تاكو بەرز بفڕن نزمتر دەنیشنەوە
Sunday, 12/12/2010, 12:00
بەبێ داواكردنى مافە سروشتیەكانى خۆیان گەنجان دەیانەوێت ببن بە خاوەنى خانووى خۆیان ،یان گەنجانى ئەم هەرێمە خێر لە خۆنەدیوە دەیانەوێت ژن بێنن و ببن بەخاوەن ئۆتۆمبێلى خۆیان ...بۆئەم كارەش گەنجانێكى زۆر خۆیان دەخەنە ژێر قەرزەوە .نایشارمەوە من دەوڵەمەندنیم ،بەڵام هەژاریش نیم و لەچاوى دەوروبەریشم وادیارە هەبوون دیارم ،ئەگەرنا بۆ لەماوەى رابردوو پێنج لە هاوڕێیانم پەیوەندیان پێوەكردم بۆ((قەرز))!!!
دووانیان بۆ تەواوكردنى خانووەكانیان پێویستیان بە سەرووى (50)گەڵا هەبوو، دووانی دیكەش دەیانویست ماڵى خۆیان كاول بكەن ،ببورن دەیانویست بچنە نێو بەندیخانە ..نا..نا ببورن دەیانویست بچنە نێو ژیانى هاوسەریەوە ،یەكێكیش ئۆتۆمبێلێكى مۆدێل نوێى بەقەرز كڕیبوو بەڵام دەیویست قەرزى قەرزدارەكانى بداتەوە بەقەرزكردنى قەرزى دیكە !!!
من بەلامەوە سەیرە!! ئەرێ ئەو خەڵكە بۆ خانوو دروست دەكەن ؟ ئەى بۆ ناچن رەشماڵێك هەڵدەن ؟هەرچەندە ژێر رەشماڵەكە ناگات بە كۆڵیتى سەگى ئەو بەرپرسانەى بە پارەى میللەت باڵەخانەى زەبەلاح دروست دەكەن .بەڵام خۆ وەك هەندێك بەرپرسى دیكە چوارجار خانوەكەى تێكنادات بە بیانووى ئەوەى نەخشەى خانوەكەى بەدڵنیە و هەرجارێكیش سەر لەنوێ دروستى بكاتەوە !!
ئەم گەنجانەى ئەم هەرێمە بۆ بیر لەوە ناكەنەوە كە خانوێك بیانخاتە ژێر قەرزەوە ،باشتر نیە ئەم خانووە هەر نەبێت ؟ بۆ بیر لەوە ناكەنەوە كە هونەرمەندان و كەسایەتى دیكەى بیانى دەرەوەى ئەم هەرێمە باڵەخانەى بەرز لەم هەرێمە دروست دەكەن و بەخەڵات كردن دەبن بە خاوەن زەوى و گەنجانیش لەژێر سێبەرەكەى جێگایان نابێتەوە ؟ بۆ بیرناكەنەوە ئەمە تاكەى بەردەوامبێت و ئەمە بەس نیە؟
ئەرێ ئەم خەڵكە بۆ ژن دێنێت ؟! لە كاتێكدا ژن هێنان بۆ ئاسودە بوونە ،كەچى ئەگەر بووە قەرز و قەرزدارى ،ئەى ئەمە نائاسودەیى نیە؟ ئەو گەنجانە بۆ ناچن شەوانە لەگەڵ ئەو لەشفرۆشانە رابوێرن كە لەژێر سێبەر و پاسەوانى هەندێك بەرپرس ،گەنجان دەگەیەننە لوتكەى نائاسودەیى .ئەو لەشفرۆشە بێگانانەى كاریان بە (كن فیكون)ێك لە دەزگاكانى حكومەت دەروات و هاوڵاتیان و منداڵە شەهیدەكانى دیكەش بۆ یەك ئیمزا دوو سعات و نیو چاوەرێدەكەن و پاشانیش بەدەست بەتاڵى دەگەرێنەوە.
بەلامەوە سەیرە گەنجانى كوردستان دەیانەوێت واز لە بەپێ رۆیشتن بهێنن یاخود واز لە پایسكل بهێنن و بیكەن بە ئۆتۆمبێلى مۆدیل نوێ!! من بەم گەنجانە دەڵێم بیر لە ئۆتۆمبێل مەكەنەوە ،چونكە ئۆتۆمبێلە خێراكانتان ناگەن بەو فرۆكانەى ئەوان كە بەپارەى مللەت كڕدراون .دەلێگەڕێن با ئەوان بەرز بفڕن ،چونكە نزم دەنیشنەوە.
ئۆتۆمبێلێك بتخاتە ژێر قەرزەوە پێویست ناكات بیكڕیت ،بەڵكو سەیرى ئاسمان بكە تاكو فڕۆكەى ئەوان ببینن و پاشانیش كە گەنجان خاوەنى ئۆتۆمبێلى خۆیانبن هەلى جولە و وەرزشكردنیان لە دەست دەچێت و ئەمەش تەندروستیان رووبەرووى مەترسى دەكاتەوە !!
لەوانەیە نە خانوو،نە ئۆتۆمبێل و نەمەسروفى ژن هێنان هێندە بەزەحمەت نەبن، ئەوەى ئەم كارانەى زەحەمت كردووە و بوارى نەداوە بەدەستى خۆمان پشتى خۆمان بخورێنین ئەوەیە كە ئێمە بێجورئەتین لە داواكردنى مافەكانمان، ئەم بێجورئەتیەشە بێ بەشى كردووین لە مافە سەرەتایەكانى ژیانمان .هەر لەبەر ئەوەشە بەهۆى قەرز و كۆیلە بوونەوە ئینجا بۆنى گەیشتن بە پێداویستیەكانى ژیان و مافەكانمان دەكەین .
ماف و حەقیش نادرێت بەڵكو دەسێندرێت ،هەر دەشبێت گەنجان و خەڵكیش داواى مافى خۆیان بكەن ،ئەگەریش ببن بە خاوەن مافى خۆیان نە لە ژێر كۆیلەیەتى و نە لە ژێر قەرزیش ژیان ناگوزەرێنن و بەسەربەرزى و ئاسودەیش شەوانە بە لوتكەى چێژەوە دەخەون.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست