بۆچی پارتی ئەم جارە جووڵەی بەهێزەکانی نەکرد؟
Friday, 15/02/2013, 12:00
دیارە مرۆڤی ئاسایی کۆمەڵێ لەبۆچوون، بڕوا،ئایدیا و دنیابینی خۆی هەیە و ئەوانەش بەستراونەتەوە بە بەچەند هێڵێکی سوور کە لەیەکێکی تری جوێ ئەکاتەوە، هەر هەمان شت ڕاستە بۆ ئاستێکی گەورەتر، واتە خێزان،بنەماڵە، هۆزوتیرە و تا میلەت و نەتەوە،،، بێ بوونی ئەم هێڵە سوورانە چی دی مانای مرۆڤ و وابەستەکانی بە کۆمەڵگاوە بوونی نامێنێ.
بۆ نمونە ئەوانەی هێڵی سوورن لای ئێمە و سەواو سەوداکاری پێوە ناکەین، خۆشەویستی نیشتمان و خاکە پێرۆزەکەیەتی. بەجۆرێك کا تیایدا هاوڵاوتی ئاسایی کورد تەواوی مافە بنەڕەتی و سەرەتاییەکانی تیا پارێزراو بێ؛ لەوانە مافی ئازادی و پێکەوە ژیان، مافی هەلی کار و یەکسانی لە هەموو بوارەکاندا. ڕێزگرتن لەسنووری نەتەوەیی و وازنەهێنان لە خاکە داگیرکراوەکانمان.. ئەمانە چەند هێڵێکی سوورن و پێوستە مرۆڤی کورد لەخاکی خۆیدا بەوپەڕی ئازادی و سەربەخۆیی بژی و لەو پێناوەدا درێژە بەخەبات و تیکۆشان بدا.
مەخابن بنەماڵەی بارزانی ئەوانیش هێڵی سووریان هەیە، لێ ئەمان تەواو پێچەوانەی ئەوانەی ئێمەن. ئەوان لایان هێڵی سوورە کە یەکێ جامانە سوورەکانیان بسووتێنێ، ئەوان یەکێ ڕەخنە لە بنەماڵە و خودی مەلا مستەفا بگرێ لایان هێڵی سوورە. ئەوان یەکێ باسی ژن و کچیان بکا لایان هێڵی سوورە.. کە تەماشەی ئەو هێڵە سوورانە ئەکەی، ئەبینی هیچ لەوانەی ئێمە ناچێ و ئەوانەی خۆیان لە کورد و کوردستان و سەروەری نەتەوەکەی بچێ لای ئەوان نەك هەر هێڵی سوور نیە، بەڵکە ئەوان بەکردەوە و بەبەڵگە ڕۆژانە لەهەوڵی بەجێهێنانی پلانەکانی دوژمنانی کوردن و هیچ نەماوە لایان کە دژبە بەرژەوەندی گەلەکەمان بێت و ئەوان بێ ڕێزی و پێشێلیان پێوەنەکردبێ. لێرەدا ڕەنگە خوێنەر بپرسێ کەئایا گەر ڕەخنە و جنێودان بەمەلا مەستەفا لایان هێڵی سوورە، ئەی بۆچی هیچ کاردانەوەیەکی گەورەیان نەکرد و نەیان وێرا هێز بنێرن بۆ سلێمانی لەکاتی قەیرانەکەی ئەم دواییەی کەناڵی ئێن ئار تی؟
ڕەنگە بۆچوونی من سەبارەت بەو قەیرانە هەندێ جیاواز بێ لەوانی تر،من پێم وایە ئەو کەسەی جنێوی بەمەلا مستەفا دا کەوا یەکێکە لە تاقمەکەی جەلال و وویستیان پارتی ڕیسوا بکەن و ڕایان کێشنە ناو کێشەیەکی تر و ١٧ شوباتێکی پێش وەخت دروست بکەن، لێ ئەمە ڕووی نەدا لەبەرئەوەی پارتی وەك جاران ناتوانێ و ناوێرێ هێزە سەر سوورەکانی بەئارەزووی خۆی بجووڵێنێ. کاتێ بەرپرسی کەناڵەکە بۆ یەکەمین جار ئەکەوێتە ناو قەیرانێکەوە و بەو شێوەیە خۆی لەبەرپرسیاری قووتار ئەکا، ئەمە بێ شك ترسنۆکی و بێ توانایی (توانا)ی دەرخست کەچەندە مرۆڤێکی بچووکە و فڕی بەسەر کاری ڕۆژنامەگەریەوە نیە.باشتر وایە (توانا عوسمان)پۆزشکاری بکا، نەك کاری ڕۆژنامەگەری، ئەوەش وەك ئەو سیناریۆکەی نەوشیروان وابوو ، کە لەدوای بەیان نامە ٧ خاڵیەکەوە کە زانی هێز جوڵێنراوون و گردەکەش لەژێر مەترسی دەبابە و زێڕەڤانیدا بوون، خێرا هات و ووتی؛ ئەوان واتە دەسەڵات چۆن سینارێۆی خۆیان هەیە، ئێمەش ئەو بەیان نامەیە تەنها سیناریۆیە وهیچی تر. ئەبوو ئەو خۆی لەو چەند کەسەی بەردەمی کەناڵەکە بەدوور بگرتایەو گوێی پێنەدانایە، لەبەرئەوەی ئەوان خەڵکی بێ مۆڵەت بوون و هێچیان پێ نەئەکرا. ئێمە مێژووی ئەو بەناو هەوادارانەی پارتیمان بینیوە لەکاتی سووتاندنی بارەگاکانی یەکگرتوو، گۆڕان کەبەبێ ئەوەی ڕەزامەندی کەس وەربگرن هاتوون و کارە قێزەوەنەکانی پارتەکەیان بەئەنجام گەیاندوە، ئەی باشە بۆ نەیان توانی هەمان شت لەسلێمانی بکەن؟
هەموو باش ئەزانین کە ئەوڕۆ کوردستانی باشوور بەشی زەردی لەژێر چەپۆکی تورکیا و لەتەکەی تری لەژێر عەمامە و عەباکەی ئێراندایە.. بۆیە وەك برادەرێ پێی ڕاگەیاندم کەوا نەوشیروان مستەفا لەدوا سەفەری بۆ ئێران داوای ئەوەی لێکردوون کەوا پەیامی ئەوە بدەن بەپارتی کەچی تر هێزو سەربازی حزبی و میلیشیاکانیان لەکاتی قەیراندا نەجوڵێنن. ئەمەش ئەو هۆیە سەرەکیەیە کەوا پارتی نەیوێرا ئەم جارە لەو دۆخەی چەند ڕۆژی ڕابردوو هیچ هێزێ ڕەوانەی سلێمانی بکات. لەبەرئەوەی گەر کاری وای بکردایە، ئەوا ئیران وەك چۆن تورکیا تەراتێنی سەربازی و هەواڵگری لەناوچەکانی پارتی ئەکا، ئاوهاش ئێران لە ڕێگای سەربازی و بەهەماهەنگی سوپای عێراقی مالیکی ئەیتوانی بەرانبەر جووڵەی سەربازی کاری وا بکا. بۆیە دڵنیاین کەوا لەداهاتووشدا و لەهەر کارێکی تر وەك دەبڕینی ناڕەزایی و خۆپیشاندان و هەر کارێکی تر دژ بەپارتی و بارەگاکانی لەناوچەی یەکێتی و گۆڕان ، پارتی ناتوانێ بەهیچ شێوەیەك جووڵە بەهێزەکانی بکا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست