کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆ ئەوەی سەردەشت لەبیرمانبنەوە..قاسم ئاغایان بۆ هێناین!

Saturday, 16/10/2010, 12:00


قسەکانی پارێزگاری هەولێر (نەوزاد هادی) دەربارەی هەڵهاتنی قاسم ئاغای کۆیە لەنوکتە دەچوو تاوەکو حەقیقەت، نوکتەیەکی بێتامی وەها کە هەرکەس دەبوو بێگڕێتەوە نەوزاد هادی نەبێت، چونکە ئەم پارێزگارە بەرێزە لای کەسانێکی زۆر مایەی قبوڵکردن و رێزو خۆشەویستی بوو ئەویش بەهۆی کارە چاکەکانی لەهەولێردا.
گێڕانەوەی نوکتەیەکی وەها دەبوو کەسانێکی دیکە پێ هەڵبسن، بۆ نمونە لەجۆری لیژنەی لێکۆڵینەوەی تیرۆرکردنی رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان، یاخود ئەو قەڵەمانەی حزب کە بونەتە سەرمایەدار بەناوی رۆژنامەنوسی و نوسەرییەوە.
نوکتەکانی (نەوزاد هادی) چەندە لەنوکتە دەچون هێندەی ئەوەش مایەی دڵتەنگی و ئازاربوون، چەندە فریودەرانە بوو، هێندەی ئەوەش حەقیقەتێکی تاڵ بوو، ئاخر چ کەسێک بڕوا بەوەدەکات پارێزگارێک نەزانێت کۆنە ئەنفالچی و بکوژی پێشمەرگەیەک تاوانبارە، بۆ چما بەرێز پارێزگار خەڵکی ئەم وڵاتە نیە؟ ئەدی خەڵکی کوێیە؟.
من باوەڕ بەقسەکانی دەسەڵاتدارانی هەولێر ناکەم، برواشناکەم کەسێک هەبێت باوەڕیان پێبکات، دەسەڵاتدارانێک چەندین دەزگای ئەمنی و ئاسایشیان هەبێت، چەندین راپۆرت نوس و زانیاری پێدەریان هەبێت، دەسەڵاتدارانێک شانازی بەوەوە بکەن نەهێڵن هیچ کردەوەیەکی تیرۆرستی ئەنجامبدرێت لە هەرێمەکەیاندا، تیرۆرست بەرلەوەی بیرلەوەشبکاتەوە ببێت بەتیرۆرست ئەمان بیدۆزنەوەو ئاشکرای بکەن ، ئیدی چۆن نەیانزانی قاسم ئاغا کێیە و بۆ کوێ هاتوەو بۆ کوێ دەڕوا؟.
دەسەڵاتدارانی کوردی چەندین ساڵە فێرە دروستکردنی سیناریۆی سەیر سەیربوون، بگرە دروستکردنی سیناریۆی وەها کە هەموو کەسێک هەر لەرێگاوە دەزانێت کە سیناریۆکانیان چۆن چۆنی دروستکردووە، تەنها ئامانجیش لەم سیناریۆیانە لەبیربردنەوەی مەسەلەگەلێکە هیچ وەڵامدانەوەیەکیان بۆ پرسیارەکانی پێ نیە، مەسەلەگەلێکی وەها کە توشی ئیحراجبونی کردون.
بانمونەیەک وەربگرین، ئەگەر هەندێک لەبیرمانبێت بەر لەهاتنەوەی قاسم ئاغا هەموو شەقامی کوردی بە مەسەلەی تیرۆرکردنی سەردەشت و ئەنجامە سەیروسەمەرەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوەکەی مەشغولببوو، هەمومان باسمان لەمەترسی لێکۆڵینەوەی وەها لیژنەیەک دەکرد کە ئەوەی پیشەیی بون و زانستی بون و واقیعیەتبون بوولەو لیژنەیەدا نەبوو.
پارتی دیموکرات کە وەڵامێکی گونجاو و راستەقینەی پێنەبوو، کە نەیدەتوانی لیژنەیەکی بێ لایەن و پیشەیی و راستگۆ دروستبکات، توشی پرسیارگەلێکی جیدی هاتبوو کە نەدەیتوانی وەڵامیان بداتەوە و نەتواناشی هەبوو خۆی لێ قوتاربکات، دەبوو شتێکیش بکات.
بەبڕوای من هاتنەوەی قاسم ئاغای کۆیە کتومت بۆ ئەوەبوو هەڵایەکی گەورەی وەک ئێستای لەسەر دروستبکرێت و دۆسیەی سەردەشت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت لەبیری شەقامی کوردی بباتەوە.چونکە ماقوڵ نیە پارتی مێژوو کەسایەتی ئەم پیاوە نەزانێت و وەک کەسێکی ئاسایی تەماشای بکات.
هاتنەوەکەی ئەم پیاوە جیاواز لەهاتنەوەی کەسەکانی دیکە بوو، لەلایەک بۆ لەبیربردنەوەی خوێنی سەردەشت و لەلایەکی دیکەشەوە ئاماژەیەکی بچوکی پارتی بوو بۆ یەکێتی نیشتمانی، ئاماژەی ئەوەی نزیکبونەوەتان لەگۆڕان هاوکێشەی نوێ دێنێتە کایەوە و هەموو مەسەلەکان دەگۆڕێ، پارتی ویستی بەبەردێک دوو نیشانە بشکێنێ ، بەڵام بێ ئاگابوو لەوەی ئەم میللەتە میللەتی ساڵانی نەوەدەکان نیە، ئەم خەڵکە خەڵکی سەردەمی شەڕی ناوخۆ نیە، دونیاکەشی دونیای پاوانکردن و شاردنەوەی حەقیقەت و لەخشتەبردنی جەماوەر نیە.
هاتنەوەکەی قاسم ئاغا نەک هەر تێکشکێنرا بەڵکو دۆخێکی تازەی دیکەی دروستکرد کە کۆدەنگیەکی نیشتیمانی هێناوەتە کایەوە لەسەر مەسەلەیەکی جیدیتر و چارەنوسازتر کە ئەویش رێگەخۆشنەکردنە بۆ گەڕانەوەی تاوانباران.
ویستیان بە قاسم ئاغا خوێنی بەناهەق رژاوی سەردەشتمان لەبیربەرنەوە، بەڵام هەیهو لەخەیاڵیان، ئێمە نەک هەر سەردەشتمان لەبیرناچێت بەڵکو سورترو مکوڕتر دەبین لەسەر دۆزینەوەی تاوانبارانی ئەو خوێنە بەناهەق رژاوە.
بەختیار عەلی وتەنی تکایە درۆیەکمان بۆ بکەن هەندێک لەحەقیقەت بچێت، درۆیەک کە هەموومان یەکسەر هاوار نەکەین (پاشا روتە ...پاشا رووتە)!.
[email protected]
دەربەندیخان
2010

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە