لە هەڵبژاردنەکاندا نەبێت کەس باسیان ناکات
Thursday, 01/08/2013, 12:00
1942 بینراوە
نووسینەوەی یادەوەریەکانی شاخ هیچ پەیوەندی بەوەوە نیە من یان تۆ یان ئەویتر سەر بەکام ئاراستەی سیاسین، ڕووداوە مێژوویەکان لە شۆرشی شاخدا دەبێت وەک خۆی تۆمار بکرێت گەرچی هەر یەکەمان لەبەرەیەکی جیاوازدا لەمڕۆدا کاری سیاسی دەکەین و شیرو تیریش لەیەک دەسووین ، زۆرن ئەو پێشمەرگانەی وەک سەربازی وون وان و دەستی نوسینەوەی یاداشتەکانیان نیە ، ئەوانە لەبەر پێشمەرگە بوونیان فریا نەکەوتن وەک کەسێکی سادەی کۆمەڵگا بچنە خوێندنگا ، بەسەدان پێشمەرگە هەبوون لە سنوری چالاکی تیپەکەی خۆیاندا هیچیان کەمتر نەبوە لەوانەی خۆیان بە گیڤارا دەزانی و واش نەبوون و لە مقەڕە سیاحیەکان پاڵیان لێدابۆوە،لەوانەش بلیمەتربوون کە لەدەمی ئێستا بوونەتە نوسەرو ڕۆژنامەنووسی دەرباری حیزب ، بۆ نموونە نەک هاوڕێکانی بەڵکو حیزبەکەشی باسی چۆنێتی شەهیدبوونی ئەو شەهیدە ناکات لەدەشتی کارێزە گولەش لێی دەترساو ناوی عوسمانی سەعە پیرێژن بوو کەس باسی ناکات ، کەس باسی شەهید دارای سەعدی بەگ ناکات بۆ ئەوەی نەکەوێتە بەردەستی دوژمن بە گولەیەک مێشکی خۆی پژان ،کەس باسی شەهید فایەق ئاڵەکی و شەهید عەزیز چا پیس ناکات ، کەس باسی کەمالی مالیە ناکات چ هەڵمەتبەرێک بوو تەنانەت کە برینداریش دەبوو گۆڕەپانی جەنگی بەجێ نەدەهێشت ، کەس باسی خولە بنەسوتاوەیی ناکات چونکە وازی لە یەکێتی هێناو بوو بە حسک گەرچی کاری ناقۆڵاشی کردبێت بەس دەبێت باس بکرێت ، کەس باسی مامە قالەی بەرزنجی و بەختیار ژینۆو مام تەها ناکات، کەس باسی شەهیدی نەمر کاک سورکێوی رابەر سیاسی ناکات کە لەداخی یەکێتی بە گولەیەک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و خێزانو منداڵەکانی سەرگەردان کرد ، کەس باسی شەهید عەزیز سیتەکی ناکات چونکە بێ کەسەو کەسێک نیە لەسەری بنوسێت ، کەس باسی عوسە پووت ناکات کە چ قارەمانێکەو کەچی هەندێ لەهاوڕێکانی شاخی جاسوسی بەسەرەوە دەکەن تەنها لەبەر ئەوەی گۆڕانە ، کەس باسی سەرداری مامە ڕەشە ناکات کە ٢ سەعات زیاتر لە سەنگەرەکانی پێشەوەی قەیوان - ماوەت گولەیەک لەسەری دابوو و وەک مردوو وابوو نەمان دەزانی چۆن بیهێنینە ئەم دیوەی سەنگەرەکانی پشتەوە لەبەر تۆپی دەبابەکان لە دۆڵەرووت ، تا دوا جار بە قایشی کڵانشیکۆف ڕامان کێشا بۆسەنگەری دووهەم و ڕەوانەی ئێران کرا بۆ چارەسەر، گەرچی سەردار لای دکتۆر بەرهەم ساڵحەو لەگەڵ خەباتی خۆیدا ناگۆنجێت ،کەس باسی حسێن جنووبی و شەهید هونەرو تاریق و هێمن سەروای ناکات لەگەڵ هاوڕێ شەهیدەکانیان بۆ ئەوشەوە لەناوتاقان هەموویان بە کۆمەڵ شەهید کران ؟ کێ شەهیدی کردن و دەسیسەی کێ بوو؟ کەس باسی پێشمەرگە ی سادە ناکات ، ئەوەی باس دەکرێت تەنها یادی شەهیدە سەرکردەکانە لای ئەوانەی پارووی چەوردەخرێتە ناو قوڕگیانەوە .
سەروبەندی هەڵبژاردنی پەڕلەمانە ، مەکتەب سیاسیەکانی یەکێتی هەر یەکەیان پەلەقاژەی مەرگیانە ، بۆ ئەوەی ئەو مەرگە لای خۆیان کاڵ بکەنەوە ڕۆژ نیە سەر نەکەن بە ماڵی شەهیدێکی لەبیرکراودا ، مەکتەب سیاسی هەیە گەر جاران باسی کانی گۆمەی سلێمانیت لا بکردایە دەیووت جا کێ دەتوانێت لەبەر بۆق و میشوولە سەر بکات بەوێدا ، کەچی ئێستا کانی گۆمەی لابووە بە بەردەرکی سلێمانی پاڵاس و سەدان جار سەری پیا دەکات ، مەکتەب سیاسی هەیە ڕقی لەدەستی خۆیەتی کەچی دەچێت و دەستی دایکی شەهیدێک ماچ دەکات ، ببورن گەڕی دەکات .
هەر ماڵە شەهیدێک گەر بیەوێت شەهیدەکەی لە دڵی خەڵکدا بەگەورەیی بمێنیتەوە و نەکرێتە مادەی ئینتخابی دەبێت ئەو بەناو سەرکردانە بە خڕکە بەرد بکاتە دەرەوە.
ڕزگار ساڵح
هۆڵەندا- ئەنیشخەدە
٣١-٧-٢٠١٣