کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سەردەشت بۆ هەتایە سیمبولى نەمرى و ئازادى گەنجان و ئازادى خوازانەو شەهیدى ڕێگاى وشەى ئازادە- بەشى دووەم

Tuesday, 12/10/2010, 12:00


 نامەیەك بۆ میلەتەكەم

ئایا خەڵكى كوردستان بۆیان ڕونبۆوە كە ئەوانەى حوكمیان دەكەن زەڕەیەك عەقڵى حوكمەتدارى و فەلسەفەى بەڕێوەبردن و بنیاتنانى نەتەوەیى لە كەلەیاندا نییە؟. بەڵكو ئەوەى لە كەلەیاندایە عەقڵ و فەلسەفەى خێڵ و عەشرەت و بنەماڵەكانیانە. ئایا خەڵكى كوردستان ئێستا دەزانن ئەوانەى حوكممان دەكەن لەسەر بنەماى هاووڵاتى بوون هیچ حورمەتێكمان نییە؟ بەڵكو بنەما خێڵەكى و حیزبیەكان بنەماى پیاوەتى و ئینسانیەتە لایان.
ئەى خەڵكى كوردستان ئەوانەى هوشیارن و ئەوانەى هێشتا لەخەوى غەفڵەتدا خەوەنوچكەتانە، ئەى ئەوانەى پارەو پولى حیزب قوڕگى گرتوون و پەتى كۆیلەى قۆڵ و مل و جومگەكانتانى بەستوە. ئەى ئەوانەى بەرژەوەندییە گەورەكان و وڵات و نەتەوە دەكەن بە قوربانى بەرژەوەندییە بچوك و كەمخایەنەكان.
چاو بكەنەوەو ببینن، ڕامێنن و بیربكەنەوە، بزانن شەرەف و كەرامەتى هەموومان لە كوێدایە لە چاوى پیاوانى خاوەن حیزب و دزو جەردەو قاچاغچیەكانى نەوت. ئەى ئەو نەتەوەى كە ڕۆژێك لە ڕۆژان جاشەكان شەرەف و كەرامەتى ژنەكانى كوردیان كرد بە زیلەكانى بەعسداو هەتاكو بیابانى نوگرەسەلمان. ئەى ئەو نەتەوەى كە ئەو جاشانەى ئەمڕۆ لە سایەى خوێن و ئارەقەو ماندووبوونى ئێوەوە لە دیوەخانى حیزبدا بڕیار لەسەر ژیانى ئێوە ئەدەن و ڕۆژانێك ماڵ بەماڵ و دێ بەدێ بەر لەشكرییان بۆ لەشكرى ئەنفال و بەعس دەكرد، ئەى ئەو نەتەوەى كە لەبەهارى 1991دا یەكەم فیزاع و نەعرەتەت كێشاو خەونت بە ئازادییەوە دەبینى و وەك مەلى دیلى ناو قەفەس دڵخۆش و دلشاد بوویت. ئێستاو دووبارە هەمووشتێك لە مەترسیدایە لەسایەى دەسەڵاتى گەندەڵ و خێڵەكى پارتى و یەكێتیەوە.
كوردینە ببینن چۆن ئەم دەسەڵاتە یەك مسقاڵ حساب بۆ شەرەف و كەرامەتى ئێوە ناكات. بۆ خۆتان بیربكەنەوەو سەیربكەن ئاخۆ دەگونجێت گەنجێكى وەك سەردەشت پەیوەندى بە گروپێكى تیرۆرستى وەك أنێار الاسلامەوە هەبێت؟ ئەكرێت نوسەرێكى وەها گەنج كە هەركەس نوسینەكانى دەخوێنێتەوە خەم و دنیابینیەكانى زۆر جوان دەبینێت، كە زۆر فراوانترو جوانترە لە دنیابینى و خەمى دەسەڵاتى گەندەڵ و خێڵەكى پارتى و یەكێتى. هەركەس نوسینەكانى ئەو جوامێرە، ئەو مێرخاسە بخوێنێتەوە تێدەگات كە ئەم گەنجە شارەزایە لە پێشكەوتنى ئیسانیەت و ڕێزگرتن لە مرۆڤایەتى. كەچى لە وڵاتەكەى ئەودا تازە بەتازە مرۆڤ دەكرێت بە كۆیلە. بۆیە نوسینەكانى ئەو زۆر ڕون دیارن كە خەمى مرۆڤى كوردى هەڵگرتووە، كەچى دەسەڵاتێك كە لەلاى دۆست و دوژمن ئابڕوو حورمەتى نەماوە ئەمڕۆ دێت كەسێكى بەشەرەف و كەرامەتى وەك سەردەشت دەكات بە تیرۆرست. خەڵكینە بیربكەنەوە چ دەسەڵاتێكى نیشتمانى درۆى ئاوا بۆ هاوڵاتیەكى خۆى هەڵدەبەستێت ، چ دەسەڵاتێكى بەحورمەت بنەماڵەیەكى جگەرسوتاو كۆست كەوتو دەخاتە بەر تیرو تەشەرێكى زۆر ژەهراوى تر كە لە لەدەست چونى كوڕەكەیان ترسناكترو خەمناك ترە.
خەڵكینە... ئەى گەلى برا بەخەبەر بێن ئەگەر بێت و ئەم بوختانانە بۆ ئەم دەسەڵاتە بچێتە سەر چ درۆیەك بۆ زیندووەكانمان هەڵدەباسن. زۆر بەئاسانى ئەوەتان شەوو ڕۆ لەسەر بەرماڵەو لە مزگەوتایە گەر بەدڵیان نەبوو دەیكوژن و دەڵێن لەسەر داوێنپیسى كوژراوە. كامەتان نیشتمان پەروەرە دەیكوژن و دەڵێن خیانەتى كرد، لەكاتێكدا خیانەتكاران بەحورمەتەوە بەڕێ دەكرێن ژ بۆ ئەوروپا وەكو (قاسم ئاغاى كۆیە). كامەى ڕاستى بڵێت وەكو سۆران و سەردەشت دەیكوژن و دەڵێن أنێار كوشتى. بۆ؟ چونكەپەیوەندى لەگەڵیان هەبوو. (ئاخر خەڵكینە كەسێك عاشقى گۆرانیەكانى داریوش بێت دەكرێت لەگەڵ ئەم گروپانەدا بگونجێت. كەسێك ڕۆمانى شارى مۆسیقارەكان بخوێنێتەوە گومان دەكرێت بەو ڕێگەدا بڕوات. ئاخۆ كەى ئێوەى دوژمن دۆستى، میلەت فرۆش حەیادار ئەبن).
ئالێرەوە دەبێت بزانین ئەم دەسەڵاتە خێڵەكیەو لەسەر بنەماى خێڵ دەڕوات بەڕێوە، ئاخر هەر لە ژیانى خێڵدا بوختانى ئاوا هەڵدەبەسترێت. لە ژیانى دیموكراسى و ئازادیدا بوختان چى وا بەردباران دەكرێت. كەواتە ئەى ئەوانەى خەمى ئازادى لە مێشكتاندایە فریاكەون ئەم بوختانەى بۆ سەردەشت هەڵبەستراوە كەم نییە. ئەمە برینداركردنى شەرەف و كەرامەتى پێكڕا كوردە.
* * * * * * *
كاتێك ئەو بابەتەى بەڕێز دكتۆر فایەق محمد گەڵپیم خوێندەوە لە سایتى كوردستان پۆستى بەڕێز لە 17/9/2010 بەناونیشانى (ئەنجامى لێژنەى لێكۆڵینەوەى كەیسى سەردەشت عوسمان،یان ئاشبەتاڵى دووەمى پارتى!!) لەوێدا كاتێك دەڵێت: (هەر لە درێژەى چالاكیە نهێنیەكانى دام و دەزگا ئیستخباراتیەكانى پ د ك دا، رۆژى 9-7-2010 كەسێك بە ناوى (نزار ناشاد) وەك رۆژنامەنووس هاتەلاى من و بە چەند پرسیارێكى ئیستخباراتى بەرۆكى گرتم،چەند پرسیارێكى لێكردم بۆ گۆڤارى چاوگ،یەك لەپرسیارەكان وتى بە بۆچوونى تۆ سەردەشت عوسمان كێ كشتوویەتى؟ منیش وتم هێشتا ئەنجامى لێژنەى لێكۆڵینەوە دەرنەچووە،بەڵام مەنتق دەڵێت كە پارتى سەردەشت عوسمانى كوشتووە،مەرج نیە هەموو كردەیەكیش مەنتقى بێت، رۆژنامەنوسەكە وتى ئەى تۆ ناترسى پارتى بتكوژێت،منیش وەڵامم دایەوە،لە كۆتایى چاوپێكەوتنەكەدا وتم دەبێت ئەو ریپۆرتاجە وەك خۆى بڵاوبكەیتەوە،وتى باشە،بەڵام وا دوو مانگ بە سەر ریپۆرتاجەكەدا تێپەرى و بڵاویان نەكردەوە،سەیر ئەوەیە ئەو رۆژنامەنووسە بە ناوى پەیامنێرى گۆڤارى چاوگ چاوپێكەوتنى لەگەڵ كردم،دەرچوو سەرنوسەرى گۆڤارى چاوگ سكرتێرى سەندیكاى رۆژنەمنوسانى كوردستانە كە لە دواى دەرچوونى ئەنجامى لێكۆڵینەوەكەى كەیسى سەردەشت عوسمان بە ناوى سەندیكاوە لە سایتى ئاوێنەدا دەڵێت: ئێمە هیچ هەڵوێستێكى رەسمیمان لە سەر ئەنجامى لێكۆڵینەوەكەى لێژنەى كەیسى سەردەشت عوسمان نیە.وادیارە ئەو بە ناو رۆژنامەنووس و سەرنووسەر و سكرتێرى سەندیكایانە،ئەو زانیاریانەى لاى من و لاى خەڵكى تر بۆ دام و دەزگا هەواڵگریەكانى پارتى كۆدەكەنەوە و دەیانەوێت بەرنامەیەكى ترى لە سەر دارێژن.) من لێرەدا یەكسەر بیرم بۆ ئەو ڕیپۆرتاژە چوو كە گۆڤارى ناوبراو(چاوگ) لەیەكێك لە ژمارەكانیا لەسەر تیرۆركردنى شەهید سەردەشت دەڵێت: (پێدەچێت تیرۆركردنى سەردەشت دەستى ئێران بێت بۆئەوەى خەڵكى كوردستانى باشور مەشغوڵ بكات بەو بابەتەوە ئەویش لەو كاتەدا ئەو شەش چالاكوانەى كورد لە سێدارەبدات تاكو خەڵكى كوردستانى باشور نەیانپەرژێت لەسەر براكانیان بێنەگۆ). لە ڕاستیا من ئەگەر چى یەقینم هەبوو لەوەى سەردەشت جگە لە پارتى كەس تیرۆرى نەكردووە. بەڵام ئەم ڕیپۆرتاژە هەندێك گومانى لادروست كردم. بەڵام كە بەڕێز د.فایەق گوڵپى ئەوە دەڵێت كە ئەم گۆڤارە سەر بە پارتیە ئیتر بە تەواوى ئێستا دڵنیام كە ئەو بابەتەى ئەو كاتیان پڕاوپڕ بابەتێكى ئیستخباراتیانە بووە. لە ڕاستیا ئەگەر پارتى ئەقڵى هەبوایە سیناریۆى ئەم گۆڤارە زۆر لە سیناریۆكەى ئێستایان بەهێزتربوو. وە دووبارە ژەهرى نیشتمان پەروەریەكەشیان دەڕژاند بەسەرماندا. بەڵام من لە ئێوە دەپرسم ئایا دەسەڵاتى كۆیلەى پارتى و مەسعود بوێرى شتى وادەكات داگیركەرێكى كوردستان تێوەگلێنێ.
لە كۆتاییدا دەڵێم: بەڵێ سەردەشت سیمبولى ئێمەى گەنجانەو شەهیدى بیرو ڕاى ئازادە هەرگیز قەڵەمە جوانە مەرگەكەى لەیادناكەین ئێمەش هەموومان ئامادەین لە پێناو بیروباوەڕى سەردەشت و سۆران و وشەى حەقدا ژیانمان پێشكەشتان بكەین، بەڵام دڵنیا بن هەر وشە ئاكامى هەیەو خوێن و تیرۆر زەلكاوى خنكانتانە.
 





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە