لەسێدارەدانى موعارەزە و نارەزایى
Thursday, 05/02/2009, 12:00
1888 بینراوە
وەڵامێك بۆ وەڵامنامەكەى یەكێتى و پارتى بۆ راى گشتى
دواى بڵاوبوونەوەى راپۆرتى چوارحیزبە كوردستانیەكە بۆ بەردەم راى گشتى هەرێمى كوردستان و وروژاندنى كۆمەڵێك باس و خواس و پەنجە دانان لەسەر ئەو برینانەى كە هەناوى حكومەت و حیزب و دەسەڵاتى سیاسى و سیاسى یەكانى ئێمەى خواردووە هەنگاوێكى بوێرانەیە بەرووى ئەو تارماییانەى كە خەریكە رۆڵەكانى ئەم گەلە ترسنۆك و ناواقیع بین و خەمۆكاوى بكات، چونكە ساڵانێكە بەهۆى بڤە بوونى كۆمەڵێك باس و خواس لەلایەن دەسەڵاتى سیاسى یەوە خەریكە ئازادیەكان لە داردەدرێت و دیموكراسیەت مانایەكى نەماوەوە و حیزب هەناوى حكومەتى خواردووە و گەندەڵیەكان بە شێوەیەك وەك ڤایرۆس بڵاوبۆتەوە حكومەتى هەراسان كردووە .
هەروەك پێشبینى دەكرا وەك هەر جارێك ئەم دوو حیزبە بەنەفەسێكى كورت و بەعەقلیەتێكى چەقبەستوو و ترس لە فرەیى و رەتكردنەوەى دیموكراسى و خنكاندنى ئازادى و لەسێدارەدانى موعارەزە وەڵامى راپۆرتى ئەم چوار حیزبە بدەنەوە، چونكە ئەوان نەوەى گۆشراون بە میراتى دیكتاتۆریەت و خوێن و چەك و شۆرش. حكومەتێك بەرێوەدەبەن كە دەیانەوێت هەموو هاوڵاتى بۆیان پێشمەرگە بێت و ئەوانیش فەرماندەو خەڵكى تریش دوژمن.
ئەگەر سەیرى وەڵامە پر لەهەڵچوون و بێ ئومێدى لە گۆران و بنەبركردنى گەندەڵى و تەزویرى ئەم دووحیزبە بگریت كە ئاراستەى ئەم چوار حیزبەكراوە هەمان كۆنە قەوان دوبارەكراوەتەوە كە هەر رۆژەى حیزبێكى سیاسى و كەسێكى كاریگەر لە ساحەى سیاسى هەرێم بەخۆیەوە بینیوە، باس لەزۆرینەو كەمینەى ئەنجامى هەڵبژاردن و متمانەى هاوڵاتیان دەكرێت و پرسیار رووبەرویان دەكرێتەوە و موزایەدەى دەنگى هاوڵاتى و سندووقى هەڵبژاردن دەكەن لەسەر ئەم چوار حیزبە ، بەڵام جارێكى تر ئەم دوو حیزبە دەسەڵاتدارە ئەوەیان لەبیر خۆیان بردەوە كە راپۆرتى كۆمسیۆنى بالاى سەربەخۆیى هەڵبژاردنەكان لەكوردستان سەبارەت بەهەڵبژاردنەكانى كوردستان چۆن بووەو تەزویر و سندوقى هەڵبژاردن و كارى ساختەكارى و تەنانەت كوشتن و بارەگا سوتاندن و .....هتد)بارودۆخیان چۆن بووە، دیسان خۆیان لەو گەندەڵى و كەم و كورى و ناعەداڵەتى و تێك چوونى بارودۆخى سیاسى و پەیوەندیەكانى هەرێم و ناوەند دزیوەتەوە و ئاراستەى ئەم چوار حیزبە دەكەن كە ئەمەشیان ئەو پەرى خۆشاردنەوەیە لەو واقیعە تاڵەى كە رووبەروویان كراوەتەوە. ئەگەر نا بۆ وەڵامى ناوەرۆكى راپۆرتەكە نادەنەوە.
ئەمەى لەم وەڵامدانەوە بەدى دەكرێت كوشتنى هەناسەى ئۆپۆزسیۆنە، چونكە ئۆپۆزسۆن وەك چەمكێكی بەرهەم هاتووی خۆرئاواو دەوڵەتی یاساو دەستوور ، ناكرێت ئێمە لە چوار پارتی كوردی لەكوردستانی عێراق و لە كۆمەڵگایەكی گۆشكراو بە شیری رژێمێكی دیكتاتۆری بەعسی ببینینەوە، كە بە شێكە لەكوردستانی لكێنراو بە عێراقەوە كە تا ئێستاش سنوری دیاری نەكراوە، لە شوێنێك كە دەستورێكی دەنگ بۆ دراوی نیە!
ئەو تۆمەتانەى كە ئەو دوو هێزە ئاراستەى ئەم چوار حیزبە دەكەن ماناى رابردووى خۆیان لەبیر چۆتەوە كاتێك باس لەكۆنگرەكەى قاهیرە دەكەن و خۆیان بە پارێزەرى مادەى 140 دادەنێن كە تاوەكو ئێستا نەگراوەتەوە سەر هەرێم ، بەڵكو لەبەر ئەو مونافەسە حیزبیەى كە دەیكەن لەو شارە خەڵكە تێكۆشەرەكەشیان لەخۆیان بێزاركردووە و خەڵكیش بەخائین و خۆفرۆش ناوزەد دەكەن. باس لەوەدەكەن كە ئەم چوار حیزبە ئیدانەى تۆپبارانەكانى توركیاو ئێران ناكەن و داواى ئاشكرا كردنى سەرچاوەى دارایى ئەو چوار حیزبە دەن، بەڵام ئەو چەند ساڵەى شەرى ناوخۆیان بیرچۆوە كە چۆن رژێمى بەعسى فاشى و سوپاى ئێران و توركیایان هێنایە كوردستان و ئەوەى لەدەستیان هات لەتیرۆرى سیاسى و كۆمەڵایەتى و ئابوورى بەرامبەر یەكتر و كۆمەڵانى خەڵك كردیان كە تاوەكو ئێستا سەدان كەس شوێن بزرن و چارەنووسیان دیار نیە.
بۆیە پرسى ئۆپۆزسیۆن بوون كە لە واقیعێك بین و لەهەرێمێكدا كە دوو حیزب بەڕێوەی دەبەن كەتاكە ئێستاش شەرعیەتی بوونیان لە رابردووی پڕ لەخوێن و شۆڕشەوە وەردەگرن، لە هەرێمیكدا كە حیزب و حكومەت و ئۆپۆزسۆن وخیانەت لە یەك جیا نەكرێتەوە داوا كردن لەو چوار حیزبە بەتایبەت لە یەكگرتوو كە ببێتە ئۆپۆزسیۆنێكی رووت، ، بە داواكاریەكی هەرزە كارانەی دەبنرێت، چونكە كوردستان دەوڵەتێكی قانوونی نیە كە حكومەت شوێن سنوری خۆی بزانێت و لە بەرامبەریشدا ئۆپۆزسۆنی شوێن وسنوری دیاری بێت و سەرجەم دەزگاكانی تر لە شێوەی دامەزراو و دەزگای جێگری سەربەخۆدا دیار بن، كوردستانی لەلایەن دووحیزبی خاوەن دوو میلیشای تایبەت و دوو ئاسایش بەرێوە دەبرێت كە هەر یەكەیان هەیمەنەی كردووە بەسەر بەشێكی بەشێك لەم هەرێمەی كوردستاندا!
كوردستانێك كە دەسەڵاتی جێ بەجێ كردنی بە شێوەیەكی زۆرترسناك لەلایەن ئەو دوو هێزەوە قۆرغكراوە و دەسەڵاتی یاسادانانی بە شێوەیەكی زۆر گاڵتەو ئامێز لە لایەن هەردوو مەكتەبی سیاسی و ئەو دوو هێزەوە پووچەڵ كراوەتەوە لەمانا، بێ دەسەڵاتی و سەربەخۆی نەبوونی دەسەڵاتی قەزائی بەجۆرێك كە هەمووكەس و دەسەڵا ت و خوارەوەش لەسەر هاوڕان، بەجۆرێك دادگا بوو بە شوێنی دادگایی كردنی بێ دەسەڵاتەكانە .
لە بیرمان نەچێت یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان شیعاری شەراكەوت و ئۆپۆزسۆنی بەرز كردوتەوە بۆ ئەم قۆناغە ، لەبەر ئەوە ئەگەر نەتوانین دەستخۆشی لە یەكگرتوو بكەین بۆ ئەو هەنگاوە بوێرانەی كەناویەتی رووەو ئۆپۆزسۆن بوون، بە دروستی نابنیم نیشانەی پرسیاری لەسەر بكەین.
خۆ هەمووشمان شایەتی عەیانی ئەوەشین ئەم دوو هێزە نەیانتوانی بەرگەری مانگێك بانگەشەی هەڵبژارن بگرێت و فەرسەخێك باسەكانی دیموكراسی و رای جیاواز و.. بۆ داوە گەڕایەوە لەبەرامبەر شیعاری شەراكەت و ئۆپۆزسیۆنی ئیجابی یەكگرتوودا، دەكرێت ئێوە پێمان بڵێن چی دەقەومێت ئەگەر یەكگرتوو ببێتە ئۆپۆزسیۆنی رووت و قوت لەبەرامبەر حكومەتێكی ئیفلیجى بۆ چوار ساڵ؟!! لەكاتێكدا ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجام بدرێتەوە؟!! چونكە ئەم دوو هێزە بە ئاگاداری هەموو لایەك رێككەوتوون كە ئەگەر هەڵبژاردنیش ئەنجام بدرێت ئەوا هەردووكیان دوو خولی هەڵبژاردنی تریش بە یەك لیستی هاوبەش بەژداری دەكەن.