پارێزگاى سلێمانى مۆڵەت ناداتە دامەزراوەى خێزان بۆئەوەى هاوكاریىو كۆمەك بگەیەنێتە ئاوارەكانى بنارى قەندیل .
Tuesday, 22/06/2010, 12:00
سەلام كەریم.. بەڕێوەبەرى رێگەپێدارى كۆمپانیاى خێزان لەوەڵامى ئەو پرسیارەى كەئایا ئێوە لەبەرنامەتاندابوو كۆمەك كۆبكەنەوە و بەسەر ئاوارەكانى بنارى قەندیل دابەشى بكەن بەڵام دواتر بێدەنگ بوون لەوەڵامدا ناوبراو ووتى:
دامەزراوەى خێزان كە سەر بەكۆمپانیاى خێزانە بۆرۆژنامەوانىو بڵاوكردنەوە هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنى تۆپبارانكردنى ناوچە سنورییەكانو دەربەدەربونى هاوڵاتیانى گوندنشین لەسەر سنورەكانو جێهێشتنى ماڵ و حاڵیان بانگەوازێكمان بڵاوكردەوەو تیایدا داوامان لەحكومەتو لایەنى پەیوەندیدارو كەسایەتىو رێكخراوەكان كردبوو كە بەهاناى ئاوارەكانەوە بچن كە ئێمە ئاگاداربوین لەخراپترین باردا ژیانیان دەگوزەراند.
دواتر بەمەبەستى خێراكردن لەبەهاناوەچونى لێقەوماوانى تۆپبارانەكە ستافێكى خۆبەخش لەچوارچێوەى دامەزراوەى خێزاندا هەوڵەكانمان چڕكردەوە بۆكۆكردنەوەى كۆمەك لەجۆرى خۆراك و ئاوى كانزایىو كەلوپەلى ناوماڵ.
زیاتر لەدوو هەفتەیە مامەڵەى مۆڵەتمان لەپارێزگاى سلێمانییەو هەر رۆژەو بەبیانویەكەوە دواى دەخەن، سەرەڕاى ئەوەى جارێك مامەڵەكەیان ونكرد، جارێكیتر مامەڵەكەمان پێشكەشكردەوەو داواى مۆڵەتمان كردەوە، تا گەیشتە بەردەم پارێزگار ئاگامان لێى بوو، لەدواى ئەوە مامەڵەكە راگیراوە..
سكرتێرى پارێزگار بەناوى كارزان پاش چەند جارێك سەردان پێى راگەیاندین كە بەتەلەفون لەئەنجامەكە ئاگادارمان دەكاتەوە، بەڵام دیارە رەزامەندى لەسەر دەرنەبڕاوە، بۆیە وەڵامیان نەداوینەتەوە..
لەهەولێریش گروپێك گروپى هاوشێوە كێشەى مۆڵەتیان بۆدروستكردونو ئەوەندەى من ئاگاداربم ئەو پێنج رێكخراوەى كەمپین یان بۆكۆكردنەوەى كۆمەك بۆئاوارەكان دروستكردبوو حكومەت ئامادە نەبووە مۆڵەتیان بداتى..
بەبڕواى من دەسەڵاتدارانى هەرێم وەك موجامەلەیەك بۆكۆمارى ئیسلامى نایەوێت كاردانەوەى هێرشەكانى ئێرانو توركیا زۆر بەزەقى دەربكەوێت، بەتایبەت لەسنورى سلێمانى تەنانەت رێگە بەخۆپیشاندانەكەیش نەدراو ئاوارەكانى سنورى سلێمانى لەچاو ئاوارەكانى سنورى هەولێر خزمەتگوزاریىو هاوكاریى كەمتریان پێگەیشتوە..
دامەزراوەى خێزان سەر بەكۆمپانیاى خێزان دامەزراوەیەكى گەشەپێدانى خێرخوازیی قازانج نەویستەو لەشارى سلێمانى دامەزراوە، بەمەبەستى هاوكاریكردنو پێگەیاندنى تواناى مرۆیى..
وێنەیەك لەبانگەوازەكەى خێزان
وەك لەلای هەموان ئاشكرایە بۆچەندینجارە كۆماری ئیسلامی ئێران ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان تۆپباران دەكات، بەم هۆیەوە ژمارەیەكی زۆر لەگوندنشینەكانی ئەو سنورانە زیانی ماددیو مەعنەوییان پێگەیشتوە، بوەتەهۆی چۆڵبونی گوندەكانو ئاوارەبونی دەیان خێزان بۆ ناوچەكانیتری هەرێمی كوردستان.
دامەزراوەی خێزان بۆراگەیاندنو گەشەپێدانو خێرخوازیی داوا لەسەرجەم خێرخوازان (هاوڵاتیو رێكخراو) لەهەرێمی كوردستان دەكات كە بەدەم نەهامەتییەكانی ژیانی ئاوارەكانەوە بچن كە لەئێستادا لەبارێكی زۆر ناهەمواردا ژیان دەگوزەرێنن.
هاوكات بانگەواز ئاڕاستەی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكەین دەستبەجێ تۆپبارانكردنی سنورەكانی هەرێمی كوردستان رابگرێت، هەروەها داوا لەوەزارەتە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم دەكەین كە ئەركی خۆیان لەبەهاناوەچونی هاوڵاتیانی ئاوارە بەئەنجام بگەیەنن لەروی تەندروستیو بژێویی ژیانیانەوە.
دامەزراوەی خێزان
بۆراگەیاندنو گەشەپێدانو خێرخوازیی
8/6/2010
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست