندا هەڵگژا و خۆپیشاندانی ئەنجامدا. بۆ ساڵانی دواتریش، ئەوا ئەو قەزایە فریشتەى راست و چەپی، ناکیر و مەنکوری هەموو سەر بە سلێمانی بوون، بۆیە رووی دەمیان لەپارێزگاری سلێمانیە، نەک بەرپرسی کارگێڕی هەڵبەجە یان دانیشوانەکەى!
بۆ یەکگرتووش، گەر لە ساڵی نەوەدەکاندا ساوا بووبێت و نوێژی لەسەر فەرز نەبووبێت، یان لە ٢٠٠٠-ەکاندا چەوساوە و هیجرەت لەجێی جیهادی لەسەر فەرز بووبێت، ئەوا ئێستا هەم نوێژی واجبە و هەمیش جیهاد، خۆ ماشاللە لەچەند شوێنێکیش، بۆ نمونە سەیدسادق، گەر خەلیفە نا، ئەوا نوێنەری خەلیفەى لەدەستدا بووە، بۆیە گەر بزنێک پێی لار کەوتبێت یان دەنکێ گەنم سەری دەرنەهێنابێت، بەرپرسن لەبەردەم خوا و خەڵکدا. بۆیە ئەو پارتە دەبێت بزانێت، خۆپیشاندانی چەند رۆژ لەمە و پێشی سیروان و ئەم دوو رۆژەى سەیدسادق، شکست و کورسی دۆستی ئەو لایەنە دەسەلمێنێت، بۆیە نامەى ئەعمالی پێموانەبێت هێندە سوک بێت پردی چەمی چەقان و سیراتیان بۆ هاسان بکات، یەکەمیان گەر جزمە نەیگوازێتەوە، قوڕبەسەر ئەو کاتەى پێپەتین لەدووەمیان!
لایەنەکانی تریش، بە تایبەت پارتی و گۆڕان، لەم دووانە کەمتر باریان لار نییە، بەڵام لە ئێستادا لەگۆمی لێڵدا خەریکی مەلەی خۆیانن. بۆیە بە دوور نازانرێت، چاڵکەنی خۆیان بن، وەک لەمردووشۆری خەڵک!