دەرسیمی پێشمەرگەی دێرینی ساڵی ١٩٧٦ لە زیندانە و حمەسەعید حەسەنی براشی بەرەڵا
Thursday, 06/06/2013, 12:00
2253 بینراوە
دەستەیەک لە هاوڕێیانی شاخی کاک دەرسیم
(گەنجێکی شاری سلێمانی لە ترسی سەربازیی لەکاتی شەڕی عێراق- ئێراندا رایکردبوو و ببوو بە پێشمەرگە، هەر کاتێک هەستی دەکرد کەرتەکەیان خەریکی خۆ ئامادەکردنن بۆ چالاکی، ئەم دەچووە لایان و پێی دەگووتن: برادەران تا ئێوە لە چالاکیەکە دێنەوە، من یەک برنجی سووری چەورتان بۆ لێدەنێم).
کەم بوون بە پێچەوانەی ئەم گەنجەوە، ژیانی سەختی پێشمەرگایەتیان هەڵبژارد و بوونە پێشمەرگە. ئەوانەی لە تەمەنی زۆر لاوییانەوە بوونە شۆڕشگێر، نە بۆ سەربازیی بانگ کرابوون، نە کێشەی مادییشیان هەبوو، ئەو دەستە لاوەی تەمەنی هەنگوینی خۆیان لە شاخدا سەرفکرد، جگە لە خەمی گەلەکەیان لە ژێر چنگی داگیرکەران، خەمێکی تریان نەبوو، ئەوانە ئامانجی سەرەکییان ڕزگارکردنی کەرامەت و شەرەفی تاکی کورد بوو لەو بێحورمەتییەی، کە نەتەوەی سەردەست، بە ڕێبەرایەتی بەعس پێی دەکردن، لە باشووری کوردستاندا پیادەی دەکرد.
*********************
پێشمەرگەی دێرین عەبدول غەفوور حەسەن ناسراو بە (دەرسیم) لە شەوە زەنگێکدا بوو بە پێشمەرگە هەموو ڕووبەری جوگرافیای کوردستان، مۆمێک تروسکایی تێدا نەدەبینرا، زەمەنێک ئەو لوولەی چەکەکەی کردە سنگی بەعس زۆرێک لە پلەدارەکانی ئێستا، کە بوونەتە سەردار و سەروەر لە ناو حیزبەکانی ئەمڕۆدا، گاڵتەیان بە دەرسیم و هاوڕێکانی دەکرد و بە شێتیان لەقەڵەم دەدان، دەیان ووت ئەم سەرشێتانە شەیدای ژیانن لەگەڵ گورگ و ئاژەڵە کێوییەکاندا.
ساڵ ساڵی ١٩٧٦ کاک دەرسیم و فازڵ شەفیق و دەستەیەک لە گەنجی پاراودراو بەبیری چەپ لەگەڵ شەهید ئارامی نەمردا بانگەشەی شۆڕشی نوێیان دەکرد، وەک مەفرەزەی بانگەشەی هێزی سیاسیی و چەکداریی. لەو دەمەدا کەس لەوێ نەبوو. کەس باکی بە شکاندنی کەرامەتی تاکی کورد نەبوو، بۆ گەیاندنی پەیامی خەڵکی ڕەنجدەر و بەشخوراو، لێ ئەمان هەبوون و تا کۆتایش هەر هەبوون، بۆ زیندووکردنەوەی گیانی بەرەنگاربوونەوە و مقاوەمەت تا دوا ویستگە ئەمانە هەر لەوێ بوون بێجگە لە کاک ئارام، کە تاجی شەهیدبوونی لەسەرنا.
عەبدولغەفوور حەسەن، ناسراو بە (دەرسیم) برای حەمە سەعید حەسەنە، ئەو حەمەیەی داهێنانێکی مۆدێرنی داهێنا لە کۆیلایەتی و خۆهەراج کردن. ئەو نووسەرە پۆخڵەی دەربارەی ماڵی بارزانی لە پێناوی سەفتەیەک دۆلاردا هەرچی دیمەنی جوانی شۆرش بوو تەڵخی کرد، سوکی کرد، مامە ڕیشەی بە پیاوکوژ ناساندن و تەحسین شاوەیسی خائینی کردە شۆڕشگێڕ. بە میعرەکانی هەرچی سوکایەتی بوو بە تالەبانیی و هێرۆی خێزانی کرد، کەچی ئەم بەرەڵا بەرەڵا دەسوڕێتەوە و دەرسیمی براشی لە گرتووخانەی مەعەسەکەر سەلام بە سێ ساڵ زیندانی حوکم دراوە!
بۆ؟ رووداوەکە بخوێننەوە.
*****************
چەند ساڵێک پێش ئێستا حەمە سەعید حەسەن بانگرا بۆ شاری سلێمانی بۆ کۆڕێکی بەناو ڕۆشنبیریی، کە دەیان ساڵ بوو سلێمانی نەدیبوو، نەک لەترسی یەکێتی، کە حیزبی دەسەڵاتداری سلێمانی بوو، بەڵکو لە ترسی خەڵکی بەشەرەفی هۆشیار.
تەقە لە حەمە سەعید حەسەن دەکرێت و بریندار دەبێت، حەمە دەستی تاوان بۆ کاک دەرسیمی برای درێژ دەکات، کە ئەو تەقەی لێکردوە، گەرچی کاک دەرسیم تا ئەم ساتەش نکۆلی دەکات لەو تاوانەی دراوەتە پاڵی، بەڵام مخابن لە ژێر فشاری پارتییدا کاک دەرسیم بە سێ ساڵ حوکم دەدرێت و ئێستا لەگرتووخانەی مەعەسکەر سەلامدا ژیان بەسەر دەبات.
*****************
پاش ڕاپەڕینەکەی 1991 حەمە سەعید حەسەن بۆ یەکەم جار لە ووڵاتی سویدەوە دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان، کاک دەرسیم بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لەوەی نەوەک خەڵک سوکایەتی بە حەمەی برای بکەن بە مەفرەزەیەکی پڕ چەکەوە حەمەی برای بەسەلامەتی دەیگەێنیتەوە ووڵات.
ساڵانی دوای ڕاپەڕین و شەڕی ناوخۆ زەمەن زەمەنی گرانیی و نەبوونی توانای ژیان بوو یەک فەردە ئارد بە هەزار دینار بوو، کاک دەرسیم گەرچی خاوەنی حەوت سەرخێزان بووە، وەک کەسێکی ملکەڵی نەچەماوە، عیزەتی نەفس ڕێگربووە لەوەی داوای یارمەتی لە هیچ کەسێکی باڵادەستی ناو یەکێتی بکات، خێزانەکەی کاک دەرسیم ئامۆزای خۆیەتی، واتە براژن و ئامۆزای حەمە سەعیدیشە، هێندە نەدار دەبن بەدزیی کاک دەرسیمەوە چەند دینارێک لە خزمێکی قەرز دەکات و تەلەفوون بۆ حەمە سەعید دەکات بۆ سوید داوا لە حەمە دەکات تەنها پارەی یەک فەردە ئاردیان بۆ بنێرێت، تا برازاکانی برسی نەبن، حەمەسەعید پێی دەڵێت:
بڕۆ لەو بەرپرسە جەلالیانە داوا بکە، کە ئێوە لە شاخدا خەباتتان بۆ کردن ؟
(کاک ئارام، ڕیزی یەکەم لەدواوە کلێتەسپی لەسەرەکە کاک دەرسیمە)
ئەمڕۆ حەمە سەعید حەسەن بە کەماڵی ئیسراحەت بای باڵی خۆی دەدات و بەرەڵایە. دەرسیمی براشی کە حەمە سەعید بەگرتی داوە، لە زینداندایە،
دەرسیم و هاوڕێکانی لە شاخدا کونە مشکیان لە بەعس و قیادەموەقەتە کردە قەیسەری، بەڵام وەک لەنموونەی سەرەتای نووسینەکەدا باسمان کرد، حەمە سەعید نەک، نەک وەک ئەو سەربازە راکردووە برنجە سورەکەشی لێ نەنا، بەڵکو وەک سپلی لاورگی بەرەی خیانەت، هەرچی لەسەر سفرەی ڕەنجی تێکۆشەرانی شاخ بوو، تا ئەم ساتوەختە بەزمان دەلێسێتەوە.
لە کۆتایدا یەک ووتەی کاک دەرسیم دەنووسین، کە دوای شەهید بوونی کاک ئارام ووتوویەتی: (لە نەمانی کاک ئارامدا من بێکەسییم پێوە دیارە).
ئامادەکردنی:
ڕزگار ساڵح
ئەنیشخەدە هۆڵەندا
٥-٦-٢٠١٣