فەلاقەكارەكانی سەرای ئازادی!!!!!!!!!
Saturday, 23/07/2011, 12:00
دەست ڕەشەكانی داپڵۆسین و فەلاقە نوێكانی ئەم سەردەمە ئێستا بۆتە كەلتورێكی باوی دیكتاتۆرەكان و سیستمە تۆتالیتارەكانی دەسەڵاتدارانی وڵاتان بەتایبەتی كوردستان. تا بتوانن لەم ڕێچكەیەوە خەنكاندنی نەفسی ئازادی و خامەی ئازادی لەگۆڕ بنێن. بەردەوام هاوڵاتیان لەژێر چەتری دەسەڵاتێكی تۆقێنەر و زەبر و زۆنگی دیكتاتۆریدا دەتوێنەوە. ئەمەش وردە وردە وەك میزڵدانێك لەپڕ دەتەقێ دواتر دەبێتە هۆی هەستانی لافاوی جەماوەر لەسەر شەقامەكان تاقوتاریان بێ لە دەسەڵاتێكی گەندەڵ و دەسەڵاتێكی هاوڵاتی كوژ و ئازادی كوژ و سیستمێكی ڕەشی ئێكسپایەری هەر دو حزبی دەسەڵاتداری ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان.
هەركاتێ كە دەسەڵات دەگاتە خەر خەرە بۆ ڕزگاربونی هەمو ڕێگە چارەیەكی نایاسا و نا تەندروست بەرامبەر بەمیلەتەكەی دەگرێتە بەر هەروەك ئەوەی لە15هەینی لەسەرای ئازادیدا ڕویدا. كە حزبی دەسەڵاتدار بۆ لەدەست نەدانی كورسی دەسەڵاتەكەی هەستا بەپیادەكردنی سیستمێكی نوێ بۆ كپ كردنی میلەتەكەی ئەویش (فەلاقەكاری) خۆپیشاندان بو. ئەمەش ئەوەندەی تر ڕوی دەسەڵاتی ڕەش و قێزەون و ناشیرین كرد و بەرگێكی نوێ كەلتوری بەعس ئاسایان لەبەركرد و بە دەستە ڕەشەكانیان بەر بونە گیانی گەنجان و نەوەی شەهیدانی ئەم شاری سلێمانی لەسەرای ئازادی. ئەم كاردانەوە بەعسیە ئەوەندەی تر وێنەی بەعسی ڕابردوی بیری خەڵكی شاری سلێمانی هێنایەوە و نەوەی نوێش جارێكی تر ئاشنا بونە بە بەعسێكی نوێ كوردی لەسەرای ئازادی.
فەلاقەكاریەكانی ئەم جەلادانەی سەرای ئازادی بیری فەلاقەكاریەكانی ئەمنە سورەكەمان دەخاتەوە، بیری پۆستەتاڵە ڕەشەكانی ئەمن و ئیستخبارەتەكانی خستینەوە. هەرچەند شیكاری جیاوازی بكەی هیچ بەدی ناكەی چونكە هەردو كیان لێك چونێكی هەمان لەقاڵبدراون. هەمان بیر و ئایدیا و بەرنامەیان هەیە.
گروپی فەرمانبەران لەسەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست