کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


بۆ/ به‌رێز { شێرکۆ میر وه‌یس } لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی خانه‌قین-نامه‌یه‌کی کراوه‌

Wednesday, 12/12/2012, 12:00





ئێمه‌ کۆمه‌ڵیک کادری { ی ن ك }ی شاری خانه‌قینین ئه‌م نامه‌یه‌ت ئاراسته‌ ده‌که‌ین هیوادارین بتوانین له‌رێگایه‌وه‌ سه‌رنجت بۆ دۆخی رێکخراوه‌یی ناله‌باری یه‌کێتی له‌ شاره‌که‌مان رابکێشین .
خۆتان خه‌ڵکی خانه‌قینن و ده‌زانن ئه‌م شاره‌ داماو و به‌ش مه‌ینه‌ته‌ی ئێستا به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تاو ناوه‌راستی هه‌فتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردودا چۆنه‌ که‌لاوه‌یه‌که‌ ، ئه‌و خانه‌قینه‌ی که‌ هیچ کونج وقوژبنێکی خاکی کوردستان نیه‌ ڕۆڵه‌یه‌کی به‌ئه‌مه‌کی تیایدا خزمه‌تی نه‌کردبێت ، هه‌ر له‌ قه‌ندیله‌وه‌ تا ده‌گاته‌ بناری زمناکۆ وده‌شتی مه‌نده‌لی ، قوتابخانه‌ نه‌بوه‌ مامۆستایه‌کی خانه‌قینی تیایدا وانه‌ی نه‌وتبێته‌وه‌ .. خانه‌قینی پایته‌ختی رۆشبیری وکوردایه‌تی که‌ له‌ کاتێکدا زۆربه‌ی دانیشتوانی شاره‌ گه‌وره‌کانی عیراق نه‌یانزانیوه‌ سینه‌ما چیه‌ {4 } سینه‌مای هه‌بوه‌{ 9ساڵ پێش به‌غدای پایته‌خت سینه‌ما هێنراوه‌ته‌ خانه‌قین }.
سه‌رباری ئه‌وه‌ش هه‌مو رێکخراوه‌کان .. شۆرشه‌کان .. بزوتنه‌وه‌رزگاری خوازه‌کانی گه‌لی کوردستان ، ئه‌گه‌ر خانه‌قینیه‌ک سه‌رکردایه‌تی نه‌کردبێت ئه‌وا ڕۆڵێکی گه‌وره‌و به‌رچاوی تیایدا گێڕاوه‌ هه‌ر له‌ حزبی هیواوه‌ تا ده‌گاته‌ کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی کوردستان .
ئێستا ئێوه‌مانان هاتونه‌ته‌ سه‌ر که‌لاوه‌یه‌ك ناوی خانه‌قینه‌ .. که‌لاوه‌یه‌ك له‌ژێرخان .. که‌لاوه‌یه‌ك له‌فه‌رهه‌نگ .. که‌لاوه‌یه‌ك له‌ هزرو بیر کردنه‌وه‌ .. دوای 9 ساڵی ره‌به‌ق له‌ نه‌مانی به‌عس وده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌کانی هێشتا و له‌ سایه‌ی ئیداره‌دانی سه‌قه‌تی هه‌ندیك به‌رپرسی که‌م ته‌رخه‌می یه‌کێتیه‌وه‌ نه‌گه‌راوه‌ته‌وه‌ سه‌ر ڕێچکه‌ی ناوه‌راستی هه‌فتاکانه‌وه‌ .
پێش هاتنی ئێوه‌ ناوبانگتان گه‌یشتوه‌ .. ئه‌ڵین پیاوێکی بوێرو زیره‌ک و رۆشن فکری {ئومید ئه‌که‌ین که‌وا بیت } ودیاره‌ به‌پێی دیسپلینی حیزبی کارده‌که‌یت .. پێمان باشه‌ هاوکارت بین بۆ خزمه‌ت کردنی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵك وگه‌شه‌پیدانی بواره‌ جیاکانی ژیانیان وله‌نه‌هامه‌تیه‌کانیان ، ئازاره‌کانیان ، ئه‌و سته‌مه‌ی لێیان کراوه‌ که‌م که‌ینه‌وه‌ ، ده‌ستی گه‌نده‌ڵ کاران وهه‌لپه‌ره‌ستان و مشه‌خۆران ببڕین و خه‌ڵکیان لێ ڕزکار بکه‌ین .
بۆئه‌وه‌ی بتوانی فۆرمی چاکسازی سه‌ربخه‌یت وبه‌مه‌به‌ستی هاوکاری کردنت کۆمه‌ڵێك خاڵ ده‌خه‌ینه‌ به‌ر ده‌ستتان بۆ به‌رچاورونی و له‌ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ گشتیه‌کانه‌وه‌ ،چونکه‌ بروامان وایه‌ سه‌رکه‌وتنی هه‌ر به‌رپرسێکی دلسۆزی ئه‌م شاره‌ به‌ قازانجی دانیشتوانه‌که‌ی ئه‌شکێته‌وه‌ و پێچه‌وانه‌که‌شی خه‌رمانێك نه‌هامه‌تی ده‌خاته‌ پال نه‌هامه‌تیه‌کانیانه‌وه‌ .
1/ کاری هه‌ره‌ پێویست وگرنگتان قه‌ڵاچۆ کردنی گه‌نده‌ڵ کاران وهه‌لپه‌ره‌ستانه‌ ، خه‌ڵکانیك له‌ خۆتان نزیك بکه‌نه‌وه‌ که‌ ئاڵا هه‌ڵگری راسته‌قینه‌ی [ی ن ک]بن .
2/ خانه‌قین و خانه‌قینیه‌کان زه‌مینه‌یه‌کی به‌ پیت و گونجاون بۆ کاری ڕێکخراوه‌یی ، خه‌ڵکانی دڵسۆز وکاراماو چالاکیان تێدایه‌ به‌ڵام په‌راوێز کراون ودور خراونه‌ته‌وه‌ ،گوێیان لێ بگرن وسود له‌ دیدو بۆچونه‌کانیان وه‌ربگرن .
3/ ده‌رفه‌ت نه‌ده‌نه‌ خه‌لکی نه‌شیاو رکابه‌ری دڵسۆزان ولێقه‌وماوان بن ولافی کوردایه‌تیان پێ بفرۆشن وببنه‌ مایه‌ی نیگه‌رانی ودور که‌وتنه‌وه‌یان .
4/ خانه‌قین به‌شاری رۆشنبیران وهونه‌رمه‌ندان ناسراوه‌ به‌ڵام مه‌خابن بواری هۆشیاری ورۆشنبیری له‌ ئاستێکی مه‌ترسیدار دایه‌ ، هه‌ندێك له‌ ده‌زگا تایبه‌تیه‌کانی بواری رۆژنامه‌ی گه‌ری ورۆشنبیری سپیردراوه‌ته‌ که‌سانێك هه‌مو شتێکن ته‌نها رۆشنبیر نه‌بێت ، نمونه‌ی ئه‌و ده‌زگایانه‌ سه‌ندیکای رۆژنامه‌ نوسانی کوردستانه‌ که‌ ئیداره‌که‌ی راسپارده‌ی خانمێك کراوه‌ هه‌موو شتێکه‌ ته‌نها رۆژنامه‌نووس ورۆشبیر نه‌بێت وخه‌لکی له‌گوێی گا نه‌نوستون وده‌زانن بۆچی وچۆن له‌و پۆسته‌ سه‌پێنراوه‌ [ له‌کوێی ئه‌م وڵاته‌ بوه‌ به‌رپرسی سه‌ندیکای رۆژنامه‌نوسانی کوردستان کوردی نه‌زانێ] .
5/ دواین وگرنگترین ئامۆژگاریه‌کانمان له‌مه‌ر که‌سێکه‌ بوه‌ته‌ مۆته‌که‌ی سواربوی سه‌رسنگی کادیران وخه‌ڵکی خانه‌قین وهۆی گاڵته‌جاڕی ونه‌فره‌ت ورقی خه‌ڵك له‌ یه‌کێیتی ، پیاوه‌ ده‌ست ڕاست و سالاره‌که‌ی [ سه‌باح میرزا ]ی سه‌رۆکی ده‌سته‌ی پاسه‌وانه‌کانی [ سه‌دام حوسێن ]ی گۆڕبه‌گۆڕ ئه‌ویش [ ئیراهیم عه‌لی ره‌زا ]یه‌ ، ئه‌م مشه‌خۆرو خۆهه‌ڵکێش بێبه‌هایه‌ لای هه‌موان ناسراوه‌و وپێناسه‌ی ناوێت ،به‌دێژایی ئه‌و ساڵانه‌ی که‌ خه‌ڵکی خانه‌قینی به‌شه‌ره‌ف وسته‌م لێکراو روبه‌روی هه‌زاران ده‌ربه‌ده‌ری و نه‌هامه‌تی وته‌عریب وته‌بعیس وکاولکاری وماڵ وێرانی ده‌بونه‌وه‌ ئه‌و ناپاکه‌ وله‌گه‌ڵ سه‌باح میرزا ی دۆستی خه‌ریکی رابواردن وداوێن پیسی بوه‌ ،ئێستا وله‌بری دادگایی کردنی که‌چی پاداشت ده‌کرێ وپله‌و پۆستی جۆراوجۆری پێده‌به‌خشرێ که‌ شایه‌نی هیچیان نیه‌،، یاریده‌ده‌ری سکرتێری گشتی .. [ عمید ]ی خانه‌نشین و جێگری مه‌ڵبه‌ند .. له‌ هه‌موی پڕئێش وژان ترئه‌وه‌یه‌ سیفه‌تی پێشمه‌رگه‌ی دانه‌بڕاو و[ سرك ]ی پێ به‌خشراوه‌ { بی ده‌نگی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌کان وکه‌م ئه‌ندامانی سه‌نگه‌ر توشی شۆك ووسه‌رسوڕمانی کردوین }بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌م مۆته‌که‌یه‌ به‌زوترین کات له‌سرسنگی خانه‌قینیه‌کان وه‌لانێن.

به‌هیوای بیستنی ده‌نگوباسی دڵخۆشکه‌رین له‌به‌رێزتان
سه‌رکه‌وتوو بن

کۆمه‌ڵێك کادری { ی ن ك }
10/12/2012

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە