گەڕانەوە بۆ خانوە قوڕەکان
Thursday, 13/02/2014, 12:00
2053 بینراوە
نەرێتێکی نوێ لای سیاسەتمەدارانی کوردستانی باشوور سەری هەڵداوە ئەویش، کۆبونەوەی مەکتەب سیاسی و ناوەندی بڕیار لەم ماڵ و ئەو ماڵ. ڕۆژێك لەماڵی دکتۆر بەرهەم و ڕۆژێك لە ماڵی کۆسرەت و ڕۆژێك لەماڵی ئامۆژنە هێرۆ لەدەباشان. ئەم نەریتەی یەکێتی وا ؛؛ گۆڕان،،یشی فێرکردوەو تا دوێنی بوو لەماڵی فەتاح ڕەباتی کۆبونەوەیەیان کرد.وەلە هەموشی خۆشتر هیچی لێ سەوز نابێ و ناگەنە هیچ.
مامی ڕەحمەتی تا مابوو بۆ هاش و هۆشی هەڵبژاردن و خۆگیفکردنەوە ، داوای ئەوەی کرد کە پێوستە یەکیتی و کادیرەکانی ڕووبکەنە ماڵە هەژارەکان و بچنەوە بۆ خانوە قوڕەکان. مامی خوالێخۆشبوو، ئەم شەوی لەهەموو شەوێك تاریكتر بێ. خۆی لەبەغدای عروبە قایم کردبوو کەچی داوای ئەکرد تازە ملیاردێرەکانی حزبەکەی بچنەوە ناو خەڵکی هەژارو جارێکی تر تەفرەیان بەن. ئاخر تاقمە مافیاو دزو جەردەو کورد کوژانی یەکێتی بە چ ڕوویەکەوە بچنەوە نێو خەڵکی؟! بچن پێیان بڵێن ئێمە ڕێز لە شەهیدو بنەماڵەی شەهید ئەگرین، لەکاتێکدا یەکەمین فیشەکی ڕاپەڕین لە تفەنگەکەی شەهید(عەلی نەبی)ەوە سنگی بەعسیەکانی تەزاند و کوڕەکەی نانبڕاوی یەکێتی کرا لەسەر ئەوەی دەنگی دا بە گۆڕان. وەیان بڵێین ئێمە ڕێز لەڕای سەربەست و سەربەخۆ ئەگرین و کەس لەسەر ڕەخنە تیرۆر ناکەین، لەکاتێکدا ئەوەندە نابێ مەحمود سەنگاوی و لاهور (کاوە گەرمیان)یان تیرۆر کرد! وەیان بڵێن ئێمە لەخەمی دابین کردنی نەوت و موچەو ئاوو کارەباین بۆ هاوڵاتیانی خۆمان و لەکاتێکدا تا ئێستا موچە نەدراوە لەسەرو ئەو هەموو بودجەو پارەی نەوتە دزراوە! وەیان بڵێن یاسا بۆ هەموان سەروەرەو دادگاکان کەسانی سەر بەحزبەکەی خۆمان نین ولە کاتێکدا تاوانبارێکی وەك مەحمود سەنگاوی و عەدنانی حەمەی مینا بیتاوان دەرچوون و حاکم ئەکرەم لەماڵەکەی خۆی دەریان پەڕاندا تەنها لەبەرئەوەی بەدڵی ئەوان نەبوو! وەیان بڵێن ئێمە لەخەمی هاوڵاتیانی خۆمانین و نایەڵین کەس خۆراك و خواردەمەنی بەسەر چوو و دەرمانی ئێکسپایەریان بۆ ناهێنین و لەکاتێکدا ژمارەی ئەوانەی بوونەتە قوربانی ڕێگەو بانەکان و ئەوانەی تووشبوو بە شێرپەنجە ٣ قات بەقەدەر قوربانیەکانی ئەنفال و کیمیابارن و کۆڕەوەکەو شەڕی ناوخۆی تێپەڕاند! وەیان بڵێن ئێمە خزم و خزمێنەو واسیتە قبوڵ ناکەین و هەموان بەیەك چاو سەیر ئەکەین و لەکاتێکدا هەرچی خزم و بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیە پلەو پۆستەکانیان داگیر کردوەو خۆیان لەسەر هاوڵاتی ئاسایی ئەبیننەوەو ئەوانی تر هەر بزەی چاویان دێ بۆ پۆستێکی فەرمی! وەیان بڵێن ئەوانەی لەکاتی خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەکەی ١٧ شوباتدا ڕادەستی دادگاکان کراون و بەو تاوانانەی کردیان سزا دران و ئەمە لەکاتێکدا ئێستاشی لەسەر بێ ئەو تاوانبارانە پلەو پۆستەکانیان بەرز کرایەو سەرو وەنەشەو ئەرزەو خانووی باشیان وەرگرت و کەسێ نیە پێیان بڵێ ئەرێ ئێوە لەجیاتی سزا بۆ ئەبێ پاداشت وەربگرن!
چەندە باش ئەبوو گەر کۆبونەوەکان لە ماڵەکان نەکرایە و لەشوێنی تایبەتی خۆی ساز بدرایە، بەڵام گەر ئەوان حەز بەماڵ ماڵێنە ئەکەن ، بابچوونایە بۆ ماڵێ وەستا عەلی کاشی(باوکی شەهید ڕێژوان) کەبە فیشەکی زەردی بنەماڵەی بارزانی تیرۆر کرا. ئەوسا لەوانەبوو خەڵکی پێشی خۆشبوایە و ئەبوە خالێکی گرنگیش بۆ هاوڵاتی. یان بچونایەتە ماڵی (کاك زاهیر) باوکی شەهید سورکێو. لەوانەبوو کاك زاهیر ئەو زامەی لە بیربکردایەو ئەبوە دڵنەواییەك بۆیان. بچونایەتە ماڵی شێخ ڕەفیق باوكی (شەهید هەردی) ئەوسا هەندێ لە گەورەیی و لێبردوویی و سادەو ساکاری لەو مرۆڤە فێر ئەبوون و بەڵکە نەختێ لەو لووت بەرزی و کەش و فشەیان بکەوتنایەو فێری هەندی ڕەوشتی کوردایەتی و ڕەسەنایەتیان بەبیر بهاتایەتەوانێ. دەبا ئامۆنە هێرۆ نەختێ لە تڕو تۆپی خۆی ئەهاتە خوارێ و بچونایەتە ماڵی (ئەنەس) کچی شەهید ئومێد کەبەگوللەی سەوزی تاقمە تیرۆریستکەی هێرۆ کوڕانی شێخ جەنگی دڵی لەجوڵە کەوت. ئەوسا دایکی ئەنەس هەندێ وانەی ژیرایەتی و ڕێزی فێری هێرۆو دارو دەستەکەی ئەکرد و لەوانەبوو لەو گێژاوە ڕزگاریان بکردنایە.
ئەم نەریتە قۆڕەی ماڵی تاڵەبانی و ژن و مناڵەکانی تەنها گاڵتە پیکردنە بە سیاسەت و ڕێگە خۆشکردنە بۆ شکاندنی سەروەری یاسای حزب و چۆنێتی کارکردن و پیشیلکردنی پەیڕەوی حزب. دەنا هەر پارتێکی سیاسی لەکاتی قەیران و کیشەکانیدا تەنها پەنا ئەبەنە شوێنی کۆبونەوەی حزب و بارەگاکان ، نەوەك ئەو ماڵ و ئەو ماڵ. ئەمە ڕێگە خۆشکەرە کە سبەینێ و دوو سبەی هەر کارێك وەیان هەر تاوانێك دژ بەیەکێك ئەنجام درا ، لەجیاتی چوون بۆ دادگا و شوێنە یاساییەکان، ئەوا ماڵی ئەو مەنسول و ماڵی ئەو بارزگان و ماڵی ئەو دەست ڕۆیشت و ئەبێتە مەنزڵگای تاوانباران و کێشەکان لەوێوە بەر نەقیزەکەیان ئەکەوت.