ئه‌مریکاو غه‌رب و ڕووداوه‌کانی هه‌نوکه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی

Tuesday, 08/02/2011, 12:00



دوای ڕووخانی رژیمی پاشایه‌تی له‌ ئێران و دامه‌زرانی تاکه‌ نیزامی شیعه‌ی ئیسلامی له‌ ناوچه‌یه‌کی هه‌ستیارو ده‌وله‌مه‌ند به‌ سه‌رچاوه‌یه‌کی زۆری سرووشتی له‌ لایه‌ک و هه‌ره‌س هێنای کۆمۆنیسم و ته‌واو بوونی شه‌ڕی ساردی و پێکهاتنی بۆشایی ده‌سه‌ڵات له‌ ناوچه‌ی که‌نداو و ڕووداوه‌کانی ئه‌فغانستان و عیراق له‌ لایه‌کی تر چاوه‌ڕوانی گۆرانکاری ده‌سه‌ڵاتانی وڵاتانی عه‌ره‌بی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌کرا.
هه‌ر چه‌ند شه‌ڕی نێوان ئێران و عێراق بۆ ماوه‌یه‌ک خه‌ڵکانی‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌ خۆییه‌وه‌ سه‌رقاڵ کردو بوو ‌هۆی لاوازی چالاکی کۆمارئیسلامی ئیران له‌ کورت ماوه‌دا، به‌ڵام به‌و حاڵه‌شه‌وه‌ به‌ره‌ی حاکم له‌ ئێران توانێ ده‌سه‌ڵاتی خۆی له‌ ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست په‌ره‌پێبدا و کارتێکردن و شوێنه‌وارییه‌کی ئه‌ساسی له‌ دارژتنی سیاسته‌کانی‌ی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ هێنێته‌ گۆرێ.
ئاکامه‌کانی گێرانی سیاسه‌ته‌کانی په‌ره‌پێدانی ده‌سه‌ڵاتی شیعه‌ی ئیسلامی ئێران له‌ ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست تا ئه‌و شوێنه‌ به‌رچاوه‌ن که‌ هیچ گۆرانکارییه‌ک له‌ بارودۆخی هه‌نوکه‌ی عێراق و ئه‌فغانستان بێ به‌شداری ئێران به‌ ئه‌نجام ناگات.
له‌ لایه‌ک پێشوازی کردنی خه‌ڵکانی لوبنان له‌ ماوه‌ی سه‌ردانی ئه‌حمدی نه‌ژاد له‌و ولاته‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یاند ئێران چه‌نده‌ له‌و ناوچه‌یه‌ کاری سیاسی ئیدۆلۆژی و سه‌رمایه‌گۆزاری کردوه‌.
له‌ لایه‌کی تر کێشه‌ی به‌رنامه‌ی ناوه‌کی نێوان ئێران و وڵاتانی 1+5 و سه‌ره‌سه‌ختی ئێران له‌ قه‌بوول نکردنی پێشنیاره‌کانی وڵاتانی غه‌ربی جێگه‌ و پێگه‌ی ئێران له‌ گۆرپان و پانتایی سیاسی دونیایه‌دا ده‌سه‌لمێنێ و ئه‌وه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێران تا چ ئاستوڕاده‌یه‌ک توانیویه‌تی ده‌سه‌ڵاتی کۆماری شیعه‌ی ئیسلامی له‌ گۆره‌پانی سیاسی دونیادابخاته‌ پێش چاو.
کۆماری ئیسلامی ئێران جگه‌ له‌ خۆبه‌ هێزکردن و نواندی ژستو پۆزی زلهێزی ئیسلامی شیعه‌ توانیویه‌تی زه‌روره‌تی گۆرانکاری له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بیدا بێنێته‌‌ گۆرێ.
یارمه‌تیدانی به‌شێک له‌ جوڵانه‌وه‌ی خه‌ڵکانی فه‌ڵستینی و پڕ کردنه‌وه‌ بۆشایی و شوێنی وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌ فه‌ڵستینی داگێرکراو و نواندنی هه‌لوێستی دژ به‌ ئیسرائیل و ئه‌مریکا جێگه‌ و پێگه‌ی ئێرانی ئیسلامی له‌‌ ناو خه‌ڵکانی عه‌ره‌بدا جگه‌ له‌و به‌هێزکردوه‌ هه‌روه‌ها هه‌ستوسۆزی ئیسلامی له‌ ناو موسوڵمانی عه‌ره‌بیدا زیندوکردوه‌و ئه‌و باوه‌ره‌ی له‌واندا پێکهێنا که‌ ده‌توانڕێ به‌ربه‌ره‌کانی غه‌رب و ئه‌مریکا و ئیسرائیل بکه‌ن.
ڕاپه‌رینی خه‌ڵکانی عه‌ره‌ب جگه‌ له‌وه‌ ئاکامی زۆڵم و زۆری چه‌ندسه‌ده‌ ساڵه‌ بوونی ده‌سه‌ڵاتانی دیکتاتۆری وڵاتانی عه‌ره‌بیه‌، بێ شک دیارده‌ی ‌ئێرانی ئیسلامی شیعه‌ بێ شوێن له‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوانه‌ نه‌بووه‌ به‌ دوو هۆ.
له‌ لایه‌کی به‌هێزبوونی تاکه‌ نیزامی ئیسلامی شیعه‌ی ئێران له‌ ولاتانی ئیسلامی به‌گشتی و ناوچاه‌ که‌نداو به‌ تایبه‌ت و په‌ره‌گرتنی ده‌سه‌ڵاتی مه‌لاکانی قۆم خه‌رتر مه‌ترسی ئه‌گه‌ر ڕووخانی ده‌سه‌ڵاتانی دیکتاتۆری وڵاتانی عه‌ره‌بی و به‌ شیعه‌بوونی ئه‌و ناچه‌یه‌ی هێناوته‌ گۆرێ و همیش هه‌ستوسۆزی خۆباوه‌ری خه‌ڵکانی موسڵمانی وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌هێزترکردوه‌و زه‌روره‌تی گۆرانکاری له‌و ناوچانه‌ پێکهێناوه‌.
له‌ لایه‌کی تر په‌ره‌گرتنی ده‌سه‌ڵاتی ئیسڵامی شیعه‌ی ئێران له‌ ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ڕاست به‌گشتی و ناوچه‌ی که‌نداو به‌تایبه‌ت مه‌ترسی له‌ خه‌ته‌رکه‌وتنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی وڵاتانی غه‌ربی و ئه‌مریکا له‌و ناوچه‌یه‌ ڕۆژ له‌ گه‌ڵ ڕۆژ زیاتر کردو ئه‌مریکا و هاوپه‌ێمانانی ناچار به‌ سیاسه‌تێکی نوێکاری و گۆرانکاری له‌ مه‌ڕ ده‌سه‌ڵاتانی دیکتاتۆری وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌ مه‌به‌ستی پێشگری کردن به‌‌ په‌ره‌پێدانی ده‌سه‌ڵاتی ئێران له‌و ناوچه‌یه‌ و دووپاتبوونه‌وه‌ی مێژوو و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی زلهێزه‌کان کردوه‌.
دوای هێرشی ئه‌مریکا بۆ‌ سه‌ر ئه‌فغانستان و به‌ تایبه‌ت عێراق گومان ده‌کرا شه‌پۆلی گۆرانکاری له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌ستپێبکا، به‌لام پرسیار ئه‌وه‌ بوو له‌ کێوڕا و له‌ کام وڵات و چ ڕێبازێک بکارنه‌هێنڕێ؟
بۆ وه‌گڕخستنی نوێکاری له‌ ده‌سه‌ڵاتانی دیکتاتۆری عه‌ره‌بی به‌ پێی سیاسه‌ته‌کانی غه‌رب و ئه‌مریکا وڵاتی تونس موناسبترین شوێن بۆ تاقیکرنه‌وه‌ی ئه‌و ڕێبازه‌ی ئه‌مریکا و غه‌رب بوو.
تونس وڵاتێکی بچوک و‌ له‌ سیسته‌می چه‌ند حزبی و ره‌وابه‌تێکی باشی له‌ گه‌ڵ فه‌رانسه‌ و ئه‌وروپا به‌رخوردار بوو و تاڕاده‌یه‌کیش ئاشنا به‌ بنه‌ماکانی دێموکراسی غه‌ربی‌ بوو.
هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ گۆازتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ تونس له‌ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژاندا هاته‌دی بێ ئه‌وه‌ی ئاڵۆزیه‌کی زۆر له‌و وڵاته‌ درووست بێ و نێزامی تونس به‌ته‌واوی بڕووخێ و نیزامێکی مه‌زهه‌بی قۆدره‌ت به‌ده‌ست بگرێ. ئه‌رته‌ش و هێزکانی ئه‌منییه‌تی و دامووده‌زگای به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ولات له‌سه‌ر شوێنی خۆی مایه‌وه‌و ته‌نانه‌ت ده‌سه‌ڵات گۆازترایه‌وه‌.
هه‌رچه‌ند به‌ پێی زانیارییه‌کانی له‌به‌رده‌ست چاوه‌ڕوانی ده‌کرا‌ وڵاتانی سووریه‌، ئۆردۆن، یه‌مه‌ن، قه‌ته‌ر، کۆوێت، به‌حه‌رین، ئێماراتی عه‌ره‌بی و ته‌نانه‌ت عه‌ره‌بستانی سه‌عۆدییش ئاڵۆزی لێ درووست بێ، به‌ڵام میسر به‌ ده‌لیلی نیزامێکی تایبه‌ت به‌خۆی وه‌ک هه‌نگاوی دووهه‌م بۆ گۆرانکاری له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریکا و غه‌رب نیشانه‌کرا.
مه‌حمد ئه‌لبه‌ڕادای مۆره‌ی و باوه‌ڕپێکراوی وڵاتانی غه‌ربی و ئه‌مریکا که‌ هه‌م به‌‌‌ فه‌رهه‌نگی غه‌رب شاره‌زایی بوو و هه‌میش ئاشنایی به‌ سیسته‌م و نیزام میسر بوو گۆازترایه‌ بۆ میسر و بێ گیروگه‌فتێک توانێ به‌ چێته‌ ناو خه‌ڵکانی میسر و به‌شێکی خۆپێشاندانه‌کانی دژ به‌ مۆباره‌ک ڕێبه‌ری بکا. ‌
ئه‌رته‌شی میسر له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریکا و غه‌ره‌ب پێی ڕاگه‌یاندرا که‌ له‌ کێشه‌کانی نێوان خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵات له‌ میسر خۆی بپاریزێ و ده‌ستتێوه‌ردانی گۆازتنه‌ه‌ی ده‌سه‌ڵات نه‌کا، به‌ڵام له‌سه‌ر شه‌قامه‌کانی چالاک بێ بۆ به‌رگه‌ری کردن له‌ ئاڵۆزی و هه‌ره‌مه‌ره‌ج.
پاراستنی ئه‌رته‌ش و ده‌ستتێوه‌رنه‌دانی له‌ ڕووداوه‌کانی میسر ده‌توانێ هۆکانی ئه‌وانه‌ی خواره‌وه‌ بن:
یه‌که‌م، بۆ ‌ئه‌وه‌ی هێزێکی سه‌ربازی له‌ کاتی و دوای گوازتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ گۆرێ دابێ و بتوانێ‌ پێش به‌ هه‌ره‌ج و مه‌ره‌ج و ئاڵۆزی ناوخۆیی بگرێ و نه‌هێڵێ چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی به‌ که‌وێته‌ ده‌ست خه‌ڵک و به‌ تایبه‌ت لایانگرانی ئه‌خوان ئه‌لموسلیمین وه‌ به‌ده‌ستگرتنی ده‌سه‌لات.
دووهه‌م، به‌م شێوه‌یه‌ واته‌ نواندنی بێ لایه‌نی ئه‌رته‌ش نه‌ک هیچ دوژمنایه‌تیه‌ک نێوان خه‌ڵک و هێزه‌کانی سه‌ربازی دروست نابێ به‌ڵکوو ئه‌و ڕه‌وشته‌ی میسر ده‌توانڕێ وه‌ک ڕێبازێکی نوێی گۆرانکاری له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی بۆ گۆازتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بکار بهێنڕێ.
سێ هه‌م، له‌ کاتی گۆازتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ئه‌گه‌ر ئه‌رته‌ش له‌ گۆرێ دابێ ده‌رفه‌تی وه‌ده‌ست گرتنی ده‌سه‌ڵات له‌ لایه‌ن ئه‌خوان ئه‌لموسلیمین و دامه‌زراندی حکومه‌تێکی ئیسلامی له‌ میسر نامێنێ و ئه‌رته‌شیش ئه‌و مه‌جاله‌ هه‌یه‌ پێش به‌ هه‌ڵسوورانی توندڕوه‌ی ئیسلامی بگرێ، هه‌ر چه‌ند ئه‌خوان ئه‌لمسلیمین ده‌ڵێ له‌ میسر نابێ حکومه‌تێکی ئێسلامی بێته‌ سه‌رکار.
چواره‌م، مه‌سه‌له‌ی هه‌رگرینگ له‌ گۆازتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ میسر گه‌رانتی کردنی حکومه‌تێکی سه‌ر به‌ غه‌رب که‌ بتوانێ ڕێز له‌ په‌ێماننامه‌کان و ڕێککه‌وتنه‌کانی نێوان ئیسرائیل و میسر بگرێ. میسر یه‌که‌م و تاکه‌ وڵاتی عه‌ره‌بی بوو که‌ ڕه‌وابه‌تی دۆستانه‌ و دیپلوماسی له‌ گه‌ڵ ئیسرائیل سازدا و هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو به‌ هۆی کۆشتنی ئه‌نوه‌رسادات سه‌رۆک کۆماری ئه‌و کاته‌ی میسر.
ئاکام، هه‌رچه‌ند ڕێکخراوه‌ی ئه‌خوان ئه‌لموسلیمین ڕاگه‌یاندوه‌ که‌ له‌ مسیر حکومه‌تێکی ئیسلامی نایته‌ کایه‌وه‌و کۆماری ئیسلامی شیعه‌ی ئێران نابێ له‌ ڕووداوه‌کانی مسیردا ده‌خاله‌ت بکا، به‌و حاڵه‌شه‌وه‌ ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ له‌ ئارادایه‌ که‌ دوای ده‌رچونی مۆباره‌ک ئیسلامییه‌کان هه‌وڵی دامه‌زراندی حکومه‌تێکی ئیسلامی له‌ میسر به‌ده‌ن.
بێگومان ئێران هه‌موو هه‌وڵێک ده‌دا و له‌ گشت ئامرازێک ئیستفاده‌ده‌کا له‌ گۆازتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ میسر دستتێوه‌ردان بکاو ئه‌گه‌ر بۆشی به‌ گونجی یارمه‌تی موسوڵمانه‌کان بۆ دامه‌زرانی حکومه‌تێکی ته‌واو ئیسلامی له‌ میسر ده‌کا.
له‌ لایه‌کی تر ڕه‌وه‌شت و ڕه‌فتاری ئه‌مه‌ریکا و غه‌رب له‌ مه‌ڕ ڕووداوه‌کانی هه‌نوکه‌ی میسر و پێشتر تونس به‌به‌راووردی ئالۆزییه‌کانی ئێران له‌ کاتی خۆپێشاندانه‌کانی خه‌ڵک هه‌ڵاوراد و جیاوازیه‌کی ئیجگار زۆر له‌ خۆ ده‌نوێنێ.
باراک حۆسێن ئۆباما سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا له‌ کاتی ڕووداوه‌کانی ئێران پێوابوو لێدوانی ده‌ستتێوه‌ردان له‌ کاروباری ناوخۆیی ئێرانه‌، له‌ کاتێک دا له‌ مۆبارکی ویستوه‌ خێرا ده‌رفه‌تی گۆازتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵای فه‌راهه‌م بکا و میسر به‌جێبهڵێ.
له‌ هه‌وڵوێستی ئه‌مریکا وڵاتانی هاوپه‌ێمانی وا دێته‌ دێ بته‌مان مۆدێلی تونس و میسر بۆ نوێکاری ده‌سه‌ڵاتانی دیکتاتۆری وڵاتانی عه‌ره‌بی و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیان وه‌ک ڕێبازێکی نوێ له‌ داهاتوودا بکار به‌هێنن.
ڕووداوه‌کانی تونس و به‌تایبه‌ت میسر ئه‌وه‌ ده‌گه‌ێنێ که‌ نیزامه‌کانی وڵاتانی عه‌ره‌بی گۆرانکارییان تێیدا ناکرێ، ته‌نانه‌ت ده‌سه‌ڵاتانی له‌سه‌ر کار گۆازتنه‌وه‌ ده‌کرێن و هێزه‌کانی سه‌رنازی و ئایش وئه‌منییه‌تی بۆ به‌رگه‌ریکردن له‌ گۆرانکاری و نوێکاری بنا‌خه‌یی ده‌پارێزین.



 



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە