مستەفاى سەید قادر، حوكمى لە سێدارەدانى هەیە!.. وەڵامێك بۆ ڕزگار ساڵح
Thursday, 17/07/2014, 12:00
2313 بینراوە
بەڕێز كاك ڕزگار ساڵح داواى لە مستەفاى سەید قادر وەزیری پێشمەرگەی سەر بە بزوتنەوەى گۆڕان کردووە، بەوەى لە وەزیرەكەى پێشوو نەچێت و چاوپۆشى لەخائینەكانى ڕژێمى پێشووى بەعس نەكات نمونەى كوڕەكەى شێخ محەمەد كەسنەزانى بۆ هێناوەتەوە.
لێرەدا من بە پێویستم زانى ئەم چەند تێبینیە بۆ بەڕێزیان بخەمەڕوو بەحوكمى ئەوەى لەنەخۆشخانەى شۆڕش بووین و ڕاستەوخۆ سەربەفەرماندەیى گشتى بووین جەنابى سەید مستەفاش جێگرى فەرماندەیى گشتى بوو هەر ئێمە دەزانین ئەوە چ ماڵێكە، ئێمە ئەوەندە ساویلكەو خۆشباوەڕ بووین وامان دەزانى جەنابى سەید مستەفا هەر بەڕاستى ڕیفۆرمخوازە و جیاوازە لەگەڵ باڵ و كوتلەكانى ترى ناو یەكێتى دەچووین بۆ لاى گەندەڵى و كارەساتەكانى نەخۆشخانەكانى شۆرشمان بۆ دەبرد، ئەم مستەفای سەید قادرە دوایى ئێمە یەكسەر زانیارى و ڕاپۆرتەكانى دەدایەوە بە دكتۆر محەمەد خۆشناو دەیگووت ئەو كارمەند و دكتۆرانە هاتوونەتە لام، لێت دەخوێنن، ئاگات لەخۆت بێت ئا ئەوە موڕاڵ و ڕەفتارى بوو.
بۆ زانیارى بەڕێزتان و هەموو خوێنەرانى كوردستانپۆست ئەوەى دەرگاى بۆ ئەو تەكیە و بنەماڵە كردەوە خودى جەنابى كاك مستەفا بوو.
كاك ڕزگار گیان تۆ پێت وابێت ئەوەى لەناو یەكێتى هاتۆتە دەرەوە ئێستا بۆتە فریشتە! ئەوەمان بیرنەچێت، ئەمانە نانیان لەگەڵ جەلال تالەبانی خواردووە، وەهای دەرس نەداون هێندە بەئاسانى بگۆڕێن، كورێكى ئەم شێخە لاى ئێمە بوو لەنەخۆشخانەى شۆڕش دكتۆر قەلەندەر شێخ محەمەد كەسنەزانى دكتۆرێكى ناسراویشە لەسلێمانى دوایى كردیان بە ڕاوێژكار لە وەزارەتى تەندروستى بەردەوام لاى سەید مستەفا بوو، بۆیە دەڵێم دڵنیابە كاك ڕزگار، مستەفای سەید قادر هیچ جیاوازى نییە لەگەڵ وەزیرى پێشووى پێشمەرگە، چەند جارێكیش خودى شێخ جەعفەر ئەوەى دووپات كردۆتەوە تەنانەت چەند شەوێك بەر لە ئێستا لە دیمانەیەكدا لە كەناڵى ئێن ئاڕتى شێخ جەعفەر ووتى بەردەوام پەیوەندیمان لەگەڵ سەركردەكانى گۆڕاندا هەیە و نەپچڕاوە زۆر ستایشى جەنابى كاك مستەفاشى كرد.
دوایى خۆپیشاندانەكانى 17 ى شوباتیش شێخ جەعفەر ئەوەى دووپات كردەوە كە شەوانە لەگەڵ سەركردەكانى گۆڕان دانیشتن و دەعوەتیان هەیە، هەر بۆ زانیارى بەڕێزتان و خوێنەران و هەڵسوڕاوانى گۆڕان، ساڵێك لەمەوبەر لە گەرمەى ناكۆكیەكانى نێوان یەكێتى و گۆڕان و لە سەروبەندى هەڵبژاردنەكانى 21 / 9 / 2013 كە خەڵكى فەقیر و بەدبەخت سزا دەدران و نان بڕاو دەكران، برایەكى ئەم كاك مستەفایە بەناوى (عەبدوڵا قادر مستەفا _ كە مامۆستاى كیمیا بووە _ لە خوێندنگاى بابەگوڕگوڕ _ لە قەزاى ڕانیە) وازى لە پیشەى مامۆستاىی هێناوە و بە پلەى عەقیدى سەربازى لەلایەن یەكێتیەوە خانەنشین كراوە، گۆڕانخوازە دڵسۆزە گیرفان بەتاڵە بەدبەختەكانیش لەسەراكانى ئازادى لێیان دەدرا و نەقڵ دەکران، نان بڕاو دەكران، ئێستاش لەگەڵ ئەوەى بۆتە وەزیر، هەرچی كۆنە جەلالیی و هاوڕێ و خزمى خۆیەتی کردوونی بەلێپسراوى نووسینگەكەى خۆی لەوەزارەتى پێشمەرگە، بەدەیان هەڵسوڕاوى تێكۆشەرى گۆڕانیش هەیە بێ ئیش و كارن و سزادراوى سیاسین، ئاوڕیان لێنادرێتەوە.
کاک رزگار ساڵح تکایە با ئێمە هەر ئاوا خۆشباوەڕ نەبین، وا نەزانین گۆڕان جیاوازی لە یەکێتیی و لە حیزبەکانی دەسەڵات هەیە، کەسیان موو بە نێوانیاندا ناچێت، رەوشت و ئەخلاقی هەموویان وەکو یەکە، ئەمانە قەت جێگاى ئومێد نین.
كاكە ڕزگار.. بەڕێزم.. ئەمانە ئەوە نیین تا داواى ئاوایان ئاڕاستە بكرێت قەتیش ناگۆڕێن مەگەر نانێكیان لەگەڵ جەلال نەخواردبێت!؟
بۆ زانیاریی جەنابتان کە رەنگە زۆر کەس نەزانێت جەنابى كاك مستەفای سەید قادر بۆ خۆى حوكمى لە سێدارەدانى هەیە، بڕیارەكە لە گەرمەى شەڕى ناوخۆ لەلایەن پارتییەوە دەركراوە، بەڵام تا ئێستا هەڵنەوەشێنراوەتەوە، واتا هەر بڕیارێك لە پەرلەمان دەرچوو تا هەڵنەوەشێتەوە قابیلى جێبەجێ كردنە، هەر كەسێكیش تاوانێكى ئەنجام دابێت یان حوكم درابێت نابێت پۆستى حكومى وەربگرێت، واتە ئەم دەسەڵاتە یاسا و هەموو شتێکیان خستۆتە خزمەتی خۆیان و بە ئارەزووی خۆیان رەفتار لەگەڵ یاسادا دەکەن، بە ئارەزوو و میزاجی حیزبەکان بڕیار دەردەکەن و چاوپۆشی لە تاوانی یەکتر دەکەن، بەپێی ئەو بڕیارە، هەرچەندە من بڕوا و رێزم بۆ هیچ بڕیارێکی پارتییش نییە، بەڵام ئەگەر ئاواش بێت، ئەوا نەدەبوو جەنابیان پۆستى هەر پێ بدرێت لەكاتى دەركردنى ئەم بڕیارەشدا کاتی خۆی فراكسیۆنى زەرد و مۆر ئامادەى دانیشتەكە بوون، بۆ دەرچوونى بڕیارەكە رێژەی یاساییان تەواو کردووە.
بەڵێ تا ئیستا مستەفاى سەید قادر _ هەڵسوڕاوى بزوتنەوەى گۆڕان _ وەزیرى ئێستاى پیشمەرگە لە كابینەى هەشت _ فەرمانى لە سێدارەدانى هەیە _ ئەوەی خوارەوەش ناوەرۆکی بڕیارەکەیە:
-----------------------------------
بەبڕیارى ژمارە (31) ى ئەنجومەنى نیشتیمانى كوردستانى عێراق كە لە ڕۆژى (6 / 11 / 1997) دەرچووە دەڵێ..
بەپێى حوكمەكانى بڕگەى (1) مادەى (56) لەیاساى ژمارە (21) ى ساڵى (1992) بڕگەى (1) ماددەى (40) لەپەیڕەوى ناوخۆى ئەنجومەنى نیشتیمانى كوردستانى عێراق ژمارە (1)ى ساڵى (1992) ى هەمواركراو، لەسەرداواى دەسەڵاتى دادوەرى تایبەتمەند كەبەنووسراوى سەرۆكایەتى ئەنجومەنى وەزیران ژمارە (636) لە (23 / 10 / 1997) بۆمان هاتووە ئەنجومەنى نیشتیمانى كوردستانى عێراق ئەم بڕیارەى دا :
1 _ ڕێدان بەدەسەڵاتى دادوەرى تایبەتمەند بۆو وەرگرتنى ڕێوشوێنى یاسایى دەرهەق بە (مستەفاى سەید قادر) لەسەر ئەو تۆمەتەى كەدراوەتە پاڵى بەگوێرەى مادەى (406 / 1) لەیاساى سزادان (العقوبات) ژمارە (111) ى ساڵى 1969 ى هەمواركراو بە كوشتنى (46) پێشمەرگەى پارتى دیموكراتى كوردستان كە دواى بەدیل گرتنیان لەشارۆچكەى ڕانیە شەوى 13 لەسەر 14 / 10 / 1996 بەبەرچاوى دانیشتوانەوە گوللەبارانیان كردن.
2 _ ئەم بڕیارە لەمێژووى دەرچوونیەوە جێبەجێ دەكرێت و لە ڕۆژنامەى ڕەسمیدا بڵاودەكرێتەوە.