دەسەڵاتى كوردى یان دەسەڵاتى درۆكردن؟
Sunday, 17/10/2010, 12:00
بەپێى لێكۆڵینەوەى دەرون ناسەكان كە بۆدرۆیان كردوە ، دەركەوتوە مرۆڤ لەدوو حاڵەتدا درۆدەكات ئەوانیش هەردوو حاڵەتى ترس و خۆدەرخستنن ، واتە كەسەكان كاتێك بیانەوێت خۆیان دەرخەن پەنا دەبەنە بەردرۆكردن و وەكو چەكێكى تۆكمە بەكارى دەهێنن تاخۆیانى پێدەرخەن ، درۆكردن لەحاڵەتى ترسیشدا بەومانایە دێت كە مرۆڤەكان لەئەنجامى مانەوەى خۆیان و درێژەدان بەدەسەڵاتیان دەیكەن ، واتە كاتێك دەترسن لەهەرشتێك كە ببێتە هۆى لێسەندنى دەسەڵات لێیان درۆیەكى بەسەردا دەكەن تابتوانن لەڕێگەى ئەودرۆیەوە خۆیان قوتاربكەن لەو كێشەیەى كە بۆیان سازدراوە ،دەسەڵاتى كوردى وبەرپرسەكان لەهەرێمى كوردستاندا بۆمانەوەى خۆیان درۆى ترس بەكاردەهێنن لەگەڵ خەڵكى خۆیاندا واتە خەڵكى دانیشتوى هەرێم ، بەڵام كاتێك ڕووبەڕى دەرەوەى خۆیان دەبنەوە واتە كاتێك سەردانى وڵاتێكى دیكەدەكەن یان سیاسیەكى بیانى سەردانى هەرێم بكات درۆى خۆدەرخستن ى بۆدەكەن ، دیارە هە ر ئەم درۆكردنانەشە واى كردوە كە خەڵكى بڵێن سیاسەت واتە درۆ ،لەڕاستیدا سیاسەت هێندەى ئاوى كانى بێگەردە ، ئەوە بەرپرسە مشەخۆرو گەندەڵ و بیجامە لەپێكانن ناوى سیاسیان بڕیوە بەخۆیاندا ،دەبێت بزانین ئەوان سیاسى نین ، بەڵكو درۆزنن ، نابێت بوترێت بەرپرسە سیاسیەكان ى كوردستان ئەوانەى دەسەڵاتى هەرێم بەڕێوەدەبەن ، دەبێت خەڵكى فێربێت بڵێت بەرپرسە درۆزنەكانى هەرێمى كوردستان ئەوانەى بەدرۆكردن دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست ،سیاسەت و درۆ هێندەى ئاسمان و زەوى لەیەكترى جودان ،سیاسەت بەو مانایە سیاسەتە كە لەپێناو پێشخستنى كۆمەڵگەدا بێت ،كێ هەیەلەكوردستاندا راستى نەبوبێتە وەهم لەلاى ؟ كاتێك دەسەڵاتدارێك قسەدەكات كێ هەیە نەزانێت درۆدەكات ؟دەتوانم بڕوا بەخۆم بهێنم بەوەى كە ئەم دەسەڵاتەى لەكوردستاندا هەرچى دەڵێت پێچەوانەكەى ڕاستە ،ترسى ئەوەم هەیە ئەم دەسەڵاتە نەوەیەكى درۆزنیش بەرهەم بهێنێت !ئەگەر وابێت ئەوا لەدواجاردا دەبێت بڵێین هەرێمى درۆزنستان ، بەڵام نا تەمەنا دەكەم وانەبێت ، ڕەنگە ئێوە بپرسن بۆچى ئەم كوڕە باسى درۆدەكات ؟یان بڵێن بۆچى دەڵێت دەسەڵاتى درۆكردن ؟ ئاخر تائێستە بێجگە لەدرۆ هیچ ڕستەیەكى دیكەم گوێلێنەبوە كە بەرپرسەكان بۆمانى بكەن ، ئەوەتا سەردەشت عوسمانى جوانەمەرگ كورێكى چەپ بوو ، كەچى پارتى بەدرۆودەلەسەكانى خۆیەوە بەئێمەى وت سەردەشت ئیسلامێكى توندڕەوى تیرۆریست بوە ! فڕۆكەوانەكەى هەڵەبجە لەلایەن یەكێتى تۆمەت بەخشەوە لەزیندانى ئاسایشى سلێمانیەوە بەڕێوڕەسمەوە نێردرایەوڵاتى بەریتانیا ،كاتێك ئاشكرابوو فڕۆكەوانەكە ئازاد كراوە دەسەڵات و یەكێتى ووتیان فڕۆكەوانەكە ڕایكرد ، ڕۆژانە سەدان تەنكەرەنەوت ئاودیوى دەرەوە دەكرێت و خەڵكیش بەرۆژى ڕووناك هەموو تەنكەرە نەوتەكان دەبینێت ،كەچى ئاشتى هەورامى دەیوت لیترێك نەوتمان نەفرۆشتوە ، مەسعود بارزانى مانگانە كۆڵێك پارە لەسامانى ئەم وڵاتە دەخاتە گیرفانیەوە ، د.نورى عوسمانى سەرۆكى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران دەڵێت كاك مەسعود بەخۆبەخش كاردەكات و پۆستى سەرۆكى هەرێمى لەدەستدایە .
ئاخر كارەساتە لەوڵاتێكدا كە خەڵكى لەبرساندا لێى ڕادەكات ، لەوڵاتێكدا مەخلوقەكەى پارویەك نانى ئازادى نەبێت بیخۆن ، لەوڵاتێكدا كە كەس نایپرژێت سەرو بنى خۆى جیابكاتەوە ، سەربارى هەموو ئەمانەش دەسەڵاتێكى درۆزن حوكمى بكات ، خودایە ئێمە شایەنى ئەم هەموو درۆیانەین كە ئەم دەسەڵاتە بۆمانى دەكات ؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست