هەڵوێستێك
Sunday, 31/05/2009, 12:00
ئەگەر چى دیموكراسى لەوڵاتى ئێمەدا باڵندەیەو خێوى سیاسەت دەیەوێ باڵەكانى بقاچێو لە فڕینى بخات، لەم لاوەش لەناو بێشەى خۆبەخۆیىو بێ یاساییدا، سیخوڕىو چەوساندنەوەى بیرو لێكترازانى پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكانى راوى دەنێن، ئەمێستا لەم هەراى دەنگدانو ژاوەژاوى لیستەكاندا گیانم دەوێت نەبێتە نێچیرو دەربازى ببێت لە بڕیاردانو روورووبەرووى مەرگ بێتەوە، ئەمەیە كروكى ژانى سایكۆلۆژى تاكى كورد، لەپاڵ گەندەڵىو سیاسەتى بۆگەنى حیزبە نەگۆڕەكاندا ، دووبارە دەخەڵەتێو ئامادەى قوربانیەكى دیكە دەبێت بە عەقڵى خۆى بۆ گەشەپێدانى چەوساندنەوە.
بە پێچەوانەیش ئەگەر دەنگى ئێمەو مانان نەبێ گیرفان پڕەكان وەكو بەحر وشك دەكەنو تەنیا رەقیبىو پاسەوانیان بۆ دەمێنێتەوە، رەنگە دەسەڵاتى غەیرە كوردیش بەم حاڵە خۆشى بێت، بەڵام ئەگەر لەناو خۆماندا لە ئاست گۆڕانو داهێناندا هەڵوێست هەبو ئەوا بێگومان، چەمكى دیموكراسیش وەكو خۆى پێناسە دەكرێت ئەوكات، كەچى لە دۆخى نالەبارى ئەمڕۆدا هەموو حیزبەكان یەكیان تەنگ بەوەى دى هەڵدەچنێت، هەر لەپاڵ ئەوەش وەكو لە كەناڵەكان دەبینین لەسەر بیرو راى جیاواز هەموو كارمەندانى ناو یەكێتى دەركرانە دەرەوەو پۆستەكانیان لێسەندرایەوە.
لەم دوو ڕیانەشدا هەڵوێستى خاوەن بیرو راى ئازاد رەنگە لەوە زیاتر نەتوانێ هاوكێشەكە رابگرێتو خۆى بە بەرپرسیار بزانێ لە لاسەنگى نێوان حیزبو دەسەڵاتدا، چونكە ئەوان بە هیچ ناگۆڕێن، راستە نانى زۆرێك لە دەنگدەرانى حیزبەكان لە چنگو گەرووى ئەژدیهاى حەوت سەرى دەسەڵاتو حیزبان دایە، بەڵام خۆ گومرگى نیە، ئەگەر بڵێن: بۆ سیاسەتمەداران چركەیەك گوێ لە میللەت ناگرن، بزانن چیان دەوێت!؟ یان لاپەڕەى رۆژنامەو سایتەكان ناخوێننەوە؟!، كێشەكان لەوەدایە ئەوان سەرجەمى رۆشنفكران بە پاشكۆى سیاسەت دەزانن، زۆر وتن لەو مەسەلانە كات بەفیڕۆ دانە، گەرچى نایخوێننەوە بەڵام دڵنیان لەوەى زۆریان نەماوە تا رەوانەى دادگاى مێژوو بكرێن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست