فاروق ڕهفیق، له پاکس ئهمهریکاناوه بۆ ڕیکلامی ههڵبژاردن
Sunday, 24/05/2009, 12:00
1993 بینراوە
وینستۆن چهرچڵ دوو کهس نابینیت لهسهر زیرهکی و لێهاتوویی فاروق ڕهفیق کۆک نهبن، ههموو ئهو ڕاستیه دهزانین که فاروق ڕهفیق ناوێکی دیاری ساحهی ڕۆشنبیری کوردییه و توانایهک و خاوهن هزرێکه، دهبێت بهچاوی تهقدیرهوه سهیری بکرێت و بخوێنرێتهوه، بهڵام ئهوهی که جێگهی گومانه، ئهوهیه، له سهروبهندی ئهم ههڵبژاردنه ههستیارهدا و لهماوهی ئهم دوو مانهگهدا سێ جار له تهلهفزیۆنی کوردسات و زوو زووش له ڕۆژنامهی ههولێر پۆست دا دهردهکهوێت(لهگهڵ ڕێزمدا بۆ ههردوو میدیاکه)، که سهردهمانێک خاوهنی ئهو میدیایانه که حیزبن، فاروق و برادهرانی ڕهههندیان به دهستی دهرهکی و ژیانی ناو خهیاڵ و لاسایی کهرهوهی پۆستمۆدێرنی ئهوروپا تۆمهتباردهکرد، فاروقیش ئهم قسانهی ئێستای بهتایبهتی تر له چاوپێکهوتنهکانی کوردسات دا، ههم پێچهوانهی تێزه کۆنهکانی خۆیهتی(پاکس ئهمهریکانا، ماڵێکی لێکترازاو و زۆربهی وتاره ڕۆژنامهوانییهکانی فاروق خۆی) وه ههم ڕاستهوخۆ یان ناڕاستهوخۆ بۆ پڕوپاگهندهی ههڵبژاردن بهکاردهبرێت.
فاروق له دواههمین بهشی چاوپێکهوتنهکهی کوردساتدا دهڵێت<< ئهمه چییه ئهم قسهیه که خهڵک فێربووه و دهڵێن عێراق دیموکراتیتره له ههرێمی کوردستان، لهکاتێک دا چهند هێزێکی بهربهری له عێراق دا دروست بووه>>.
ئهگهر یهکێک خۆی نهبان نهکات ئهو ڕاستییه باش دهزانێت که ئهگهر حکومهتی عێراقی دیمۆکراتیتریش نهبێت له چاو حکومهتی ههرێمی کودستان، خۆ له ههرێمی کوردستان خراپتر نییه، ئهگهر بۆ مهرامێک نهیان فهلسهفێنین، نمونهکان زۆرن، بۆ نمونه، له عێراق دا چوار جار ئینتیخابات کراوه لهماوهی پێنج ساڵدا، دوو جار ئینتیخاباتی شارهوانییهکان و دوو جاریش ئینتیخاباتی گشتی کراوه، کهچی تا ئێستا کوردستان لهماوهی ههژده ساڵدا چوار ئینیخاباتی تیا کراوه، که چوا جار له ههژدهساڵدا جیاوازی زۆر زۆره له چاو چوار جار له پێنج ساڵدا،
نمونهیهکی تری زۆر زیندو، ئینیخاباتی مانگی دیسهمبهری شارهوانییهکانی عێراق بوو، که به لیستی کراوه بوو له عێراقێکدا که تا ئێستاش ئێمه به وێرانهی دهزانین، کهچی ههر لهم مانگهدا پهرلهمانی کوردستان بڕیاری دا که ههڵبژاردنی شارهوانییهکانی کوردستان به لیستی داخراو بێت، ئهگهر ئهمه دیمۆکراتیتر نهبێت، ئهدی چییه؟ ئهوه خێره فاروق باسی ئهمانه ناکات؟ ئهی بۆ باسی ئهوه ناکات، که تا ئێستا سهرکردایهتی سیاسی کورد و پهرلهمان نهیتوانیوه دهستورێک بۆ کوردستان دابین بکات، له کاتێکدا عێراق له ئانو ساتی ئهوهدایه که دووباره دهستور بگۆڕێت؟
پاشان ئهوهی له ئهلف و بای فهلسهفهی سیاسی شارهزا بێت، ئهوه باش دهزانێت، بۆ ئهوهی که دیمۆکراتییهت بچهسپێت، کۆمهڵگا پێویستی به ئیسلامی و عیلمانی، ڕاست وچهپ، لیبراڵ و کۆمهنیست، بهربهری و مۆدێرن ههیه، ئهمانه به ههموویانهوه دهتوانن ڕێگاچاره بدۆزنهوه بۆ کێشهکانی کۆمهڵگا و ههرلایهن و تهرحی چارهسهری خۆیمان پیشان بدات، هاووڵاتیانیش له ڕێگهی سندوقی دهنگدانهوه متمانهی خۆیان بهو لیست و لایهنه دهدهن که ڕێگا چارهکهیهن بهلاوه پهسهندتره لهوانی تر، ئهم بوونی ههمه جۆریه لهفهلسهفهی سیاسی دا پێی دهوترێت پلوڕالیزم و فهزای سیاسی تهندروست. له دانیمارک هێزی وا بهربهری ههیه، ئهگهر بۆی بلوێت و ترسی سزای دهنگدهرانی نهبێت، داوای ئهوه دهکات ههرچی موسڵمان ههیه به زۆر بکرێته مهسیحی و ههموو مووڕهشێک دهربکرێت و ئهوهی ناوی ئیسلامی هێنا بخرێته زیندانهوه، به پێچهوانهشهوه هێز و تهیاری سیاسی وا ههیه ئهگهر لهبهر ترسی ڕسواکردنی نهبێت لهلایهن دهنگدهرانهوه داوای ئهوه دهکات ناوی ئهمهریکا و ئیسرائیل لهسهر زهویدا بسڕدرێتهوه، لهکاتێکدا جێگهی ئهم دوو جۆره هێزه و هێزی میانڕهوی تریش ههیه و کهسیش به مهترسی دانانێت و کایهی سیاسی تهندروستیش ههر له بهرهو پێش چوندایه.
فاروق له بهشێکی تری چاوپێکهوتنهکهیدا دهڵێت<<ئهوهی گومانی ههبێت لهمهترسی عێراق بۆ سهر کوردستان، من شکم ههیه له عهقڵی ..... لهیادی کارهساتی ئهنفال دا تهلهفزیۆنی عێراق بهرنامهی تهرفیهی و پێکهنینی پهخش کردووه>>.
فاروق به خۆی بزانێت یان نا ئهمه دهبێته ڕیکلام کردن بۆ ئهو هێزانهی که دهمانترسێنن به ههڕهشهی دهرهکی بۆ مهبهستی دهنگنهدان به قهواره سیاسییه کانی تر، ئهگینا ئهگهر ئێمهش و فاروقیش خۆمان نهدزینهوه له ڕاستییهکان، بۆمان دهردهکهوێت که ئایا حکومهتی عێراق خهتهره یان ئهو سیاسییه دهسهڵاتدارانهی که سوڵتان هاشم به دۆستی کورد دهناسێنن،عێراق خهتهره بۆسهر ئهزمونهکهمان، یان نهتوانینی ههموو سهرکردایهتی کورد له بهغدا لهسهر به سزا گهیاندنی عهلی کیمیاوی، بۆ ئهوهی هیچ نهبێت تۆزێک لهسوێی کهسوکاری شههیدهکانی ههڵهبجه کهمبێتهوه؟؟
تهلهفزیۆنی عێراق خهتهرتره که لهکاتی یادی ئهنفالدا بهرنامهی پێکهنین تهرفیهی پهخش دهکات یان نامه ناردنی سهرکرده کوردهکان بۆ وهزیری دادی دانیمارک(نامهکهی یهکێتی و پارتی به ئامانهتهوه پارێزراوه) بۆ پاکانه کردن بۆ تاوانبارێکی وهک نزار خهزرهجی که دهستی به خوێنی ههزارهها کورد سوره له کارهساتی ئهنفالدا و بێ ئارهق بۆی دهرچوو؟ ئهوه خێره فاروق باسی تهلهفزیۆنه شڕهیهکی عێراق دهکات، که گومانم نییه لهوهی ئهو تهلهفزێۆنه شڕه نهک هاووڵاتی سادهی عێراق، بهڵکو سهرۆک کۆمارێش سهیری ناکات، کهچی نایهت باسی ئهو نامه پڕ شهرمهزارییهی سهرانی یهکێتی و پارتی بۆ وهزیری دادی دانیمارک ناردیان بۆ بێتاوانکردنی نزارخهزرهجی؟.
پاشان بۆ دهبێت تهنیا شکمان له عهقڵی ئهوانه بێت که پێیان وایه ترسی سهرهکی لهسهر ئهزمونهکه نهماوه یان لهجاران کهمتره، ئهی چی لهو پهرلهمانه خهوتوه بکهین که لهکاتی هاتنی لهشکری تورک بۆسهر سنورهکانی ههرێمی کوردستان نییهتی لهشکرکێشی و تۆپبارانکردنی کوردستان، ئهو کاتانهی ههموو دونیا باسی کوردستانی دهکرد، کهچی پهرلهمانی کوردستان به کۆمیدترین شێوه خهریکی دهرکردنی یاسای قهدهغهکردنی جگهره کێشان بوو؟ ئهرێ بهڕاست ئهم خهوتنی پهرلهمانه مهترسییه بۆسهر ئهزمونهکه، یان ئهو قهواره سیاسیانهی که دهیانهوێت به دهنگی جیاوازهوه بێنه ناو پهرلهمان؟ پاشان ئهگهر ترسێکیش ههبێت لهسهر ئهزمونهکه، خۆ ئهوانهی که ئێستا ئیدیعای بۆ دهکهن، ههر ئهوانه بهرپرس بوون و براگهورهی کورد بوون، ئێ خۆ کوفر نابێت ئهوانیش که تاکه هێزی بههێزی ناو عێراق بوون و هیچ شتێکیان نهکرد بۆ پاراستنی ستراتیژیهتی ئهمنی قهومی کورد، تامردن بهو کورسییهوه نهنوسێن و جێگا چۆڵ بکهن لانی کهم تهنها بۆ بهتاڵ کردنهوهی ئیدیعای ئهوانهی که پێمان دهڵێن وڵات ئهمانتر و ترسهکان کهمتر دهکهنهوه، ئهدی ئهوه خێره باسی ترسی بهغدا دهکرێت، لهکاتێکدا یهک لهشکر سیاسی کورد له بهغدا له مهوقعی دهسهڵاتی ههستیاردان، ههر لهسهرۆک کۆمار، جێگری سهرۆک وهزیران، وهزیری دهرهوه تا سهرۆکی ئهرکانی جهیش؟ ئهدی ئهوانه چ کارهن له بهغدا؟ ئهوه خێره لهم ئێستادا که ههڵبژاردنی پهرلهمانی ههرێمی کوردستان بهڕێوهیه حکومهتی عێراق به خهتهر حساب دهکرێت بۆسهر کورد، لهکاتێکدا لهسهروبهندی بهسهرچوونی ماددهی 140 دا، لهبری پێداگری لهسهر ئهو ماددهیه، کهچی سهرکرده سیاسییهکانی کورد له بهغدا شهڕی پارهیان دهکرد؟ کێ خهتهره، سهرکردهکانی شهڕی پاره، یان عێراق؟
پاشان ماوهیهکه فاروق له ههولێر پۆست و له کوردساتهوه کهوتۆته بانگهشهکردن بۆ بهشداریکردنی روناکبیر له داسهڵاتی سیاسی دا و بهتایبهتی تر بهشداریکردنی فهیلهسوفهکان له به پراکتیزهکردنی تێزهکانیاندا له ههناوی دهسهڵات دا، لهمهشدا پشتی به چهند تهجروبهیهکی خۆی بهستوه که له دونیاقی ئهکادیمدا پێی دهوترێت(Empiri)، واتا تهجروبه(دیاره تهجروبهش ئهبێت سهرچاوهی خۆی ههبێت، ئهگینا له دونیای ئهکادیمی وڵاتانێک، که ڕێزی ئهکادیمیست ههیه، تهجروبه، بێ بهڵگه، واتای سفره و هیچ جۆره ئیعتیبارێکی ئهکادیمی نییه)، بهڵام لهمهشیاندا فاروق نهیپێکاوه، ئهگهر نا خێره وا ئێسا فاروق کهوتۆته تهقه له فهیلهسوفه فهڕهنسییهکان و میللهتی ئێمه بهوه تاوانبار دهکات، که تهنها فهلسهفهی فهڕهنسی و ههندێک وڵاتانی ئهوروپی دهخوێننهوه له ڕێگهی ڕۆشنبیره عهرهبهکانهوه، کهئهمهش بۆ خۆی ئیشکالی فهلسهفی دروستدهکات، به بڕوای من، چونکه یهکهم فهلسهفه خۆی بۆ خۆی بێ ناسنامهی ناشیۆنالیتییه و ههموو فهلسفهکانی دونیا ههمووان به ههموو نهتهوهکانهوه خۆمان به خاوهنی دهزانین و ئهو فهیلهسوفانهی که سهر به نهتهوهیهکی دیاریکراون، تهنها وهک دهستخۆشی و شانازییهکی مهعنهوییهوه بۆ نهتهوهکه دهگهڕێنهوه، ئهگینا تا ئێستا فهیلهسوفێک یان فکرێکی فهلسهفی نهبووه له دونیادا خۆی به خاوهنی نهتهوهیهکی دیاریکراو بزانێت، دووهم، ئهوهی خۆی نهبان نهکات، ئهو ڕاستییه باش دهزانێت، که فهلسهفهی فهڕهنسی و فهلسهفهی ئهو قوژبنهی دونیا که له بهینی فهڕهنسا وئهڵمانیا و نهمسادایه، کاریگهرترین فهیلهسوفهکانی دونیا دهژمێردرێن و تا ئێستا کهم کهس توانیویهتی له فهلسهفهی مارکس و قوتابخانهی فراکفۆرت و ماکس فێبهر و چاولێکهرهکانیان تێپهڕێنێت، وه ئێستا ئهمانه به جیا لهوهی چ ڕهئێکمان لهسهریان ههیه، به کۆڵهکه گرنگهکانی فهلسهفه وئهنرۆپۆلۆگی و سۆسیۆلۆگی دادهنرێن و له زانکۆ بهناوبانگهکانی دونیادا تێزهکانیان حسابی جدیی بۆ دهکرێت.
ئایا لهبهر ئهوهی فهلسهفه و فهیلهسوفه فهڕهنسییهکان ڕهخنهگری دهسهڵات بوون وا فاروق لێیان کهوتۆته تهقه؟ ئهی خۆ فاروق له پاکس ئهمهریکانا و ماڵێکی لێکترازاو و زۆرێک له بابهتهکانیشی له گۆڤاری ڕهههنددا، ڕهخنهگری دهسهڵات بوو، ئهی خێره وا ئێستا تهنها باسی ئهو فهیلهسوفانه دهکرێت که به شان و باڵی دهسهڵاتدا ههڵدهدهن؟
لهبهشێکی تری چاوپێکهوتنهکهی دا فاروق باسی ئهوه دهکات، که نابێت سیاسییهک کۆمهڵێک ئیعلامی و ڕۆژنامهنووسی ههبێت، دیاره فاروق لهمهشدا مهبهستی له کێیه و بۆ له ئێستادا کهوتۆته کوتینی ئهم دههۆڵه، دیاره من نوێنهری ئهو سیاسیه نیم تا بهرگری لێبکهم، بهڵام کورد دهڵێت دهرزییهک بکه به خۆتا ئینجا سوژنێک به خهڵکا، فاروق بۆ تهنها باسی ئهو سیاسییه دهکات که ئێستا خاوهنی کۆمپانیای ئیعلامییه، ئهی بۆچی باسی ئهوه ناکات، ههر لهو کهناڵه تهلهفزیۆنییهی که فاروق چاوپێکهوتنی لهگهڵدا کردووه، زۆربهی مهکتهب سیاسییهکان ساڵههای ساڵه خاوهنی ڕۆژنامهی ڕۆژانهن، ههر ئهو دوو حیزبه خاوهنی چوار کهناڵی سهتهلایتن، خاوهنی چهندین ڕۆژنامهی ڕۆژانه و گۆڤار و کارمهندن، ئهی بۆ باسی ئهمانه ناکرێت، ئهی حیزب ئهم پارانهی له کوێ بوو، له کاتێکدا مهسرهفی ڕۆژانهی ئهم دهزگا ئیعلامیانهی ئهم حیزبانه دهگاته ملوێن دۆلار؟؟
ئهوه خێره باسی ئهوه ناکرێت که حیزبێک تا پێش ڕاپهڕین خاوهنی چوار کڵاشێنکۆفی ژهنگاوی بهڵام خۆشهویست و شهرفمهندانه بووه، کهچی ئێستا به 10 ملیۆن دۆلار لهسهر بودجهی خۆی لهم سهروبهندی ئینتیخاباتهیا بۆ گهرمیان سهرفدهکات؟ پێویست بوو فاروق وهک کهسێکی بابهتی و ئهکادیمی باسی ئهمانهشی بکردایه، که ئایا حیزب شهریکه و کۆمپانیای بازرگانییه خاوهنی ئاوا سهروهت و سهرمایهیهک بێت، که سهرمایهی ههموو حیزبهکانی دونیا کۆبکهیتهوه به ئهندازهی هیچ یهکێک لهو دوو زلهێزهی کوردستان سهرمایهی نییه، به حیزبهکهی ڕۆناڵد ڕیگنیشهوه که هاوڕێکهی فاروق ڕاوێژکار بووه تێیدا؟ فاروق و ڕۆشبیران له وڵاتێکدا دهتوانن تێزهکانی خۆیان تهرح بکهن که گوێی لێبگیرێت، من به فاروق دهڵێـ، تا ئێستا چ فاروق و چ ههموو ئهوانهی تر، چ تهرحێکیان له لایهن دهسهڵاتی سیاسی کوردستانهوه به ههند وهرگیراوه، تا ئێستا بکهوینه ههڵدان بهشانوباڵی دهسهڵاتدارانی ئێستادا؟ ههر ڕهههند و ڕهههندییهکان نهبون به دهستی دهرهکی و له وههما ژیان تاوانبار دهکران لهلایهن دهسهڵاتهوه؟ ههر ئێمهو مانان نهبوین که لهسهرهتای ئهو پرۆژه ئههلییهی که ڕۆژنامهی هاوڵاتی لێدهرچوو، له ژماره سهرهتاییهکانی هاوڵاتی دا پڕ بهدهم هاوارمان دهکرد و بهسیاسیهکانمان دهوت کاکی براینه وڵات بهڕێوه بردن وا نابێت، وهرن و واز له خراپ بهکارهێنانی سامانی ئهم وڵاته بێنن، وهرن و بۆ خاتری خوا ئهو فهرقه دروستمهکهن، لهسهر ئینتمای حیزبی خهڵک جیا مهکهنهوه، ئهوهی سهر بهحیزبهکهتان بوو بیکهنه خاوهنی ئهرزه و پارهی بۆ ههڵڕژن و ئهوهش ئینتمای حیزبی بۆ ئێوه نهبوو به ناخی ئهرزیا بهرن و بهدهستی دهرهکی تاوانباری کهن، کهچی حیزبهکان ههمو لایهکیان به دهستی دهرهکی و ئهجندای وڵاتانی دراوسێ دهزانی به فاروقیشهوه له ساڵێکدا یهک جاردا گوێیان لێنهدهگرت و نهیاندههێنایه سهر تهلهفزیۆن، ئهدی خێره وا ئێستا فاروق بووه به میوانی زووزووی ئهم دهزگا ئیعلامیه حیزبیانه و بڕیاره له ئایندهیهکی نزیکدا بهرنامهی تایبهتی پێشکهش بکات، ئهگهر بۆ ڕیکلامی ههڵبژاردن نهبێت؟
ههرچهند ههر سێ بهشی چاوپێکهوتنهکانی فاروق زۆر ئاو دهکێشێت، بهڵام به لهبهرچاوگرتنی ڕوبهری ڕۆژنامه، ههرئهمهنده کافییهو به ئومێدی ئهوهی که له ئایندهدا بتوانین به نامیلکهیهک وهڵامی فاروق و ئهو فهلسهفهییهی که ئهو ئێستا کاری پێدهکات بدهینهوه بۆ ئهوهی که خوێنهر خۆی حوکمی ئهو ڕاستییه بدات که ئهو بهڕێزه ئینتیمای ئێستای چییه
له کۆتاییدا هیوادارم که فاروق نهبینین مۆنیکایهکی نازدار و شوقهیهکی پارک سیتی یان گوندی ئهڵمانی وهربگرێت، چونکه ئهگهر خوا نهکرده ئهوه ببینین، توشی شۆک دهبین و ئهو تێزهجوانانهی که پێشو تهرحی دهکردن دهبنه ههڵم لهلامان.
* ئهم وتاره له لاپهڕه 16 ی هاوڵاتی ژماره 527 ی ڕۆژی 25.5.2009 دا بڵاوکراوهتهوه
[email protected]