داگیرکەری نوێ
Friday, 07/10/2011, 12:00
ساڵانیک بوو
گۆیژەیان ئەدایە بەر بۆردومانی تۆپ و بۆمبا
نەیانزانی گەر گۆیژە کۆتایی هات ،
پیرەمەگروون دەست پێ ئەکا ؟!
زەمانێ بوو
چیاکانیان ڕووتەن ئەکرد
پێدەشتیان هەڵ ئەقرچاندین
زەوییان سووتماک ئەکرد
نیشتیمانیان ئەسووتاندین
نەیانزانی کەوا ئاسمان بۆتە دەریا
نەیانزانی هێندە نابا گێژەڵوکەی ڕق و نەفرەت
ڕووە و هەواریان هەڵئەکا .
********************************
ئێستاش دیسان هەر ئەوانەن
دەیانەوێ کێوەکانمان لەڕەگەوە لەبن بێنن
دەیانەوێ لەسەر تاخوار
پێدەشتەکان بەیەکجاری بسووتێنن !
نیشتیمانمان لەژێر باری دووکەڵیاندا بخنکێنن
دەیانەوێ ئەمجارەیان تا ئاسمانیش کەوی بکەن
لەجێی باران تۆپ و بۆمبا ،
بەسەرماندا ببارێنن !
دەیانەوێ دیسانەوە
ڕەشەبای ژەهر و مەرگ
لەگەڵ خۆیان بهێننەوە
ئەمجارەیان دایکوتن و
تا ئەبەدی نەڕۆنەوە .
********************************
بەڵام دیسان پێیان دەڵێین :
خەیاڵ خاوون !
ئێوە هەرگیز نە لەزمانی کێو ئەگەن
نە لە تووڕەبوونی ئاسمان
نە لە ڕقی گێژەڵوکە
نە لەمانای خەبات ئەگەن
نە لە قووربانی ئەم خەڵکە .
********************************
ئێوە تەنیا چەک دەناسن
بەمەدەنی لە پیر و گەنج
بەژن و منداڵ ئەوێرن
بە سووتانی دار و درەخت
بە پیسکردنی ئاو و خاکمان فێرن .
ئێوە تەنیا دەتانەوێ
بکووژن ، ببڕن ، ئەنفال بکەن ، تاڵان بکەن
چی هاتە ڕێ
نیشتیمانێ خاپوور بکەن
چی مایەوە بیبەن بڕۆن بەرەو سەرێ
********************************
ئێوەی نەوەی مەغۆلەکان ....
ئێوەی نەوەی تەتەرەکان .....
ئێوەی نەوەی عووسمانیەکان .....
دەزانین لە هەگبەتان چیتان پێیە ،
لەلای ئێوە کوردستان کلیلی دەروازەی
عوسمانی نوێیە .
********************************
من وەک جوودی مانای ژیانم ،
ژیانێکی نوێ !
وەکو قەندیل داگیرساووم
هەموو کاتێ وام لەسەرپێ
تینی گڕم بەشاڵاوی داگیرکەران خامۆش نابێ
بە تۆفانی غەدر و ستەم دانامرکێ
وەک پیرەمەگروون خۆڕاگرم قەت ناسرەووم
باڵای ستەم چەند بڵند بێ لە ئاستیدا
هەرگیز هەرگیز دانانەوم .
هەتا چیا مامۆستام بێ
من قووتابی لووتکە و هەورم
هەتا قەدپاڵ جێژووانم بێ
هەتا تفەنگ دڵدارم بێ
من هەمیشە وەکوو بەورم
قەت کۆڵنادەم قەت ناسرەوم
تا کوردستان ئامێزم بێ
مادام ئاسۆ لە دەم کەلا
دووایین ڕێچکە و ئامانجم بێ .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست