ئایە ئێستاش ئەڵێن سەردەمی چەك بەسەرچووە؟
Saturday, 27/08/2011, 12:00
لەڕاستیدا هەق وابو هەر هێزو لایەنێك لە تەواوی دنیادا قسەی لەسەر بەسەرچونی شۆڕشی چەكداری بكردایە كورد بۆخۆی ئەوقسەیەی نەكردایە ، ئاخر كورد تائێستاسەرەڕا ئەو هەمو قوربانی دانەی كەلە پێناوی ئازادیدا بەخشیوێتی بەكام دەسكەوت ومافی خۆی گەیشتووە كە لەئاستی ئەوە دابێت بەگەشبینیەوە لێی بڕوانین، لە چواربەشی داگیركراوی كوردستان تائێستا نیوەی یەك بەشی بەنیمچە ئازادیەك گەیشتووەكە ئەوەش هیچ گەرنتیەكی نێوە دەوڵەتی بۆ پاراستنی نیە، كەچی ئەوەی هەمیشە گویبیستی ئەبین لەلایەن دەسەڵاتدارەكانی باشوری كوردستان كە هێشتا نیوە خاكەكەی نەگەڕاوەتەوە سەرهەرێمی كوردستان ئەوەیە كە بەوتەی ئەوان سەردەمی شۆڕشی چەكداری بەسەرچووەوباوی نەماوە، هەڵبەتە ئەوقسەیە ئاراستەی شۆڕشەكانی بەشەكانی تری كوردستان ئەكەن وەك ئەوەی بزاڤی ئازادیخوازی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی ئەسكەندەنڤیا رووبەروو بوبێتەوە وداوای ماف وئازادی بكات ، ئەوەش تەنها بە چەند خۆپیشاندانێكی هیمنانە دەستەبەربكرێت وپێویستی بەشەڕودەست بردن بۆچەك نەبێت، من نازانم ئەو قسەیە تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆیان و رازیكردنی دڵی ژوژمنان ئەكەن یان زۆر بەجدی وبەباوەرێكی تەواوە وە پێیان وایە كاتی شۆڕشی چەكداری نەماوە؟ لەراستیدا مرۆڤ ئەگەر لە باخچەیەكی گوڵدا بەدوای خواستەكانی خۆیدا بگەرێت شەرمە ئەگەر چەكێك بەدەستەوە بگرێت ، بەڵام كاتێ لە جەنگڵستانێكدا وێڵبێت بەدوای گەیشتن بە خواست ومەبەستێك ئەگەر بە دەستی بەتاڵ وبێ چەك بتەوێت بە ئامانج بگەیت ئەوە بێگومان نەزانیە و بێ ئاگاییە و فەرامۆسكردنی ئەومەترسیە ئاشكرایەیە كە بەدڵنیایەوە ژیانت ئەخاتەمەترسیەوە،كەواتە بۆدەبێت بێ ئەوەی بە هیچ ئامانجێك گەیشتبین لە ناوجەنگەڵستانێكی پڕلەدڕندەداچەكی دەستمان فڕێبدەین كە تەنها لەپێناوی خۆپاراستندا پەنامان بۆی بردووە، روداوەكانی ئێستای چوارپارچەی كوردستان ئەوەمان پێدەڵێن دەسبەرداربون لەچەكی خۆپاراستن جگەلەخیانەت وتەسلیم بون هیچی ترنیە هەركەسێكیش كەپێی وایە باوی شۆڕشی چەكداری نەماوە بێگومان ئەوكەسە باوەڕی بە كورد وكوردستان و مافی رەوی نەتەوەیەك نەماوە، ئەوجۆرەبیركردنەوەیە هەمان ئەوتێڕوانینەیە كە دوژمنان بۆ كوردهەیانە ، داگیركەرانی كوردستانیش ئەگەر بێدەنگ بیت لەبەرامبە پیلانەكانیاندا وە بەخواستی ئەوان ژیان وگوزەران ببەیتەسەرودەسبەرداری مافە زەوتكراوەكانی خۆت بیت هەرگیز بە تیروریست وتێكدەرو ئاژەوەگێرپێناسەت ناكەن ولەناوخۆیاند ئەتوێنەوە، بەڵام بێگومان ژیانێك بەملكەچی بندەستی و نۆكەری دوژمنان وداگیركەران بچێتەسەر نەك ژیان نیە بەڵكو رۆژی هەزارجارمردنە، كاتێكیش داوی مافی ڕەوای خۆت بكەیت وبەلێدان وئەشكەنجەكردن وزیندانی كردن و كوشتن وەڵام بدرێتەوە جگەلەدەست بردن بۆ چەك لەپێناوی خۆپاراستن هێچ بژارێكی دیكەت لەبەردەستدا نامێنێت، ئەوەی پێویستە بزانرێت ئەوەیە ئایا ئەوكەسانەی رەخنەیان لە شۆڕشگێڕان و ئازادیخوازان دەگرت و دەیان وت باوی شۆڕشی چەكداری نەماوە، ئێستا كەدەبێنن هەرچوار دەوڵەتە داگیركەرەكەی سەركوردستان بە ئێراقی بەناو فیدراڵیشەوە پیلان لەسەر گەلی كورد ئەگێڕن و هێرشی هەمەلایەنە ئەكەنە سەرخاك وگەلی كوردستان چ ئەلتەرناتیفێكیان هەیە بۆخۆپاراستن جگەلەچەك؟! ئایا كورد بەچی وڵامی هێرشی فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا و تانك وتۆپە كانی ئێران و سەركوتكردنەكانی سوریاو تیرۆریست وشۆڤیەنیەكانی ئێراق بداتەوە؟! پێویستە هەگیزداوی چەكدانان لەشۆڕشگێڕانی بەشەكانی تری كوردستان نەكرێت چونكەئەوەش چەكە كە بۆپاراستنی جەلەولاوسەعدیە بەڕێدەكرێت!!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست