وەڵامێكى كورت بۆ خەم نەبینەكەى دەروازەو قسەیەكیش لەسەر نەخۆشخانەى رانیە
Thursday, 19/02/2009, 12:00
1847 بینراوە
چەند رۆژێك پێش ئێستا كەسێك بەناوى(خەمخۆرێكى دەروازە)! بابەتێكى بێ سەروبەرى لەسەر پۆلیسەكانى نەخۆشخانەى رانیە نوسیوە, كە بە قسەى خۆى خەریكى داوێن پیسینو بە زەبرى تفەنگو دارو جنێوى ناشیرین خەڵك تێلاترێن دەكەن. لەگەڵ ئەوەش باسى بەرێوبەرى پۆلیسو بەرێوبەرى نەخۆشخانەى رانیە دەكاتو بە دزىو گەندەڵى ناویان دەبات. لەراستیدا ئەم بابەتە نەك هەر بوختانو قسەى هەڵبەستراوو درۆو دەلەسەیە, بەڵكو دووریشە لە هەموو ئەخلاقیەتێكى نوسینو خەمخۆرى , چونكە لە لایەك پۆلیسەكانى نەخۆشخانەى رانیە بە پێچەوانەى ئەو تومەتە ناشیرنانەى كەبۆیان هەڵبەستراوە خزمەتى هاوڵاتیان دەكەن و ئەركى یاسایى خۆیان جێ بەجێ دەكەن. لەلایەكى تریش ئەوەى لە نزیكەوە بەرێوبەرى نەخۆشخانە بناسێتو ئاگادارى كارەكانى بێت دەزانێت كە تا چەند كارى لەسەر بنبركردنى گەندەڵىو خزمەتى نەخۆشخانە كردوەو بۆتە لەمپەرێك لەبەردەم ئەو فایرۆسانەى كە دەیانەوێ كار لەسەر بەرژەوەندى تایبەت بكەن. ئەگەر ئەم بەرێزەش راست دەكات با بەڵگەوە ئەو قسانەى خۆى خستبایە روو نەك شەلم كوێرم ناپارێزم كۆمەلێك قسەى بێبەنەما ریز بكاتو بوختان بۆ بەرێوبەرێكى وەك پۆلیسى رانیەو نەخۆشخانەو پۆلیسەكانى بكات. لەكاتێكدا دەرگاى ئەو بەرێزانە هەمیشە لەسەر پشتبووە بۆ هەموو سكاڵاو گلەییەك. بەڵام خودى ئەو قسانەى كە ئەو بەرێزە نوسیویەتى هەوڵێكە بۆ ناشیرین كردنى كارو خزمەتەكانى نەخۆشخانەى رانیەو مەبەستى تایبەتى لە پشتەوەیە, ئەگەر نا ریز كردنى چەند وشەیەكى وەك (داوێن پیسىو شەقتڕێنو دزىو گەندەڵى) كاتێك بە بێ بەڵگە دەنوسرێت و دەخرێتە روو , نیشانەى نا رۆشنبیرىو بێویژدانیی نوسەرەكەیەتىو دوورە لە هەموو ئەخلاقو ئیتیكێكى رۆژنامەوانى. بەداخەوە ئێستاكەش كەسانێك بەناوى خوازراوەوە تفەنگ بە تاریكیەوە دەنێن. ئەگینا پۆلیسەكانى بەردەمى نەخۆشخانەى رانیە جگە لە خزمەتو كارى رۆژانەیان كەلەسەر پاراستنى تەندروستى هاوڵاتیان دانراوە دوورن لە هەموو تومەتانەو بەرێوبەرایەتى نەخۆشخانەش شانازى بە كارو خزمەتەكانى خۆیەوە دەكاتو بە ئەركى خۆشى دەزانێت, ئێستاش بەو بەرێزە دەڵێین با بفەرموێت بۆ بەدواداچونى رۆژنامەوانى و دەرگاشمان لەسەر پشتە.