کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


یه‌كێتی وپارتی له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان چیان به‌سه‌رهات؟

Thursday, 20/09/2012, 12:00







له‌وه‌تی یه‌كێتی وپارتی كاربه‌ده‌ستی ئه‌م ووڵاته‌ كاوله‌ی ئێمه‌ن,ئابڕوو چون له‌دوای یه‌ك یه‌قه‌یان ده‌گرێت,ئه‌وه‌نده‌ چاوو ڕوو قایمیشن دوای ساتێكی كه‌م ده‌ڵێی نه‌بایان دیوه‌و نه‌ بۆران, به‌سه‌رهاتی شكستی ئه‌م دوو حیزبه‌ ئه‌وه‌نده‌ زۆرن نوسینه‌وه‌ی هه‌ر به‌سه‌رهاتێك ده‌یان به‌رگی ده‌وێ, خۆ گه‌ر بته‌وێ هه‌مووی له‌ شوێنێكدا كۆبكه‌یته‌وه‌و ئه‌رشیفی بكه‌ی, ئه‌و كاته‌ ده‌بێت سه‌ره‌تا هه‌موو كورد فێری كارو زانستی رۆژنامه‌وانی بكه‌یت بۆ به‌دواداچون و چوارده‌وری كوردستانیش به‌ دیوار هه‌ڵچنیت وناوی بنێت مه‌مله‌كه‌تی ئه‌رشیف, ئه‌رشیفخانه‌ی یه‌كێتی وپارتی.ئه‌رشیفێك پڕاو پڕ له‌ گه‌نده‌ڵی ورفاندن وكوشتن ورسوایی.
رۆژی 19/9/2012 له‌ ئه‌نجومه‌نی مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌ هۆڵی ژماره‌ 21 كۆنفرانسێك هه‌بوو سه‌باره‌ت به‌ تاوانه‌كانی رژێمی به‌عس به‌رانبه‌ر به‌ جینۆسایدكردنی گه‌لانی عێراق به‌ كوردو عه‌ره‌به‌وه‌, نوێنه‌ری زۆربه‌ی پارت ورێكخراوه‌كانی كوردستان و عێراق ئاماده‌ بوون, وه‌كو كورد هه‌ریه‌كه‌ له‌ پارتی ویه‌كێتی وگۆڕان و كۆمه‌ڵێك رۆژنامه‌نوس وچالاكوانی بواری مافه‌كانی مرۆڤ بانگهێشت كرابوون, ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنج بوو له‌سه‌ره‌تاوه‌ وه‌زاره‌تی شه‌هیدان وئه‌نفالكراوه‌كان ی حكومه‌تی هه‌رێم كاری بۆ به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی كۆنفرانسه‌كه‌ كردبوو,به‌ڵام وه‌زاره‌تی مافی مرۆڤی عێراق ته‌نهدیدی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان وئه‌نفالكراوه‌كانی كردبوو ئه‌گه‌ر بێت وسه‌رپه‌رشتی كۆنفرانسه‌كه‌ نه‌درێت به‌وان ئه‌وا به‌شداری ناكه‌ن وبایكۆتی ده‌كه‌ن, ئه‌وانیش بێ پێداگری سه‌رپه‌رشتی و به‌رێوه‌بردنی كۆنفرانسه‌كه‌یان دایه‌ ده‌ست وه‌زاره‌تی مافی مرۆڤی عێراقی ئه‌مانیش بێجگه‌ بێ ئه‌هه‌میه‌ت كردنیان, ئابروشیان بردن, كردنیان به‌جێی پێكه‌نینی ئه‌وانه‌ی كه‌به‌شدار بوون.
وه‌زاره‌تی مافی مرۆڤی عێراق له‌ 4 كاتژمێر ته‌نها 10 ده‌قیقه‌یان دایه‌ ئارام ئه‌حمه‌دی وه‌زیر قسه‌ بكات. به‌ڵام خۆیان به‌ وه‌زیرو وه‌كیل و به‌رێوبه‌ری سه‌رجه‌م به‌شه‌كانیه‌وه‌ به‌دڵی خۆیان قسه‌یان كرد كه‌ هه‌ندێكیان ناویان له‌پرۆتۆكۆلی قسه‌كردندا نه‌بوو.
ئه‌ندامانی ئه‌و وه‌فده‌ی كه‌ وه‌زاره‌تی مافی مرۆڤی عێراق هێنابونی كه‌سانی ئه‌كادیمی وپسپۆر بوون, به‌به‌رنامه‌ هاتبون و به‌وردیش هاوكاری یه‌كیان ئه‌كرد بۆ سه‌رخستنی به‌رنامه‌كه‌یان,به‌ڵام ئه‌وانه‌ی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان وئه‌نفالكراوه‌كان هێنابونی یه‌ك دوو یه‌كیان نه‌بێت كه‌ خاوه‌نی چه‌ند بابه‌ت ولێكۆڵینه‌وه‌یه‌كن له‌بوار جینۆساید وئه‌نفال,باقیه‌كه‌ی وادیار بوو هه‌ر بۆ پیاسه‌ی سویسرا نێردرابون,خه‌ڵكی تێدا بوو به‌رپرسیارێتی له‌ بواری نه‌وت وغازدا هه‌بوو!كه‌سانی تر هاتبون له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی تره‌وه‌و فڕیان به‌سه‌ر جینۆسایده‌وه‌ نه‌بوو, له‌ كۆی هه‌موو میوانه‌ به‌شداربوه‌كانی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان وئه‌نفالكراوه‌كانی هه‌رێم ئارام ئه‌حمه‌دی وه‌زیر نه‌بێت كه‌سیان له‌ (hello zaki how are you)زیاتر ئینگلیزیان نه‌ده‌زانی و كه‌مینه‌یه‌كیان عه‌ره‌بیان ده‌زانی! زمانی ره‌سمی كۆنفرانسه‌كه‌ش ئه‌و دوو زمانه‌ بوو,ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ش تایبه‌تمه‌ندی ئه‌و جۆره‌ كۆبونه‌وه‌و كۆنفرانسانه‌یان نه‌بوو,ململانێی وڕقه‌به‌رایتی نێوان یه‌كێتی وپارتیه‌كان له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا با له‌ولاوه‌ بوه‌ستێت.
كۆنفرانسه‌كه‌ ده‌بوایه‌ له‌ كاتژمێر 10ی پێش نیوه‌رۆ ده‌ستی پێبكردایه‌ تا 2ی پاش نیوه‌رۆ به‌ڵام له‌ 10.30 ده‌ستی پێكرد و له‌ 2.20 ده‌قیقه‌ به‌زۆری پۆلیس و كاره‌با به‌سه‌ردا كوژاندنه‌وه‌ كرانه‌ ده‌ره‌وه‌! ئه‌م كارانه‌ش له‌ ئه‌ته‌كێت وپرۆتۆكۆلاتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كاندا زۆر ده‌گمه‌نه‌و بۆ یه‌كه‌م جاره‌ ڕووداوی وا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان ببینم.
مه‌سخه‌ره‌یه‌كی تری یه‌كێتی وپارتی بریتی بوو له‌ ده‌عوه‌تی ئه‌ندامانی خۆیان ونه‌كردنه‌ ژووره‌یان له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانه‌وه‌, له‌وه‌ ئه‌چێ پێیان وابوبێ هۆڵی شه‌كراو خواردنه‌وه‌یه‌و هه‌ركه‌س خزمی بوك یان زاوا بێت ئیتر بۆی هه‌یه‌ بێته‌ ژووره‌وه‌!
ته‌نانه‌ت به‌رپرسه‌كانی خۆشیان له‌سه‌ر داوای دامه‌زراوه‌ی حه‌كیم (al- hakim foundation) كرانه‌ ژووره‌ به‌ ته‌كلیف وته‌كلیف كاری وئه‌وانه‌شی كه‌ هێنابویان پێیان وترا بوو كه‌ پاره‌و مه‌سره‌فی هاتوچۆ ده‌گێرنه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌ویش واده‌رنه‌چوو,بۆیه‌ له‌سه‌ر پاره‌ش له‌وێ ده‌نگه‌ ده‌نگ وهاتوهاوار دروست بوو.
دكتۆر یاسین كه‌ریم كه‌سێك بوو كه‌ ماوه‌ی شه‌ش مانگ به‌ ئاماده‌كردنی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كه‌وه‌ له‌سه‌ر جینۆساید وتاوانه‌كانی به‌عس به‌رانبه‌ر به‌كورد خه‌ریك بوو, نه‌ك نه‌یانهێشت لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی پێشكه‌ش بكات,به‌ڵكو نۆبه‌تی قسه‌كردنه‌كه‌ی دكتۆر یاسین درا به‌ په‌رله‌مانتارێكی شیعه‌و هه‌ندێ به‌شانوباڵی خۆیان وزوڵمی به‌عس له‌شیعه‌ هه‌ڵیدا. له‌سه‌رجه‌م كۆنفرانسه‌كه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی زۆر ئاشكرا ئه‌و زوڵم وزۆره‌ی له‌ كورد كرابوو له‌لایه‌ن به‌عسه‌وه‌ پشتگوێ خرابوو له‌و شوێنانه‌شدا كه‌ وێنه‌و دۆكۆمێنت له‌سه‌ر ئه‌نفال وكیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ پیشان ده‌درا له‌ خوێندنه‌وه‌دا ئیشاره‌ت به‌ زوڵم له‌ كوردی فه‌یلی ده‌درا,زۆر به‌ زه‌قی تیشك ده‌خرایه‌ سه‌ر زوڵمی شیعه‌و ته‌نانه‌ت باسی كوشتنی سه‌ركرده‌و كه‌سایه‌تیه‌ شیعه‌كانیشیان به‌وردی كرا,به‌ڵام هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال ونیو ملیۆن ئیعدامكراوی كورد 9 ده‌قه‌ی پێ بڕدرا. به‌كورتی واقیعه‌كه‌یان ده‌شێواند ومه‌به‌ستیان بوو بڵێن كه‌ ئه‌و زوڵمه‌ی به‌عس له‌ كوردی كردوه‌ ته‌نها له‌ شیعه‌ كورده‌كان كراوه‌ یان له‌سه‌ر شیعه‌ بونیان بوه‌, نه‌ نوێنه‌رانی یه‌كێتی وپارتی ناره‌زاییان ده‌ربری و نه‌ وه‌زاره‌تی شه‌هیدان وئه‌نفالكراوه‌كان نوقه‌ی لێوه‌ هات,كاتێك كاتی دیاری كراوی كۆنفرانسه‌كه‌ كۆتایی هات دوای كاتژمێر 2ی دوا نیوه‌رۆ ده‌بوایه‌ هۆڵه‌كه‌ چۆڵ بكرایه‌ به‌ڵام هه‌ندێك له‌و كه‌سانه‌ی له‌ هه‌ولێره‌وه‌ وه‌زاره‌تی شه‌هیدان وئه‌نفالكراوه‌كان هێنابونی ناره‌زاییان ده‌ربڕی كه‌ وه‌ختیان پێنه‌دراوه‌ قسه‌ بكه‌ن, دوای ئه‌وه‌ی مه‌نه‌سه‌كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی مافی مرۆڤی عێراقه‌وه‌ چۆڵ كرا ئه‌وان چونه‌ سه‌ر مه‌نه‌سه‌كه‌,له‌وكاته‌دا كاربه‌ده‌ستانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان داوایان كرد هۆڵه‌كه‌ چۆڵ بكه‌ن چونكه‌ كاتی دیاری كراو ته‌واو بوه‌ به‌ڵام ئه‌وان بۆ وێنه‌گرتن وخۆهه‌ڵكێشان هه‌رمانه‌وه‌,بۆیه‌ پۆلیسیان بۆ هێنان وكاره‌بایان به‌سه‌ردا كوژانندنه‌وه‌و كرانه‌ ده‌ره‌وه‌, كه‌ئه‌مه‌ش زۆر به‌ ده‌گمه‌ن له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان ڕوو ده‌دات,وادیار بوو وه‌زاره‌تی مافی مرۆڤی عێراق بۆ شكاندنی كورده‌كان ئه‌مه‌ی به‌ئه‌نقه‌ست كردبێت ونه‌ئه‌بو به‌سه‌ر وه‌زاره‌تی شه‌هیدان وئه‌نفالدا تێپه‌ڕبوایه‌. له‌وه‌ته‌ی به‌شداری كۆنفرانسه‌كان وكۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی مافه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان ده‌كه‌م حاڵه‌تی وام نه‌بینیبوو, بۆیه‌ كه‌ پرسیارم كرد هۆكاری ئه‌و كاره‌با كوژاندنه‌وه‌و پۆلیس هێنانه‌ چیه‌, وتیان كه‌وا هۆكاره‌كه‌ی بۆ پابه‌ند نه‌بونیان به‌ كاتی دیاری كراوو نارێكخراوه‌یی له‌ كاره‌كانیان وبه‌جێ نه‌هێشتنی هۆڵه‌كه‌ بوه‌ له‌وكاته‌ی بۆیان دیاری كراوه‌!! ئه‌مه‌ش لاپه‌ره‌یه‌كی تری زێڕین له‌كاره‌كانی یه‌كێتی وپارتی و ئه‌و ئابڕوچونانه‌ی له‌ هیچ شوێنێك یه‌خه‌یان به‌رنادات وكوردی پێ رسوا ئه‌كه‌ن.
بۆبینینی كاره‌با كوژاندنه‌وه‌و پۆلیس هێنان سه‌یری ئه‌و دوو لینكه‌ بكه‌

http://www.youtube.com/watch?v=aTiu8kHP344

http://www.youtube.com/watch?v=T0TwPOnRh7A



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە