بۆ ئەندام پەرلەمانەكانى ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات: دەبێت كاسبكارى ئەهلى لە فەرمانبەرى دەوڵەت بپارێزن
Thursday, 04/08/2011, 12:00
یەكێك لە كێشەكانى ئەم وڵاتە ئەوەیە سەرقاڵبوون بە شتە سەرەكى و جەوهەریەكانەوە دەبێتە هۆى ئەوەى چینێك یان توێژێك ژیانى ببێتە جهەنم و حزبەكانیش بۆ موزایەدە هەموو رۆژێك وەك و یاریەكانى سێرك بیانهێننە سەر شاشەى تەلەفزیۆنەكان بێ ئەوەى چارەسەرێك بۆ كێشەكانیان بدۆزنەوە، یەكێك لەو كێشانەى كە دەبێت چارەسەر بكرێت پاراستنى كاسبكارى ئەهلییە لە فەرمانبەرەكان و موچەخۆرەكانى حكومەت:
لە باشوورى كوردستان زۆربەى ئەوانەى كە كاسبكارى ئەهلین تەمەناى ئەوە دەكەن موچەیەكیان لە دەوڵەت هەبێت و دابمەزرێن لەبەر ئەوەى گەرما بێت یان سەرما، دەوام هەبێت یان دەوام نەبێت سەرى مانگ موچەى خۆیان وەردەگرن، بۆیە دەبینیت چەندین كاسبكار واز لە كارەكەى دێنێت و دەبێتە فەرمانبەر یان سەرباز یان پۆلیس.......... كە ئەمە بۆ خۆى كارێكى ترسناك و ناتەندروستە و لە ئەنجامدا ئەو پارەیەى كە وەك و داهاتى نەوت دێتە هەرێمەوە زۆربەى دەچێتە دەرەوە چى لە رێگاى كاڵاى بیانییەوە چى لە رێگاى دەستى كارەوە، ئەوەى پێویستە لەسەر ئەندام پەرلەمانەكانى باشوورى كوردستان یاسا دەربكەن بۆ قەدەغەكردنى كاركردنى فەرمانبەران و هێزەكانى ناوخۆ و پێشمەرگە لە بازارداو بە تایبەت ئێستا موچەى هێزەكانى ناوخۆ باشەو هەروەها زۆربەى فەرمانبەرەكانیش موچەیان باشە، دەكرێت موچەى پێشمەرگەش بە رێژەیەكى كونجاو چاك بكرێت، هەروەها چاك كردنى موچەى باخەوانى دەوڵەت و خزمەتگوزارو سەرجەم موچە نزمەكان، ئێستا بە دەیان هەزار فەرمانبەر پاش دەوام كار دەكەن وەك و دوكاندارى و شۆفێرى و فیتەرى و ........ كە ئەمە واى كردووە ببنە شەریكى قوتى كاسبكارى ئەهلى و لە داهاتى ئەوان كەم ببێتەوە، هەروەها ئەوەش واى كردووە ئەو قەرزە بچوكەى دەدرێتە گەنجان هیچ سوودێكى نەبێت لەبەر قەرەباڵغى و قۆرخ كردنى بازار كە بەشێكى زۆرى ئەو قۆرخ كارییە فەرمانبەرى دەوڵەتن، كە ئەگەر یاسایەك دەربچێت بۆ قەدەغەكردنى فەرمانبەران وچەكدارەكان لە بازار ئەوە دەبێتە هۆى هەل رەخساندن لە بەردەم دەیان هەزار گەنج و خەڵكى دیكە بۆ دابین كردنى ژیانى خۆیان، شایانى باسە بە هەزاران خزمى بەرپرس هەیە تەركن لە ماڵەوەو شەریكى قوتى خەڵكى كاسبكار بوونەتەوە. ئەوەى مایەى نیگەرانییە نەبوونى هۆشیارى كۆمەڵایەتیە، هەروەها نەبوونى سەندیكاى سەربەخۆى كارا واى كردووە ئەم چینە بەشخواروە پشت گوێ بخرێن و لە هەژاریدا بژێن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست