کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


رۆڵی فەتحوولڵا گویلەن وەك سیخۆڕێكی جیهانی (2)

Saturday, 05/06/2010, 12:00


"فەتحوولڵا گویلەن نابێ شەڕ لەگەڵ كوردەكان بكەین،لە رێگەی سیاسەت و پەروەردەی ئایینەوە كۆتاییان پێ بێنین"

چەندین دۆسێەی گرنگ لە ناو ئەرگەنەكۆندا ئەوەیان ئاشكراوە كردوە كە تاقمی گویلەن رۆڵی "جەندرمە و سیخوڕی جیهانی"ی دەگرێتە ئەستۆ كە لە لایەن ئەمریكاوە سەرپەرستی دەكرێ. بڵاوبوونەوەی نەوەكانی فەتحوولڵا گویلەن لە هەموو جیهاندا و كاركردنیان لە ژێر ناوی باوەڕدارانی رێبازی "گویلەن" و پشتگیری كردنیان لە لایەن دەوڵەتی توركیا بەهەموو شێوەیەك دەتوانێ نموونەیەك لەو شێوازە خەباتە بێ كە فەتحوولڵا گویلەن و تاقمەكەی لە ژێر ناوی خوێندنی ئاینی، كردنەوەی ناوەندەكانی خوێندن، دیراسات و كانالەكانی راگەیاندن و كۆمپانیاكانی بازرگانی لە زۆربەی وڵاتان دەستیان پێكردوە.

جەندەرمەكانی هەواڵگری

سەرۆك وەزیرانی توركیا (رەجەب تەیب ئەردۆگان) لەدوا گەشتی دا بۆ ئەمریكا، بەسیاسەتمەدارانی ئەمریكی راگەیاند، كە ئەوان لە ڕوانگەی هەواڵگری، كەلتوری و چاندییەوە بە سەر هەمو شارەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زاڵن و گوتیشی لەمەودوا بەدو قۆڵی كار لەسەر رۆژهەڵاتی ناوین و رای گشتی عەرەب دەكەن. راشكاوانە ئەوەی پشتڕاست كردەوە كە وەك جەندرمەی زانیاری ئەمریكا لەڕۆژهەڵاتی ناوین درێژە بە خەبات و هەوڵەكانیان دەدەن.
باراك ئۆباما سەرۆك كۆماری ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە كۆبونەوەیەكی رۆژنامەنوسی هاوبەشدا ئاماژەی بەوەدا لە گەڵ دەستە و تاقمەكانی تورك كە مەبەستی فەتحوڵا گویلەن بوو، هاوكاری و دۆستایەتی نزیك و قوڵیان هەیە. بەڵگەیەكی دیكە كە دەیسەلمێنێ فەتحوڵا گویلەن لەگەڵ دەزگای هەواڵگری ئەمریكا پەیوەندی هەیە، پێشكەش كردنی داوای مافی پەنابەرییە لەدادگای كۆچبەرانی ئەو وڵاتە. سەرجەم فێرگە، دامودەزگاو كۆمپانیاكانی سەر بە فەتحوڵا گویلەن و ئەندامەكانیان لەم پێناوەدا لە هەرێمی كوردستان، ئێران، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا بەگشتی زانیاری كۆ دەكەنەوە و ئەمریكاش لە روی تەكنیكیەوە بەشێوەیەكی نهێنی هاوكاری و پشتگیریان دەكات. ئەندامەكانی تەریقەتی (فەتحووڵا گویلەن) بۆ ئەوەی لەناوچەكەدا پلانگێڕی و پراڤاكاسیۆن بكەن، لەگەڵ هێزە رادیكاڵە ئیسلامیەكان بەگشتی و ئەلقاعیدە بە تایبەتی پەیوەندی پتەوو تۆكمەیان هەیە.

لە لایەكی تر تاقمی (فەتحوولڵا گویلەن) بۆ ئەوەی لە ناوچەكەدا پەرە بە رادیكاڵیزمی ئیسلامی سیاسی بدەن، بەردەوام هەوڵی پشتگیری ئیسلامیەكان دەدەن. لە هەر شوێنێك هەوڵدەدەن هاوسەنگیەكان لەبەرژەوەندی خۆیاندا بگۆڕن. تاقمی گویلەن هەمان پلان لەكوردستانیش پەیڕەوە دەكەن، بەتایبەت لەگەڵ بوونی چەندین پارتی ئیسلامی لە هەرێمی كوردستاندا تاقمەكەی فەتحوولڵا گویلەن لە هەوڵی نزیكبوونەوەدانە لەو پارتانە و بەشێوازی شەڕێكی تایبەتی نوێ، سیاسەتەكانیان جێبەجێ دەكەن. لەرۆژهەڵاتێ ناوەڕاستدا گویلەنەكان وەك ئەڵتەرناتیڤێك لەبەرامبەر(خومەینیزمی شیعە) تێدەكۆشن مسیۆنی (خومەینیزمی سوننە) ئاوا بكەن و لەم چوارچێوەیەشدا لەپێناو پاكتاوكردنی بزوتنەوەی كورد و مایەپوچكردنی كوردستانێكی سەربەخۆ، تاقمی گویلەن لەرێگەی پارتی دادوگەشەپێدان ئاكەپەوە، ئەو رۆڵە دەگرنە ئەستۆ و لەلایەن ئەوروپا و ئەمریكا پشتگیریان لێدەكرێ.

گویلەن بۆچی لەرودوای سوسورلوك ترسا

زۆر بەڵگە و كردەوەی رۆژانە دەریدەخەن كە دەوڵەتی توركیا لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەوڵێكی زۆر دەدا، بۆ ئاستەنگی خستنە بەردەم جوڵانەوەی كورد و دروستبونی دەوڵەتێكی كوردی. نەتەوەپەرستە عیلمانیەكان و نەتەوەپەرستە ئیسلامیەكان دوابەدوای نەوەدەكانی سەدەی رابردو و هاتنەئارای سیستەمی نوێی جیهانی و پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە زیاتر لەجاران بۆچونەكانیان سەقامگیر كرد و راشكاوانە هاتنە مەیدانەوە بۆ پاكتاوكردنی پرسی كورد. لەناوخۆی توركیا، بەگوێرەی یاسای بنچینەیی ئەرگەنەكۆن لە 12ی ئەیلول، تاقمی گویل بەشداری زۆركردەوەی نامرۆڤانە كردوە وەك؛ تاوانی بكەری نادیار، سوتاندنی گوندەكان، مافیاچێتی، پارەی رەش و روداوی سوسورلوك. فەتحوولڵا گویلەن بۆ ئەوەی دۆزی سوسورلوك زیاتر قوڵ ببێتەوە، رایگەیاند؛ لەسوسورلوك تاوانێك روی داوە... لەسەر ئەم بنەمایە ئەگەر لەتاوتوێكردنی ئەم بابەتەدا زیان بە یەكێتی نەتەوەیی و یەكپارچەیی خاكمان بكەوێ، ئەوا دەوڵەت نابێ ئەم دەرگایە بكاتەوە. ئەگەر بچینە ناو ئەو دەرگایەوە، لەوانەیە متمانەمان بەسوپا نەمێنێ و ئەگەر متمانە بە سوپاش كەم بویەوە، متمانە بە پەرلەمانیش كەم دەبێتەوە، متمانەمان بەمرۆڤەكانیش دادەبەزێ. لەبەر ئەمە دەبێ شێوازێكی زۆر جیاوز دەكار بهێندرێ و بەمجۆرە پرسەكە چارەسەر دەبێ.

وەلی كوچوك و گویلەن پەیوەندی قوڵیان پێكەوە هەیە

ژەنەڕاڵ وەلی كوچوك و فەتحوولڵا گویلەن ئەو كاتانە بەدو قۆڵی لەناو ئەرگەنەكۆندا چالاك بون و رۆڵی نێگەتیڤیان دەگێڕا، دوای چەندین ساڵ بەتایبەت رویان وەرگێڕایە باشوری كوردستان و كاركردن لەسەر جوڵانەوەی كورد. لەناو ئەرگەنەكۆندا گویلەن و وەلی كوچوك داكۆكیان لە دو بۆچونی جیاواز دەكرد، فەتحوولڵا گویلەن پێی وابو "نابێ شەڕ لە گەڵ كوردەكاندا بكەین و لە بەرامبەریان توندو تیژی بەكار بێنین، بەڵكو دەبێ لە رێگەی سیاسەت، پەروەردە و ئایینەوە كۆتاییان پێ بێنین." هەر چەندە ژەنەڕاڵی خانەنشینكراو(وەلی كوچوك)یش لایەنگری لەبەكارهێنانی توندوتیژی و شەر دەكرد لە بەرامبەر كوردەكان. هەر دو لایەن بۆ ئەوەی پشتگیری دەسەڵات بۆ لای خۆیان رابكێشن و هێزە دەرەكییەكان بخەنە ناو یارییەكەوە، هەر چەشنە رێبازێكی پلانگێڕیان بەكار دەهێنا. ماوەیەك لەدژی بزوتنەوەی كورد حیزبولڵایان دروست كرد، كە لەناو كوردەكان بە (حیزبوڵكۆنترا) بەناو بانگ بوو. لەراستیدا دروستبونی حیزبولڵا،بەرهەمی ململانێی نێوان فەتحوولڵا گویلەن و وەلی كوچوك بو لەناو ئەرگەنەكۆندا. بەم شێوەیە گویلەن زۆر چالاكانە لەناو رێكخستنەكانی ئەرگەنەكۆندا بەشدار بوو و لەگەڵ وەلی كوچوك هاوكاری و پەیوەندییەكی پتەوو نزیكیان هەبوو. ساڵانی (1970) بەردەوام ناوی لەناو رێكخراوی رەگەزپەرست و فاشیستی (بزوتنەوەی تێكۆشانی نەتەوەیی) دەبیسترا و ئەندامێكی ئەو رێكخراوەیە بووە.


گویلەنەكان و ئەرگەنەكۆن

بەگوێرەی بەڵگەنامەو زانیارییەكانی دۆسیەی ئەرگەنەكۆن و هەروەها دانپێدانانەكانی تونجای گۆنەی كە یەكێكە لە بەرپرسە سەرەكیەكانی ئەو رێكخراوە، لقێكی سەر بەمیت لەژێر چاودێری گویلەندا لە كەناڵی سامان یۆلودا چالاك بون و فەتحوولڵا گویلەن و وەلی كوچوك لەناو رێكخراوی بزوتنەوەی تێكۆشانی نەتەوەیی دا یەكتریان ناسیوە و رێكخراوی ئاماژەپێكراو ئێستاش فەتحوولڵا گویلەن بە ئەندامێكی خۆیان دەزانێ. ئەو كات كوچوك پشتگیری لە گویلەن كردوە بۆ ئەوەی لە باشوری كوردستان مەكتەب و دەزگای پەروەردە بكاتەوە. گۆنەی و ئەندامانی تاقمەكەی لەلایەن (وەڵی كوچوك)ەوە ئاسانكاریان بۆ كراوە، بۆ ئەوەی بچنە هەرێمی كوردستانەوە. بە فڕۆكە نێردراونەتە سلۆپی و لەوێشەوە ئاودیوی خاكی باشور كراون. هەروەها بە یارمەتی وەلی كوچوك تاقمی گویلەن لە باشوری كوردستان چالاكیەكانیان بەڕێوەبردوە و بناغەی دامەزراندنی كۆلێژی "ئیشق"ی تایبەت و "فەزالار" و "نیلوفەر"یان داناوە. بە گوێرەی دانپێدانانەكانی گۆنەی، كاتێك فەتحوڵا گویلەن لەناو تاقمەكەیاندا بوە، بەردەوام لە گەڵ نوێنەری میت (مەهمەد ئەیمور) هاتوچۆی هەبوە و زانیاریان ئاڵوگۆڕ كردوە.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە