کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نەوشیروان مستەفا، بارزانی و تالەبانی وەک میرابۆ ناساند

Saturday, 22/06/2013, 12:00


ووتەکانی ڕێکخەری گۆران (نەوشیروان مستەفا) لەسەر (دەستور و نەگەرانەوەی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم)، کە ئاراستەی بارزانی و تالەبانی کرد، بۆ بەشێکمان نەک نوێ نییە، بەلکو راستکردنەوەی لێکدانەوە و بیرو بۆچونی ئەو دەنگ و رەنگانەیە، کە چەندین ساڵە دەڵێن ئەو جووتە سەرکردەیە و هەندێ لەسەرکردە وردیلەکانی تر، سڵ لە هیچ تاوان و خیانەتێک ناکەنەوە .
کاتی خۆی وەک ئیستای نەوشیروان مستەفا، بە ئیمە و بە کوردستانپۆست دەوترا، ئەوانە قین لە دڵ و قسەی دوژمنانی کورد دەڵێنەوە ... بەڵام بەهۆی پیگەی سیاسی و ئەوهەموو مینبەرەی راگەیاندن کە ووتەکانی رێکخەری گۆرانیان بلاوکردەوە دەنگ دانەوەی گەورەی نایەوە، هاوکات وەک بەلگە و فاکت بۆ ئەمرۆ و ئایندە بەکاردەهێنرێ، بەهۆی پێگەی ئەوکاتی لەناو دەسەڵاتدا . بەلام خودی نەوشیروانیش بەشێک لەو تاوانەی بەردەکەوێ، کە بۆچی بەرامبەر ناپاکییەکی وا گەورە، چەندین ساڵە ئەو راستیانەی بۆ خەڵک باس نەکردووە؟ کە دڵنیاین دەیان دۆسیە و زانیاری و تاوانی تریان دەزانێ، چەندە باسیان بکات ئەوەندە بۆ خەڵکی کوردستان گرنگە.
ووتەکانی نەوشیروان مستەفا، تالەبانی و بارزانی، رووبەرووی تۆمەتی ناپاکی نەتەوەیی کردەوە، بەڵام وەلامەکانی پارتی و یەکیتی بۆ نەوشیروان، بۆ ئیمە و نەوەکانی داهاتوو، هیچ بەلگەیەکی بڕواهێنەری نەفی ئەو تۆمەتانەی تیا نەبوو! هەربۆیە بەیاننامەکەی پارتی درێژەپێدانی سیماکانی بەیاننامەکانی پێشوویانە، ئەویش (هەرەشە، زمانی زبر و تەخوین، تۆمەت بەخشین .... یەکیتیش جگە لە پارانەوە بۆ مامە کە نەدەبوایە ئەو تۆمەتە ئاراستەی بکرێ، چونکە نەخۆشە. هەردوولا کۆمەڵی دروشمیان لە وەلامەکانیاندا نوسیبوو، کە نازانم کەی پارتی لەوە دەگات خەلك چیتر لە پارتی و هەرەشەکانی وەک کۆن ناترسێ، یەکیتیش واز لەو وێنەیەی تالەبانی بهێنێ، کە نەخشەیەکی کەرکوکی بەدەستە دەیەوێ وەک کارێکی زۆر گەورە ی کردبێت، دێت و بۆمان نمایش دەکات . ئاخر ئەو نەخشەیە جگە لەوەی هەوڵێکی زۆر لاوەکیە، بەر لە دانانی مادەی ١٤٠ . دواتر ئەو پلە و پێگە سیاسیی و ئیدارییەی تالەبانی هەیبوو و بێ ئەوەی هیچ دەستکەوتێکی گەورەی بۆ کورد هەبێ بەرامبەر ئەو وێنەیە بووە دەستکەوت بۆ خۆی و دوایی بە خەڵکی ساویلکەی دەفرۆشنەوە، ئەمەش ماهیەتی خۆپەرستی و عاشقایەتی تالەبانی بۆکورسیەکەی دەردەخات
هەردوو لا دەلێن نەوشیروان مستەفا بۆهەلمەتی هەلبژاردن دەیکات، کەمنیش وای لێ دەبینمەوە، بەلام ئەوە نەک کفری سیاسیی و هەلە نییە، بەلکو رێچکەی سروشتی بوونی ئۆپۆزیسیۆن هەرئەوەیە، خالی لاوازی دەسەلات گەورە بکەی لە چرکەساتێکدا، کە خۆت پیویستت پێیەتی یان هەڵی دەبژێریت. لەولاتی سوید دوو جار سۆسیال دیموکراتەکان لەگەرمەی هەلبژاردنەکان، دۆسیەی ئابروبردنی پارتە رکابەرەکانیان تەقاندەوە، وەک ئەوەی لە گەرمەی هەلبژاردنەکانی ٢٠٠٢ بەرپرسێکی مۆدیرات، قسەی ناشیرینی بە پەناهەندە دەلێ، یان لە هەلبژاردنی ٢٠٠٦ سیخوریکردنی پارتی خەڵکیان لەمیدیاکان وورژواند کە زانیاریان بەڕێگای ناشەرعی لێ دزیبون .
ئاخر بەر لەنەوشیروان مستەفا
١/. بریمەر لەپەرتوکەکەی باس دەکات کە ترسی لە یەکەم دیداری لەگەل بارزانی و تالەبانی هەبووە، کە چون بروایان پێ بکات کە دەولەتی کوردستان رانەگەیەنن، یان ئەوەتا ناوچەکانی تر نەگەرێنەوە ناو هەرێم، ئەو بەرونی نووسیوێتی کەهاتن هیچ لەوانەیان باس نەکرد بەلکو داوای پلە و پارەیان کرد منیش هەردوکیم پێ بەخشین.
٢/ لەوماوەیەدا تارق هاشمی رایگەیاند، کە تالەبانی رۆژێک داوای لێ کردوە، ئەو خۆی بۆ سەرۆک کۆماریی نەپاڵێوێت، چونکە خۆی حەز دەکات ئەو پلەیە بۆ ئەو بێ تا ناوی بەسەرۆک کۆماریتێ بچێتە ناو مێژوو. مرۆڤ لیرەدا هەرزەکاری و هەلپەرستی تالەبانی لەنیوان ویستە کەسیتیەکان و نەتەوەکەی بۆ دیاردەکەوێ.
٣./ رەفتاری ١١ سالەیان لەسەر ئەو ناوچانە و نەگەرانەوەی گوندێک لەو %٥١ ی خاکی کوردستان لەلاوازترین کاتەکانی حکومەتی عیراق راستی قسەی هەموان دیاردەخات ئەو دووسەرکردەیە چەندە هەلپەرست و خۆپەرستن


قسەی کوتایم لەو ناپاکییە بەردەوامانەی کەوا رۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر بڵاو دەبێتەوە لەناو چەقی چواردەوریان، بەبەراورد بە روداوێک لەسەرکەسایەتیەکی فەرەنسی لەشۆرشی ١٧٨٩ دەکەم
میرابۆ بەگوتەبێژی شٶڕشێ فەرەنسا ناسرابوو، ووتەکانی هەموو خەلکی پاریسی دە‌‌هێنایە سەر شەقام، هەلوێستە توندەکەی بەرامبەر پادشا بەناوبانگە کاتێ رووی تێدەکات و پێێ دەلێ ئیمە نوێنەری خەلکین هیز نییە لێرە دەرمان بکات، بۆیە کە مرد هەموو وگەلی فەرەنسا تازیەبار بوو بەدەیان هەزار کەس تەرمەکەیان بەرەو گۆرستانی کەسایەتییە دیارەکانی فەرەنسا برد، بەلام کە شٶڕشی فەرەنسا سەرکەوت، دەستی خەلک گەیشتە سەر ئارشیف و نامەکانی لویس، دەبینن میرابوو لەژێرەوە سیخور و زانیاری داوەتە پادشای فەرەنسا بۆیە دووبارە بە کۆمەڵ دەچنە گۆرستان لە گۆرستانی مرۆڤە مەزنەکانی فەرەنسا ئێسک و پرسوسکی دەردەهێنن و دەیبەنە گۆرستانی ناپاک و دزەکان . بە داخەوە سەیربکەن ئەمڕٶش کە سالی ٢٠١٣ە لەزاری کەسایەتیەکی کۆنی دەسەڵات چ تاوان و ناپاکیەک ئاراستەی هەردوو حزب و بارزانی و تالەبانی دەکەن، کەچی لە لای خەلکی کوردستان هیچ کاردانەوەیەکی نییە ! بۆیە من بە هەموو ئەو دەنگ و رەنگانە دەلێم بە تایبەتیی کە ئەو دوو سەرکردەیان پێ نەتەوەیی و رابەرە، ئیوە یان هەلپەرست و ترسنۆکن یان ئەوەتا دەبەنگ، گەرنا 22 سالە ئەو دوو سەرکردە و بنەمالەکانیان، بەسەدان بەڵگە و زانیاری و شیوەی حوکمتان بینین لە تالانی زەوی و ئاسمانی ولات، دابەشکردنی پێگە گرنگە سیاسی و ئەمنیەکان، دۆراندنی نیوەی خاکی نیشتمان لەپیناو هەلپەرستی کەسیتی و حزبیی خۆیان، داکۆکی لە گەورە جەلادانی نەتەوەکەتان، بونی سەدان فایلدار و ناپاک لەدام ودەزگا هەستیارەکان، سەرهەلدانی مافیای سیاسی و ئابوری ..... کەچی ئێوە هەر ئەوانەتان پێ رابەرە!
بەهەموو ئەو بەرپرسانەش دەلێم دەزانم ئەمرۆ سەرخۆشی سیاسی و مەستن بە پارە و پلەی بەرز . وەلێ سبەی لەمێژوودا هەمووتان بە پێی پلەکانتان بەشدارن لەو تاوان و ناپاکیەی بەرامبەر نەتەوەکەتان، چونکە ئێمە لەسەردەمێکدا دەژین سەردەمی هەلدانەوەی بەلگە و ئاشکرابونیانە . ئەگەر نەوشیروانیش باسی نەکات ئەو ناپاکیانەتان زوو یان درەنگ هەڵدەدرێتەوە، دلنیام وەک میرابۆ زۆرتان گەر ئەمرۆش لەناو هەر گورستانێک بتانشارنەوە سبەی نەوەکانی داهاتوو گۆرەکانتان هەلدەتەکەنێ گۆرەکانتان، یان لەشەرمەزاریدا، نەوەکانتان وەک منالەکانی مشیری حەمە، مەگەر لە دەرگای مێژوونوسێکی وەک کەمال مەزهەر بدەن، بەلکو بێتاوانی ئیوەا بسەلمێنێ !
١/ زانیاری زیاتر لەسەر میرابۆ لەپەرتوکێک لەسەر مێژوو کورتە باسیکی میژوی کورد و کوردستان مێژونوس کەمال مەزهەر دا هەیە.
٢/ سالی ١٩٩٦ کەمال مەزهەر بابەتێکی لەسەر مشیری حەمە نوسی کە ئاماژەی بەوە کردبوو، هیچ بەلگەیەک لای ئینگلیزەکان تۆمار نەکراوە کە مشیری حەمە ئەو تاوانەی کردبێت، کە نەدەبوو کەمال مەزهەر لەسەر داوای بنەمالەی مشیری حەمە ئەوەی بنووسیایە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە