پارتی دەیەوێت لە ژێر تارمایی یەکێتی دەربازبێت!
Saturday, 07/05/2011, 12:00
لە حەڤدەی شوبات بە دواوە کێبڕکێیەکی ژێربەژێر لەنێوان پارتی و یەکێتی هاتەکایەوە.
پارتی بۆ ئەوەی لە تەنگژەی ئەو فشارە زۆرەی لەسەری بوو لە ئەنجامی قەتڵوعامەکەی لقی چوار پەنای بردە بەر دوو ئاڕاستە، ئەوەی لەلایەکەوە لۆمەی دەسەڵاتی ناوچەی سەوزبکات کە نەیانتوانیوە یان نەیانویستووە لق بپارێزن و، لەولاشەوە بەوەی داوا لە خودی جەلال بکەن کە یارمەتییان بدات و لەو تەنگژەیە دەریانکات.
ئەوە بوو جەلال تاڵەبانی بە هەموو شێوازێک بەرەنگاری ڕاپەڕیوەکان بویەوە و، بەو جۆرە بەشی زۆری دیدەکان ڕوویان کردە یەکێتی و، پارتی جار جار نەبێت باسی نەدەکرا.
پارتی وا هەستدەکات کە یەکێتی ڕێگەکانی هەرچی بن خەریکە دەبێتە کارەکتەری سەرەکی ناو مەیدانەکە، بۆیە لەسەر ئاستی باڵا لە هەوڵی ئەوەدایە بێتەوە ناو کایەکە و ئەویش لە وتەکانی هەرسێ کەسی باڵای ناو پارتی دا دەبینرێت، کە ئەوانیش مەسعود بارزانی و نێچیر و فازیل مەتنین.
مەسعود بارزنی زۆربەی کات لەڕێگەی وتەکانیەوە و بە بەکارهێنانی دەستەواژە و زاراوەی هەڵە دەبێتە چەقی گفتوگۆکان.
فازیل مەتنی دەیەوێت ببێتە کارەکتەرێک کە بۆشایی دوای سامی عەبدولڕەحمان پڕبکاتەوە، بەوەی کە وەکو کەسێکی شارەزاو دیبلۆماسی خۆی دەربخات و پنتی کردنەوەی گرێکان بێت.
نێچیریش هەروەک چۆن چاوەڕێ دەکرێت خۆی وەکو نەوەی نوێ و گەنج و تازەخوازی نێو پارتی نیشان دەدات و، دەیەوێت ببێتە داکۆکیکار لە ژیانی مەدەنی و لە هەمان کاتدا هێڵە تۆکمە و شورابەهێزە بێبەزەییەکەی پارتیش بەرجەستە بکات و بیری میللەتی بخاتەوە.
بۆ دەرهاتن لەو پەنا بوون و کەوتنە ژێر تارماییەی یەکیتییەوە لە ماوەی دوو ڕۆژدا هەرسێ کارەکتەرەکە سێ پەیامی جۆراوجۆریان دەربڕیوە.
سەرەتا مەسعود بارزانی لە کۆنگرەکەی حسک دا لە هەموو گفتەکانی پێشووی خۆی پەشیمان دەبێتەوە و بە پێی سایتی هاولاتی کە نوسیویەتی:
"مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند داواکاری "روخاندنی" حکومەت و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بە کودەتا دەزانن و قبوڵی ناکەن."
بۆ خویندنەوەی بابەتەکە سەیری ئەم لینکە بکەن:
http://83.169.12.202/K_Direje.aspx?Jimare=4771&Besh=Hewal&Cor=1 لە بارەی گوتەکەیەوە لە چەند لایەکەوە قسە کراوە و،
دواتریش فازیل میرانی بۆ ئەوەی دەرگەی پشتەوەی ئەو گوتەیەی بارزانی بکاتەوە و ئەوان هەم بە کڵۆمکەری دەرگەی گفتوگۆ دانەنرێن و هەمیش ئۆپۆزسیۆن لە شەیتانێتی سەددەرسەد دەربێنن، دێت دەڵێت کە ژێر بەژێر گفتوگۆ هەر هەیە.
لە هەموی گرنگتر ئەو بەشەی گوتەکەیەتی کە دەڵێت:
" ئێمە و ئۆپۆزسیۆن دوژمنی یەكتر نین و هەڤاڵ و دۆستی یەكترین و رۆڵەی ئەو میللەتەین، بۆیە ئەگەر بمانەوێ چارەسەری كێشەكان بكەین هەر دەبێت بگەڕێننەوە بۆ مێزی دیالۆگ، ئۆپۆزسیۆنیش دیالۆگی رەت نەكردووەتەوە".
لێرەدایە هەوڵی دیسانەوە هاتنە ژورەوەکە دەدرێت و کۆششی خۆ دەرهێنانەکە لە تارمایی دەردەکەوێت و، دیسانەوە خۆی و پارتی دەکاتەوە بە ڕۆڵەی ئەم میللەتە و هاوبەش. ئەمە دوای ئەوەی کە بەهۆی پێشێلکاریە زۆروزەبەندو ئاشکراکانیانەوە دەزانن کە لەلایەن میللەتەوە سڕکراون و لە زاکیرەی میللەتدا وەکو تاوانکار و دژە میللەت سەیردەکرێن.
ژێربەژێرییەکەش بۆ نەرمکردنەوەی گوتەکەی سەرۆکەکەیەتی و بۆ دابڕینی ئۆپۆزسیۆنە لە جەماوەر بەوەی کە ناشەفافانە و دور لە چاوی شەقام لەژێرەوە خەریکبن.
ئەمەش لینکی ڕاپۆرتەکەی سایتی هاوڵاتیە:
http://83.169.12.202/K_Direje.aspx?Jimare=4779&Besh=Hewal&Cor=1 دواجار نێچیر دێت و دوو ڕوخساری جیامان نیشان دەدات، لەلایەکەوە بە شەرعیکردنی پیاوکوژەکانی لق و بە سوربونەوە لەسەر گوتەکەی کە ڕاستەوخۆ دوای کارەساتەکە دای ئەویش بەوەی خۆیان بە غەدرلێکراو دانا و، ئێستەش بە پێی بەرپرسێکی پارتی گوایە نێچیر وتویەتی کە پەلاماردانەکەی سەر لق لە لایەن خەڵکەوە و پەلاماردانی ڕێبین و ڕوناکبیران لەلایەن یەکێتیەوە وەکو یەک وایە و هاوتایە.
بڕوانە لینکەکەی خوارەوە:
http://83.169.12.202/K_Direje.aspx?Jimare=4777&Besh=Hewal&Cor=1 بەم هاتنە پێشەوەی نێچیر کە لەڕێگەی شەخسی سێیەمەوەیە و، وەکو تەلەفۆنەکەی مەسعود وایە کە کردی بۆ باوکی شەهید ڕێژوان و لە ڕێگەی گفتوگۆتەلەفونیەکەیەوە هاتەوە ناوەوە، دەیەوێت خۆی وەک داکۆکیکار لە ڕۆشنبیران و ڕوناکبیران دابنێت و لەلایەکی تریشەوە بەو ئەشکەنجەدراو و لێدراو و گیراوانە بڵێت کە ئەوان وەکو پارتی لەگەڵ ئەوجۆرە هەڵسوکەوەتە نین، بەڵکو ئەوە یەکێتییە کە لەو بارە نالەبارە بەرپرسە!
ئەمیش وەکو مەسعود چۆن تاوانبار و تاوانلێکراوی کرد بە هاوتا، دێت بەردهاویشتنەکەی خۆپیشاندەران و تیرۆرەکەی یەکێتی بۆ سەر خەڵکی سیڤیل و ڕوناکبیرهاوتا دەکات!
دەتوانرێت بوترێت لەسەرو هەموو ئەو دەلالەتانەوە کە گوتەکانیان دەیدەن، هەوڵ وکۆششی خۆ دەربازکردنەکە لە ژێر تارمایی یەکێتی دەبینرێت، کە بووەتە کاراکتەری یەکەم و باڵادەست لەبەرانبەر شەقام و ئۆپۆزسیۆن، جا با ئەو بە کاراکتەربوونە قێزەون و پڕ تیرۆر و کاتیش بێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست