کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


با دروشمى تێكۆشانى لەمەود وامان: بنەماڵەى بەرزانى و تاڵەبانى،بە جێیبێڵن(ارحل)

Tuesday, 19/04/2011, 12:00








وا دو مانگ بە سەر كۆبونەوە و خۆپیشاندان و نارەزایى دەربرینەكانى جەماوەرى باشورى كوردستاندا تێپەڕى،بەو چالاكیە مەدەنیانە جەماوەر بە دەسەڵاتى وت: خۆتبگۆڕە و چاكسازى بكە،بەڵام دەسەلات نەك هەر خۆى نەگۆڕى،شێواز و هەڵسوكەوتى ترى ناشارستانى لە بەرمبەر داخوازى و چالاكیەكانى جەماوەرى نارازیدا نیشاندا.
پاش ئەوەى جەماوەر بینى وا دواى دو مانگ لە چالاكى بەردەوام، دەسەڵات وەڵامى داخوازیەكانى ناداتەوە، دوێنێ لە شارى سلێمانى جەماوەرى نارازى شێوازى چالاكى مەدەنیانەى خۆی گۆڕى و هەوڵى برینى هاتوچۆى چەند شەقامێكى شارى دا،لە وەڵامدا هێزە ئەمنیەكانى سەر بە دەسەڵاتى سلێمانى، گوللە و گازى فرمێسكرێژ و گازى خنكێنەرى كیمیاوی و بەردو تێڵا و دارلاستیكیان بۆ سەركوتكردنى خەڵكى نارازى بەكارهێنا و دەیان كەس برینداربون، ئەمرۆ 18-4-2011 هێزە ئەمنیەكانى شارى سلێمانى هێرشیان كردە سەر مەیدانى ئازادى بۆ ئەوەى داگیرى بكەن،لە ژێر فشارى بەخۆدانى جەماوەردا هێزەكە پاشەكشەى كرد،بەڵام كاتێك كۆبونەوەكەى مەیدان كۆتایى هات،هێزەكانى ئاسایش و دژە تیرۆر پەلامارى مەیدانى ئازادیان دا وسەكۆى ئازادیان گرتێبەردا،وێنەى شەهیدەكانیان لێكردەوە و بە شۆڤڵ بەربونە گیانى مەیدانەكە.
هەر لە هەمان كاتدا ئەمرۆ لە شارى هەولێر خۆپیشاندانى نارەزایى بەرامبەر دەسەڵات دەستیپێكرد،هێزە ئەمنیەكانى هەولێر و شەقاوەكانى سەربەدەسەڵات ،پێكەوە بە شێوازى زۆر ناشیرین بەربونە گیانى خۆپیشاندەران و دەستگیریان كردن و چالاكیەكەیان سەركوتكرد.
لە نوێترین هەواڵدا هاتوە كە خۆپیشاندەرانى شارى هەولێر بەڵێنیان پێپركراوەتەوە كە جارێكى تر بەشدارى خۆپیشاندان نەكەن،لێژنەى ئەمنى سلێمانیش بریارى داوە بە هیچ شێوەیەك رێگە بە خۆپیشاندان نەدات.
ئەمە واتاى ئەوەیە كە دەسەڵاتى باشور وەڵامى بچوكترین داخوازى خەڵكى نارازى و ئۆپۆزسیۆن ناداتەوە،بكوژانى شەهیدەكانى خۆپیشاندانەكان ناداتە دادگا،لەگەڵ هەر چالاكیەكى ترى دیموكراتى خەڵكى كوردستاندا،بە هەمو جۆرە چەكێك خەڵكى سەركوت دەكات.ئەم هەڵوێستە سەركوتكەرەى هێزەكانى دەسەڵات لە كاتێكدایە، كەناڵەكانى راگەیاندنى دەسەڵات بە بەردەوامى درۆ و چەواشە لە سەر روداوەكان بلاودەكاتەوە.ئاشكرایە دەسەلاتێكى لەم جۆرە نوزەى گۆرانكارى و چاكسازى تێدا نیە،ئەگەر لە ئایندەدا ئەم دەسەڵاتە هەناسەیەكى بەربەردا بێتەوە و بژیەتەوە،تۆڵەى ئەوەڵ و ئەخیر لە خەڵكى نارازى كوردستان و ئۆپۆزسیۆن دەكاتەوە.
ئەم دومانگە و ئەو كردارو رەفتارە ى دەسەڵات بەرامبەر بە چالاكى مەدنى خەڵك بەس بو بۆ ئەو كەس و لایەنانەى لە هزر و سیستەمى دكتاتۆرانەى دەسەڵاتى هەرێم تێنەگەیشتون،بۆ ئەوەى باش لێى تێبگەن،دو مانگ بەسە بۆ ئەوە كەس و لایەنانەى لە بارى رارایى و بێ ئامانجیدا،لە نێوان داخوازى چاكسازى و داخوازى گۆرانكارى بنەرەتیدا دەژین،بۆ ئەوەى خۆیان ساغ بكەنەوە و تێبگەن كە ئەم دەسەڵاتە گۆرانكارى ناكات،دو مانگ كاتێكى زۆرە بۆ ئەوەى خەڵكى كوردستان تێبگات كە ئەم دەسەلاتە بە درۆ،دەستبڕین،چەواشەكارى، مراوەغە و خۆگرێدان بە داگیركەرانى كوردستانەوە،هەوڵدەدات ت تێكۆشانى خەڵكى نارزاى كوردستان و ئۆپۆزسیۆن سەركوتبكات و لە گۆرىِ بنێت و تەمەنى دكتاتۆرانەى خۆى درێژو نەمر بكاتەوە.
بۆیە ئەگەر لەمەوبەدوا خەڵكى نارزاى كوردستان و ئۆپۆزسیۆن،دەست لە دروشمى چاكسازى و گۆرینى سیستەمى سیاسى ئەم دەسەڵاتدارانەى ئەمرۆى هەرێم بەرنەدەن و وەك خەڵكى مسر و تونس و وڵاتانى تر دروشمى بەجێبێڵن بۆ بنەماڵەى كاربەدەستى بەرزانى و تاڵەبانى بەرز نەكەنەوە،ئەو چالاكیانەى خەڵك و ئۆپۆزسیۆن ئاو بە ئاشى دەسەڵاتدا دەكەن و ئەگەرى بەردەوامبونى تێكۆشانى جەماوەرى نارازى لاواز دەبێت و سەركەوتنى ئیرادەى گەل بەسەر ئیرادەى دەسەلاتدا لاوازتر دەبێت،ئتر واقع نیشانى دا دەبێت لەمەولا دروشمى سەرەكى تێكۆشانى مەدەنى خەڵكى كوردستان،بە جێیبێڵنى (ارحل) ى بنەماڵەى دەسەڵاتدارى بەرزانى و تاڵەبانى بێت.


 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە