کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

سەباح عەلی قارەمان

https://www.facebook.com/profile.php?id=100087679831919

https://www.facebook.com/sabahaliqareman


تاڵەبانی و بارزانی ناویان چووە نێو قاچاخ چیەكانی دزین و بەتاڵانبردنی نەوتەوە

Wednesday, 14/07/2010, 12:00



(حمەی حاجی مەحمود خۆی و حیزبەكەی لە نەوەدەكان سیمی كاربای ئەم وڵاتەیان تاڵان دەكرد، كەچی ئێستا وەزارەتی كاربایان پێدراوە و بە خەیاڵی خاویان كاربامان بۆ چاك دەكاتەوە)
نەوت لە هەرچ وڵات و جێگایەك بدۆزرێتەوە. دەبێتە مایەی خێرو خۆشی بۆ ئەو وڵاتە، كەچی لە كوردستان و عێراقدا بووەتە مایەی دەوڵەمەند بوونی سیاسیەكانی و بووەتە مایەی نەهامەتی و ناخۆشی بۆ خەڵكەكەی.
تاڵەبانی و بارزانی لەوەتەی هەن كوڕی ئەم گەلە ستەم دیدە دەدەن بە كووشت بە تایبەتی لە شەڕی خۆ كوژیدا، لەوەتەی هەن خیانەتیان كردوە و بوونەتە كەواسوری بەرلەشكری داگیركەرانی كوردستان، لەوەتەی هەن سامانی ئەم وڵاتە دەدزن و خەریكی راوڕووت و جەردەین، لەو پێناوەدا بە هەزاران گەنجی ئەم وڵاتەیان لە سەری داوە بە كووشت، بە كوردایەتیان لە قەڵەمداوە و بە خەڵكیان فرۆشتوەتەوە. رۆژ لە دوای رۆژ تابێت رووی راستەقینەیان بۆ خەڵك دەردەكەوێت، ئێمە لە كوردستانپۆست چەند ساڵێك پێش ئێستا ئاماژەمان بەوە كرد كە نەوتی ئەم وڵاتە لە لایەن سەرانی مۆڵەی كوردەوە ریشەكێشی ئیران توركیاش دەكرێت. بەڵام سیستەمی سەرمایەداری كە ئەمریكا بەڕێەوەی دەبات لە بەر بەرژەوەندی خۆیان چاویان لەو راستیە نووقاندبوو، كەچی ئێستا كە بەرژەوەندیكانی ئەمریكا بەلایەكی تردا شكاوەتەوە تازە هاتووە باسی لێوە دەكات و پەردەی لەسەر لادەبات. ئەم هەواڵە بۆ ئێمە شتێكی تازە نیە، بەڵام بۆ زۆریەك لە خەڵكی كوردستان شتێكی تازەیە.
سەدامی جەلادی كوشتن و بڕین. نەوتی كەركوكی دەفرۆشت و لەیلاوە چەكی كۆكوژی پێ دەكڕی و كوردی پێی جینۆساید دەكرد و خەڵكی كەركوكی پێ قەتڵ و عام و تەعریب دەكرد، لەولاشەوە پارەی نەوتی كەركوكی دەنارد بۆ فەلەستینیەكان و فرمێسكی تیمساحی بۆ دەڕشتن.
لە كوردستاندا یەكێتی و پارتی نەوتی خاو دەر ئەهێنن و بە قاچاخ دەینێرنە دەروە و داهاتەكەی دەچێتە گیرفانی تاڵەبانی و بارزانی و مافیاكانیانەوە، لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا بەو پارە دزراوانە خەڵك كۆیلە دەكەن و خەڵك و رۆژنامەنووسە سەربەخۆكان و نەیارەكانیانی پێ تیرۆر دەكەن، یەك دیناری ئەو نەوتە ناچێتە گیرفانی خەڵكی كوردستانەوە، كەچی لەی لاشەوە دێن وەكو دەستكەوت و كوردایەتی بە خەڵكی دەفرۆشنەوە.
لە كاتی خیانەتی 31 ئابدا وەچەكانی بارزانی هەرچی بیرە نەوتی تەق تەق هەیە كوێریان كردەوە و بە چیمەنتۆ پڕیان كردەوە، كەچی ئێستا هاتوون دەرهێنانی نەوت بە دەسكەوت لە قەڵەم دەدەن.
سەردانە یەك لە دوای یەكەكانی ئەم دوایەی مەسعودی سەرۆكی كۆیلەكانی كوردستان بۆ وڵاتە جیا جیاكان، تەنها بۆ بازرگانیكردن و بە تاڵان بردنی نەوت بوو بۆ قازانجی وەچەكانی بارزانی، ئەم تاڵان و بڕۆیەو بە قاچاخ بردنی نەوتە لەلایەن سەرانی هەردوو حیزبە خوێنمژەكەوە، پەڵەیەكی رەشە بەنێوچاوانی قاچاخچییەكانی نەوتی كوردستانەوە. ئێوە بەپرسن بۆچی مەسعود بارزانی كاتێك لە توركیا و فەرەنسا هاتەوە لە فڕۆكەخانەی هەوڵیر هێرشی كردە سەر گریلاكانی پەكەكە؟ دوابەدوای ئەو هێرشەی بارزانی بۆ سەر پەكەكە كۆیلە قەڵەمەكانیشی دەستیانكردوەتە هێرشێكی توند بۆ سەر گریلاكان. ئەوەتا حمەی مەلاقادر كە مێشكی تەنها مكینەی ماستاوی تێدایە، بە گریلاكان دەڵیت عەقڵیان لە دەستداوە، شكاندنی ئاگر بەست لەلایەن گریلاكانەوە مەسعودی بۆیە توڕەكردووە، لەبەر ئەوەی شكاندنی ئەو ئاگربەستە زەرەرێكی یەكجار گەورەی بازرگانی و بە قاچاخ بردنی نەوتبوو بۆ وەچەكانی بارزانی، بۆیە واتوڕەی كردوون. ئاشتی هەورامی دەڵاڵی بەتاڵانبردنی نەوتی كوردستان، وادەزانێت منداڵ هەڵ دەخەڵەتێنێت و كڵاو دەخاتە سەر حكومەتی عێراق و ئەمریكا، هاتووە ئەڵێت: ئەو نەوتە لە بێجیەوە دێتە كوردستان و بە قاچاخ دەبردرێت. نەوتی كوردستان نییە، ئەم قسەیە تەنانەت خەڵكی ساویلكەش باوەڕی پێناكات، چ جای ئەمریكیەكان و حكومەتی عیراقی كە خەبیرن لەو بوارەدا، بەلای منەوە ئەم ئاشتی هەورامیە لە عەلی حەسەن مەجید پیسترو خەتەر ترە بۆ ئایندەی گەلەكەمان. چونكە سەروەت و سامانی نەوەی داهاتووی هەر لە ئێستاوە هەڕاج كردوە و فرۆشتویەتی بۆ قازانجی ئاغاكانی. لەولاوە كابرایەكی سیوسری دەبێتە مللوێنێر بەسەر نەوتی تەق تەقەوە، لەیلاشەوە خەڵكی تەق تەق برسی و رووتن.
ئەو رێكەوتننامەی كە یەكێتی و پارتی بەستراتیجی ناوی دەبەن، رێكەوتنێكە تەنها بۆ بە قاچاخ بردنی نەوت و سەركوتكردنی میدیای ئەهلی و قەڵەمە سەربەخۆكان و دابەشكردنی سامانی نشتیمانی و دەسەڵاتەكانە. تاڵەبانی و بارزانی لە میدیاكانی جیهان ئەوەندە بە قاچاخچی نەوت ناودەبرێن ئەوەندە وەكو سیاسی باسیان ناكەن، هەربۆشە ئەوەندە خۆیان بەبچوك دەزانن لە بەرامبەر وڵاتانی جیهان بەگشتی و وڵاتانی داگیركەری كوردستان بە تایبەتی.بۆیە ئێستا دەتوانین بڵێین بارزانی و تاڵەبانی ناویان چووەتە نێو قاچاخ چیە گەورەكانی جیهانەوە، بە تایبەت قاچاخچی دزین و بەتاڵانبردنی نەوت.

 
   

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە