کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


روونکردنه‌وه‌یه‌ک له‌ نه‌ریمان بابانه‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ کوردستان

Wednesday, 24/10/2012, 12:00



پاش زیاتر له‌ 17 ساڵی دووره‌ وڵات و نیشتمان، 17 ساڵی ئاواره‌یی و نامۆیی، چاره‌نووس جارێکی تر به‌ کوردستان و شاره‌که‌م (سلێمانی) شادکردمه‌وه‌، ئه‌و سلێمانییه‌ی که‌ کاتی خۆی به‌جێم هێشت، ئه‌مڕۆ  نه‌م ناسییه‌وه‌، لێ ئه‌و منی له‌ یاد مابوو، به‌ خه‌مۆکییه‌وه‌، وه‌ک که‌مئه‌ندامێک به‌خێرهاتنه‌وه‌ی لێکردم. گه‌ڕانه‌وه‌ واته‌ به‌سه‌رکردنه‌وه‌ و نوێژه‌نکردنه‌وه‌ی یادگار و په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایتییه‌ کۆنه‌کان، یادگاری مرۆڤ واته‌ مێژووی ژیانی منداڵیی و هه‌ره‌تی لاوییم، که‌ جێ په‌نجه‌ و خه‌یاڵ دروستی کردووه‌، به‌ داخه‌وه‌ زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی به‌ دوای خۆمدا جێم هێشتبوو، وه‌کو خۆی نه‌مابوو، بۆیه‌ هه‌ردووکمان من و شاره‌که‌م بۆ یه‌کتر غه‌ریب ده‌هاتینه‌ پێش چاو، چاوه‌کانم به‌ فرمێسک خۆی به‌ سلێمانی ناسانده‌وه‌، سلێمانییش به‌ساردییه‌وه‌ به‌خێرهاتنه‌وه‌ی کردم، وه‌ک ئه‌وه‌ پێم بڵێ: ئه‌گه‌ر ئیوه‌ منتان جێ نه‌هێشتایه‌، من ئاوام لێ به‌سه‌ر نه‌ده‌هات، ئاوا که‌نه‌فت و بێده‌سه‌ڵات نه‌ده‌بووم.

خوێنه‌ری خۆشه‌ویست...
من که‌سێکی هونه‌رمه‌ندم، سیاسیی نییم، ده‌زانم هونه‌ر هاوڕێی سیاسه‌ته‌، سیاسه‌تیش  هونه‌ره‌، لێ من خۆم له‌ سیاسه‌ت دوور خستۆته‌وه‌، ئاخر ناکرێت ئه‌مڕۆ سیاسه‌ت بۆنی لێبێت، که‌چی هونه‌ر لێی نزیک بێته‌وه‌! لێ کاتێکیش ده‌گه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ وڵات، سیاسه‌ت ئێخه‌‌ت ده‌گرێت، له‌ هونه‌ر نزیک ده‌بێته‌وه‌ و ده‌یدوێنێت. گه‌ڕانه‌وه‌ی من بۆ خۆفرۆشتن و مه‌زاتکردنی ویژدانم نییه‌، من بۆ ئه‌وه‌ نه‌ڕۆیشتوومه‌ته‌وه‌، زه‌ویی وه‌ربگرم، چونکه‌ سلێمانیی و کوردستان هه‌مووی به‌ موڵکی خۆم ده‌زانم، کاتێک رازیی بم به‌وه‌ی چه‌ند مه‌ترێک زه‌وی وه‌ربگرم، مانای وایه‌ له‌ ناخمه‌وه‌ بۆ خۆشم رازییم نیشتمانه‌که‌م بفرۆشرێت و به‌ به‌لاش چه‌ند مه‌ترێکی لێوه‌ربگرم. من نه‌ڕۆیشتوومه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌ و خانه‌نشینی و خه‌ڵات بکرێم، مرۆڤ، به‌تایبه‌تی هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر ئه‌گه‌ر به‌وه‌ رازیی بێت ئه‌وانه‌ وه‌ربگرێت، مانای وایه‌ نرخی خۆی و که‌سایه‌تیی له‌ خوار هه‌موو ئه‌وانه‌وه‌یه‌، من وه‌کو هونه‌رمه‌ندێک رایده‌گه‌یه‌نم، که‌ هیچ که‌س بۆی نییه‌ سه‌ودا و مامه‌ڵه‌ له‌ سه‌ر که‌سایه‌تیی خۆم و هونه‌ره‌که‌مه‌وه‌ بکات، نرخێک دابنێت، هونه‌ری ره‌سه‌ن و هونه‌رمه‌ندی خاوه‌ن هه‌ڵویست ئه‌وه‌یه‌ خۆی و هونه‌ره‌که‌ی بخاته‌ خزمه‌تی وڵات و نه‌ته‌وه‌که‌یه‌وه‌، من له‌ خزمه‌تاندام، نه‌ک له‌ خزمه‌تی دوژمنی گه‌له‌که‌م. گه‌ڕانه‌وه‌ی من بۆ سلێمانی ته‌نها بۆ سه‌ردان و بینینی خزم و که‌سوکار و هاوڕێکانمه‌وه‌، نه‌ک بۆ مه‌به‌ستێکی تر، من بۆ ئاهه‌‌نگ گێڕان و گۆرانیی وتن نه‌ڕۆیشتوومه‌ته‌وه‌، به‌ گه‌ڕانه‌وه‌م ده‌مه‌وێت مانایه‌کی جوان به‌ هونه‌ر بده‌م، نه‌ک‌ گومان له‌ لاتان دروست بکه‌م و خۆم ناشرین بکه‌م، هیوادارم که‌س به‌ ره‌خنه‌گرتن و نووسینه‌کانیان ناشرینم نه‌که‌ن، چونکه‌ منیش وه‌ک ئێوه‌ جوانم.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە