لەکالاوەکەی عەرشی سەرۆک چی دەوزەرێ؟
Saturday, 15/12/2012, 12:00
مەبەستی من بەشێکی ئەو توێژەی کۆمەڵگایە لەنێویاندا، دکتۆر دەستدرێژی دەکاتە سەرنەخۆش،مامۆستا بۆسەرقوتابی،بازرگان بۆسەر کڕیار، پۆلیس بۆسەرهاووڵاتی، سەرۆک بۆسەر میللەت، ئێ گەلۆ لەو مەملەکەتەی لەمەر ئێمە چی دەگوزەرێ؟ لەهەمووی سەیرتر مامۆستایەک هێندە بی شەرمانە لەرۆژنامەو سایتەکاندا باسی خۆشەویستی نێوان خۆی و قوتابیەکەی دەکرد، رۆژنامەکانیش وەک هەنگیان لەداردا دۆزیبێتەوە بڵاویان کردبۆوە لەکاتێکدا ئەو مامۆستایە دەبێت لەکارەکەی دوور بخرێتەوە. لەووڵاتان هەرجوڵەو قسەو کردارێکی مامۆستا لەگەڵ قوتابیەکانی حیسابی خۆی هەیە. هەر دوێنی بوو مامۆستایەکی عەرەبی چاورەش کەلەئەوروپاوە بەهۆی دەستدرێژی بۆسەرقوتابیەکانی دیپۆرت کرابۆوە کەچی لەپایتەختەکەی سەرۆک، دارسی منداڵانی کوردی دەدا. لەبوری پەروەردەدا هەرگیز رێ پیدراو نیە مامۆستا بەچاوی هەوەسبازی و فریودانی قوتابی بۆ هاوسەرگیری یان چونەدەرەوە لەگەڵ قوتابی بجوڵێتەوە. ئاخر لای خۆی زۆرینەی کۆمەڵگای ئێمە خۆی پەیوەست بەئاینی ئیسلام دەزانێت، کەچی وەها کەوتووینەتە ناشیرین کردنی کۆمەڵگاو پیسکردنی ژینگەو کوشتنی گیانلەبەران و قۆڵبرینی یەکتر،مەگەر لەسەردەمی قەومی لوتدا ژیان وەها بووبێت. لای مسوڵمانەکانی لای خۆمان کاتێک چەژن و بۆنەیەکی ئاینی نزیک دەبیتەوە، هەرجی کەل و پەلی پێویست هەیە نرخەکەی چەند قات بەرز دەکەنەوە ، کەچی لای کریستیانەکانی خۆرئاوا، چەند مانگێک پیش کرسمس و سەری ساڵی تازە نرخی زۆربەی کەل پەل و پێداویستەکان بەنیوە قیمەت و چەند قات هەرزانتر دەست دەکەوێت، ئەوانەی رۆژێک لەخۆرئاو ژیابن ئەو راستیە باش دەزانن.
بۆ ناسینی بەشێک لە بەناو سیاسەتمەدارەکان، بازرگانەکان ، دکتۆرو پرۆفیسۆرو خاوەن دەرزەنێک لەبروانامەو خۆبەزلزانەکانی نێو کۆمەڵگای کوردی، چەند ئافرەتێکی لەو شێوەیەمان گەرەکە تا ناخ و ناوەرۆکی پیسی بەشێک لەوانەی، میهنەو پلەو پۆستی گشتی بۆ ناوگەڵ و باخەڵی بۆگەنیان بەکار دەهێنن . ئەو ئافرەتەی لەو ڤیدیۆیەدا خۆی شەرعی ژایانی خۆی دەکات لەنێو ئەو گەلەگورگە سمیڵ زلانەی کورد،هیج نیە تەنها نمونەیەکی زۆر بچوکە لەداوێن پیسی ئەو چین و توێژەی لەژێرەوە بۆگەن بووە. ئەو خۆی راستیەکان دەردەخات بۆ تیڤی لەجیاتی ئەو دەبوو ئەو دکتۆرو بازرگان و پۆلیسە دەستگیر بکرێن کەبۆ پارەو ناوگەڵ وویستویانە ئەو ئافرەتە بەکار بهێنن. لەهەموو جێگایەکی دونیا ئەگەر کارمەند و فەرمانبەر، لەشوێنی کارو فەرمانگەکەی هەلێک بقۆزیتەوە بۆ دەستدرێژی سێکسی یاخود بەستخستنی برێک پارە، ئەوا نەک هەر سزا بەڵکو لەسەرکارەکەشی دوور دەخرێتەوە. ئەگەر چیرۆکە سێکسیەکانی وەزیرەکەی ئیسرائیل بەشێک بن لەجەنگی دەروونی، ئەدی چیرۆکی ئەو ئافرەتە کوردە چیمان پێدەڵی لەنێو دام و دەزگاو شوێنی کارکردنی بەناو پیاوانی کۆمەڵگای ئێمە ؟
گەنجی کوردو پارلەمان
بوون بەئەندام پارلەمان لەهەرێمی کوردستان، وەک دەرچونی بلیتی یانیسیب وایە، چونکە سەرچاوەیەکی خێرایە بۆ بەدەست خستنی سەروەت و سامان لەماوەیەکی کەمدا. ئێمە زۆرمان خێر لەپارلەمانی پیرو خۆ بەپاڵەوان زانەکانی شۆرشی کورد لەدوای راپەرینەوە بینووە ، تا ئەمرۆ پارلەمانی گەنجانمان بۆ دروست بکەن . ئەندام پارلەمان هەبووە تەنها بۆ میزکردن و چونە سەرئاو دەستی هەڵبریووە، ئینجا کێ بە ڕبەی ئەو پارلەمانە دەپێوێت تا گوێ لەپارلەمانی گەنجان بگرێت. یان ئەوەش بۆ خۆژیاندن و خۆ دوورخستەنەوەیە لەبێ ئیشی. ئاخر گەنجان هێزو سەرمایەی داهێنان و دروستکردنی ژێرخانی ئابوری ووڵاتن، یان کۆکردنەوەیان لەهۆڵێک بەناوی پارلەمان. لەکوردستان بەشێکی زۆری گەنجان لەژێر رەشماڵی ئەو شێوە حیزبایەتیە هەرە کۆنەی هەیە، بوونەتە گەنجی قورمیشکراو خەسینراوە بەوانەی ناو دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵاتیش. گەنج لەبری ئاوەدان کردنەوەی لادێ و شارو شارۆچکەکان و ئومێدی ژیانێکی نوێ،لەبری رامووسانی لەقەدوباڵای یاریەکەی لەژیر سابات و کۆنە هەواران. لەبری چرینی حەیران و لاوکی عاشقانە و شکاندنی سەرخەوێک لەسەر ڕانی یاری چاو رەشی. بۆ دەبێ ببێت بەکۆیلەی حیزب؟ گەنج لەدوای ئەو هەموو ساڵانەی لەژیرباری زوڵمدا رێی کرد، کەچی هەموو ئاواتێکی ئەوە بێت، چەک بۆ بژێوی ژیان لەشان بکات. ئاخر ئەوان کۆتای هەموو دەروازەکانیان داخستووە بۆ ئەوەی بەناچاری بەشی هەرەزۆریی گەنجان و لاوان گوێ لەمشتی ئەوان بن. لای ئێمەی خۆرهەڵاتی بەگشی لەورۆژەوەی لەدایک دەبین دەبێ ناوی هەموو سەرۆک و سەرکردەکانی خۆمان و جیهان وەک ناوی خۆمان لەیاد بێت، ئەوان دەبێت هەمیشە لەهزرو یادەوەریمان دابن. لەخۆرئاوا گەنجان چەند رۆژێک کار دەکەن رۆژەکانی پشوو چێژی ژیان دەکەن. ئەوان تاقەتی لەبەرکردنی ناوی ئۆباماو سەرۆکی ووڵاتانیان نیە، کەچی لای ئێمە تازە بەتازە حیزبەکان لەگەمەیەکی دیکەدا پارلەمان بۆگەنجان بنیات دەنێن.
ئەگەر رۆژێک پارلەمانی کوردستان وەک ئەندام پارلەمانی بەشێک لەووڵاتان، لەجیاتی شەڕو کوشتنی گەنجان لەشەقامەکان، شەڕی نێو پارلەمان بکەن، ئەو کات با پارلەمانێکی تر دروست بکەن تا زیاتر شەرمەزار نەبن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست