کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گورگ زادە هەر دەبێتەوە گورگ!

Sunday, 21/12/2014, 12:00


خۆزگە مێژوو توانیبایەی وەک مرۆڤ یا گیانلەبەری دیکە وە، دەنگ، هاتبا وبەدەنگ قسەی کردبا. خۆزگە ئەو نەتەوانەی کە لەسەدەی رابوردوودا خۆیان لەقەیرانی نەهامەتیو بێ بەختی رزگار کردووە، ئێمەش وێنەی وان خۆمان لە چەنگ دیکتاتۆڕی سپڵەی خۆماڵی رزگار کردبا. نەتەوەیەک کە بەشی هەرەگرینگی چارەنوسی خۆی بەدەستی خۆی تۆمار ناکا هەر ئەوەی بۆ شین دەبێ کە لە باشوری وڵات لەبەر چاوانە. هەر ئەوەی بۆ بەرهەم دێ کە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی وڵات تووشی بون!
دەسەڵاتی نەخۆش و رەفتارگەرای هەولێرو سلێمانی لە باشوور، گوێزیان لێ کردووینە گومبەز! وادەزانن ئەگەر عەشیرە و بنە ماڵە وکۆتەڵێکی وەک جەلال و فوادمەعسومیان بۆ کردینە سەرککۆماری عێڕاقی عەڕەبی ئیدی دەردە کورد خەلاس بووە. کورد رزگار کراوە بۆیە گورگومەڕ پێکەوە دەچنە سەرکانی. مەسعود بارزانی شەنگالی رادەستی ئەو دڕندانەکرد و ئەوەندی بڵێ: ئەو شەڕە شەڕی کورد نییە (هەڵبەت ئەردۆغان فریوی دا کە دەوڵەتی ئیسلامی دۆستی منەو کاری بەتۆ نییە). ! ئەوەی ئەبوبەکر بەغدادی بەسەر ئێزەدیەکانی هێنا کەمتر نەبوو لە ئەو سیاسەتەی کە سەرۆکی هەرێم بۆئیزەدیەکانی دیاری کردبوو. ئەوکاتیش کە کاڵفامێکی وەک میری ئیزەدی چووبۆلای گوتی: کاک مەسعود بۆمان گریاوە!
پێشمەرگە لە باشوور بە چەکی بیانی شەڕ دەکا. ئەوە گرفت نییە قازانجی سەرکەوتن بۆ هەر دووکلایە. تایبەتمەندی پەیوەندیەکانی سیاسی وئابوری بە پێی توانای هێزو دەرفەت گرێدەدرێ ئەوە یاسای شەڕویاسای ئاشتیشە. بەڵام ئایا شەڕ شەڕی رزگاری کوردستانە یان مانەوەی دەسەڵاتە لەو بەشە لە وڵاتی کورد؟ جواب دانەوە بەو پرسیارە لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئەستەمە. کۆمەڵگایەک کە، نوسەر، شاعیر، رۆژنامەوان، مێدیا، ئۆپۆزسیون، مزگەوت، زانکۆ، مامۆستای زانکۆ. . . . . بەڕاشکاوی دەزانن دەسەڵات بۆ پاراستنی پێگەی خۆی حازرە هەزاران قەیسەری ئاور تێبەردا! بەڵام بێدەنگە. !؟ بۆیە من دەڵێم ئەو شەڕی دژ بەترۆر هەرچەندی بەرزوپیرۆزیش بێ لە حاڵی حێزردا بۆ رزگاری نەتەوەیی ورزگاری کورد نییە لە باشوور.
ئەو سیستمەی لە باشوور هەیە وقوبادی کوڕی جەلال تاڵەبانی دوارۆژی بۆ دیاری دەکا وەک تەڵاقی بزن ودەست نوێژی پشیلەم دێتە بەر چاوکە ئەگە بۆ ماوەیەکی کورت بیانی دەستیان لێبەردەن خۆ ناگرن وهەڵدەوەشێن. وەرن سەیری دمڕاستێکی وەک قوبادی کوڕی شارۆنی کورد بکەن کە دەڵێ: ئەوانەی قاچاخچییەتیان بە نەفەت کردووە بە تووندی سزایان دەدەین! ئەو چەوەندەرە چۆن لە عەرز شین بووە من نازانم؟ تازە پێگەشتوویی ئەو دیپلۆماتکارە بڵێی رۆژێک بیری لە رابوردووی باوکی کردبێتەوە؟ بڵێی دەسکەوتە نەتەوەییەکانی بابی نوسێبێتەوە؟ بڵێی نامەی کاری ئەو ٣٥ساڵەی کە بابی بۆدەسەڵاتی تاران لەئاست حیزبەکان لە رۆژهەڵاتی وڵات تۆماری کردووە خوێندبێتەوە؟ من هەموویان بەوردی نانوسمەوە. بەڵام هیندێکیان وەبیری تاکی هوشیاری کورد دێنمەوە:
یەک: هیچ گومانتان لەوەدا نەبێ کە لە بە خشتەبردنی مەڕحومی قاسملودا، جەلال تاڵەبانی رۆڵی سەرەکی هەبووە.
دوو: پێش شەهید بونی دوکتور شەڕەفکەندی، تاڵەبانی پێی گوتووە ئاگات لە خۆت بێ! یانی ئەو زۆر شتی زانیوە.
سێ: لە ژێر پەردەی ئیدیای/ مائۆئیسمدا/ بە دروشمی، یاکوردستان یا نەمان، خوێنی هەزاران گەنجی بە فیڕۆ دا! کەچی پاشێن دەستەواژەی، بیسمیڵلای، لەسەرزار نەدەکەوت. (بەدرۆ). ئەڕۆش هەمان شت دەوەرێنێ کە، دەوڵەتی کوردی خەونە شاعیرانەیە!
چوار: نزیکەی ٥٠٠ کەس لە خەباتکارانی رۆژهەڵات بە فیتی چەکدارەکانی تاڵەبانی لە باشوور ترۆر کران. (برایەکی منیش هەر تفەنگچیەکان تاڵەبانی لە سلێمانی ترۆریان کرد کە تەمەنی ٢٣ ساڵ بوو!)
پێنج: ناوی حیزبەکەیان، یەکێتی نیشتمانییە، (کام نیشتمان؟) کەچی دەوڵەتی کوردی بە فشە دەزانن. سەدەی سێزدەش کۆمەڵگا ئاوا دواکەوتوو نەبووە، کەچی لەو سەردەمەدا ئێمە باوەڕبەو قسەقۆڕانە دەکەین!
شەش: جەلال دەیوەرێندکە کاتێک مردم شارەوانی دەمشوا، ئەوەندە بێ پوڵ وفەقیرم! دوو ساڵە هەزاران دۆڵار بۆ کۆتەڵێک خەرج کراوە لە حاڵێکدا هاوسەری کاوەگەرمیانی لەچەنگ یاساو دادگاو دادوەری ئەو دەسەڵاتە هەر فرمێسک هەڵدەوەرێنی و خەریکە شەهید بونی کاوەی هاوسەری لە بیر بکا! لەوەش بترازێ هێرۆی تاڵەبانی دەڵێ: تاڵەبانی وەک گوێزی ئازا وایە! بیستوومە دەڵێن، رێوی بۆ ئەوەی نەجاتی بێ خۆی لە مردن دەدا. ئەوە راست نەقڵەکەی تاڵەبانییە.
حیزبێک کە لەماوەی تەمەنیادا نەتوانێ لەو بارودۆخەدا کۆنگرەیەک ببستێ وخۆی تازە کاتەوە چۆن کۆمەڵگا رزگار دەکا؟ هۆی ئەو کارەش ریزاڵ ریزاڵ بونی بەدەنەی ئەو کۆنە حیزبەیە. وەک داڵاش کەوتوونەو سەری بەری نادەن. هیچ بەدوور نییە کە هەمیسان جەلال تاڵەبانی بکەنەوە کەسی یەکەمی خۆیان. قاچاخچی نەفت سزا بدەن. بەڵام رابوردووی بابیشت لە بیر مەکە. تۆ بڵێی مێژوو بێدەنگە یان ئێمە لاڵ وکەڕین؟ خۆزگە مێژوو قسەی کربا ودەنگی لێ دەرهاتبا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە