کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 2
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


بۆ بەڕێز/ كاك كریم سنجارى وەزیرى ناوخۆى حكومەتى هەرێمى كوردستان

Thursday, 30/04/2009, 12:00

1260 بینراوە


 وەڵامى نوسراوتان ژمارە 5588 لە 22/4/2009

1- ئێمە لەبەروارى 10/4/2009 نوسراوێكى ڕەسمى حزبمان پێشكەش كردن بە مەبەستى ئاگاداركردنەوەتان لە شێوەو ئاكامى بەستنى شەشەمین كۆنگرەى حزبمان و هەڵبژاردنەوەى سكرتێرو سەركردایەتى تازە , كەچى بەرێزتان نوسراوێكى ڕەسمیتان بە ژمارە 5588 لە 22/4/2009 ئاراستەى بەڕێز قادر عزیز بەشێوەیەكى شەخسى كردووە لە كاتێكدا ئەو بەڕێزە سكرتێرى حزبى زەحمەتكێشان و بەو سیفەتەش نوسراوەكەى ئاراستەكردوون .
2- سەبارەت بە ناوەڕۆكى وەڵامەكەتان كە گوایە سێ لەسەر چوارى ئەندامانى مەكتەبى سیاسی و سەركردایەتى حزب بە گوێرەى ماددەى (7)ى پەیڕەوى ناوخۆ سكرتێرى گشتیان هەڵپەساردووە, دەڵێین كە ئەو جەماعەتە
سێ لەسەر چوار ئەندامانى كۆمیتەى ناوەندى پێك ناهێنن و خۆیان لە حزب جیابونەوە ئەوەش ئازادى خۆیانە ,ئەمە جگە لەوەى كە دەسەڵاتى لابردن یان هەڵپەساردنى سكرتێرى گشتى تەنها لە دەسەڵاتى كۆنگرەدایە بە گوێرەى ماددەى (10) بڕگەى (1) لە پەیڕەوى ناوخۆ كە دەڵێ سكرتێرى حزب هەڵبژێردراوى كۆنگرەیە وە لەهیچ دەقێكیش باس لە لابردن یا هەڵپەساردنى سكرتێرى گشتى نەكردووە ، بەگوێرەى یاساش ئەگەر یاسەكە بێدەنگ بوو ئەوا دەسەڵاتى لابردن یا هەڵپەساردن تەنها لە دەسەڵاتى ئەو لایەنەدایە كە داى ناوە واتە كۆنگرە بە گوێرەى بنەماى ((قاعدە توازی الاختساس))
3- سەبارەت بە بەستنى (6)مین كۆنگرەى حزبمان كە ئێوە بە ناشەرعى لە قەڵەم دەدەن ، ئەو كۆنگرەیە بە شێوەیەكى یاسایى و بە پاڵپشت بە پەیرەوى ناوخۆى حزب و بە ئامادەبوونى زۆرینەى (206) نوێنەر ئەنجام دراوە و تێیدا سكرتێرى گشتى و كۆمیتەى ناوەندى تازە و دواجار مەكتەبى سیاسى تازە هەڵبژێردراوەتەوە ، هەر بۆ ئاگادارى بەرێزتان بریارى بەستنى ئەو كۆنگرە ئیمزاى ئەو جەماعەتەشى لەسەر بووە كە دەبوایە بە بەشدارى ئەوانیش كۆنگرەكە ببەسترێت ، بەڵاَم كاتێك ئەوان ئامادەى بەشدارى كۆنگرەكە نەبوون و جیابونەوەى خۆیان راگەیاند ، ئەوەبوو ئێمە بۆ پركردنەوەى ئەو بۆشاییەى كە دەرچوونى ئەو جەماعەتە لە حزب دروستیان كرد كۆنگرەمان سازكرد ، بۆیە دواتر كۆنگرەكەى ئەوان بە ناوى حزبى زەحمەتكێشان شەرعیەتى نیە ، چونكە دواى كۆنگرەكەى ئێمە ئەوان هیچ پەیوەندیەكیان بە حزبەوە نەماوە تا كۆنگرە بە ناوى حزبەوە ببەستن ، ئەو (347) كەسەش كە ئێوە ئاماژەتان پێ كردوە وەك زۆرینە بەشدارى كۆنگرەكەى ئەوانیان كردوە ، ئەگەر بە بەڵگە و لێكۆڵینەوە ، دەركەوت كە بە پێى پەیرەوى نێوخۆى حزب نیوەى ئەو ژمارەیەش مافى بەشدارى كۆنگرەكەى ئەوانیان هەبوبێ ئەوا ئێمە ئەو قەزاوەتەى ئێوەمان قبوڵە ، بۆیە نەدەبوو بەرێزتان یەك لایەنە بڕیار لەسەر شەرعى بوون یا شەرعى نەبوونى هیچ لایەك بدات ، بەڵكو پێویستە دادگا ئەو بڕیارە بدات چونكە كارى دادگایە بە دروستبوونى ناكۆكیەكى ئاوادا بە گوێرەى یاسای حزبەكان ژمارە (17) ى ساڵى 1993 دوا بڕیار لەسەر یەكلاى كردنەوەى ئەو ناكۆكیانە بدات ، ئەوكات وەزارەت بڕیارى دادگا جێبەجێ بكات نەك خۆى بكاتە دادگاش لە كاتێكدا ئێمە لەم هەرێمە بانگەشەى سەروەرى یاساو جیاكردنەوەى دەسەڵاتەكان دەكەین.
ئێمە وەك حزبى زەحمەتكێشانى كوردستان پێشتریش پێمان راگەیاندوون كە لە بەروارى 4/4/2009 كۆنگرەى شەرعى خۆمان بەست و تیایدا بەڕێز قادر عزیز بە سكرتێرى گشتى هەڵبژێردرایەوەو هەر خۆشیان دامەزرێنەرى حزبن و مۆڵەتى حزبیش بەناویانەوەیە وەسەرۆكى كیانى سیاسی حزبەكەشن بۆ هەڵبژاردن ، بۆیە مامەڵكردنى حكومەتى هەرێم و وەزارەتى ناوخۆ لەگەڵ هەر كیانێك یا لایەنێكى تر لەژێر ناوى حزبى زەحمەتكێشانى كوردستان سەرپێچى یاسای ژمارە 17 ى ساڵی 1993 و دەقى ماددەى (11) بڕگەى (5) ى پەیڕەوى ناوخۆی حزبمانەو بە تەدەخولى سیاسی دادەنرێت لە كارو بارى ناوخۆی حزبێكى ڕسمى و مۆڵت پێدراو ، كەئەمەش جگە لەوەى پێچەوانەى یاسایە بۆ ناوبانگ و بانگەشەى دیموكراتى و ئازادى حزبى لەم هەرێمەدا كاریگەرى خراپى دەبێت , بۆیە پێویستە لەسەر دام و دەزگاكانى حكومەت بەگشتى و وەزارەتى ناوخۆ بەتایبەتى بیلایەن بن و لە چوارچێوەى یاسا و بڕیارەكانى دادگاوە مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە كێشانەدا بكەن و نەبن بەلایەنگرى هیچ لایەك, بەداخەوە حكومەتى هەرێم هەر لە سەرەتاوە بێلایەنى خۆى نەپاراست و هەر دواى چەند ڕۆژێك لە جیابوونەوەى ئەو جەماعەتە وە پێش ئەوەى دەربكەوێت شەرعیەت لای كێیە لە پشتى یاساو تەنانەت وەزارەتى دارایی حكومەتى هەرێمى كوردستانیشەوە بە نامەیەكى تایبەتى د.نورى سەرۆكى دیوانى سەرۆكایەتى حكومەت تەواوى بودجەى حزبمان (400) ملیۆن دینار درا بەوان ، ئەمە جگە لەزۆر بەڵگەى تریش كە بەبەرچاوى خەڵك و لایەنەسیاسیەكانى كوردستان دەیسەلمێنن كە حكومەت پاڵپشتى ئەو جەماعەتە دەكات كە جیابونەتەوە، ئەمەش وەك تۆڵە سەندنەوەیەك لە هەڵوێستى حزبەكەمان و سكرتێرەكەیەتى بەرامبەر ڕەخنەگرتن لە گەندەڵى و ناعەدالەتى و راپۆرتى چاكسازى و ئەگەرى دروست كردنى لیستى چوار حزبەكە . حكومەت دەیەوێ لەڕێگەى خراپ بەكاهێنانى دەسەڵات و بودجەو تەنانەت پێشێلكردنى یاساكانى خۆشى بە زۆرى زۆردارى حزبێكى تر بەناوى حزبی زەحمەتكێشانى كوردستان بەسەر ئێمەو كۆمەڵانى خەڵكى كوردستاندا بسەپێنێت .
دیارە نامەكەى بەرێزیشتان كە بەبێ لێكۆڵینەوە و گەرانەوە بۆ دادگا شەرعیەت دەداتە ئەو جەماعەتە هەر لەو چوارچێوەیەدایە ، ئەمە جگە لەوەى ئەم نامەیە هەولێكە كە لەو رێگەیەوە قەوارەى سیاسى هەڵبژاردن لە حزبەكەمان و هاورێ قادر عزیز وەربگرنەوە ، بەڵام خۆشبەختانە كۆمسیۆنى هەڵبژاردنەكان سەربەخۆن لە بریارەكانیاندا و ئەو هەوڵە نایاساییانە بە سەریاندا تێناپەرێت .
بۆیە داوا لەبەڕێزتان دەكەین كە كارێكى وا بكەن لە چوارچێوەى دادگا ئەو كێشەیەش وەك كێشەى نێوخۆى زۆرێك لە حزبەكانى تر كە تا ئێستە لەم هەرێمەدا روویداوە لە رێگەى لێكۆڵینەوە و خستنەرووى بەڵگە و دیكۆمێنتەكان بە شێوەیەكى یاسایى و عادیلانە چارەسەر بكرێت .

لەگەڵ ڕێزدا



مەكتەبى سیاسی حزبى زەحمەتكێشانى كوردستان
وێنەیەك بۆ:
- سەرۆكایەتى هەرێمى كوردستان .
- سەرۆكایەتى پەرلەمانى كوردستان .
- سەرۆكایەتى ئەنجومەنى وەزیران.
- لیژنەى یاسایى لە پەرلەمانى كوردستان .
- وەزارەتى دارایى و ئابوورى .
- حزبە سیاسیەكانى كوردستان .
- كۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەكان لە هەرێمى كوردستان .
- پارێزگاكانى هەرێم .


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)