بۆ ... نەوشیروان موستەفا،.... ماڵ ئاوا
Monday, 14/07/2014, 12:00
دواى ئەوەى لێشاوى گەندەڵى هەمەلایەنى و نەزانین لە بەڕێوەبردنى سەرەتاكانى دەوڵەت دارى بووە نوكتەى دووبارە نەبۆوەى سەردەم , لە گردە پیرۆزەكە, لە لاپەڕگەى شار لە تاریكستانى شەو لە ژێر باڵى ڕەشەباى خاشاكى نائومێدى ، پیرەمێردێكى ڕیش ماش و برنجى پشت كۆماوى بن باڵى غەدرى مێژوو ، بە دەنگێكى نوساوى پڕكۆخە لە گردە وشك وبرنگەكەى كەخوێنى دەیان جەستەى كوڕ و كچى ئەوێ ڕۆژێى ئازادى ووڵاتى تیا بەرجەستە ببوو ، بووە مووسا ولەكێوى توور و بە دار عەساكەى دەستى ،پەیامێكى ئاسمانى بە گوێمان چرپاند عەرشى دەسەڵاتە لەرزۆكەكانى لەرزاند و شەق وپەقى كرد .
بووە پەیامبەرێكى دەمى جاهلیەت ، لە زیندە بە چاڵ كردن لە گەندەڵى، مافى ژیانەوەى بە نەوەكانى دواڕۆژ دا ، پۆڵ پۆڵ بۆ توافى گردى پیرۆز ، كابە ئاسا سووڕى جادە و لۆفە پێچاو پێچەكانمان ئەدا تا لە حزورى پیاوە ڕەقەڵانیەكە هەستمان بە ئارامیەكى ڕووحى كردبا . ئەو دەمە بوو، نە پێوەندو نە تێڵا نە بڕینى نان پەژیوانى نەدەكردینەوە .
بووە ئەهریمەن، بووە بوزا بوو بەهێر ى ڕاما هێرى كریشما بۆ ئێمەى ئاشقى ئازادى ووڵات، بووە تاغوورى فەیلە سوفى ئایینەكان كەلە هەمووى كۆڵیەوە ،بەڵام پەپولە ئاسا بە دین و ئیمانى هەر نیشتمانەكەى دڵدارى شاعیر نووسایەوە.
پیرەمێردەكەى تۆبزاوەى كۆیەم لە یادە، گووتى توخوا كوڕكەم ئەگەر ڕێت كەوتە گردەكەپێ ى بڵێ زۆر درەنگ دەستى پێكرد بەڵام هەر زووە .
لە كۆیە، لە هۆڵە فراوانەكەى هاوەڵە هەڵگەڕاوەكەت بووین ،لە بیرتە پیرە مێردە پیرەكەى بێراوەى ڕووى تێكردووى چى چرپاندە گوێت ، گوتى پێم دەڵێن وەك داعشەكانى ئێستا ئەگەر ڕۆژانێك دەستى بڕوا مزگەوتەكان بە دەردى مەزارى سونەو شیعەكان دەبا، گوتبووى بەڵام ئەگەر خەڵاتى ڕۆژ و مانگم هەریەك بخەنە ژێر باڵێكم پەژیوان نابمەوە و هەر گۆڕانم .
دەنگى پیاوە نەخۆشە كۆنە جەنگاوەرەكەى گوندى پیرەرم هەر لە گوێ دەزرەنگێتەوە، لە خانووە بنمیچ نزمەكەى بن دەرگا شڕە بە تەنەكە لكێندراوە بەر ڕەحمەتى ڕەشە بایە تۆزاویەكە و ژنە كزو نەخۆش و منداڵە ڕەنگ پە تاتە هەژارەكانى ڤان كوخ ئاساى وێنەكێش ، ئێمەى هەڵسوڕاو بۆى بوین بە بەهاوەڵ و یارانى كەمتر نەبوو لە یارانى پەیامبەرەكان .
تۆ وەك چۆن ئاگادار نەبووى، ئێمە بووین بە سواڵكەر و كوچەو كۆڵان، شارمان تەى كرد بۆ گرد كردنەوەى تەنها دووسەد هەزار دینار، بۆ گەڕانەوەى ژیان بۆ لێوە هەڵپڕوكاوەكانى پەپولەكانى ئەو ماڵە .
ئەو شەوەلە خەوما، لە بە هەشتێكى بەرینى وڵات ، پڕ لە ئاسوودەیى گیانى و عەدالەت منداڵەكانى ماڵە بێ نازەكە هەموو ببونە پەروانەى خولاوەى بەر تیشكى مۆمەكە.
زیكرى دەروێشانى دائیرەى ژێر مۆمە درەوشاوەكە هەتا دەهات گەرم و گوڕ تر دەبوو، حەیەڵا و خەڵوەت بوون ،دونیایەكى جوانتر، ئاسودەو هێمن ترى دەبەخشیەى خەونى ئاییندەمان ، شەمشەمە كوێرەكانی ئاشق بە تاریكى لە فوو كەوتن نەدەكەوتن بۆ لە گۆڕ بردنى پڕشنگى مۆمەكە .
هەموو ئەوانەى سكانداڵى بەد ڕەوشتى و ناپاكى و ترسەنۆكیان پڕ بە پێست پێ بڕابوو ، هەموو ئەوانەى لەولا كەمتریان پێ بڕابوو ، هەموو ئەوانەى لەولا تڕۆكرابوون ، هەموو ئەوانەى بە ڕەنگە زەرد و ناشرینەكانیان سكرینى تیڤیەكانیان بەر نەدەدا ،هەموو ئەوانەى مووچەى چەند ملیۆَنیان بە ناوى روتبەى خانەنشینى و بەرپرسیارێتى زووتریان لە تەنكەى باخەڵ دەناو ، لەو لاتر دەكڕوزانەوە و فرمێسكى تیمساحانەیان بۆ گەندەڵى و نا عەداڵەتى هەڵدەڕشت، ئەوانە سوپایەك بوون لە شڕە خۆرى مەكۆكان، كە قەت لە جرت و فرتى سەردانى گردەكە نەدەكەوتن ، ئەوانە ریزى گێركەى بن دیوارێكى ڕوخاوى چەور بوون ، قەت لە دزین و بە هەدەر خواردنى بڕە پارەى نەسریە و هەڵمەتى هەڵبژاردنەكانى لە گۆڕنانى گەندەڵى نەدەكەوتن .
گەلێك لەوانە پوختەى دزو گەندەڵ و داوێن پیس و پەرلەمان (مەجلیس تەشریعیەكە)ى دوێنێ بوون ، پێش هەر هەموو شتێك منەتبارى تۆنین جا وڵات و نیشتمان ؟؟
گەلێك لەوانە خۆیان مەڵاس داوەو خەڵكە زەحمەتكێشە ڕاستەقینەكە بە تۆمەتى ناڕەواو هەڵبەستراو پەراوێز دەكەن .
ئەمە هەموو قسەى لاى خۆتانە كە دەڵێن تەنها لە مەكۆكان بچنە دەرەوە هەموو كەس گۆڕان خوازە ، ئەلبەت ئەمەیان لە ڕابردوو .
بەڕێز... نەوشیروان مستەفا
هەولێر شارێكە ، دەتوانى سى ساڵ بۆ دواوە بگەڕێیەوە كچ و كوڕى شارەكەت كە لەشارەكەمانیان دەخوێند ، ئێمەى هەرزەكارى چەتونى ئەو دەم چۆن ببوینە سوپەرى خۆپیشاندەرانى خوێندكارانى بەر دەرگاى كۆلێژى ئیدارە ، تۆ ئەگەر دەتەوێ لە شارێك بگەى كە تەمەنى بەقەد مێژووە ، دەبێ شەڕە گەڕەكى تەیراوە و قەرات چۆن وكەىبووە ، دەبێ بزانى گركەند و سیتاقان و سەیداوە و چەند جار خۆپیشاندانى تیا كرا ، چەند كەس لە پەنجاكان لە ژێر پردەكەى سەیداوە خەڵتانى خوێن كران ، دەبێ بزانى هەیاس و چورچە و جومعە و بەخۆكە و حەمەشێت و كەسك و سۆر كێ بوون .
ئەگەر دەتەوێ لە مێژووى شارێ بزانى ، دەبێ سۆراغى مەیدانى بێ ئیشى عەمەلانت كردبێ ، دەبێ تامى شەربەت و كوبەى بەیانیانت دەمى كرێكارە بازوو بە تینەكانى سەببەت كردبێ ، دەبێ پەیت بە مزگەوتەكانى شار كربێ ، چەند جەنازەى ئیعدامى كراوى قەسابخانەكەى موسڵێى تیا شۆردرایتەوە ، دەبێ لێشاوى هەڵمەتى هاوكارى كردنى خەڵكى شاخۆران بزانى لە ساڵى 1988تا برایم قیرتاو ڕێگەى لە ئێمەى لاسار گرد بۆ هاوكارى نەكردنى ئاوارەكانى بادینانى ئەو دەم.
بەڵام كە تۆ لە چێژى كێكى بە عەینەك و گەزۆلەوزینەى هەولێریان نەزانى قەت ناتوانى لە خەم وئازارى ژنە ڕەشتارەكان و مندارە پێ خواسەكانى كوران بگەى ،كە تۆ هەموو ئەوانە نەزانى، قەت ناتوانى دەمێك لە سەر كێلى قەبرستانى مەعمەل قیڕى شەهیدەكانى ئەو عەیامە بسرەوى كە ترومبێلێكى ڕەشى داخراو جەنازە لەسێدارەدراوەكان وهە موو ئەوانى لە تەمەنى گوڵ سنگیان لە سەر جادەكانى هەولێر دەبێژرا هەر لەوێ بێ ناونیشان دنێژران .
گۆڕان نەزۆك نەبوو ،لە هەناوێكى شەرعى ناوكى بڕدرا ونێوى وەبەر كرا ، دەهات كۆرپەیەكى چاو گەشى وڵات بیت ،بەڵام لەبەر چاوى خۆت زۆر دایەنى زۆڵ هاتن شیرى گۆى مەمكێكى حەرامزادەیان خستە دەمى ، بۆیەچەتون و لاسار قەت بەژن و باڵاى نەكرد
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست