لە کوردستان کودەتای سپی بەڕێوەیە...
Thursday, 07/10/2010, 12:00
لە راپەڕینەوە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی درۆ لە گەڵ خەڵکدا دەکەن و خەڵکیش زۆری لێ قەبوڵکردن ، بەڵام پاش ئەوەی هێزی ئۆپۆزسیۆنی حەقیقی لە کوردستانی باشور هاتە مەیدانەکەوە و توڕەبونی خەڵک بە پەنجەی شایەتمانیان بۆ دەسەڵاتی کوردی دەرکەوت کە خەڵک چەندە لەم دەسەڵاتە بێزار و توڕەیە، دەسەڵات لە ئێستادا لەوە گەشتوە کە ناتوانێت بۆ جارێکیتر بەو درۆ دەلەسانەی کە لە رابردودا کردویانە بتوانن خەڵک هەڵبخەڵەتێنن و چەواشەی بکەن، لەوەش گەشتون رۆژ بەڕۆژ تا دێت بەرەی ناڕزایەتیەکانی خەڵک بەرەو لای ئۆپۆزسیۆن بەرەوبەرفراوانی دەچێتو لە هەڵکشاندایە، خەڵکی زیاتر لە ژێر بەنجی ئەو دو حیزبەدا خەبەری دەبێتەوە و لە ژێر چەقۆی ئەو دو حیزبە رزگاری دەبێت، یەکێتی و پارتی ئەوەشیان تاقیکردوەتەوە کە ناتوانن بە پارەو پلەوپۆست خەڵک فریو بدەن، چونکە خەڵک پارەوپولە دزراوەکانی خۆیانیان لێ وەردەگرنو دەنگیشیان پێنادەن، ئەمە وای کردوە کە سندوقەکانی دەنگدان ببێتە هۆی بچوک بونەوەی یەکێتی و پارتی و هەست بە ئفلیج بونی سیاسی بکەن، ئەو ئفلیج بونەوەشیان پێ هەزم ناکرێت، ناشتوانن بە زەبری هێز خەڵک ناچار بکەن دەنگیان پێ بدات.
ئەو دو هێزە بۆ ئەوەی بتوانن هەمیشە لە دەسەڵاتدا بمێننەوە و بەو نەخوشی ئیفلجییەی کە توشیان هاتوەوخۆیان بە سەر خەڵکی کوردستاندا بسەپێنن، لە بری ئەوەی نەشتەرگەری ئەنجام بدەن بۆ ئیفلیج بونەکەیان، کەچی هاتون ئەیانەوێت بە دەواو دەرمانی ئازارشکێنی کاتی ئفلیج بونەوەکەیان دەشارنەوە، یەکێک لەو دەرمانە ئازارشکێنەی کە ئەیانەوێت بە کاری بەرن، ئەو دەرمانەش ئەوەیە کە ماوەیەکە ئەو دو حیزبە هاتون پرۆژە یاسایەکیان لە رێگای ئەندام پەرلەمانەکانیانەوە پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانکردوە، پێشکەشکردنی ئەو پرۆژە یاسایە و جەختکردنەوەی ئەو دو حیزبە لە سەر ئەوەی کە دەبێت بڕیارەکانی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان کە ئەیانەوێت دروستی بکەن (50+1) بێت، ئەگەر بێت و (50+1) سەر بگرێت، ئەوە پارتی یەکێتی دەتوانن بە هەوەسی خۆیان ساختەکاری بکەن و باڵانسی هەڵبژاردن بەلای خۆیاندا بشکێننەوەو لەوێوە گورزی خۆیان لە هێزی ئۆپۆزسیۆن بوەشێنن و ئیفلیجی بکەن وەکو خۆیان.
گریمان ئەگەر هێزی ئۆپۆزسیۆن توانیان ئەو دەستەیەش زۆرینەی خەڵکی ئەوانی تیادا دادەنرێت، بەڵام ئەو دو حیزبە ئەوەندە پارە و پولیان هەیە بە پارە ئەو کەسانەش دەکڕن کە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن ئەیانەوێت دایبنێن.
بە هەر جۆرێک بێت دروست کردنی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان لە کوردستان، لە ژێر هەر ناو ناونیشانێکدا بێت کودەتایەکی سپییە بۆ سەر دیموکراسی و ئازادیە تاکە کەسیەکانو دەبێتە هۆی نانەوەی ئاژاو شەڕ و تێکچونی بارودۆخی کوردستان، چونکە ئەگەر رێگای سندوقەکانی دەنگدان لە خەڵک بگیرێت، بە دروستکردنی کۆمسیۆنێک کە یەکێتی و پارتی دروستی دەکەن، ئەوە پێم وایە خەڵک چاری نامێنێت و بە ناچاری پەنا بۆ شێوازی تر دەبات، دیارە پەنابردن بۆ ئەو شێوازەش توند و تیژی لێدەکەوێتەوە وتا رادەیەکیش ئەگەری پەنابردن بۆ راپەرێنی سەرتا سەری لێدەکەوێتەوە، بۆیە یەکێتی و پارتی لە نێوان دو بەرداشدان. یەکەمیان ئەوەیە ئەگەر بێت و ئەو کۆمسیۆنە دروست بکەن بەو شێوازەی کە خۆیان ئەیانەوێت، ئەوە دەبێتە هۆی پەنابردنی خەڵک بۆ توند وتیژی کە تەنها ئەو بەرپرسانەی یەکێتی و پارتی زەرەری لێ دەکەن کە پارەیەکی زۆریان لە سەر حیسابی خەڵکی کوردستان بە تاڵان بردوە و پێکەویان ناوە، ئەگەری دوەمیش ئەوەیە کە دەبێت بە کۆمسیۆنێکی سەربەخۆ لە ژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا دورست بکرێت، دور لە دەست تێوەردانی حیزبی قەبوڵی بکەن و بە ئەنجامی هەڵبژاردنێکی بێگەرد و دەستاو دەستکردنی دەسەڵات رازیبن، پێم وایە خاڵی دوەمیان بۆ دەسەڵاتی کوردی قازانجی زیاترە، رەنگە ئەو دەمە خەڵک بە شێوازێکیتر سەیریان بکات و دەنگدانەوەیکی باشیشی هەبێت بۆیان لە روی نێودەوڵەتیەوە، بەڵام ئەگەر رێگای یەکەم هەڵبژێرن ئەوە بە زەرەری خۆیان کۆتای دێت، چونکە لە ئێستادا خەڵکێکی زۆر بە ئاگا هاتونەتەوە و لە کۆیلەبون خۆیان رزگارکردوە.
ئەبێت رۆژنامەنوسان و رۆشنبیرە ئازاکان و جەربەزەکان و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بەیەکگرتوی روبەڕوی ئەو کودەتا سپیە ببنەوە کە یەکێتی و پارتی ئەیانەوێت لە ژێر ناوی یاسادا بیکەن، روبەڕوبونەوەی ئەو کودەتایە بەرگریکردنە لە ئازادیەکانی تاک لە کوردستان و تێک شکاندنی ئەو دیواری دیکتاتۆرێتەیە کە یەکێتی و پارتی ئەیانەوێت لە چوارچێوەی یاسادا دروستی بکەن لە پەرلەماندا، ئەگەر رێگا نەگرین لە دروستکردنی ئەو دیوارەدا، ئەوە دەسەڵات دەتوانێت زۆر بە ئاسانی لە چوارچێوەی یاسادا، هەمومان لەو دیوی دیوارەکانەوە زیندانی بکات، بۆیە ئەبێت هەمومان بە چەکوشەکانی دەستمان بناغەی ئەو دیواری دیکتاتۆریتە تێک بشکێنین.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست