کێ لە پشت سوتاندنی پەیکەری خۆشەویستیەوە بوو؟
Saturday, 19/10/2013, 12:00
2424 بینراوە
کاتێک پەیکەرسازێک، لە ههرچ مادهیهک بێت پهیکهر دادهتاشێت ، گیانی دەکرێت بەبەردا و بێ گیان نامێنێتەوە، پەیکەری عەشق و خۆشەویستیی، پەیکەرێکی گیان لەبەرداکراوه، لە سەر دەموچاوی ئەو پەیکەرەدا خۆشحاڵی و خۆشبەختی قووڵ و یەکبون جێگیر بووبوو. سوتانی پەیکەری خۆشەویستی وەک سوتانی دوو مرۆڤ وایە بە زیندوویی.
زۆر جار دەمانەوێت پێناسەیەک، یان ناوێک دابتاشین پڕ بە پێستی دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان بن . بەبێ ئەوەی تا ئێستا توانیبێتمان وەک خۆیان پێناسەیان بکەین ئاخر ئاستەمە مرۆڤێکی ئاگاو وشیار بتوانێت پێناسەیان بکات وەک خۆیان ، ئەوان هەموو ڕەنگێک، هەموو بۆنێکیان هەڵگرتووە ، لەم سەری دیموکراسیەوە تا ئەو پەڕی دیکتاتۆری ، لەم پەڕی عیلمانیەوە تا ئەو پڕی ئیسلامی ، لەم سەری ئازادییەوە تا ئەو پەڕی ئەتککردنی ئازادی ، لەم سەری عیشقەوە تا ئەوپەڕی رق و کینە و سوتاندنی خۆشەویستی هتد ...
بە بڕوای من، ترسناکترین ژینگەی پیسیان خوڵقاندووە، که تا ئێستا بڕوا ناکەم وێنەی لە جیهان هەبووبێت لەژێر دەسەلاتی هیچ فەرمان ڕەوایەکدا . حوکمەت هەیە و خەریکی کاری بازرگانی و خوێنمژینی کۆمەڵگایە . پەرلەمان هەیە و خەریکی داڕشتنی یاسایە پڕ بە پێستی بازرگانە سیاسیەکان . دادگات هەیە و کاری جڵەو کردن و زیندانی کردنی کۆمەڵگایە . هێزی ڕێکخراوی چەکدارت هەیە و خەریکی سەرکوت کردنی کۆمەڵگاو پارێزگاری کردنی بازرگانەکانە . دەزگای ئەمنی و ئاسایشت هەیەو کاری تیرۆر و تەقاندنەوە و فڕاندنی خەڵکە . دەیان ڕێکخراوی مەدەنی و سایت و ڕاگەیاندنی حیزبی و سێبەر و سەربەخۆت هەیە و کاریان بەردەوامی ئەم ژینگە پیسەیە و خزمەت کردنی ئەم بازرگانانەیە . حیزبی ئۆپۆسزێۆنیت هەیە و کاریان خاڵی کردنەوەی کۆمەڵگایەو هاوشان بەشداری پیلانەکانن لەگەڵ دەسەڵاتدارن . تەواوی ئەمانەش لە لایەن دەسەلاتدارانەوە دروست کراون و هەر لە لایەن ئەوانیشەوە موچەیان ئەدرێتێت . کەچی کەس ئامادەنیە ئەم ڕاستیە ببینێت ، نەک هەر ئەوە بەڵکو خەڵک دابەش بووە و تێکڕا بە نا ئاگایی ، خزمەتی ئەم ژینگە پیسە ئەکەن و لەسەر جەستەی قوربانی خۆیان ئەیان ژیەنن .
ئەگەر کۆمەڵگای کوردی بە دارێک بشوبهێنین ، ئەوا (سەدام حسێن) لە ماوەی فەرمان ڕەوایەتیدا ، هەمیشە ئەو دارەی ئەسوتاند ، بۆیە ئومێدی سەرهەڵدانەوەی ئەو دارە هەمیشە هەبوو کە بەشێوەیەکی تر سەرهەڵبداتەوە و پەلو پۆکانی لەگەڵ شنەی (با) سەمان بکات ، لەگەڵ خۆرەتاو نزا بکات ، لەگەڵ ئەستێرەکان قسەبکات . چونکە تەنها شتێکە ئەتوانێت بچێت بەرەو ئاسمان کە ڕهگ و ڕێشەی لە زەویدا هەبێت ، هەر ئەمەش بوو کە هەرگیز (سەدامی دیکتاتۆر) نەیتوانی بەسەر کوردا سەر بکەوێت .
22 ساڵە چی ڕووی داوە ؟ فەرمانڕەواکانی ئێستا کۆمەڵگای کوردیان (فەساد) کرد ، فەساد کردن لە هەموو ڕوویەکەوە ، واتا لە ڕەگ و ڕێشەوە هەڵیان کێشا ، کۆمەڵگا لە هۆش و ژیری بویەوە و لە دەستیدا ، دەبەنگ بوو ، وە تا ئەمڕۆش بە ئەحمەقی ماوەتەوە .ڕووناکیان لە کوردستان نەهێشت ، ووڵات لە لوتکەی ڕوشناییەوە بەرەو چەم و دۆڵەکانی تاریکی سەراوڕێژ بوو . جوانیەکیان لەو نیشتیمانە نەهێشت ، بێ متمانەییان خوڵقاند ، خۆشەویستیان ئەتک کرد ، تاکی کوردیان بێ کەرامەت و نا ئاگا و نا وشیار کرد ، هەموو ئەو شتانەی پێشتر هەیبوو لێیان سەندەوە . ئێستا ئەوان بڕیار ئەدەن چۆن بژین ، چۆن لە خزمەتیان بکەن ، وایان لێکردن هەمیشە لە سەر ئەژنۆ بن ، پێکانیان لێ سەندنەوە ، واتا سەربڕین و کردنیان بە قوربانی زۆر ئاسان کراوە . تاکی ئێمە ئێستا وەک ئەژاڵێکی شێتی لێهاتووە ، کە کۆمەڵە کارێک ئەکات زیان بە خۆی ئەگەیەنێت ، کەچی چێژی لێدەبینێت . (22) ساڵ لەمەوبەر ئەمانە کە هاتنەوە لە شاخ ، وەک مژدە بەخشێک ئەوەیان بە گوێی خەڵکدا ، کەچیتر کەس ناتوانێت لاشەیان بخوات ، لە ڕاستی جاران (سەدام و ڕژێمی بەعس) بە دەست لاشەی خەڵکی ئەخوارد ، بەڵام ئەمان مرۆڤ خواردنیان نەوەستان ، بەڵکو ئێستا بە چەقۆ و چەتاڵ تاکی کورد ئەخۆن .
کێ تەقینەوەکەی هەولێری ئەنجامدا ؟ کێ هەڵیکوتایە سەر دوکانی مەشروب فرۆشەکانی هەولێر و بادینان ؟ کێ سینارێۆی هێزی دیجلەی دروست کرد ؟ کێ تیرۆر ئەنجام ئەدات ؟ کێ نیشتیمانێک فەساد ئەکات ؟ کێ دزی و تاڵانی و داگیرکاری ئەکات ؟ کێ له پشتی ئهو ههموو ژن و مناڵ کوژیهوهیه ؟و هتد ... دەسەلات بە هاوپەیمانی هەموو ئەوانەی لە سەرەوە باسم کردن ، لە یاریەکەوە ئەتان بەن بۆ یاریەکی تر .
دەسەڵات دێت پەیکەری خۆشەویستی ئەسوتێنێت ، خەڵکی ئێمە لە ڕاستی ڕووداوەکە ڕائەکەن خۆیان ئەدزنەوە ، نایانەوێت بەرەو ڕووی ڕاستیەکان ببنەوە ، نایانەوێت ڕاستیەکان ببینن ، دەگەڕین بە دوای بکەری وەهما کە بوونی نیە ، بە دوای سێبەرا ئەگەڕین ، هەوڵ ئەدەن لایەنێک کەسێک تۆمەتبار بکەن ، هەموو ئەمانەش خۆ دزینەوەیە لە ڕاستی ڕووداوەکە ، هەڵهاتنە لە بکەرە ڕاستەقینەکانی . ڕێکخراوە بێ ئێشەکان بەیاننامەی ناڕەزایەتی دەردەبڕن ! نوسەر و ڕوشنبیرەکان گردبونەوە ئەکهن و داکۆکی لە ئازادی تاک ئەکەن ! دەسەڵات هەڕەشەی دۆزینەوەی بکەرەکانیەکات ! ئەوانیش بەشدار ئەبن لە گربوونەوەکە خۆیان بە داکۆکیکاری هەمووشت ئەزانن ! کەناڵی ڕاگیەندن و سایتەکان خەریکی ئەحمەق کردنی خەڵکن . هەموو ئەو پەیامەش دەسەڵاتداران پێمان ئەڵێن : کەی بمانەوێت هەمووتان ئەخەینە سەر خوانەکە ، ئێوە هەمووتان بەشێکن لە ئێمە .یهکێتی دهیهوێت پێمان بڵێت : ئهم شاره دهنگی به ئێمه نهدا ، کهواته دهبێت پهیکهری خۆشهویستی بسوتێنین تا پێیان بڵێێتن ئهم شاره ، شارێکی کۆنهپهرسته . دهیهوێت ئاوا تۆڵهی خۆی بکاتهوه ! یان چی تر له پشتی ئهم ڕووداوهوه ههیه ؟ کێ ئهتوانێت له شارێکا کاری ئاوا ئهنجام بدات ئهگهر یهکێتی خۆی نهبێت ؟ به ڵام ئامانج له کردنی کارێکی ئاوا قێزهوهن دهبێت چی بێت ؟
لە بەر دەمی تۆ تەنها دوو ڕێگا هەیە ، ئاگایی یان نا ئاگایی ، وشیاری یان نا وشیاری ، هەڵیبژێرە . دەتەوێت کۆتایی بەم یاریانە بێنیت دەبێت درک بەو ڕاستیانەی سەرەوە بکەیت کە تۆ یاریت پێدەکرێت ، وە خۆشت بەشداری لەو یاریەدا و چیژی لێدەبینیت ، دەبێت فێربیت لە ڕووداوەکان ڕانەکەیت و بەرو ڕووی بیتەوە ، دەبێت ڕەگ و ڕێشەی خۆت لە زەویدا داکوتیتەوە تا بتوانیت وەک و جاران نەش و نما بکەیت و جوانیەکان وەرگریتەوە کە لێت زەوت کراوە . ئەوەی بکەری ئەو ڕووداوەیە دەسەڵاتدارانی (یەکێتی و پارتیە) هاوشان لەگەڵ حیزبە ئۆپۆسزێۆن و ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی و سایت و ڕاگەیەندنە بیستراو بینراوەکان و مزگەوت ومەلاکان هتد ...
دەست بخەرە سەر سەرچاوەی کێشەکە ، ئەوەی کە پێویستە بەرەو ڕووی بیتەوە ئەو دۆخەیە کە بۆیان خوڵقاندوویت کەی بیانەوێت فریوت ئەدەن ، لە گیانی یەکتریت بەر ئەدەن و خۆشیان تەماشات ئەکەن . کۆتایی بەو ژینگە پیسە ، کۆتایی هێنانە بە هەرە ڕۆژە تاریکەکانی کۆمەڵگای کوردی و گەڕانەوە بۆ سەرچاوەی ڕووناکی