رایەڵ وردەكارى ململانێى نێوان بەرپرسانى خانەقین و گەرمیان بڵاودەكاتەوە
Monday, 10/06/2013, 12:00
1941 بینراوە
ئامادەكردنى:رایەڵ
ناكۆكى قوڵى نێوان مەڵبەندى گەرمیان و ئیدارەى گەرمیان لەلایەك و بەرپرسانى قەزاى خانەقین لەلاكەى تر خەریكە بەتەواوەتى دەتەقێتەوە ، بەتایبەت كە ناكۆكیەكان گەیشتوونەتە ئاستى بایكۆت كردنى یەكترى.
ناكۆكى نێوان سەڵاح كوێخا سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیان و مەڵبەند لەگەڵ بەرپرسانى خانەقین، دواى جیاكردنەوەى مەڵبەندى خانەقین دێت لەمەڵبەندى گەرمیان لەسەر دەستى مەلا بەختیار و دانانى شێركۆ میروەیس لەخانەقین.
مەڵبەندى گەرمیانى یەكێتى و خودى مەحمود سەنگاوى زۆر لەمەڵبەندى خانەقین و خودى مەلا بەختیار توڕەن، ئەم توڕەییەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوكاتەى مەلا بەختیار مەڵبەندى خانەقینى لەگەرمیان جیاكردەوە و دەسەڵاتەكانى مەڵبەندى گەرمیانى سنورداركرد.
بەڵام ریشەى ناكۆكیەكانى نێوان سەڵاح كوێخا و مەڵبەندى خانەقین كۆنترە، بەتایبەت سەڵاح كوێخا بە ئاشكرا بەرپرسانى خانەقین تۆمەتبار دەكات بە گەندەڵى و پێیوایە خانەقینیان وێرانكردووە و خەڵكیان لەیەكێتى تۆڕاندووە.
سەرچاوەیەكى ئاگادار لەو ناكۆكیانە كەنەیویست ناوى بڵاوبكرێتەوە، بە رایەڵى راگەیاند"بەهۆى ئەوەى لەبەرپرسانى خانەقین توڕە و بێزارە، سەڵاح كوێخا بەشدارى لەئاهەنگى ساڵیادى رزگاركردنى خانەقین نەكردووە".
سەرچاوەكە وتیشى"بەهۆى ئەوەى سەڵاح كوێخا بەشدارى ئاهەنگەكەى نەكرد ، عیماد ئەحمەدى جێگرى سەرۆكى حكومەت لەكاتى گەڕانەوەیدا لەخانەقینەوە بۆ سلێمانى درەنگانێكى ئێوارە سەردانى ماڵى سەڵاح كوێخاى كرد".
سەرچاوەكە، ئاشكراشیكرد پێشتریش و لەساتەوەختى دەستبەكاربوونیدا شێركۆ میروەیسى بەرپرسى مەڵبەندى خانەقین لەئیدارەى گەرمیان سەردانى سەڵاح كوێخاى كردووە، بەڵام وەكو سەرچاوەكە دەڵێت"سەڵاح كوێخا پێشوازى لەشێركۆ میروەیس نەكردووە بۆیە گەڕاوەتەوە بۆ خانەقین، ئەمەش ناكۆكیەكانى گەیاندووەتە لوتكە".
ئەم ناكۆكیەكەى نێوان ئیدارەى گەرمیان و مەڵبەندى خانەقین رەنگدانەوەى لەسەر هەڵبژاردنەكانى دیالەش هەبوو، بەتایبەت ئیدارەى گەرمیان پشتگیرى هۆشیار ئیسماعیلى كاندیدیان دەكرد ، بەپێچەوانەى مەڵبەندى خانەقین هەموو هەوڵەكانیان بۆ دەرچوواندنى زاهید تاهیر خستبووەگەڕ.
سەبارەت بە ناكۆكى نێوان مەڵبەندى گەرمیان و مەڵبەندى خانەقین، سەرچاوە ئاگادارەكە ئاماژەى بەوەدا مەڵبەندى گەرمیان زۆر لە مەلا بەختیار توڕەیە، چونكە مەڵبەندى خانەقینى لێجیاكردوونەتەوە.
ئەو ناكۆكیە وایكرد مەڵبەندى خانەقین و مەڵبەندى گەرمیان لەهەڵبژاردنى دیالەدا وەكو دوو ركابەرى لەدژى یەك كاریان دەكرد، مەڵبەندى گەرمیان بۆ كەریم عەلى ئاغا و مەڵبەندى خانەقین بۆ زاهید تاهیر كاریان دەكرد.
سەرچاوەكە وتى"بەدرێژایى پڕوپاگەندەى هەڵبژاردن مەلا بەختیار تەلەفزیۆنى گەلى كوردستانى هێنابووە خانەقین و خۆشى ماڵان دەگەڕا، لەوە دەترسا مەڵبەندى گەرمیان كاندیدەكەى بشكێنن و شكاندنى كاندیدەكەى بەواتاى شكاندنى خۆى دێت".
دواجار ترسەكەى مەلا بەختیار هاتە دى و كەریم عەلى ئاغاى كاندیدى مەڵبەندى گەرمیان لە كاندیدەكەى مەلا بەختیار دەنگى زیاترى هێنا، كەبەپێى زانیاریەكانى رایەڵ مەلا بەختیار زۆر لەمە توڕە بووە.
جگە لەوەش ئەوەى مایەى شكستبوو بۆ مەلا بەختیار و مەڵبەندى خانەقین كەمى بەشداریكردنى دانیشتووانى خانەقین بوو لەدەنگداندا، بەشێوەیەك زیاتر لەنیوەى هاوڵاتیان بایكۆتى هەڵبژاردنیانكرد.
بایكۆتكردنى هەڵبژاردن لەلایەن هاوڵاتیانەوە لەكاتێكدایە خانەقین زێدى مەلا بەختیارە و ئەو هەمیشە شانازى بەو قەزایەوە دەكات، كەچى لەكۆى 67 هەزار دەنگ یەكێتى 12 هەزار دەنگى لەخانەقین هێنا.
هاوكات لەگەڵ شكستهێنانى یەكێتیدا لە خانەقین، پارتى و یەكگرتووى ئیسلامى و بزووتنەوەى گۆڕانیش بەهەمان شێوە تووشى شكستى گەورە بوون، شكستهێنانى پارتى لەو روانگەوەیە پارتى مانگانە بودجەیەكى زەبەلاح بەموچە و ئیشكردنەوە خەرج دەكات.
سەربارەى ئەو پارە زۆرەى پارتى خەرجى دەكات كەچى كورسیەكى كۆتایى لەدیالە بەدەستهێناوە، سەربارى ئەوەى حیزبى شیوعى جەخت لەسەرئەوەدەكەنەوە ئەو كورسیە هى ئەوانە و پارتى كڕیویەتى.
هەروەها بزووتنەوەى گۆڕانیش بەهەمانشێوە تووشى شكست بوو بەهۆى ئەوەى نەك نەیتوانى كورسى بەدەست بهێنێت، بەڵام بەراورد بەهەڵبژاردنەكانى پەرلەمانى عێراق ژمارەى دەنگەكانى لەناوچە دابڕاوەكان زۆر كەمیكرد.
هەرچى یەكگرتووى ئیسلامى كوردستانیشە كە پێش هەڵبژاردن پێیوابوو (زیاد ئەحمەد) دەرچوونى زەمانە و دەنگێكى خەیاڵى بەدەست دەهێنێت، ئەنجامى هەڵبژاردن پێچەوانەى پێشبینیەكانى بوو بۆیە كورسیەكەى دیالەى لەدەستدا.
سەرچاوەیەك لەیەكگرتووى ئیسلامى، پێیوایە یەكگرتوو بەجۆرێك لەجۆرەكان "بوغرا"بووە و پێیوابووە دەرچوونى زیاد ئەحمەد مسۆگەرە، بۆیە وەكو پێویست پروپاگەندەیان بۆ نەكرد و دواجار كورسیەكەیان لەدەستدا".