نەهزە و غەنوشی لە سێ ڕیاندا
Wednesday, 02/11/2011, 12:00
کەس نییە کەمێک مەیلی سیاسەتی هەبێت نەزانێت تونس سەرەڕای دووچار بوون بە توندترین دیکتاتۆریەتی سیاسی لە هەمان کاتدا ئەو دکتاتۆریەتەش توندترین فۆرمی نادینی سەپاند بوو بەسەر خەڵکی تونس، خاڵکیش ئەگەر هەر شتێکی لێ قەدەغە بکرێت هەتا چاکیش نەبێت هەوڵی بۆ دەدات، کە سهدام ئەو شین وشەپۆڕەی شیعەکانی بۆ حەزرەتی حوسێن قەدەغە کرد کە بەڕای من ئەگەر بە شێوازێکی تر بیکردبایە، دەبوە یەکێک لە کارە چاکەکانی هێندەی تر شیعەی تامەزرۆتر کرد بۆ شین گێڕان و لە ڕوخانی سه ێدامەوە تا ئەو ساتانەش ئەو خەڵکە بەستەزمانە لەو شینە تەواو دەبن تا بچنە ناو شینێکی تر. ئەوە بە نسبەت تەقسێکی خراپی وا، ئەی کە کار گەیشتە سەر قەدەغەکردن یان بەرتەسک کردنەوەی پێکهاتەکانی خودی ئیسلام و ئەزیەت دانی ئەو خەڵکەی هەندێک لە مەزاهیرەکانی جێبەجێ دەکەن وەک حیجاب یان ڕیش بەردان کە هەردووکیان لە تونس قەدەغە کرا بوون سەرەڕای عەلمەنەتکردنی خورتی کۆمەڵگا لە غیابی بچوکترین ئاستی دادگەری کۆمەڵایەتیدا، ئەوە لە حالەتی تونس دا ڕەهەندێکی تری جیا لە وڵاتانی تری ئیسلامی وەردەگرێت، چونکە ئیسلام لە یادوەری کۆمەڵایەتی گەلانی ئیسلام پایەکی زۆر گەورە وپاک و بێ وێنەی هەیە هێشتا خەڵک چاوێکی لەو ڕابردوە پاکە ئایدیالیەیە کە بە قسەی خۆیان گورگ و مەڕ پێکەوە ئاویان دەخواردەوە! بێگومان خەڵکی گشتی چەندە هەستیارن بۆ ئیسلام هێندەش بە پەلەن بۆ لەبەرچاو کەوتنی ئەوانەی ئیدیعای نوێنەرایەتی ئیسلام دەکەن، ئەگەر کردار وگوفتاریان دژەیەک بوون، بۆیە ئەوەی خەڵکی دەنگی پێدا چونکە حزبێکی یا گروپێکی یان کەسایەتیەکی ئیسلامییە دەبێت زۆر وریا بێت ئەو متمانەیە لەدەست نەدات، چونکە ئاستی ڕادیتنەکانیان (تەوەقوعات) لە ئەوانەی بەناوی ئیسلام کاردەکەن و بانگەشە دەکەن زۆر بەرزە، هەر بەد بەکارهێنانێك یان گەندەڵیەک ئەنجامی زۆر خراپی دەبێت.
خەڵکی تونس جیاوازیەکی وایان نییە لەگەڵ خەڵکی تامەزرۆی ئایینی پاش ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت، بۆیە دەبێت نەهزە بەوە بوغرا نەبێت کە دەنگی یەکەمی هێنا و ئەو دەنگانە بەو شێوەیە هاتوە کە ئافرەتێک گووتی: "دەنگمان دایە نەهزە چونکە لێیان ڕادەبینین کە تۆزێک لە خوا بترسن، وەک ئەوانی تر نەبن، هیوادارین لە ئاستی ڕادیتنەکانمان دابن" ئینجا خەڵک چۆن هەموو ڕەنگە سیاسی و ئایدیۆلۆژیەکانیان تاقی کردەوە، بە هەمان شێوە نەهزە یان هەر گروپێکی تری ئیسلامی تاقی دەکەنەوە، خەڵک هێندە دەبەنگ نییە ئەو حزبە ئیسلامیانە یەکسان بکات بە خودی ئیسلام، بۆیە متمانە سەندنەوە لێیان کارێکی سەخت نابێت لە دوای پەتای شۆڕش کە خەریکە ئەمریکاش دەگرێتەوە.
لەسەر ئاستی کەسایەتی غەنوشیدا جگە لە خوێندنەوەی کتێبەکانی، لە دوو سێ موناسەبەش لە لەندەن دیومە وچەندین پرسیاری هەستیاریشم لێکردوە، بەڵام بەداخەوە دەڵێم وەڵامەکانی لە ئاست ناو و شوهرەتی نەبوو وەک بیرمەندێکی ئیسلامی نیمچە لیبڕاڵ، کە ڕەخنەشم لە ڕوانگەکانی گرت لەبارەی دۆزی کورد، هەستم کرد دڵی زۆر پێ تەنگ بوو بە دڵ فراوانی وەری نەگرت کە لایق بێت بە کەسێك پێی دەڵێن بیرمەند، سەرەڕای کەمی زانیاری دەربارەی کورد کە زیاتر لە زانیاری توریستەکان (گەشتیاران) دەچوو! چونکە دوور بوو لە وەسفی (پیاوێک لەگەڵ کتێبدا دەژی) کە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی جارێک وای وەسف کرد بوو. هیوادارم ئەو خیتابەی ئێستا نەهزە تەبەنای کردوە کە زۆر گشتی و لیبڕاڵە ونزیکە لە خیتابی حزبی داد وگەشەپێدانی ئەردۆگان هەر ئەوە بێت، هەر وەک غەنوشی خۆشی لە چەندین لێدواندا ستایشی ئەزموونی ئەردۆگانی کردوە وبەچاوێکی بەرز هەڵیسەنگاندوە، چونکە گەڕانەوە بۆ بەرنامەی ئیخوان بە هەموو میراتە فیکری و ئایدیۆلۆژی ومێژوییەکەی، کە غەنوشی هێشتا مەحسوبە لەسەر ئەوان لەوە ناچێت رێی نەجات بێت بۆ نەهزە و غەنوشی یان بۆ هەر میسر و هەر شوێنێکی تریش، هەروەها گەڕانەوەش بۆ ئەزموونی ئێرانیش کە غەنوشی بە بێ وێنەی وەسف دەکات چارەسەر نییە بۆ بارودۆخی تونس.
هەر لەو بوارەدا کەسایەتی ئۆپۆزسیۆنی ناودار وکۆنە وەزیری دەرەوەی ئێران ئیبراهیم یەزدی چەند ئامۆژگاریەکی زێڕینی ئاڕاستەی غەنوشی کرد بە حوکمی نزیکی ئەو لە ئێران وگووتی:" پێویستە غەنوشی لە دەرس و پەندەکانی ئێران وجەزائیر باش تێبگات، و ڕیز لە پلورالیزمی سیاسی بگرێت، دڵ فراوان بێت لە رەفتاری لەگەڵ لایەن و حزبەکانی تردا، چونکە موسڵمانان ئەزموونی تەواو و کافیان نییە لە دیموکراسیەتدا...|" هەوەها گووتی: " هیوادارم نەگزە هەڵەکانی ئێران دوبارە نەکاتەوە، وسەرکردەکانی ریزی فرەخوازی (تعددیە) بگرن... چونکە ئێمەی موسڵمان ڕژێمە دکتاتۆریەکان دەڕوخێنین بۆ هێنانی ڕژێمێکی تری دیکتاتۆریەت وەک ئاماژە بۆ ڕژێمی مەزهەبی و دیکتاتۆری ئێران ئێمە شا مان ڕوخاند بۆ جارەسەرکردنی ڕەفتارەکانی، بەڵام لەبیرمان کرد ڕەفتارەکانی خۆمان چارەسەر بکەین"
کەس گومانی نییە ئەگەر ئێستا لە وڵاتێکی وەک ئێران هەڵبژاردنێکی ئازاد بکرێت دوور لە کۆت وپێوەندە سیاسی و بیرۆکراتیەکان بە شەو رۆژێک رژێمی ئێستا دەگۆڕدرێت، لەبەر ئەو هەموو دەردەسەریەی خەڵکی ئێران دیویەتی بە دەست ئەو رژێمەی کە ئیدیعای ئیسلام دەکات، کەچی زۆر دوورە لە پرنسیپەکانی، و هەموو ناوچەکەش بە دەست کردەوە خراپەکانی دەناڵێنێت بە کوردستانیشەوە کە بۆتە گۆڕەپانی تەراتێنی دەزگا ئاشکراو نەهێنیەکانی ئێران سەرەڕای بۆردومانی نامرۆییانەی بەردەوام بۆ سنورەکانمان بە بیانووی پژاک.
ئەو ئامۆژگاریانە لە کاتێکی چاک هاتن لە ئێرانەوە چونکە غەنوشی زۆر سەرسامە بە ئەزموونی دیموکراتی ئێران و دەڵێت ئەزموونێکی بێ وێنەیە لە ناوچوکە و کەس تانەی لێ نەداوە(یا ئیلاهی)!!! هەروەها ئیعجابێکی لە ڕادەبەدەر دەردەبڕێت بە ئیمام خومەینی دەگاتە ڕادەی ئیرتزاقی سیاسی لە کتێبی (شۆڕشی ئیسلامی و ئیمام خومەینی و کێشەی فەلەستین وزایۆنیزم، حوکمی عولەما یان رۆشبیران)
بۆ ئەوەی نەهزە سوود لەو ئەزموونە وەرگرێت پێویستە غەنوشی ئەو قسانە دووبارە نەکاتەوە کە لە ڕۆژانی نەفی و (قۆناغی استچعاف) دا دەیوتن، ڕیز لە فرە ڕەنگی و دەنگی کۆمەڵگای تونس بگرێت و ڕیز لەو شۆڕشە مەزنە بێ ساحێبە بگرێت کە ئەگەر ساحێبی هەبوایە ئەکید نەهزە نەدەبوو، چونکە هەموو خەڵک ساحێبی ئەو شۆڕشەن.
بۆ ئەوەی ئەزموونی نەهزە سەرکەوێت دەبێت نەهزە و غەنوشی لە نێوان ئەزموونەکانی ئیخوان و ئێران و ئەردۆگانیزم بەباشی هەڵبژێرێت، دەنا زۆر ئاسانە بۆ گەلێکی چاو کراوەی وەک تونس وەک چۆن سەرقافڵەی شۆرشەکان بوون بە هەمان شێوە سەرقافڵەی متمانە سەندنەوە بن لە نەهزە و غەنوشی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست