Wednesday, 30/10/2013, 12:00
1788 بینراوە
چالاکترین دەزگای پۆلیس لە کوردستانی ئێمەدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی مۆڕاڵە. ئەم دەزگایە دەزگایەکی گشتییە و لەناو ماڵەکان و لەسەر جادە و لە پارکەکان هەن و تەنانەت شەڕ بە کێلی قەبر و پارچە چیمەنتۆش دەفۆرشن ئەگەر بە دڵی ئەمان نەوەستن. ئەمان لە تەداخولکردن لە ژیانی تایبەتیی خەڵک و لە ڕاوەدونانی ئازادییەکاندا، لە دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایشی هەرێم زۆر زۆر چالاکترن. تاقیکردنەوە باشترین بەڵگەیە و منیش لێرەدا پێنچ چالاکیی گرنگی ئەم دوو هەفتەیەی ئەو دەزگایەکتان وەک بەڵگە بۆ دێنمەوە.
ئەوە پۆلیس نەبوو بە یاسا لەناو پارکی ئازادی ئاگاداری هەڵواسی و نووسی کە نابێت کچان بە جلی قوتابخانەوە بێنە ناو پارکەکەوە، بەڵکو چالاکییەکی پۆلیسی ئەخلاق بوو کە باکی بە یاسا نییە و خۆی چی بە عەیبە و خراپە بزانێت خۆی بڕیار ئەدات نەکرێت. ئەوە مانای ئەوە بوو کە تا ئەوان پۆلیس بن نابێت کچان لە پێستی خۆیاندا بجوڵێنەوە.
هەر دوای ئەوە چوونە سەر پەیکەری خۆشەویستی و سوتانیان. ئەوە مانای ئەوە بوو کە یاساکەی ئەوان خۆشەویستیی قەدەغە دەکات و خەڵک و حکومەتیش دەبێت ئەو یاسایەیان پێ قبوڵ بێت.
ئینجا بۆ ئەوەی خەڵک نەڵێت قبوڵم نییە چونکە سەر گۆڕی کەسێکی کە جاران یاساکانی ئەوانی پێ قبوڵ نەبوو و کەوتنە شکاندنی کێلی قەبرەکەی. ئەم چالاکییانەیان لەناو پارکێکدا کرد کە بە ناو ناوی پارکی ئازادییە. لەوێ شێرکۆ بێکەس لەسەر ئازادیی خۆی هێرش کرایە سەری.
کۆمەڵێک کەسی ئازادیخواز لەسەر سوتاندی پەیکەری خۆشەویستی هاتنە دەنگ و بە چەندین جۆری جیاواز ناڕەزایی خۆیان دەربڕی. کەسێک بە ناوی کامەران وەکو گەنجێکی یاخی لە جێگەی پەیکەرە سووتاوەکە ماچی دڵدارەکەی کرد بەڵام دووبارە پۆلیسی مۆڕاڵ بێ کاردانەوە نەبوو و بە تەنها یەک پۆستی فەیسبووک دادوەری گشتی هێنایە دەنگ و داوای سزای بۆ کرد. کارێکی وا لە هەر وڵاتێکی پێشکەوتوودا ڕووی بدایە ئەو قسانەی دادوەری گشتی ئەبووە جێگەی گاڵتەجاڕی خەڵک.
ئەمانە هیچی وەک چالاکیی پێجەم کاریگەر نەبوو. پۆلیسەکانی مۆڕاڵ بە گوشارهێنان کامەرانیان ناچار کرد پەشیمان بێتەوە لەوەی دژیان وەستایەوە و قبوڵی نەکرد حاکمی ئەخلاقی ئەو بن. پەشیمانکردنەوەی کامەران وەک هیچ چالاکییەکانی تر نەبوو چونکە لە چالاکییەکانی تردا یاخییەکان هەر بە یاخی دەمانەوە بەڵام لەمەیاندا کۆڵیان بە کەسە هەرە یاخییەکان دا. ڕەنگە ئەو کۆڵدانە بەشیکی هی ئەوە بێت کە کەسە یاخییەکانی وڵاتی ئێمە وو کۆڵ دەدەن بەڵام مانای ئەوەش بوو کە دایکوباوکەکان و خزم و هەموو دەرودراوسێ بوونەتە ئەندامی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی مۆڕال و ئەخلاق و ئیشی بۆ ئەکەن. دەزگای پۆلیسی مۆراڵ ئەوەندە گشتییە و ئەوەندە خەڵکی هەیە کە ڕەنگە کۆڵدانەکەی کامەران بەشێکی هی ئەوە بێت کە زۆر کەم کەس ئامادە بوو پشتی بگرێت. هەر پۆلیسە مەلاکانی ئەو دەزگایە نەبوون کە پێیانوابوو ئەو ڕەسمەی ئەو بڵاوی کردەوە شعوری ئەوانی ڕوشاندووە بەڵکو ڕۆشنبیرەکانیش زۆر لە مانای ئەو کارەی کامەران تێنەدەگەیشتن. تەنانەت مامۆستایەکی زانکۆ لە گرنگیی و مانای ئەو کارە تێنەدەگەیشت و باسی ئەوەی دەکرد کە ماچ دەبێت عەفەوی بێت خۆشە و نابێت وێنەی بگریت و بڵاوی بکەیتەوە، وەک شتێک مەسەلەکە باسی خۆشی و ناخۆشی ماچ بێت نەک ناڕەزایینواندن بەرامبەر بەوەی کە هەموو خەڵکی کۆمەڵگا بوونەتە پۆلیسی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئەخلاق و دەیانەوێت ماچی عەفەوی و ناعەفەوی قەدەغە بکەن. ئێستا ئەوەندە ژمارەیان زۆر بووە کە کامەران تەنیا باڵ مابووەوە بۆیە شەڕی پێ نەکرا و خۆی تەسلیم بە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی مۆڕاڵی هەرێمی کوردستان، بەشی گوشاربۆهێنان و پەشیمانکردنەوە کرد، کە گەورەترین و چالاکترین دەزگای پۆلیسی ئەو هەرێمەیە.