ئێرە ملە سوورەیە ، ملە سوورە !
Wednesday, 15/04/2009, 12:00
دوێنێ 14 / 4 بە ئامادەبوونى هەندێ بەرپرسى دەسەڵاتە درۆكەرەكەى هەدوو بنەماڵەى مافیاو دەبەنگى هەرێم رێوڕەسمى بەخاك سپاردنى روفاتى 187 ئەنفلكراو لە ملە سوورەى گەرمیان بەڕێوە چوو ، بەڵام هیچ كام لە سەرۆكەكان ، ئامادەى ئەو ڕێورەِسمە نەبوون تەنها بۆ گللەیی رەواندنەوە هەندێ كۆلكە بەرپرسى خوارخێچى زمان لووسیان نارد بوو بە نیازى ئەوەى دیسانەوە خۆڵ بكەنە چاوى گەرمیانیەكان و بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو تەفرەیان بدەنەوە ! وەك ئەوەى خەڵك گێل بێت و چاوى رەفتارو هەڵسوكەوتى ئەو پیاوە گرگنانە نەبینێت كە وەزعى ئەم گەلەیان بەرەو چ دۆزەخێك بردوە ، نارەزایی جەماوەرى گڕگرتووى گەرمیان ، حەسرەت و چەرمەسەرى ژیانى گەرمیانیەكان ، ژیانى مەمرە ومەژى رۆژانەى زۆربەى زۆرى گەرمیانیەكان لەو خاكە هەمیشە كڵپە كردوەى شۆڕشدا زۆر لەوە گەورەتر و بەسوێ ترە بە قسە زەردو سەوزەكانى نابەرهەمێكى بڵحى نوێنەرى دوو دز و دوو دیكتاتۆرى هەرێم بڕوا بهێنن و بكەونەوە داوى پڕ شەرمەزارى و خیانەتكارانەى ئەو دەسەڵاتە هەرچى وپەرچیانەى كوردەوە ، خاكى گەرمیان خاكى بەخاكى گڕۆبڵێسەى شۆڕشی نوێ و ئازادیخوازانەیە ، گیانى زیندووى مامە ریشە وسیروان تاڵەبانى و خالید گەرمیانى و رەمزى هەموو ئەو شەهیدانەیە كەبە سەربەرزى و سەرفرازى لە پێناو گەلەكەیاندا ژیان و بۆ نیشتمانە داگیرو دابەشكراوەكەیان گیانى خۆیان كردە قوربانى ، ئەم خاكە باجى هەرەگەورە و قوربانى بێ وێنەى پێشكەش بە شۆڕش و خەباتى رزگاریخوازانەى گەلەكەمان كردوە و لە بەرامبەریشدا چ خزمەت و ئاوەدانیەكى واى پێ ڕەوانەبینراوە و دەكرێ بلێین سەرانى لە سەر تەخت دانیشتووى ئێستا هێندەى خەڵكى تاقە گوندێكى ئەم دەڤەرى گەرمیانەى بۆ كورد و كوردستانەكەى نەكردوە و بە قەت ژمارەى ماڵەكانى بچووكترین گوندى گەرمیانە بێ نازەكەمانى فیشەك نەتەقاندوە كەچى لە ئێمەیان كردوون بەپاڵەوان و تێكۆشەر و دەیانەوێت تاسەر یارى بەهەست وسۆزى ئێمە بكەن و بمان خەنەوە بەر بەرداشى ماشێنە تاقەت پروكێنە خوێن هەڵ لووشەكەى بازرگانانى ئێسك و خوێن و جارێكى تر هەست ونەستمان ئەنفال بكەنەوە ، بەڵام ئەم جارەیان جیا لە ساڵى پار ، درۆكان و بەڵێنەكانى چەندین ساڵى رابردوویان درایەوە بەچاوا و بە هوها و جنێو و هوتاف دژى دەسەلات دەنگى نارەزایی و پەیامى یەكجارەكى و یەكلایی كەرەوەیان نارد بۆ بەرپرسە بودەڵەكان ، بەرهەمە گێل هێشتا وەڕینەكەى تەواو نەكردبوو كە دەنگى خەڵكى بەش مەینەتى گەرمیانى ئەنفالكراو دژى دەسەڵات لە بەرزبوونەوە دابوو هەربۆیە بە شپرەزەى وتارەكەى تەواو كرد و زۆرى پێنەچوو خەڵكەكە جموجۆڵ و دەنگى ناڕەزایی خۆى بەرزترو توند تر دەكرد تالەئەنجاما بەرهەمە ناسك و فایلدارەكە و هاوەڵە دەبەنگ و دزو جەردەكان بەپەلە و بێ ماڵئاواى كردن قوچاندیان وگەڕانەوە تا بەزوویی سەفەرە پڕهەگبەكەیان بگەیەننە خزمەتى تاڵەبانى و بارزانى پارەزانى ، گەرمیانیەكان سەلماندیان گەر بەعس جەستەى ئەوانى ئەنفال كرد بەڵام رۆحى هەمیشە پڕ لە ژیانى ئەوانى پێ ئەنفال نەكراوە و ژیلەمۆى ژێر خەم و مەینەتیەكانى ئەوان لە بوژانەوەو گەشانەوە و كڵپەدایە بۆ گۆڕان و بەدى هێنانى بارودۆخێكى جیا لەوەى ئێستا كە لەسایەى دەسەڵاتدارە دزەكانى كوردا دۆزەخێكە لەم دنیا بۆ گەرمیانیەكان ، بۆیە بەدەسەڵات دەڵێن ئێرە ملە سوورەیە ، ملە سوورەى گەرمیانى دەسەڵات بەزێن ، ملە سوورەى پێشەنگى ئەو گۆڕانەى كە بەڕێوەیە بۆ بەدى هێنانى عەدالەت و دابین كردنى هەلى یەكسان و ئاشتى و ئاوەدانكردنەوەى هەرچى زیاتر و زۆرترى خاكى سوتماكى كوردستان .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست