چالاکوانی دێرین و خەباتی شەقام
Monday, 24/03/2014, 12:00
1849 بینراوە
ڕەنگە زۆرێک لەو گەنجە خێر لەخۆ نەدیوانەى ئەمڕۆی کوردستان، بەر لەحکومەت، گلەیی لەبەختی خۆیان بکەن: ئاخۆ ئەوە چ قەدەرێک بوو نیشتمان هێندە درەنگ بۆ ئەمان ژانی گرت، هێندە درەنگیش لەداییک بوون؟ دەستوپەنجەى ئەمان ڕەنگە نزیکترین کاتیان لەتاقم و تفەنگ هەر ئەو دەفتەرى وێنە بێت شۆڕش بۆی فەراهەم کردوون تا قەوی ئەوان بێ خەنجەر و شانی ئەوان بێ تفەنگ وێنا نەکات، تا هەمیشە و هەردەم پاڵەوانی و ئازایەتی ئەوان ڕەنگین بکەن. خولاسە باسوخواسی ئەمان و مناڵەکانیان، شیعر و ئاوازیشیان دەبێت هەر وەسف و سەنای دوێنێ بێت، دوێنێیەک بیستوئەوەندە ساڵ بەسەریدا چووە، بەڵام بۆ جەماعەتی خۆش مەشرەب هەر ئەڵێی دوێنێیە، کوردەواری ئەڵێ دەوەرە ئەم هینە لەو قوڕا دەربێنە، چەقیوە چەقیو، دەرنایەت ئیتر.
ئەوەى جاران ئەچەقی و قوڕ ئەیوت جیق کە بەشکم خوایە تێبگات کەر بوو، کەر! ناشکوری نەبێت ئەمڕۆ لەسایەى هێلکەى ژمارە کراو و پەنیری پگاو هەزارو یەک ناوی تر کە بۆ خوێندنەوەیان پیاو ئەبێت گوگڵ ترانزلەیتی پێبێت، کەرەکە بووە بە ماشینێک زمانی بەنی ئادەم تێناگات، باوکم ئەڵێت ئاسن کوا هەردەم بە گوێت ئەکات، ئیستۆپی نەکرد ئەڵێی چی؟ ئێستا ئەم ئاسنە مێشکی ئەڵێی کای تیایە، خۆزگە لەگەڵ ئەوەشا کای خواردبا، ئەوکات پیاو هیوابڕاو نەئەبوو، نەقیزەیەک، گەرچی ئەوی ئازار ئەیا، بەڵام هەر سوکناییەک بوو. بەس بەم حاڵ و وەزعەى ئێستا، ئەڵێی گوێزی ئیسرائیلی بۆ ئەژمێری.
خەریکە ئەم نوسینەش لەو قوڕەیا ئەچەقێ، لەوساوە هەر خەریکی ماخۆلام. ببورن، بەڵام ئەم جارەیان من نیم، ئەوە شۆڕشێکی نوێیە و خەریکە ئەمیش ئەمڕۆمان لێئەکات بە دوێنی، وابزانم وا بڕوات ئەبێت یەک چارەکە سەدە خەریکی کاوێژی ئەم ڕۆ بین؛ ئەزانم، بەڵام لەخۆڕا ئەم و ڕۆ-م لەیەک نەکرد، ئاخر هەر کات دوێنێ بوو بە ئەمڕۆ، هەمووی ناپەڕێتەوە، بۆ نەگبەتی کورد، هەر ڕۆیەو ئەمڕۆمان لێ ئەکات بە ڕۆ ڕۆ، جا بە لاشیەوە گرنگ نییە دوێنێ باش یان خراپ بووە، ئەو چەرخی خۆی ئەخوات، هەر کە سوڕەکەشیان لێ تێکدا، نیوتن ئەڵێت: بە هەمان گوڕ و بە ئاراستەیەکی پێچەوانە لەقەى خۆی ئەوەشێنێت، ئێوەش ئەو کات تفی خۆتان بکەن و بڕۆن.
ماوەتەوە بڵێم غەرەز لەم نامە کراوە نالی خۆش بەیانی ئەکات: هەرکەسێک نادان نەبێت، خۆی تالبی مەعنا دەکا.
باقی وە سەلام، براتان بەندەى موخلیس